25ى شوبات و حساب نەكردن بۆ دادگا
Sunday, 10/02/2013, 12:00
كەمتر لەمانگێكمان ماوە بۆ ساڵیادى ڕووداوەكانى 25ى شوباتى ساڵى 2011ى كەلار ، كە لە ئەنجامى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانى خەڵكدا دوو هاوڵاتى كوژران و ژمارەیەكى زۆر لە خۆپیشاندەریش برینداربوون.
كوژران و برینداركردنى خۆپیشاندەران لەلایەن پاسەوانەكانى لقى پارتى و پێشمەرگە و هێزە دەمامكدارەكانەوە، لەكاتێكدا هیچ بەرپرس و لایەنێك تائێستا وەكو تۆمەتبار راپێچى دادگا نەكراوە، جگە لەوەى زیاتر لە دەیان هاوڵاتى بەبیانووى هاندانى خەڵك بۆ خۆپیشاندان براونەتە بەردەم دادگا و بەكەفالەت ئازادكراون.
دواى دوو ساڵ سوڕانەوەى تۆمەتباران بە ئازادانە و دادگایى نەكردنیان گەورەترین زیانى بۆ سومعەتى دەسەڵاتى دادوەرى گەیاندووە، سەلمێنەرى ئەم راستیەش لەوەدایە كە یاسا بۆ خەڵكى بێ پشت و پەنا سەروەرە و دەسەڵاتداران لەسەرووى یاساوەن.
ڕەنگە پاساوى دادوەر و دادگاكان بۆ دەستگیر نەكردنى تۆمەتبارانى تەقەكردن لەخۆپیشاندەران ئەوەبێت ئەوان بڕیارى دەستگیركردنیان بۆ دەركردوون و وەزارەتى ناوخۆ بڕیارەكان جێبەجێناكەن، بەڵام ئەم پاساوە لاوازە بەرپرسیارێتیە گەورەكە لەسەر شانى دادگاكان لانابات.
جێبەجێنەكردنى بڕیارى دادگا لەلایەن وەزارەتى ناوخۆوە هەر بۆخۆى دۆسیەیەكى ترە و دیوێكى ترى سوكایەتیكردنە بەدادگاكان و قەبوڵكردنى بەواتاى لاوازى ڕۆڵى دادگا دێت، ئەگەر ئەو وەزارەتە بڕیارەكانیان جێبەجێ ناكات بۆ دادوەرەكان بڕیارى دەستگیركردن بۆ بەرپرسانى ئەو وەزارەتە دەرناكەن؟ یان بۆ ئەزعەفول ئیمان هەڵنابژێرن و لەڕێگەى بایكۆتكردنەوە بێت یاخود مانگرتن هەڵوێست وەربگرن.
بێگومان یەك رۆژ دادوەرەكان مانبگرن هەموو ئیش و كارەكانى حكومەت دەوەستن و ئەوكات دەسەڵات ناچار دەبێت بڕیارەكانیان جێبەجێ بكات، بەڵام كێشەكە لەخودى لاوازى ڕۆڵى دادگاكاندایە، بۆیە دەسەڵات حسابیان بۆ ناكات.
لەكۆتاییدا پێویستە دادوەر و دادگاكان لەوە دڵنیابن جێبەجێنەكردنى بڕیارەكانیان و سوڕانەوەى تۆمەتباران بەبەرچاوى كەس و كارى قوربانیەكانەوە، پێش هەموو شت سوكایەتیەكى گەورەیە بەوان و قەبوڵكردنى ئەم سوكایەتیە هێندەى تر نیشانەى پرسیار لەسەر میسداقیەتى دادگاكان و سەروەرى یاسا دروست دەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست