لڤین گەندەڵیەكانى تێبینەرایەتى تۆماركردنى خانووبەرەى كەلار ئاشكرادەكات
Friday, 24/09/2010, 12:00
بە پێی راپۆرتێكى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارایی كە وێنەیەكى دەست لڤین كەوتووە كۆمەڵێك كەموو كوڕی و سەرپێچی یاسایی و گەندەڵی دەستنیشانكراوە كە لەناو تێبینەرایەتى تۆماركردنى خانوبەرەى كەلاردا هەیە،لە راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری داراییدا داواى لێپرسینەوەى یاسایی دەكات بەرامبەر ئەو ئەو پێشلكارییانەى كە ئەنجامدراون.
بە پێی راپۆرتێكى چاودێریی دارایی ژمارە (5/1/1392كە كۆپییەكى دەست لڤین كەوتووە، ناوى هەریەك لە لێپرسراوى ئێستاى تێبینەرایەتى تۆماركردنى خانووبەرەى كەلارو چەند فەرمانبەرێكى ئەو فەرمانگەیە هاتووە،كە سەرپێچییانكردووە لە بڕیارى ژمارە (23102)لە 25/11/2007سەبارەت بە وەرگرتنى (رسوم) و(اجور كشف) مامەڵە جۆراوجۆرەكان ئەنجامدانى كەشفی تایبەت بە (كڕین و فرۆشتن و چەسپاندنى سنور).
لە راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایدا ئەو فەرمانبەرەى كە مانگانە دەردەچێ بۆ كەشفى زەوى و خانوو لە بڕی ئەوەى ئیستحقاقی خۆى وەردەگرێت كە مانگانە دەبێ (30) كەشف بكات بۆ ئەوەى ئەو پارەیە وەربگرێ،ئەگەر لەو كەشفە كەمتر ئەنجام بدات دەبێ لە پارەكەى دابشكێنرێت،بەڵام چەندین فەرمانبەر بە زیادە پارەیان وەرگرتووە یەكێك لەوانە لێپرسراوى ئێستاى تێبینەرایەتى كە (20) كەشفی كردووە پارەى یەك مانگى بە تەواوى وەرگرتووە كە دەبوایە (30)كەشفی بكردایە،هەروەها فەرمانبەر(لیلی ئەحمەد عەلی،ئیحسان بورهانەدین ئەمین،موكەڕەم ئیسماعیل كوفە،كەلسوم سەعید درویش)ئەوانیش بەهەمان شێوە بەزیادە پارەیان وەرگرتووە،هاوكات لەلایەن لیژنەى چاودێرى داراییەوە سەیركراوە زۆربەى ئەو فەرمانبەرانە كە كەشفیان كردووە ئمیزایان نەكردووە، كە ئەمە هی یەك مانگە،ئاخۆ چەند مانگى تر پارەى دەوڵەت بە هەدەر دراوەو پارەى زیاد وەرگیراوە.
لە درێژەى راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایدا هاتووە"فەرمانبەر (ئەحمەد رەشید حەسن) بەناونیشانى (رۆپێوكار) هەڵدەستێ بەكارى وەرگرتنى داهات بە پسووڵەى پارە وەرگرتن (محاسبە/137) لەكاتێكدا لە میلاكى ئەم تێبینەرایەتییەدا ناونیشانى (نوسەرى ژمێریارى)هەیە بەناوى (سازگار عمر قادر) كە دەرچووى ئامادەیی بازرگانییە،بە پێچەوانەى ڕێنمایی وەزارەتى دارایی و ئابوورى كارییانكردووە كە تیایدا هاتووە"ئەو فەرمانبەرانەى لە بەشەكانى ژمێریارى و وردبین كاردەكەن دەبێت ناونیشانى وەزیفیان ژمێریارى بێت و پسپۆرو شیاوى ژمێریارییان هەبێت (موئەهەل حسابی) و بەشدارى كرد بێت (انتماو) لە سەندیكاى (ژمێریاران وردبینیان) و جگە لەمانە لەم بەشانە كارنەكەن" هەمان راپۆرت بە پاڵپشتیی یاساى (انچباگ موڤفى الدولە) داوادەكات كە سەرپێچى كاران لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
هاوكات لە سەر بڕیارى دادوەرى لێكۆڵینەوەى كەلاریش،بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی (كەلار جوڵان) بە نووسراویان ژمارە (6740) لە بەروارى 28 12 2008 كە كۆپییەكى دەست لڤین كەوتووە،تێبینەرایەتى تۆماركردنى خانووبەرەى كەلار ئاگاداركراوەتەوە كە بەناردنى سەرەتا (ئەوەلیات)ى ئەو زەویانەى دابەشكراون،هەروەها چەند فەرمانبەرێكى تێبینەرایەتى تۆماركردنى خانووبەرەى كەلار و سەرۆكایەتى شارەوانى كەلار تێوەگلاون لە دابەشكردنى ئەو پارچە زەویانەدا.
دەربارەى ئەو كەموو كوڕی و سەرپێچییە یاساییانەى لە راپۆرتى چاودێری داریدا هاتووە لڤین،سەردانى لێپرسراوى تێبینەرایەتى تۆماركردنى خانووبەرەى كەلار(ئەكرم رەزا)ى كرد،بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێكمان بۆ بدات.
بەپێی ئەنجامى راپرسییەك كە لەلایەن كۆمەڵەى پەیامى گەرمیانەوە لەناو چین و توێژەكانى شارى كەلار ئەنجامدراوە،دەركەوتووە 57% تێبینەرایەتى تاپۆى كەلار تێوەگلاوە لە گەندەڵی،هەروەها 43% لە ئاست داخوازی و پێویستیەكانى خەڵك نەبووە.86% داوادەكەن تێبینەرایەتى تاپۆى كەلار بكرێتە بەڕێوەبەرایەتى و ڕاستەوخۆ سەر بەبەڕێوەبەرایەتى گشتى تۆماركردنى خانووبەرە بێت كە ئێستا لەسەر سلێمانیە.81%ی راپرسییەكەیش داواى گۆڕانكارى لە ستاف و هەیكەلی ئیدارى تاپۆی كەلار دەكەن.لەو راپرسییەدا 255 فۆرم دابەشكراوەو 250ى گەڕاوەتەوە كە 80% ى بەشداربوانیی ئەو راپرسییە لە رەگەزى نێرن و 20%یشی لە ڕەگەزى مێینەن،لە ڕاپرسییەكەدا چوار پرسیارى سەرەكى ئاراستەى بەشداربووان كراوە.
ئەندامێكى كۆمەڵەى پەیامى گەرمیان بە لڤینى راگەیاند"ئەو راپرسییەى ئەنجامیان داوە،لەچەند رۆژى داهاتوودا لەگەڵ پرۆژەیەكدا ئاراستەى حكومەتى دەكەن، بۆ چاكسازى و گۆرانكارى لەو فەرمانگەیە،ئەو ئەندامە وتى" دیارە ئێمە ئەنجامى ئەو راپرسییەى كەلەسەر تێبینەرایەتى تاپۆی كەلار دەرچووە، ناڕەزایەتى چین و تۆێژەكانى خەڵكى شارى كەلارە،كە زۆرینەیان داوایی گۆرانكاریی و چاكسازى دەكەن لەلایەن حكومەتەوە،ئەو ئەندامەى كۆمەڵەیە كە نەیوست ناوى بهێندرێ،وتیشی"داوادەكەین ئەو فەرمانگەیە بكرێتە بەڕێوەبەرایەتى و بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى تۆماركردنى خانووبەرەى هەرێم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست