لە گەرمیان (2000) واژوو بۆ دادگایكردنى تۆمەتبارانى گەندەڵ كۆدەكرێتەوە
Wednesday, 25/01/2012, 12:00
ژمارەیەك لە رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانى گەرمیان ئاماژە بەوەدەكەن ئەگەر ئەو كەسانەى كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی كەیەسەكانیان بەمردووى بمێنێتەوە پەنا بۆ دادگاى فیدراڵ و نێودەوڵەتى دەبەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەو تاوانانە هیچیان كەمتر نییە لە تاوانى جەنگ و كۆمەڵكوژى.
ئەو ژمارە رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانە كە بە نوێنەرایەتى زۆربەى چین و توێژكانى سنوورى گەرمیان، لەدەستپێكى ئاڵوگۆڕكردنى حكومەتدا، كەمپینێكى واژووكۆكردنەوەیان بۆ ئەو بابەتانەى تایبەتن بە كەیسەكانى گەندەڵی پێكهێناوە.
لە یاداشتنامەیەكى ئەو رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانە كە ئاراستەى هەرێك لە (سەرۆكى هەرێمى كوردستان،سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان،سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران وەزیرانى داد و ناوخۆ) كراوەو كۆپێكى بۆ لڤین نێردراوە، تێدا ئاماژە بەوە كراوە ئەوان وەك ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران بە نوێنەرایەتى زۆربەى چین و توێژەكانى سنورى گەرمیان، لەدەستپێكى ئاڵوگۆڕكردنى حكومەتدا، كەمێنێكى واژووكۆكردنەوەیان بۆ دادگا گەیاندنى ئەو كەسانە رێكخستووە كە لە گەندەڵی و خراپبەكارهێنانى پۆستەكان و ئەو نادادپەروەریانەى كە بە رێژەیەكى بەرچاو لە لەناوچەكەدا كراوە ،لەگەڵ ئەو زیادەرۆییانەى بۆ سەر موڵكى گشتى كراوە ،هەندێكیان لە رۆژنامەكاندا بڵاوكراوەتەوە.
ئەو رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانە دەنووسن"ماوەیەكە سەرۆكى هەرێم لیژنەى لێكۆڵینەوەى بۆ ئەم مەبەستە پیكهێناوە، بەڵام ئەوەى كە تێبینى دەكرێت، هیچ كارێكى ئەو لیژنەیەمان لەم سنوورەى ئێمە هەستپێنەكردووە، ئەمە سەربارى ئەوەى كە خودى ئێمەى رۆژنامەنووس چەندین كەیسی گەندەڵیمان ئاشكراكردووەو سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارییش بەهەمانشیوە، ویڕاى سكاڵا بەئاكام نەگەشتووەكانى داواكارى گشتى لەگەرمیان لەسەر كەیسەكانى گەندەڵی.
ئەندامى رێكخەرى كەمپینەكە عەباس مەحمود لەوبارەیەوە دواو وتى" ئەوەى كە لەگەڵ ئەو یاداشتنامەیەدا هاوپێچى دەكەین و بەرزیدەكەینەوە، ئیمزاى ناڕەزایی چین و توێژەكان و چالاكوان و خەمخۆرى ئەم ناوچەیەو خەمخۆری پرۆسەى چاكسازى و چاكخوازى ئەم وڵاتەن".
ناوبراو روونیشیكردەوە كە داواكارن ئەو كەسانەى كە داواكراون و تێوەگلاون لەگەندەڵی، بدرێنە دادگاو بەپێی پرەنسیپ و یاساو رێساكانى ئەم وڵاتە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، هەروەها وتیشی" زەنگى كۆتایی بۆ لایەنە بەرپرسەكان لێ دەدەین، ئەگەر ئەم كەیسانە بەمردوویی بمێنێتەوە، ئەوا لەدادگاى فیدراڵ و نێوەدەوڵەتى ڕۆحى بەبەردا دەكەینەوەو دەیگەیەنینە شوێنى مەبەست، چونكە ئەم تاوانانە هیچیان كەمتر نییە لەتاوانى جەنگ و كۆمەڵكوژى.
ئەندامێكى دیكەى رێكخەرى كەمپینەكە، كاروان ئەحمەد ئاماژەى بەوەكرد كە تا ئێستا زیاتر لە(2000) واژوویان كۆكردووەتەوەو وتی" لە سەرەتای راگەیاندنى كەمپینەكەمان لەسنوورى گەرمیاندا ئەو واژوویانەمان كۆكردووەتەوە تا ئێستایش بەردەوامین لەو كەمپینە دەمانەوێت (10000) واژوو كۆبكەینەوەو ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندى دارەكانى بكەین".
هەروەها وتیشی" ئەگەر هاتوو حكومەت بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسانە نەكرد، داوادەكەین كەیسی ئەو تۆمەتبارانە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاكانى دیكەى هەرێمى كوردستان، تا لەوێ وەك پێویست كارى لەسەربكرێت، گەر لەوەش سەركەوتوو نەبوین دەیدەینە دادگاى نێوەدەوڵەتى و فیدراڵى.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد لەسنورى گەرمیاندا چەندین كەیسی گەندەڵی ئاشكرابووەو تائێستایش كەمترین لێپرسینەوە نەكراوە، جگە لە سكاڵاكانى داواكارى گشتى گەرمیان، وتیشی"گەرمیان لەپێشەوەى هەموو شارەكانى دیكەى هەرێمى كوردستان نوقمى گەندەڵی بووە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست