کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەرمیان بەخوێنى گەریلاكانى قوربانى دەدات

Monday, 15/10/2012, 12:00






چیرۆكى گەریلا كەلاریەكان
گەرمیان بەخوێنى گەریلاكانى قوربانى دەدات




ئا:رایەڵ

بۆ یەكەمجار رایەڵ چیرۆكى ئەو گەریلا كەلاریانە بڵاودەكاتەوە كە لە شاخى قەندیل گیانیان لەپێناوى نیشتیمان دا بەختكرد، كە دوا گەریلایان موسا عەلى ناسراو بە كاروان گابار بوو.
بەپێى بەدواداچوونێكى گۆڤارى رایەڵ نزیكەى دە گەریلاى كەلارى لە شاخى قەندیل و لە پێكداداندا لەگەڵ سوپاى توركیا شەهید بوون، كە (موسا عەلى ، رەجەب حەلاق ، كوڕێكى مام ساڵەح مامۆیى) لەنێو گەریلا شەهیدەكاندان.
تەواوى گەریلا كەلاریەكان لەسەر دەستى سەربازى تورك شەهید كراون، تەنیا رەجەب حەلاق نەبێت كەساڵى 1997 لەلایەن پارتى یەوە لەهەولێر بەدیلگیراوەو لەگەڵ حەفتا گەریلاى هاوڕێیدا لەسەر دەستى ئەو حیزبە شەهید كراون.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"تەرمى حەفتاو دوو گەریلاكە كەلەسەردەستى پارتى كوژراون لەگۆڕێكى بەكۆمەڵدا و لەناو هەولێردا نێژراون كەیەكێكیان رەجەب حەلاقە".
هاوكات حەمید سۆران براى رەجەب حەلاق، باسیلەوەكرد ساڵى 1997 براكەى لەهەولێر گەریلا بووە و ئەوكات ژمارەیەك بارەگایان لەناو هەولێر هەبووە.
ناوبراو وتى"كاتێك شەڕ لەنێوان پەكەكە و پارتیدا دروستبووە نزیكەى حەفتا گەریلا بەدیلگیراون و لەلایەن پارتیەوە رەمیكراون".
حەمید سۆران وتیشى"بیستوومانە تەرمى حەفتا گەریلاكە كە گومان دەكرێت یەكێكیان رەجەبى برام بێت لەگۆڕێكى بەكۆمەڵ دا لەهەولێر نێژراون، بەڵام پارتى ئامادەنییە گۆڕەكانمان نیشان بدات".
لەنێوان ساڵانى 1996 بۆ ساڵى 1999 ئەوكاتەى پارتى كرێكارانى كوردستان بارەگاى لەكەلار و گەرمیان هەبووە، ژمارەیەكى زۆر گەنجى كەلارى روویان لەقەندیل كردووە و لەوێ بوونەتە گەریلا.
ژمارەیەك لەو گەنجە كەلاریانە كە نزیكەى دە كەس دەبن شەهید بوون و ژمارەیەكى تریشیان ریزەكانى پەكەكەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە، هەروەها هەندێكیشان لە ریزەكانى ئەو حیزبەدا بەردەوامن لەكاركردن.
دوا گەریلاى شەهیدى كەلارى موسا عەلى ناسراو بە (كاروان گابار) بوو، كە چەند حەفتەیەك لەمەوبەر لەشەڕێكدا لەناوچەى شەمزینان لەگەڵ حەوت گەریلاى تردا شەهید بوون.
موسا عەلى كە لەساڵى 2009 ئەوكاتە تەمەنى پازدە ساڵ بووە رۆیشتووەتە ناو پەكەكە و لەتەمەنى هەژدە ساڵیدا شەهیدكرا، ناوبراو لەماوەى ئەو سێ ساڵەى لەناو پەكەكە بووە خێزانەكەى نەبینیووە هەرچەندە خێزانەكەى زۆر هەوڵى بینین و هێنانەوەیانداوە.
جەبار عەزیز كە رۆژنامەنوسێكى رانیەیە و ناوبەناو سەردانى چیاى قەندیل دەكات، ئاماژەبەوەدەكات كاتێك رۆیشتووەتە چیاى قەندیل ساڵێك لەمەوبەر موسا عەلى بینیووە.
ئەو رۆژنامەنووسە لەپەیجى تایبەتى خۆى لەتۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك، نوسیوویەتى"كاتێك بۆ كارى رۆژنامەوانى رۆیشتمە قەندیل و لەگەڵ چەكدارەكاندا دانیشتم، موسا هاتە تەنیشتمەوە و گفتووگۆیەكى قوڵمان لەسەر خەباتى چەكدارى پەكەكە كرد كەناوبراو هەرچەندە منداڵ بوو، بەڵام شتى زۆر فێركرابوو".
جەبار دەڵێت"زۆر هەوڵمداوە بزانم ناوە راستیەكەى چى یە، تەنها ئەوەندەى وتووە كەخەڵكى كەلارە و نازناوەكەى كاروان گابارە و لەوە زیاتر هیچى ترى نەدركاندووە".
هەرچەندە سەرەتا كاتێك رۆیشتە ناو پەكەكە عەلى محەمەدى باوكى موسا هەوڵێكى زۆرى دا بۆ هێنانەوەى كوڕەكەى و هەڕەشەى پەنا بردنە بەر دادگاى كرد، بەڵام خۆى ئاماژەبەوەدەكات دواتر نامەكانى موسا هەڵوێستیان گۆڕیووە.
عەلى لەچاوپێكەوتنێكى رۆژنامەوانیدا، باسیلەوەكردووە كوڕەكەى بەقەناعەتى تەواوەوە رێگەى بوون بەگەریلاى هەڵبژارد بۆیە ئەویش سوكنایى بۆ هاتووە و وازى هێناوە.
ناوبراو دەڵێت"تا جەژنى رەمەزان موسا لە چیاى خوا كوڕك بووە و دواتر ئاگایان لێینەماوە تائەو رۆژەى هەواڵى شەهیدبوونیان پێگەیشتووە".





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە