مام ساڵەح مامۆیى بۆ گەران: بەفێڵ بردمیانە سەر قەڵاى شێروانە و ئاڵایەكى سەوزیان دایە دەستمەوە
Wednesday, 01/08/2012, 12:00
ئەو بابەتەى كە لە گۆڤارى (گەڕان) دا بڵاوكرایەوە ، دەزگاى ئاسایش لەگەڵ ئەو نووسینەى لەسەر مەحمود سەنگاوى نووسرابوو، كۆیكردەوە و نەیهێشت كەس بیكڕێت
سازدانى : گەڕان
مام ساڵەح سەرۆكى عەشیرەتى مامۆیى و پێشمەرگەى دێرینى یەكێتى، لەدیدارێكى گەڕان دا باسلەوەدەكات بەفێڵ براوە بۆ قەڵاى شێروانە و ئاڵاى سەوز دراوەتە دەستیەوە، لەكاتێكدا ئەو یەكێتى نیە و سەربە بزووتنەوەى گۆرانە.
مام ساڵەح مامۆیى، دەڵێت"ئاڵا سەوزەكەم دایە دەست چەند منداڵ و مەزمێكەوە وتیان ئەمانە نەوەى نوێن".
گەڕان: پێشتر سەرۆك عەشیرەتەكان مانگانە برێك پارەیان وەكو دیوەخانانە لەیەكێتى و پارتى وەردەگرت، ئایا تۆ وەكو سەرۆك عەشیرەت دیوەخانانەت پێدراوە، برەكەى چەندە؟
مام ساڵەح: كاتى خۆى لەساڵانى نەوەدەكان یەكێتى دیوەخانانەى دەدایە سەرۆك عەشیرەتەكان و هەر سەرۆك عەشیرەتێك مانگانە برى هەزار و پێنجسەد، دوو هەزار دینارى سویسرى پێدەدرا، ئەوكاتە منیش سێ مانگ لەسەر یەك وەكو ریش سپى عەشیرەتى مامۆیى ئەو پارەیەم وەرگرت.
دواتر لەیەكەم دایەوە كە من پێشمەرگەى كۆنم و هەموو تەمەنم لەپێشمەرگایەتیدا بەسەربردووە، ئیتر دیوەخانانەم بۆچیە وەریگرم، ئەوەبوو رۆیشتمە نوسینگەكە كە پارەكەیان دەدا لەسلێمانى ، وتم كاكە ئەم پارە وەرناگرم، حەقەكەى خۆمم بدەنێ و موچەى پێشمەرگەى دێرینم بۆ ببرنەوە، ئیتر من دیوەخانانەكەم وەرنەگرت بەڵام سەرۆك عەشیرەتەكانى تر بەردەوام بوون لەوەرگرتنى.
گەڕان: رۆڵى سەرۆك عەشیرەتەكان چۆن بوو لەشەرى ناوخۆدا؟
مام ساڵەح: لەسەردەمى ناوخۆدا كاتێك سەرۆك عەشیرەتەكان دیوەخانانەیان وەردەگرت، رۆژێك كاك نەوشیروان هەموو سەرۆك عەشیرەتەكانى بانگكرد و ئێمەش رۆیشتین، كاك نەوشیروان وتى پارتى تەنگى پێهەڵچنیوین، بۆچوونى ئێوە وەكو سەرۆك خێڵەكان چى یە لەسەر شەرى ناوخۆ؟ سەرۆك عەشیرەتەكان بەزۆرینەى دەنگ وتیان ئەم شەرە خراپە و لەبەرژەوەندى هیچ لایەك نیە، كاك نەوشیروان وتى دە باشە ئێوە برۆن بۆ لاى پارتى و با شەرەكە بوەستێ ئێمەش لەگەڵ شەردا نین. من هەر لەوێدا وتم كاك نەوشیروان من وەكو پێشمەرگەیەكى كۆن هاتووم، نەك وەكو سەرۆك عەشیرەت، ئەویش وتى ئێمەش حسابى پێشمەرگەى كۆن بۆتۆ دەكەین.
گەڕان: بەڵام دەوترێت هەندێك لەسەرۆك عەشیرەتەكان شەرى ناوخۆیان پێخۆشبووە چونكە پارەیان وەدەگرت؟
مام ساڵەح: وەڵاهى راستە هەندێك سەرۆك عەشیرەت بوو نان و پیازى بەشەرەكەوە دەخوارد، بۆ نموونە دووسەد سێسەد كەسێكى فەقیرى هیچ نەزانى كۆ دەكردەوە و شەریشى پێنەدەكردن، تەنها پارەى بەسەرەوە دەخواردن.
گەڕان: عەشیرەتەكەى تۆ تیرەیەكە لەتیرەكانى جاف، چۆن دەروانیتە ئەو ڤیستیڤاڵانەى ساڵانە هەندێك بەرپرس بەناوى جافەوە ئەنجامى دەدەن؟
مام ساڵەح: ئەو ڤیستیڤاڵانەم پێباش نیە، چونكە ناكۆكى عەشایەرى دروست دەكات، بەراى من ئەو ڤیستیڤاڵانە كارێكى خراپن و چەند جارێكیش وەرەقەیان بۆ نوسیوم بەڵام ئیمانم پێنەبووە و نەرۆیشتووم.
ئینجا هەندێك بەرپرس بەو ڤیستیڤاڵانە خۆیان دەبەنە پێشەوە و پارەى پێكۆدەكەنەوە، لەكاتێكدا سەرۆكى تیرەكانى جاف دیارن و بەشدارى لەو ڤیستیڤاڵانەدا ناكەن، ئەوانە لەجیاتى ڤیستیڤاڵ با بچن ناوچەكانى جاف ئاوەدان بكەنەوە كە هەموویان ناوچەى وێرانەن.
گەڕان: باسلەوەدەكرێت هەندێك سەرۆك عەشیرەت بۆ پارە خۆیان فرۆشتووەتە حیزبەكان، بۆچوونت لەسەر ئەمە چۆنە؟
مام ساڵەح: ئەو كەسانەى دیارن كێن كە خۆیان فرۆشتووە و حەز ناكەم ناویان بهێنم، ئەوانە ئەچن پارە و دەمانچە لەم و ئەو وەردەگرن، من وەختێك چووم بۆ گردەكە وتم حەزم لەگۆرانكاریە، مەرجیش نیە هەموو عەشیرەتەكەم لەگەڵدابێت، كێم لەگەڵایە سەرچاوم و كێشم لەگەڵا نیە هەرسەرچاوم.
گەڕان: كاتێك مام جەلال سەردانى گەرمیانى كرد ویستى بتبینێت بەڵام تۆ نەرۆیشتى، بۆ؟
مام ساڵەح: كاتێك من ویستم مام جەلال ببینم دەرگایان داخست بەروومدا و رێگەیان نەدا بیبینم، سێ جار كاغەزم بۆ نوسى كەدەمەوێت بیبینم ، بەڵام رێگەیان نەدا بیبینم و كاغەزەكانم خرایە تەنەكەى زباڵەوە، گەر بیانهێشتایە بمبینایە قسەى خۆم دەكرد و لەكەسیش نەدەترسام.
دواتر كاتێك مام جەلال هاتە گەرمیان بەكرى حاجى سەفەر تەلەفۆنى بۆ كردم، وتم نایەم بۆ بینینى مام جەلال و ئیتر نەرۆیشتم.
گەڕان: دەوترێت هەندێك بەرپرس ناوى جاف بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بەكار دەهێنن، لەوبارەیەوە چى دەڵێیت؟
مام ساڵەح :من رەئیم باش نیە، جاف پەنجا شەست تیرەیە و هەر تیرە و سەرۆكى خۆى هەیە، نابێت كەس بەناوى جافەوە قسەبكات و خۆى بكاتە دەمراستى جاف.
گەڕان: تۆ پێشتر گۆران بوویت، بەڵام لەساڵیادى دامەزراندنى یەكێتیدا لەسەر قەڵاى شێروانە بینرایت ئاڵایەكى سەوزت بەدەستەوە بوو، دەڵێن گوایە پارەت وەرگرتووە و گەرایتەسەوە ناو یەكێتى؟
مام ساڵەح:پارەم لەكەس وەرنەگرتووە و یەكێتیش نیم ، تا یەكێتى نەیەتەوە سەر هێڵ و خزمەتى خەڵك نەكات یەكێتیش نابم، یەكێتى خۆى داوەتە دەست پارتیەوە، من قەت ناچمەوە بۆلاى یەكێتى تاوابن.
گەڕان:ئەى چۆن بەشدارى یادەكەیانت كرد؟
مام ساڵەح: ئەشەد و بیلا راستە ئاڵاسەوزەكەیان دایە دەستمەوە و منیش دامە دەست مناڵێكەوە ئیشەڵا ئەو مناڵانە نەوەى نوێن و ئێمەش وەكو نەوەى كۆن پەیامەكەمان رادەست كردن، بزانە نەوەى نوێ چیمان بۆ دەكات.
ئینجا من فێڵیان لێكردم و بردمیان بۆ یادەكە، وتیان پێشمەرگەى مەفرەزە سەرەتاییەكان ئاهەنگێكتان بۆ دەكەین لەسەر قەڵاكە و بەفێڵ بردمانیان، وەختێك چوومە ئەوێ زانیم مەسەلەكە چیە و روگیر كرام.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست