نەریمان عەبدوڵا: تاوانە شتێك هەبێت ناوى دادگا بێت لەكەلار
Thursday, 28/03/2013, 12:00
سازدانى:رایەڵ
نەریمان عەبدوڵا ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لەفراكسیۆنى گۆڕان كەلەخۆپیشاندانەكەى رۆژى 31/3/2011 دا سەرى شكێنرا، بەتوندى رەخنە لەدادگا دەگرێت و دەڵێت: لەم وڵاتە ترسنۆكترین دەزگا دادگایە بەرانبەر بە خەڵكى دەسەڵاتدار، بەڵام بۆ خەڵكى هەژار زۆر قارەمانن.
لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رایەڵ دا، نەریمان عەبدوڵا روونیدەكاتەوە سكاڵاى یاساییان لەسەر ئەو كارمەندانەى دەزگا ئەمنیەكان تۆمار كردووە كە هێرشیانكردە سەریان، بەڵام ترسنۆكى دادگا وایكردووە دواى دووساڵ دۆسیەكە بەلایەكدا نەخرێت.
هەروەها ئاماژەبەوەشدەكات ئەو كارمەندانەى دەزگا ئەمنییەكان كەهێرشیانكردە سەرى هەوڵیانداوە سوڵحى عەشایەرى لەگەڵ بكەن، بەڵام ئەو سوڵحى رەتكردووەتەوە و دۆسیەكەى بۆ دادگا بەجێهێشتووە.
رایەڵ: ئێوە لەدادگا شكاتتان لەو كارمەندانەى دەزگا ئەمنیەكان كرد كە لەخۆپیشاندانەكەى رۆژى 31/3 ى ساڵى 2011 هێرشیانكردە سەرتان و بەو هۆیەوە سەرى جەنابت شكا، ئەنجامى شكاتەكەتان چیبوو؟
نەریمان عەبدوڵا : لەدادگا سكاڵاى یاساییمان لەسەر تۆمار كردوون و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، كەبەداخەوە دواى تێپەڕبوونى دوو ساڵ بەسەر سكاڵا تۆماركردنماندا تا ئێستا دادگا دۆسیەكەى یەكلایى نەكردووەتەوە، لەڕاستیدا دادگا دەستەئەژنۆ وەستاوە لەئاست دەزگا حكومیەكان و ئاسایش و ئەم دەزگایانە حساب بۆ دادگا ناكەن. پێنج جار چوومەتە دادگا ، بەڵام لایەنى بەرانبەر كەسكاڵامان لەسەر تۆماركردوون نەهاتوون، لەكاتێكدا دەبووایە دواى سێجار نەهاتنیان دادگا غیابیەن حوكمى بدایەن، بەڵام دادگا ناوێرێت حوكمیان بدات، دەزگاى دادوەرى لەم هەرێمە دەزگایەكى ترسنۆكە و تەنها بۆ خەڵكى هەژار ئازان.
رایەڵ: ئێوە سكاڵاى یاساییتان لەسەر چەند كەس تۆمار كردووە بەتۆمەتى هێرشكردنە سەرتان؟
نەریمان عەبدوڵا: شكاتمان لە هەڤدە هەژدە كەس كردووە.
رایەڵ: ئەو كەسانەى هێرشیانكردە سەرتان دوورخراونەتەوە لەئاسایش یاخود دەوام دەكەن؟
نەریمان عەبدوڵا:بەڵێ ئەو كەسانەى هێرشیانكردە سەرمان لەخۆپیشاندانەكەدا دەوام دەكەن و رەنگە خەڵاتیش كرابن.
رایەڵ:ئێوە ئەندامى پەرلەمانى كوردستانن كەباڵاترین دەزگایە لەهەرێم ئەى هەڵوێستى سەرۆكایەتى پەرلەمان چیبوو لەبەرانبەر هێرشكردنە سەرتان؟
نەریمان عەبدوڵا: سەرۆكایەتى پەرلەمان لەهەموو كەس بێدەسەڵاتترە.
رایەڵ: ئەو كەسانەى هێرشیانكردە سەرتان هەوڵیان نەداوە بەسوڵحى عەشایەرى رێكبكەون لەگەڵتان؟
نەریمان عەبدوڵا :یەك دوانێكیان لەڕێگەى خزم و كەسوكاریانەوە هەوڵیانداوە سوڵح بكەن و خۆشیان هاتوونەتە ماڵمان بۆ سوڵح كردن، بەڵام ئێمە سوڵحمان نەكردووە و داوامانكردووە یاسا رێگەى خۆى بگرێت و ئیجرائاتى خۆى بكات. بەداخەوە ئەوەى من دەیبینم و گەیاندوومیەتە ئەو قەناعەتە كە بڵێم تاوانە شتێك هەبێت ناوى دادگا بێت لەكەلار، چەند دادوەرێك هەن رێزم هەیە بۆیان خەڵكى چاكن ، بەڵام ئەوانەى سەرپەرشتى دۆسیەكە دەكەن زۆر ترسنۆكن و ناوێرن دەست بۆهیچ شتێك ببەن لەبارەى دۆسیەكەى ئێمەوە و مەسەلەكە تێكەڵ و پێكەڵ دەكەن ، ئەگینا هەموو شتەكان روونن و ئێمە بەتەسویر و رەسم و بەشایەتیش بۆمان سەلماندوون كەچى ئیجرائات ناكەن هۆكارى ئەمەش تەنها ترسنۆكى دادگایە.
رایەڵ: لەو هەڤدە كەسەى شكاتتان لێكردوون چەند كەسیان راستەوخۆ هێرشیانكردە سەرتان؟
نەریمان عەبدوڵا:لەم جۆرە كارانەدا ئەوەى بڕیاردەدات ، ئەوەى پلانى هێرشكردن دادەڕێژێت، ئەوەى پلانەكە جێبەجێدەكات هەموویان تاوانبارن، ئێمە پلان دانەر و بڕیاردەر و جێبەجێكار هەموویان دەناسین، بەڵام وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا لەم وڵاتە ترسنۆكترین دەزگا دادگایە بەرانبەر خەڵكى دەسەڵاتدار، بەڵام بۆ خەڵكى هەژار زۆر قارەمانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست