کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەستەراستەكەى سەباح میرزاى پاسەوانى سەدام حسین دەكرێتە نوێنەرى تاڵەبانى لە خانەقین

Friday, 16/11/2012, 12:00





ئامادەكردنى:رایەڵ

نوێنەرى جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عێراق و سكرتێرى گشتى یەكێتى لەقەزاى خانەقین، پێشتر دەستەراستى سەباح میرزاى پاسەوانى تایبەتى سەدام حسێن ى سەرۆكى لەسێدارەدراوى عێراق بووە.
ئیبراهیم عەلى رەزا نوێنەرى ئێستاى تاڵەبانى لەقەزاى خانەقین تا ساڵى 2003 كاتى رووخانى رژێمى بەعس لەخانەقین بووە و نزیكترین كەسى سەباح میرزا بووە، بەڵام دواى رووخانى بەعس كراوەتە نوێنەرى مام جەلال و بەپلەى لیواش خانەنیشینكراوە.
خانەنیشینكردنى دەستە راستەكەى سەباح میرزاى پاسەوانى تایبەتى سەدام حسێن بە پلەى لیوا، لەكاتێكدایە سەدان پێشمەرگەى دێرین كە گەنجێتیان لەشاخ بەسەر بردووە گیرۆدەى دەستى دەستنەڕۆین.
سەباح میرزا تا ساڵانى نەوەدەكان پاسەوانى تایبەتى سەدام حسێن بووە و یەكێك بووە لەو پاسەوانانەى هەمیشە لەپشتى سەدامەوە دەردەكەوت، كە ناوبراو كوردى خەڵكى خانەقین بوو.
سەباح میرزا لە ساڵانى نەوەدەكاندا توشى نەخۆشى لەرزین و تێكچوونى بارى دەروونى بوو، بەپێى هەندێك لە سەرچاوەكان ناوبراو بەبڕیارى سەدام حسێن دەرزى لەرزین و شێتى لێدراوە.
سەرچاوەیەكى بەرپرس لەقەزاى خانەقین كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بە رایەڵ ى راگەیاند"ئیبراهیم عەلى رەزا كە دواى رووخانى بەعس كرایە نوێنەرى مام جەلال و بەپلەى لیواش خانەنیشینكرا ئەوكات دەستەڕاستى سەباح میرزا بووە و ئێواران لەناو باخ بوون لەخانەقین".
بەوتەى سەرچاوەكە، سەباح میرزاى پاسەوانى تایبەتى سەدام حسێن زۆر متمانەى بە ئیبراهیم عەلى رەزا بوو و زۆر نزیك بوون لەیەكتریەوە، بۆیە زۆرجار پێكەوە لەناو باخ دا لەخانەقین دەبینران.
سەرچاوەكە وتیشى"بەداخەوە دواى رووخانى بەعس ئیبراهیم كرایە نوێنەرى مام جەلال كە ئەمە بەلاى خەڵكى خانەقینەوە زۆر ناخۆشە، چونكە ئەو تا دوێنێ بەعسى بووە".
لەئێستادا ئیبراهیم عەلى رەزاى دەستەڕاستى دوێنێى سەباح میرزا و نوێنەرى ئەمڕۆى مام جەلال، لەسەر رووبارى ئەڵوەن باخێكى زۆر گەورەى هەیە كە رووبەرى باخەكە زیاتر لە دە دۆنم زەویە و بەهاى موڵكەكە بەچەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەو باخەى كە ئێستا موڵكى سەباح میرزایە پێشتر موڵكى هاوڵاتیەكى كوردى خانەقینى بووە و حكومەتى بەعس ناچارى كردووە باخەكەى لەدەستبدات و دواتر باخەكە بووەتە موڵكى هاوڵاتیەكى عەرەب بەناوى (شوجاع ئەحمەد).
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، ئیبراهیم عەلى رەزا ساڵى 1992 ئەو باخەى هاوڵاتیە كوردەكەى لە عەرەبەكە كە ناوى شوجاع بووە كڕیووە، بێ ئەوەى حیساب بۆ ئەوە بكات كە باخەكە پێشتر موڵكى كورد بووە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەكڕینى باخەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، وتى"ساڵى 1992 كاتێك ئیبراهیم باخەكەى لە عەرەبەكە كڕى حكومەتى بەعس قەدەغەى كردبوو كە موڵك بفرۆشرێتە كورد".
سەرچاوە ئاگادارەكە، باسیلەوەكرد ئیبراهیم عەلى رەزا بەو پێیەى نزیك بووە لە سەباح میرزاوە و بەردەوام پێكەوە بوون، ئەوكات باخەكەى كڕیووە و نەك رێگرى لێنەكراوە بەڵكو هاوكاریش كراوە.
سەرچاوەكە وتیشى"ئێستاش هەندێك خەڵكى خانەقین گومانیان وایە باخەكە لەبنەڕەتدا موڵكى سەباح میرزایە و بۆ ئیبراهیم عەلى رەزا ماوەتەوە، بەڵام ئیبراهیم خۆى ئەمە رەتدەكاتەوە".
دەربارەى نزیكایەتى لەگەڵ سەباح میرزادا، ئیبراهیم عەلى رەزا لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیدا دانى بەوەداناوە كە سەباح میرزاى پاسەوانى تایبەتى سەدام حسێن هاورێى بووە.
ئیبراهیم عەلى رەزا، باسیلەوەكردووە نزیكایەتى لەگەڵ سەباح میرزا كێشەى بۆ دروستنەكردووە كاتێك كراوەتە نوێنەرى مام جەلال.
دەربارەى باخەكە، ناوبراو وتى"باخەكە موڵكى خۆمە نەك سەباح میرزا كە ساڵى 1992 لەپیاوێكى عەرەبم كڕى كە ناوى شوجاع ئەحمەد بوو".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە