کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر یەكێتى و پارتى لەپشت هەڵهاتنى تۆمەتباربن،دەكەونەبەر نەفرەتى مێژوو

Thursday, 08/09/2011, 12:00






كەسوكارى ئەنفالكراوەكان دەڵێن بێدەنگ نابین لەبەرانبەر ئەو بەرپرسانەى كە هاوكارن لەهەڵهاتنى جاش و موستەشارەكان

زۆرێك لە كەسوكارى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان و رێكخراوەكانى بوارى كەسوكارى ئەنفالكراوەكان، رەخنە لە دەسەڵات دەگرن كە"جاش و موستەشارەكانیان داڵدەداوە".
هەرسێ رێكخراوى چاودێرى كوردۆساید (چاك) نووسینگەى باشوورو كۆمەڵەى داكۆكى لە قوربانیان و كەسوكارى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان و ڕێكخراوى كار بۆ ئەنفال،لە یاداشتنامەیەكیاندا كە ئاراستەى هەریەك لە سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان و حكومەتى هەرێم و پەرلەمانیانكردووە تێیدا داوادەكەن تەواوى ئەوانەى ناویان وەك تۆمەتبار هاتووە لە كەیسی ئەنفالدا راپێچی بەردەم دادگا بكرێن،كە رێگەش خۆشبكرێت بۆ كەسوكارى قوربانیان تا لە ڕێگەى داواكارى گشتییەوە داوا لە سەر ئەو كەسانە تۆماربكەن كە دەستیان هەبووە لە پەلامارى ئەنفالدا، هەروەها ئەو رێكخراوانە داوادەكەن سوڵتان هاشم و حسێن رەشید تكریتى، وەك سەرانى ترى رژێمى بەعس بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەنرێن و رێگرى نەكرێت لە جێبەجێكردنى سزاكە لەگەڵ داواكردنى ناساندنى ڕۆژى(21) ئاب وەك ڕۆژى دادپەروەرى".
تاقانەیەكى بەجێماوى ئەنفال بەناوى ئەنوەر حەمەلاو دەڵێت" داوادەكەین لە دەسەڵات،رێز لە (21) ئاب بگرن،كە پێنج ساڵ پێش ئێستا تۆمەتبارانى پرۆسەى ئەنفال برانە بەردەم دادگا و پیادەكردنی شاڵاوەكانی ئەنفال لە دادگایەكی عێراقیدا رووبەڕووی تۆمەتباران كرایەوە،با ئەو جاش و موستەشارانەیش كە لە سێبەرى حێزەبەكاندا داڵدەدراون،جارێكى تر داڵدەنەدرێن و راپێچی دادگاى بكەن".
ناوبراو،روونیكردەوە كە ئەو جاش و موستەشارانە پێش لەشكرى حكومەتى عێراقی كەوتوون و گوند بە گوندى ئەم وڵاتەیان وێرانكردووە ژن و منداڵی كوردیان راپێچی دەستى بەعس كردووەو زیندە بەچاڵیانكردوون.
وتیشی" ئەو سەركردانەى ئێمە، ئەگەر كوڕەكانى خۆیان ئەنفالبكرایە،ئامادە نەدەبوون ئەو بڕیارانە دەربكەن تاوانباران عەفوو بكەن،ئەگەر جاش و موستەشارەكان رادەستنەكرێن، قەزیەكە دەبێتە قەزێیەكى شەخسی و نەتیجەكەیشی دەبێت دەسەڵاتى كوردی باجەكەى بدات ".
دادگاى باڵاى تاوانەكان لە بەغداد فەرمانى گرتنى(258)تاوانبارى فایلی ئەنفالى دەركردووە، كە بەپێی نووسراوى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستانیش بە ژمارە(61،42) فەرمانەكەى لە (25) نیسانى ئەمساڵ گەشتبووە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى كوردستان كە بۆ جێبەجێكردنى ئاراستەى دادگاكان كراوە،ئەو فەرمانەیش گەیشتووەتە فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان".
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان كە نەیویست ناوى خۆی ئاشكرا بكات بە لڤینى وت" ئەو فەرمانە كە لە ئەنجوومەنى دادوەرى هەرێمى كوردستان دەرچووە بۆ دەستگیركردنى جاش و موسشارەكان گەشتووەتە دادگاكان و دەستبەجێ فەرمانى گرتن بۆ ئەو جاش و موستەشارانە دەركراوەو رەوانەى پۆلیسی گەرمیانی كراوە،بەڵام تا ئێستا كاری پێنەكراوە".
ئەنوەر حەمەلاو وتیشی"فەرمانى گرتنى ئەو جاش و موستەشارەمان بردووە بۆ پۆلیسی گەرمیان و رادەستى بەڕێوەبەرەكەمان كردووە،بەڵام تا ئێستا تۆمەتبارێكیان دەستگیرنەكردووە".
ناوبراو ئاماژەى بەوەشدا" دەسەڵاتى پۆلیس لەدەسەڵاتى سەرۆكى هەرێم دەسەڵاتى زیاترە،چونكە پۆلیس ئامادە نییە ئەو تۆمەتبارانە بگرێت،هەر حیزبە سیاسیەكانە ئاگادارى بەڕێوەبەرى پۆلیس دەكەنەوە كە دەست بۆ ئەو ئیشە نەبات و ئەو كەسانە راپێچ نەكات".
ئەو وتی" داوایشدەكەین هیچ سەركردەیەك نە عەرب و كورد داكۆكى لەتاوانبار نەكات،ئەگەر هەر سەركردەیەك لەم وڵاتەى ئێمە داكوكى لە تاوانبار كرد لەو تاوانبارترە".
نەسرین ئەمین،بەجێماوێكى ترى ئەنفالە، ئاماژە بەوە دەدات كوردستان بووەتە پایتەختێكى خۆشگوزەرانی بۆ ئەو جاش و موستەشارانەى دەستیان لە تاوانى ئەنفالدا هەبووە.
ئەو وتى"كەس گوێ لەو بڕیارە ناگرێت كە فەرمانى گرتن بۆ جاش و موستشارەكان دەرچووەو تەنانەت كاریشی پێناكرێت".
تاقانەكەى بەجێماوى كەسووكارى ئەنفالكراوەكان،ئاماژە بەسزاى سوڵتان هاشم و حسێن رەشید تكریتى دەكات كە فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە،وتى" داوە لە سەركردە عەرەب و كوردەكان دەكەم ، كە داكۆكى لەو تاوانبارانە نەكات كە سزاى لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووەو تا ئێستا جێبەجێنەكراوە،ئەگەر بێتوو هەر سەركردەیەك لەم وڵاتەى ئێمە داكوكى لە تاوانباران سوڵتان هاشم و حسێن رەشید تكریتى بكات،لەو تاوانبارترە".
دەربارەى لێپرسینەوە لەجاش و موستەشارەكان،لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە،كە هەندێك لەوانە لەناو حیزبەكان داڵدەدراون،ئەحمەد مەجید بەرپرسی باشورى چاودێری كوردۆساید(چاك) لە لێدوانێكیدا بە لڤینى وت"ئەوەى كە باسدەكرێت زۆربەى تۆمەتبارەكان لە ناوچەى گەرمیان هەڵهاتووە،ئایا بەدوادچوون بۆ ئەو قەزێى چەند دەكرێت،هۆكارى ئەمانە چین كە تۆمەتبارن و هەڵبێن، ئایا دەسەڵاتى سیاسی لە پشتیانەوەیە ئاگاداریان دەكاتەوە كە كارئاسانیان بۆ دەكات،یاخود هەندێك بەرپرس لەناو دەسەڵاتە كار ئاسانى بو ئەو تۆمەتبارانە دەكات كە بچنە دەرەوە هەڵبێن لەناوچەكە،بۆیە ئەوەی كە هاوكارى تۆمەتبارێك بكات و هەڵبێت لە كوردستان و تەسلیم بەدادگا نەبێت، ئەوە كەسێكى شۆڕشگێڕیش بێت وەك ئەو تۆمەتبارە لەسەر كەیسی ئەنفال, دەبێت ویژدانى خۆیان مورتاح بكەن كە ئەو تۆمەتبارانە راپێچی دادگا بكەن،هەروەها هاوكاریكردنیان زۆر تاوانێكى گەورەیە بەرانبەر بەخوێنى ئەنفالكراوەكان و كەسوكاریان".
لەبارەى ئەو كەسانەى لەپشت هەڵهاتنی جاش و موستشارەكانن ناوبراو،وتى"ئەگەر یەكێتى و پارتى لەپشت هەڵهاتنى تۆمەتباران بن، ئەوە دەكەونە بەر نەفرەتى مێژوو،پێویستەدەكات تۆمەتباران كە فەرمانى گرتنیان بۆ دەرچووە بگیرێن ،دەسەڵات كە بەدەست یەكێتى و پارتییەوەیە پێوستە رێگاكانى سنور و فرۆكەخانەكان بەباشی بەپشكنێنێت و تا تۆمەتباران نەتوانن لەو رێگەیەوە هەڵبێن".
بەرپرسەكەى باشورى چاودێری كوردۆساید(چاك)،ئەوەى روونكردووە كە ئەگەر دادگا رێگەى راستى خۆی بگرێتە بەر سبەى تۆمەتبارانیش هەڵبێن بۆ وەڵاتێكى تر دەتوانرێت لە رێگەى پۆلیسی ئەنتەر پول بگیرێن،وتى،بەڵام كار ئاسانى تر باشترە لەوەى كە ئێستا ئەوانە لەبەردەم دادگان بۆ ناگیرین،نزیكەى ساڵێكە ئەو بڕیارە هاتووەتە ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى شەهیدان بۆ كاری پێناكرێت،چاوەڕوان دەبن تا تۆمەتباران بچنە دەرەوە".
ئەحمەد مەجید رەخنە لە حكومەت دەگرێ كە تا ئێستا كەسوكارى ئەنفالكراوەكان نازانن چۆن سكاڵا لە سەر تۆمەتباران تۆماربكەن وتى"كەسوكارى ئەنفالكراوەكان تا ئێستا رێگەیان پێپیشاننەدراوە كە چۆن سكاڵا لەسەر تۆمەتبارەكان تۆماربكەن،هۆكارەكەیشی ئەوەیە حكومەتى هەرێم كار ئاسانى نەكردووە لێرەو لەوێ دەستى بە دەستى پێدەكرێت،پێویستە لەهەموو شارەكانى كوردستان فەرعێكى دادگا هەبێت بۆ ئەوەی كەسووكارى ئەنفالكراوەكان سكاڵا لەسەر جاش و موستەشارەكان تۆمار بكەن".
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە