کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە پێی بەڵگەنامەكان بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى گەرمیان ئاسانكارییان بۆ ئەنجامدانى گەندەڵی كردووە لەبودجەى وشكەساڵیدا

Thursday, 06/01/2011, 12:00


بەپێی چەند دیكۆمێنتێك دەست لڤین كەوتوون،چەندین كەس لە گەندەڵییەكانى بودجەى وشكەساڵی گەرمیان تێوەگلاون.
بەپێی بەڵگەنامەكان،ناوى ژمارەیەك گوندى گەرمیان تۆماركراوە كە گوایە لە پارەى وشكە ساڵی ئاوو ئالیكیان بۆ براوە،لەكاتێكدا ئەو گوندانە چۆڵن و ماڵیان تێدا نییە،هەروەها لەسنوورى سەنگاویش بەهەمان شێوە لە گوندەكانى(پونگەڵەى حاجى سەعید،قادر ئاوا،حەسەن كەنۆشی خوارو،دووبڕاو)جۆیان لەسەر وەرگیراوە گوندەكانیش چۆڵ بوون.هەروەها لە نێو لیستى وشكەساڵیدا ناوى ژمارەیەك گوند هاتووە كە گوایە لە پارەى وشكەساڵی بەتانكەر ئاویان بۆ براوە لەكاتێكدا ئەو گوندانە چۆڵن و كەسیان تێدا ناژى، گوندەكانیش هەریەك لە (كەلەڕەشیدى سلێمان،قادر ئاوا،كانى مامە،حەسەن كەنۆشی سەروو،حەسەن كەنۆشی خوارو).
بەڕێوەبەرى پێشووى كشتوكاڵی گەرمیان ئاماژە بەوە دەكات بە ئامارەكانیان كار نەكراوە،قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكان سەرپەرەشتیانكردووە،وەسفی خەلیل بەڕێوەبەرى پێشووى كشتوكاڵی گەرمیان لە لێدوانێكیدا بۆ لڤین وتى"فەرمانگەى كشتوكاڵ هەڵساوە بە سەرژمێری،بەڵام ئەوەى جێبەجێكردووە لە دابەشكردنەكەى یەكەى ئیدارى بووە،فەرمانگەى كشتوكاڵ پەیوەندى نەبووە بەجێبەجێكردنەكەى ئەوكاتەیش بەڕێوەبەرى ناحییەكان لەسەرى سزادراون.ئەو خەڵكانەى كە دەستیان هەبووە لە بابەتەكەدا زیاتر ئەوانەن كە لە ئیدارەى گەرمیان بوون،ئەو ئامارانەیش كردوومانە بە ئاسانى نەكراوە،لیژنەمان هەبووە شەش مانگ ماندوبونە و گەڕاون تا ئەو ئامارانەیان بەدەستهێناوە،بەڵام بەداخەوە كاریان بەئامارەكەى ئێمەوە نەكردووە".
دەربارەى ئەو سەرپێچییە یاسایانە كە لە بودجەى وشكەساڵی گەرمیانكراوە،ئەو بەڕێوەبەرەى پێشووى فەرمانگەى كشتوكاڵ وتى"قائیمقامەكان و بەڕێوەبەرى ناحیەكان و سەرۆكى یەكەى ئیدارى سەرۆك بووە،ئێمە سەرپێچیمان نەكردووە،جۆ هاتووە جیاوازى هەبووە پەیوەندى بە ئێمەوە نییە".
لە نێو ئەو لیستانەدا كە ژمارەیان زیاتر لە 100 لیست دەبێت كە بەناوى خاوەن ئاژەڵەوە ئالیك و گەنم و جۆیان پێدراوە،ژمارەیەك لە فەرمانبەر و پۆلیس و كارمەندى ئاسایش و كادیرى حیزبی تێدایە كە خاوەنى ئاژەڵ نین.بەڵام پێداویستیان بەو ناوە وەرگرتووە كە ئاژەڵیان هەیە.
هەروەها لە نێو لیستەكەدا ناوى ژمارەیەك گوند هاتووە كە گوایە ئالیكى ئاژەڵیان پێدراوە لەكاتێكدا ناوەكان بەوەهمى نووسراون و ئالیكى ئاژەڵ نەگەشتووە بەو گوندنیشنانە.
سەرۆكى لیژنەى بەرەنگاربوونەوەى وشكەساڵی لە سنورى ناحیەى سەنگاو پێچەوانەى قسەكانى بەڕێوەبەرى پێشوى كشتوكاڵی گەرمیان قسەدەكات و جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە بە ئامارى كشتوكاڵی گەرمیان ئیشیانكردووە لەوبارەیەوە دەڵێت" هەموو ئیدارەى گەرمیان و بە ئێمەشەوە لەسەر ئامارى كشتوكاڵ ئیشمانكردووە،لەسەر ئەو بنەڕەتە پێداویستیەكان دابەشكراون و بڕوامان بەو ئامارانە هەبووە".
دەربارەى ئەو گوندانەى چۆڵ بوونەو شتیان بەناوەوە وەرگیراوە عەدنان كاكەڕەش وتى"لەوكاتەى ئێمە ئیشمانكردووە ئەو گوندانە چۆڵنەبووەو ئاژەڵیان هەبووە،ناچاربووین بۆ ئاژەڵەكانیان شتمان دابینكردووە،بەڵام دواتر هەڵمەتەكە نەماوە گوندەكەى چۆڵكردبێت نازانین"
.سەرۆكى لیژنەكە ئاماژەى بەوەدا دۆسییەیان داوەتە دادگا و دادگا بڕیارى لەسەر دەدات.عەدنان كاكەڕەش جەختى لەسەر سزادانى ئەو بەڵێندەرانە كردەوە كەوەكو پێوست كارەكانیان نەكردووە چەندین ملیۆن دیناریان بۆ حیساباتى حكومەت گەڕاندۆتەوە وتیشی" لەوكاتەی من لێر نەبوومە بۆ ماوەى یەك مانگ لە یابان بووم،هەندێك شت رووى داوەو داومانەتە دادگا و دادگا یەك لای دەكاتەوە".
بە پێی زانیارییەكانى لڤین،ئیدارەى گەرمیان سزاى ماددەى ئەو كۆمپانیایەى داوە كە لە بەرەنگاربوونەوەى وشكەساڵی ئیدارەى گەرمیان كاریكردووە،بەڵام خاوەنى كۆمپانیاكە بە ناڕەواى دەزانێت و لە دادگاى كەلار دژى ئەو سزایە ئیدارەى گەرمیان سكاڵاى تۆماركردووە.
"لە بودجەى وشكەساڵیدا ناوى چەندین گوند هاتووە كە ئاویان بۆ دابینكراوە،بەڵام ئەو گوندانە ئێستا چۆڵن"
سەرچاوەیەك لە رێكخراوەكانى گەرمیان بە لڤینى راگەیاند"لە بەرانبەر ئەو سەرپێچییە یاساییانە لە بودجەی وشكەساڵى كراوە هەڵوێستیان هەیەو وتى"زۆرێك لەو لیستانەى كەناوو واژووى گوندنیشینەكانى لەسەرە،دواى پێدانى ئاو و ئالیك،كاتێك زانراوە لیژنەى دیوانى چاودێرى لێكۆڵینەوە لەمەسەلەكە دەكات رێكخراون و نووسراون،ئەو سەرچاوە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ناوچەى گەرمیان لەپێش هەموو شارەكانى ترەوەیە نقوم بووە لە گەندەڵی.
دەربارەى ئەو سكاڵایەى لەسەر ئیدارەى گەرمیان تۆمارى كردووە،بەكر عەزیز،خاوەنى كۆمپانیاى هەرێم،لە لێدوانێكیدا بە لڤینى راگەیاند"ئیدارەى گەرمیان بڕی سەدو پێنج ملوێن دینار غەرامەیكردووین،ئێمەیش بەناڕەواى دەزانین داوامان لەسەر ئیدارەى گەرمیان تۆماركردووە".
خاوەنى كۆمپانیاى هەرێم،وتیشی"بەبیانوى ئەوەى ئاو بۆ گوندەكان نەڕۆشتووە ئەو سكاڵایانەیان لەسەر ئێمە تۆماركردووە،خۆی دەبوایە سەرەتاى ئیشەكە كەمووكورتییەكان بدۆزرایەتەوە،نەك دواى شەش مانگ لەئیشكردن بێت غەرامەت بكات،ئەمە كارێكى نایاساییە.تەنانەت هەموو قائیمقام و بەرێوەبەرى ناحیەكانیش گەواهى لەسەر ئەوە دەدەن كە ئاو رۆشتووە بۆ گوندەكان،ناكرێت تۆ لە خۆتەوە بڵێ ئاو نەرۆشتووە".
لای خۆیشیەوە سەرپەرەشتیارى ئیدارەى گەرمیان،سەعید ئەحمەد،دەربارەى سكاڵاى كۆمپانیاكە لەسەر ئیدارەى گەرمیان بە لڤینى وت" ئەوكابرایە شكاتى لێكردوین،ئێمەیش پارێزەرێكمان گرتووە لەدەروەى فەرمانگاكە،ئەو پارێزەر كە گرتومانە بابەتى حكومەت نییە،ئێمە بەڵگەى خۆمان دەخەینەڕوو ئەویش بەڵگەى خۆی دەخاتە رو،رەنگە ئەگەر ئێمە ئەو داوایانە بدۆرێنین ئەوكاتە چی پارەى كۆمپانیا هەیە دەبێت بیدەینەوە".
لەبارەى ئەوەى كە قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەكان گەواهی لەسەر ئەو كۆمپانیایە داوە گوایە كە ئاویان بۆ گوندەكە بردووە،سەرپەرەشتیارى ئیدارەى گەرمیان،وتى"ئەى من بۆ چی بەڕێوەبەرى ناحیەم سزا داوە بەرێوەبەرى ناحییە لەلای منەوە تەحویلكراوە بزانی چۆن ئاودەچێت بۆ گوندەكان، هیچ ناكرێت و دێت ئیمزا دەكات بۆ بەڵێندەرەكە، خۆ ناكرێت تەنها گوێ لە یەكەى ئیدارەى ئەو شوینە بگرم،خۆم لیژنەم ناردووە لیژنەكانى من گوند بە گوند گەڕاون"،
سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان وتیشی" كۆمپانیاكان ئیعترافیان كردوە كە سەرپێچیانكردوە بەڵام وتیان نەك بەو جۆرە".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە