هەرێم كوردەكانى دیالە بەكوشت دەدات بەرپرسە كوردەكانیش لەقەزاى خورماتوو هەڵدێن
Saturday, 15/09/2012, 12:00
رایەڵ : خورماتوو
حكومەتى هەرێم كوردى ناوچە جێناكۆكەكان بەكوشت دەدات ، چونكە ناتوانێت لە ناوچە جێناكۆكەكان گیانیان بپارێزێت و بەپاساوى دانەبەزینى رێژەى كوردیش رێگەیان پێنادات ماڵەكانیان بگوێزنەوە بۆ ناو هەرێم.
رێگە نەدات بە هاتنیان بۆ هەرێم و حەسركردنیان لە ناوچە جێناكۆكەكان و نەپاراستنى سەرو ماڵیان، وایكردووە گروپە چەكدارەكان بەرببنە گیانى خێزانە كوردەكان و بیانكوژن.
رێگە نەدان بە باركردنى خێزانە كوردەكان لەدیالە و هاتنیان بۆ هەرێم، لەكاتێكدایە بەرپرسەكانى پارتى و یەكێتى خۆیان ناوچە جێناكۆكەكان بەجێدەهێڵن و بەدەیان بەرپرس لە قەزاى دووز خورماتوو هەڵهاتوون.
باركردنى بەرپرسان لەقەزاى دووز و هاتنیان بۆ ناوچە جیاجیاكانى هەرێم خێزانە كوردەكانى ئەو قەزایەى تۆقاندووە و وایكردووە ئەو خێزانانە بیر لە بەجێهێشتنى قەزاكەیان بكەنەوە و رێژەى باركردن ڕوو لە هەڵكشان بكات.
سەرچاوەیەكى بەرپرس لەقەزاى دووز، وتى" نزیكەى بیست ماڵە بەرپرسى پارتى و یەكێتى خورماتوویان بەجێهێشتووە و روویان لەهەرێم كردووە".
سەرچاوەكە، وتى"باركردنى بەرپرسە كوردەكان دانیشتوانى دووزى تۆقاندووە بۆیە دیاردەى باركردن تەواو پەرەى سەندووە".
بەپێى ئامارەكان تەنها لەمانگى شەش و حەوتى ئەمساڵدا دووسەد و سى و یەك ماڵى كورد دووزیان بەجێهێشتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەساڵانى هەشتاكاندا كورد لەسەدا پەنجاو یەكى دووزى پێكهێناوە ، بەڵام ئێستا رێژەكە بۆ لەسەدا سى و حەوت بەرەو خوارەوە دابەزیووە.
بەرپرسى بازنەى دووزى یەكێتى، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە باركردن بووەتە دیاردە و جگە لەهۆكارى ئەمنى هۆكارى ترى هەیە.
دەربارەى باركردنى بەرپرسە كوردەكان و چاندنى ترس لاى هاوڵاتیان، مەلا كەریم، وتى"راستە باركردنى خێزانە كوردەكان كاریگەرى لەسەر خەڵك دروستكردووە".
رایەڵ ناوى زیاتر لە بیست كارگێر و ئەندام مەڵبەند و بەرپرسى حیزبى و ئەمنى پارتى و یەكێتى دەستكەوتووە كە ماڵەكانیان لە قەزاى دووز خورماتوو گواستووەتەوە بۆ هەرێم كەناوەكان لاى رایەڵ پارێزراون.
هەڵهاتنى بەرپرسە كوردەكان لەدووز لەكاتێكدایە هەرێم گیانى خێزانە كوردەكانى دیالەى لێ زیادە و تواناى پاراستنیانى نیە و دەرگاشیان بۆ ئاوەڵا ناكات تا روو لەهەرێم بكەن.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، چەندین ماڵ ویستوویانە روو لە كەلار و ناوچەكانى تر بكەن ، بەڵام لە بازگەكان رێگەیان پێنەدراوە بەبیانووى ئەوەى رێژەى كورد لەو ناوچانە دادەبەزێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست