قاعیدە هەڕەشە لە پارێزەرێك دەكات كەچى رێوشوێنى ئەمنى بۆ پاراستنى دادوەرێكى گەرمیان دەگیرێتە بەر
Thursday, 14/03/2013, 12:00
راپۆرتى : رایەڵ
گروپە چەكدارە توندڕەوەكان هەڕەشەى كوشتن لە پارێزەرێك دەكەن بەناوى (نزار سامان) ناسراو بە نزار جاف و لەنێو بەڵگەنامەى گروپە چەكدارەكاندا كە لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە دەستى بەسەرداگیراوە پلان بۆ كوشتنى ئەو پارێزەرە دانراوە.
ئەو پارێزەرەى گروپە چەكدارەكان هەڕەشەیان لێكردووە 30 ساڵ تەمەنیەتى و تا ساڵى 2008 ماڵیان لەجەلەولا بووە، بەڵام بەهۆى كوژرانى باوكى و برایەكى لەسەر دەستى گروپە چەكدارەكان ماڵەكەى گواستووەتەوە بۆ خانەقین و ئێستا لەوێ نیشتەجێیە.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، دادوەرێك داواى لە لایەنە ئەمنیەكانى كەلار كردووە بیپارێزن گوایە مەترسى لەسەر ژیانى دروستبووە، لەكاتێكدا ئەو كەسەى گروپە چەكدارەكان هەڕەشەى لێدەكەن ئەو پارێزەرەیە نەك دادوەرەكەى كەلار.
ئەو دادوەرە ئۆتۆمبێلێكى نەجدەى پۆلیسى بۆ تەرخانكراوە و داواى كردووە ژمارەى پاسەوانەكانیشى بۆ زیاد بكەن لەسەر ئەو بنەمایەى گوایە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە هەڕەشەى لێكراوە.
پارێزەر نزار سامان جاف لەلێدوانێكدا بۆ رایەڵ وتى"ئەو كەسەى گروپە چەكدارەكان هەڕەشەیان لێكردووە منم نەك دادوەر".
ئەو پارێزەرە زۆر بەنیگەرانیەوە قسەى بۆ رایەڵ كرد، روونیكردەوە لەرێگەى یانزە ژمارە موبایلەوە بەبەردەوامى هەڕەشەى كوشتنى لێدەكرێت، ئەمە جگە لەوەى هەشتا نامەى هەڕەشە ئامێزیان بۆ ناردووە.
لەیەكێك لەو نامانەدا كە بۆ پارێزەرەكە نێردراوە، نوسراوە"وەكو رێكخراوى قاعیدە لەسەرەوە فەرمانمان پێكراوە دەبێت بتكوژین".
نزار سامان جاف، باسیلەوەكرد ئەو كەسانەى هەڕەشەى لێدەكەن بەزمانى عەرەبى و بەناوى رێكخراوى قاعیدەوە قسەى لەگەڵ دەكەن و تۆمەتبارى دەكەن بە "بەكرێگیراو".
هەروەها وتى"لەرێگەى كۆمپانیاى ئاسیاسێڵەوە شوێنى ئەو ژمارە موبایلانەم دۆزیووەتەوە كە لەرێگەیانەوە هەڕەشەم لێدەكرێت، كە لەگەڕەكەكانى حەزى خەزرا لەبەغدا و تەجنیدى جەلەولا و تكریتەوە تەلەفۆنم بۆ دەكەن و هەڕەشە دەكەن".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، دەزگا ئەمنیەكانى دیالە دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەك بەڵگەنامەى گروپە چەكدارەكاندا، كەلەیەكێك لەبەڵگەنامەكاندا ناوى سێ یاساناسى تێدایە بۆ ئەوەى ئەو گروپانە هەستن بەتیرۆركردنیان.
ئەو سێ یاساناسەى ناویان لە بەڵگەنامەكاندا هاتبووە، بریتى بوون لە دوو پارێزەرى عەرەب كەلەكۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانى دیالە دەوام دەكەن، لەگەڵ نزار سامان جاف كەكوردە و لەدادگاى خانەقین كاردەكات.
نزار سامان جاف، وتى"ئەو گروپە چەكدارانە بەشێوەیەك مەترسیان لەسەر ژیانم دروستكردووە كە زۆر بەكەمى دەوام دەكەم و لەماڵ دەرناچم".
ئەو پارێزەرە تەنها بەهەڕەشەكردنەوە لێى نەوەستاون، بەڵكو هەوڵى ناوزڕاندنیشى دراوە ، بەتایبەت ئەوەى جێى سەرنجە گروپە چەكدارەكان لەناوچە جێناكۆكەكانەوە هەڕەشەى لێدەكەن، بەڵام لەكەلارەوە هەوڵى ناوزڕاندنى دراوە.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لەتەنیشت نەخۆشخانەى كەلار لەلایەن دەستێكى نەناسراوەوە لافیتەك هەڵواسرابووە و لێى نوسرابووە"پارێزەر نزار جاف بەنەخۆشى ئایدز كۆچى دوایى كردووە و پرسەكەى لەمزگەوتى بوخارییە".
لافیتەكە بەزمانى عەرەبى نوسراوە كە گومان دەكرێت ئەو لافیتە لە جەلەولا نوسرابێت، بەڵام لەكەلار هەڵواسرابێت، هەرچەندە بەدووریش نازانرێت كێشەى شەخسى لەپشت هەڵواسینى لافیتەكەوە بووبێت.
لەهەمووى سەیرتر كە زۆرێك لەو كەسانەى توشى سەرسورمان كردووە كە ئاگادارى مەسەلەكەن، ئەویش ئەوەیە گروپە چەكدارەكان مەترسیان لەسەر ژیانى ئەو نزار سامان جاف دروستكردووە كەچى دادوەرێك سودمەند بووە لەمەسەلەكە.
واتە هەڕەشە لەو پارێزەرە دەكرێت و ژیانى لەسەر دەستى گروپەكان كەوتووەتە مەترسیەوە، كەچى رێوشوێنى ئەمنى بۆ پاراستنى دادوەرێكى كەلار گیراوەتە بەر و ئۆتۆمبێلى نەجدەى بۆ دابینكراوە و پاسەوانى بۆ زیادكراوە.
رایەڵ پەیوەندى بەو دادوەرە كرد لەسەر ئەوەى كاتێك گروپەكان هەڕەشە لەپارێزەرێكى تر دەكەن ئەو بۆچى داواى پاسەوان دەكات، بەڵام دادوەرەكە جگە لەوەى ئامادەنەبوو لێدوان بدات داواشى كرد ناوى بڵاونەكرێتەوە.
نەقیب فەرهاد رەفعەت بەرپرسى نوسینگەى پۆلیسى لێكۆڵینەوەى تاوانە گەورەكانى خانەقین، بەرایەڵ ى راگەیاند"ئەو كەسەى گروپە چەكدارەكان هەڕەشەى لێدەكەن و مەترسیان لەسەر ژیانى دروستكردووە پارێزەر نزار سامان جافە".
ناوبراو وتى"گروپە چەكدارەكان هەڕەشەیان لەدادوەرى كورد نەكردووە بەڵكو تەنها لەو پارێزەرەیان كردووە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست