کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتى و یەكێتى پشكیان لەتەزویراتەكاندا هەیە

Sunday, 22/09/2013, 12:00





ئەبوكاروان : پارتى و یەكێتى هەڕەشەیان لێكردوین

دیدارى : كاوە گەرمیانى

ئەبوكاروان ئەندامى مەكتەبى سیاسى حیزبی شیوعی كوردستان و سەرۆكى لیستى ئازادى لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤارى رایەڵ، ئاماژەبەوەدەكات لەلایەن پارتى و یەكێتیەوە هەڕەشەیان لێكراوە، جەخت لەسەرئەوەشدەكاتەوە نەبوونەتە پاشكۆى دەسەڵات.
رایەڵ: ئەندامێكى مەكتەبی سیاسى حیزبەكەتان دەڵێت یەكێتى و پارتى پەراوێزیان خستووین، ئەمە تاچەند راستە؟
ئەبو كاروان: یەكێتى و پارتى لە ساڵى (1992)وە و لەئەنجامى ئەو هەڵبژاردنەى كەخۆشیان ناویان لێنا هەڵبژاردنێكى ناشەرعى هەروەها دەیان بروسكەى مام جەلال و كاك مەسعود و حیزبەكانى تریش هەیە كەئەو هەڵبژاردنە بەهەڵبژاردنێكى ناشەرعى لەقەڵەم دەدەن ، بەتایبەت لەو هەڵبژاردنەدا تەزویرێكى لە ڕادەبەدەر كراو دواتر بڕیاریان دا دواى شەش مانگ هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام نەكرا ، لەوكاتەوە ئەوان دەسەڵاتیان قۆرخكردووە و هەموو لایەنەكانیان فەرامۆشكردوە. پارتى و یەكێتى دەسەڵاتەكانیان لەسەرەوە تادەگاتە كارگوزارێك دابەشكردوە نەك حیزبى شیوعیان پشتگوێ خستووە بەڵكو زۆرجار لەسەر پشك دابەشكردن لەنێوخۆشیاندا دەبێتە كێشەیان. بۆ نموونە شەهیدانى شیوعى ناسراون و كەس ناتوانێت پاڵەوانێتى و رۆحى بەرگرى كارانەى شەهیدەكانمان پشتگوێ بخات ، بەڵام تاكو ئێستا موچەى شیاویان نەداوەتە كەسو كارەكەیان سەربارى ئەوەى لەسەر ئەم ناهەقیە چەندین جار گفتووگۆمان لەگەڵ بەرپرسانى حكومەتدا كردووە.
رایەڵ: باسلەوەدەكرێت یەكێتى و پارتى ئامادەكاریان بۆ ئەنجامدانێكى ساختەكارى كردووە، ئێوە تاچەند ئاگادارى ئەو مەسەلەیەن؟
ئەبوكاروان: من ناتوانم حوكم لەسەر ئەوە بدەم تەزویر دەكرێت یان ناكرێت ، بەڵام سابیقەى ئەم دوو لایەنە ئەوەمان پێدەڵێت هەردوولا پشكیان لەتەزویراتەكاندا هەیە.
رایەڵ : دەوترێت لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پاریزگاكانى دیالەدا كاندیدەى شیوعى دەرچوو، بەڵام پارتى كورسیەكەى ئێوەى كڕیووە، ئەمە تاچەند وایە؟
ئەبوكاروان : ئێمە قسەمان لەسەركۆى پرۆسەكە كردووە و تێبینیشمان هەبووە، بەڵام بەڵگەیەكى ئەساسیمان دەستنەكەوتووە.
رایەڵ: لە هەڵبژاردنى رابردوودا بە حەوت حیزبی چەپەوە ئینجا توانیتان یەك كورسى بەدەست بهێنن ، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشبینى چى دەكەن؟
ئەبوكاروان: ئەتوانم هەموو لایەك دڵنیابكەمەوە لەهەڵبژاردنى داهاتوودا دەنگى ئێمە زیاتر دەبێت لە كورسیەك.
رایەڵ: حیزبى شیوعى لە ساڵى 1992 ەوە لەبرى زیادبوونى رێژەى دەنگەكانى كەچى ساڵ لەدواى ساڵ رێژەى دەنگەكانى كەم دەكات، ئەمە بۆ؟
ئەبو كاروان: زۆرجار ئەم قسانە دەكرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دیكۆمێنت ، لە هەڵبژاردنى 1992 دواى پارتى و یەكێتى و سۆسیالیست و ئیسلامیەكان ئێمە حیزبى پێنجەم بووین، ئێستاش ئەگەر بەراوردى دەنگەكان بكەین لەو ماوەیەدا تەقریبەن هەر لەجێگاى خۆیەتى. قسەش لەسەر هەڵبژاردنى 25/7 دەكرێت كە ئێمە حەوت حیزب بووین خۆ ئێمە لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى عیراق لەساڵى 2010 بەتەنهاش دابەزین دەنگى زیاترمان هێنا.
رایەڵ: هۆى چیە حیزبى شیوعى بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەلیستى جیا دادەبەزێت و هاوپەیمانێتى لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكرد؟
ئەبوكاروان: ئەمە قەناعەتى تەواوى ئێمەیە و پێمانباشبوو بەجیا بەشدارى هەڵبژاردن بكەین، لە هەڵبژاردنى 25/7 لەگەڵ چەند حیزبێكى تر پێكەوە بووین و یەك لیستیمان لەگەڵ حیزبەكانى تردا تاقیكردووەتەوە ، كاتێكیش بەجیا بەشدارى هەڵبژاردن دەكەین پێشوەخت داوامانكرد هەڵبژاردن لەلیستى داخراوەوە بگۆردرێت بۆ نیمچە كراوە و بۆ ئەم مەبەستەش خۆپیشاندانمان كرد، هەروەها پرۆژە یاسایەكیشمان پێشكەشكرد و دەنگ لەسەر پرۆژەكە درا، پێمانوابوو لیستى نیمچەكراوە خزمەتى پرۆسەى دیموكراسى دەكات و تێیدا دەنگدەر نوێنەرى خۆى هەڵدەبژێرێت ، هەروەها ئێمەش دەتوانین دەنگى زیاتر بهێنین بەو پێ یەى خاوەنى كۆمەڵێك كەسایەتى باشین ، ئەمانە وایكرد تواناى ئەوەمان هەبێت بەجیا بەشدارى هەڵبژاردن بكەین.
رایەڵ: حیزبی شیوعی كوردستان بۆ خۆی یەكلایى ناكاتەوە بەوەى لەبەرەى ئۆپۆزسیۆن دایە یاخود دەسەڵات؟
ئەبوكاروان: ئێمە دەسەڵات نین و بەشدارین لە حكومەتدا ، ئێمە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەو گۆشە نیگایەوە سەیر ناكەین دەسەڵات لەبەر ئەوەى دەسەڵاتە هەرچى دەكات ڕەشە و خەڵكانێكى تر هەرچى دەكەن باشە ، یان ئۆپۆزسیۆن هەرچى بڵێت زۆرجوان و باشە ، ئێمە لەگەڵ ناوەڕۆكى بەرنامەدا مامەڵە دەكەین ناوەڕۆكەكە لەبەرژەوەندى میللەتەكەمان بێت و نزیك بێت لەبیرو بۆچون و ئەفكارى ئێمەوە پشتگیرى دەكەین و بەهەمانشێوەش مامەڵەمان لەگەڵ حكومەت كردووە.ئێمە راستە بەشدارین لەحكومەتدا ، بەڵام بەرگریمان لەكەم و كوریەكانى حكومەت نەكردووە و بەردەوام ڕەخنەمان هەبووە ، كاتێك ئێمە رەخنەمان دەگرت لەحكومەت و دەسەڵات كەس ڕخنەى نەدەگرت ، ئێمە دەیان جار لە هەولێرەوە هەڕەشەمان لێدەكرا و بەهەمانشێوە لەسلێمانیشەوە هەرەشەمان لێكراوە، چونكە خاوەنى سیاسەتى خۆمان بووین و هەرچیمان بەباش زانیبێت قەناعەتمان پێكردووە.
رایەڵ: باست لە هەڕەشەلێكردن كرد، چى لایەنێك هەڕەشەى لێكردن؟
ئەبو كاروان: لەلایەن یەكێتى و پارتیەوە لەسەردەمى دوو ئیدارەییدا بەرپرسانى هەولێر و سلێمانى هەڕەشەیان لێكردوین.
رایەڵ: زۆر جار رەخنە لەگوتارى سیاسى حیزبى شیوعى دەگیرێت بەوەى خاوەنى گوتارێكى ناروونن ؟
ئەبو كاروان: ئێمە لەوتارى سیاسیماندا زۆر ڕوونین و بۆ حكومەت و دەسەڵات لەگەڵ سیستەمێكى پەرلەمانى دیموكراتى مەدەنینداین، پەرلەمانى واتە سەرۆك پێویستە لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، مەدەنى بەواتاى جیاكردنەوەى دین لە دەوڵەت ، دەربارەى حكومەتیش دەڵێین پێویستە ئەو حكومەتە حكومەتى هەمووان بێت و حكومەتێكى داد پەروەر بێت و كار بۆ نەهێشتنى گەندەڵى بكات ، ئێمە شتەكانمان زۆر ڕوون و ئاشكرایە و هەموو شتێكمان ڕوونكردووەتەوە.
رایەڵ: بەرنامەى داهاتووتان چیە؟ بەتایبەت دەوترێت بزووتنەوە و هێزە چەپەكانى كوردستان بەرەو پووكانەوە دەڕۆن؟
ئەبو كاروان : پێمانوایە چەپ لەكوردستاندا ڕۆڵى كاریگەرى هەیە و ئەگەر وەك ئەحزاب بڵێین ژمارەى حزبە چەپەكان زۆرە ، تەنانەت لەنێو حیزبەكانى تریشدا خەڵكى چەپ هەیە و ئێمە قەناعەتمان وایە چەپ بەهێزتر دەبێت، بەڵام یەكگرتوویى لەنێوانماندا نییە، نەمانتوانیووە بەرەیەك یان جۆرێك لەلیژنەى تەنفیزى دروست بكەین لەنێوان لایەنە چەپەكاندا، ئەگەر سەیر بكەین بەش بەش و پەر تەوازە بوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەپ پێشكەوتووە و كاریگەریشى هەیە.
رایەڵ: لەدواى بەستنى كۆنگرەى پێنجەوە حیزبى شیوعى كوردستان چى گۆڕانكارییەكى لەشێوازى ئیشكردندا كردووە؟
ئەبو كاروان: كۆنگرە لەڕووى سیاسى و نیزامى داخلى و لەڕووى بەرنامەى حیزبیەوە هەروەها لەڕووى ئالیەتى كاركردنەوە بڕیارى دەركردووە و ئێمە كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكەین.
رایەڵ: حیزبى شیوعى تۆمەتبار دەكرێت بەوەى بووەتە پاشكۆى دەسەڵات؟
ئەبوكاروان : ئێمە ئەوە رەتدەكەینەوە و بەهیچ شێوەیەك پاشكۆى دەسەڵات نەبووین و نابین ، پاشكۆیەتى هیچ حیزب و لایەنێك ناكەین ، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد زۆرجار هێرشدەكرایە سەرمان لەلایەن دەسەڵاتەوە و ئەوەش سەلماندى ئێمە سیاسەتى سەربەخۆمان هەبووە.
ر ایەڵ: حیزبى شیوعى مانگانە چەندێك پارە لەهەرێم وەردەگرێت؟
ئەبو كاروان : ئێمە بە فەرمى رامانگەیاندووە400 ملیۆن دینار وەردەگرین.
رایەڵ: بەو پێیەى ئەندامى سەركرایەتى حزبی شیوعی عێراقیت و دەوترێت نەسریەى مانگانەى ئەم حیزبە 75 ملیۆن دینارە، ئاگادارى چۆنیەتى خەرجى ئەم پارەیت؟
ئەبو كاروان : حیزبی شیوعی عێراق حیزبێكى شۆڕشگێڕە و خاوەن داستانەكانى هەندرێن و زۆزگ و دەیان داستانى ترە ، لەدژى بەعس خەباتى كردووە و رەنگە تاكە حیزب بێت لە زاخۆوە تا كفری تێكۆشانى كردبێت، شیوعى یەكانى عێراق بە عەرەب و كورد و توركمانەوە تێكۆشانیان كردووە شەهیدیان داوە ، بۆیە مافی خۆیەتى بەپێى یاسا لەلایەن هەرێمەوە هاوكارى بكرێت.
رایەڵ : پێشتر ژمارەیەك كادری حزبی شیوعی لەگەرمیان دەستى لەكاركێشایەوە، هەوڵتان نەداوە بۆ گێرانەوەى ئەو كادیرانە؟
ئەبو كاروان: پێمانناخۆشە كەس لای ئێمە وازبهێنێت ، بەڵام سروشتى حیزبایەتى وایە چۆن خەڵك بەئارەزووى خۆى دێت ئاواش خەڵك بەئارەزووى خۆى دەڕوات ، بەڵام ئێمە ئەوان بە دۆستى خۆمان دەزانین و بەشێكى زۆریان گەڕاونەتەوە و لەناو حیزبدا كاردەكەن و دەنگیش بە حیزب دەدەن ، ئێمە بەردەوام دەبین لەخزمەت كردنى هاورێیان.
رایەڵ: ئێوە پێشتر لەگەڵ چەند لایەنێكى تر بریارتاندا ببنە ئۆپۆزسیۆن بۆچى دواتر بەشدارى حكومەتتان كرد؟
ئەبو كاروان : ئەساسی ئۆپۆزسیۆن ئێمە داماننا ، ئێمە لەگەڵ سۆسیالست و زەحمەتكێشان و دواتریش یەكگرتوو و كۆمەڵ ئەم پێنج لایەنە ئەساسێكمان دانا بۆ ئەوەى بەرەى سێیەم دروست ببێت و فشار بخەینە سەردەسەڵات و دواتر قسەمان لەگەڵ پارتى و یەكێتى كرد ، هەر پێنج حیزبەكە گەیشتینە ئەوەى كاربكەین بۆ هەموو لایەك ، ئەوەبوو ئەنجومەنى باڵاى پارتە سیاسیەكانمان دانا و لەكۆبوونەوەى ئەو ئەنجومەنەدا كێشەكان باسدەكران.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە