ناوى ئەو بەرپرسانەى بە نایاسایى لەكەلار زەویان پێدراوە ئاشكرا دەبن
Thursday, 18/10/2012, 12:00
بەرپرس هەبووە دوكانى لەنگە فرۆشى وەرگرتووە
تایبەت بە رایەڵ
لەكاتێكدا بەپێى ئامارە نافەرمیەكان نزیكەى سێ هەزار كرێچى لە قەزاى كەلاردا هەیە، كەچى دەسەڵات زەوى لەو قەزایە داوەتە بەرپرس و خەڵكى ناوچەكانى تر ئەمەش بە گەورەترین زوڵم دادەنرێت لەدانیشتوانى كەلار.
بوونى سێ هەزار كرێچى لەكەلار لەكاتێكدایە بەهەزاران خێزانى دانیشتووى كەلار سودمەند نەبوون لەپێدانى زەوى و بەڕەنجى شانى خۆیان زەوى و خانوویان كڕیووە.
جگە لەپێدانى سەدان پارچە زەوى بەبەرپرس و خەڵكى شارەكانى تر لەكەلار، بەدەیان بەرپرس لەكەلار دوو پارچە و سێ پارچە زەوییان وەرگرتووە كە لەنێویاندا سێ كارگێڕ مەڵبەند و بەدەیان كادیریان تێدایە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار نەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"عیرفان كەركوكلى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك كە بەرپرسێكى توركمانە لەكەلار زەوى پێدراوە".
بەوتەى سەرچاوەكە، برازایەكى ئەرسەلان بایزى سەرۆكى پەرلەمان و ژنى مستەشارێكى سەردەمى بەعس بێ ئەوەى ناوى مستەشارەكە ئاشكرابكات زەویان لەكەلار وەرگرتووە.
پێدانى زەوى بەو بەرپرسانە لەكاتێكدایە مستەشارێكى پێشووى سەرۆك كۆمار بەناوى (لەتیف ى حاجى فەرەج) لەرێگەى نامەیەكەوە بۆ ئاوات ى شێخ جەناب بەرپرسى ئەوكاتى مەڵبەند داواى دوكانێكى لەناوچەى پیشەسازى بۆ شۆفێرەكەى كردووە.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، هەرچەندە ئەو بەرپرسە داواى دوكانى بۆ شۆفێرەكەى كردووە، بەڵام دوكانەكەى پێنەدراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە نامەكە كەتێیدا داواى دوكان دەكات مۆرى سەرۆكایەتى كۆمارى بەسەرەوەیە.
جگە لەو بەرپرسانە زەوى دراوەتە سەدان كەسیتر كە خەڵكى سەماوە و بەغدا و هەڵەبجەى شەهیدن و ڕەنگە بۆ چركە ساتێكیش كەلاریان نەبینیبێت، كەدواتر زەویەكانیان بەپارەیەكى زۆر فرۆشتووە .
هەروەها زەوى دراوەتە 77 كادیرى ترى خەڵكى خانەقین و پێدانى زەوى بەو خانەقینیانە لەكاتێكدایە هەوڵدەدرێت لەخانەقین زەوى بدرێتە ئەو كەسانەى فۆرمى سەدوچلیان پڕكردووەتەوە.
ئەنجامدانى گەندەڵى و پێدانى زەوى بەنایاسایى تەنها زەوى نەگرتووەتەوە، بەڵكو گەندەڵیەكان گەیشتوونەتە ئاستێك كە كادێرى حیزبى دوكانى لەنگە فرۆشى وەربگرێت.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، ئەحمەدى خۆشنووس كادیرى حیزبى لەناو دوكانى لەنگە فرۆشەكان دوكانێكى وەرگرتووە بێ ئەوەى رۆژێك لەرۆژان لەنگە فرۆشى كردبێت و دواتر دوكانەكەى فرۆشتووەتە هەشتاو پێنج گەڵا.
دەربارەى پێدانى ئەو دوكانە بەئەحمەدى خۆشنوس، سەرۆكى لقى گەرمیانى سەندیكاى كرێكاران جەخت لەسەرئەوەدەكاتەوە هەرچەندە ئەو دوكانە پێش ئەوان دراوەتە ئەحمەد، بەڵام هەڵوێستیان دەبێت.
عومەرى سەندیكا، وتى"دەچینە لاى قایمقام و سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و قبوڵ ناكەین كەسێكى ناپیشەوەر شوێن دوكان وەربگرێت".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست