دانانى پەیكەر بۆ حەمەپاشا وەكو دانانى پەیكەرە بۆ مستەشارەكان
Wednesday, 09/01/2013, 12:00
راپۆرتێكى رایەڵ پاشا كوژەكان بەدەنگ دێنێت
ئەندامێكى عەشیرەتى كەرەمۆیسى: دانانى پەیكەر بۆ حەمەپاشا وەكو دانانى پەیكەرە بۆ مستەشارەكان، چونكە عەشیرەتەكەمانى كۆمەڵكوژ كردووە
ئا:رایەڵ
دانانى پەیكەرى حەمە پاشاى جاف لەسەر قەڵاى شێروانە تیرەى كەرەمۆیسیەكانى جاف توڕە دەكات، كە كاتى خۆى (عەزیزى شاوەیس) سەرۆك عەشیرەتى كەرەمۆیسى لەلایەن حەمەپاشاوە بەكوشت دراوەو لەبەرانبەریشدا كەرەمۆیسیەكان حەمەپاشایان كوشتووە.
دواى كوژرانى حەمەپاشا لەلایەن كەرەمۆیسیەكانەوە، بەگ زادەكان داواى پاڵپشتیان لە دەوڵەتى عوسمانى كردووەو هێزێكى زۆریان بردووەتە سەر كەرەمۆیسیەكان و خەڵكێكى زۆریان لێكوشتوون بۆیە ئەوانیش هەڵهاتوون بۆ ئێران.
ئەندامێكى عەشیرەتى كەرەمۆیسیەكان بەناوى (پێشەوا محەمەد) وتارێكى تایبەتى بۆ رایەڵ نوسیووەو تێیدا باس لەوەدەكات دانانى پەیكەر بۆ حەمەپاشاى جاف وەكو ئەوە وایە پەیكەر بۆ جاش و مستەشارەكان دابنرێت، چونكە لەسەر حەمە پاشا عوسمانیەكان كوردیان جینۆسایدو كۆمەڵكوژ كردووە.
دەقى وتارەكە:
كۆمەڵێك ڕاستى ون لە مێژووى جافدا
پێش هەموو شتێك دەمەوێت ئەوە بڵێم تا سەر ئێسقان دژى زیندوو كردنەوەى عەقڵیەتى خێڵَم و پێموایە ئەو كلتورە جگە لە پەرتكردنى كۆمەڵگە هیچ سودێكى ترى نیە، بەتایبەت من ئەندامێكى عەشیرەتى كەرەمۆیسیم ئەو عەشیرەتەى بەهۆى كوژرانى حەمەپاشاى جافەوە كە مانگى ڕابردوو پەردە لەسەر پەیكەرەكەى لابرا لەسەر قەڵاى شێروانە قڕ كرا.
هەڵبەت عەشیرەتەكەمان (كەرەمۆیسى) بەپاشا كوژە ناسراوە، چونكە ئەوكات لەتۆڵەى كوژرانى (عەزیزى شاوەیس) كە سەرۆك عەشیرەتمان بوو بە دەسایسى حەمەپاشاى جاف، عەشیرەتەكەمان هەستا بەكوشتنى حەمەپاشاى جاف و بەو هۆیەوە باوباپیرانمان كەوتە بەر هێرشى عوسمانیەكان ، چونكە حەمەپاشا پیاوى عوسمانیەكان بوو قر كراین و ژمارەیەكى زۆر لەئەندامانى عەشیرەتەكەمان كوژرا، هەروەها ئەوانەشى بەزیندوێتى مانەوە ئاوارەى ئێران بوون.
سەرەتا لەسەر دانانى پێشگرى پاشا بۆ محەمەد بەگ (حەمەپاشا) دەمەوێت روونكردنەوەیەكى كورت بخەمەروو، پاشا دەبێت پاشاى مەملەكەت و وڵاتێك بێت كە جاف لەوسەردەمەدا خەریكى دەوار نیشینى و گەرمیان و كوێستان بوون، بۆیە جاف لەجێگەیەك جێگیر نەبوون تا محەمەد بەگ (حەمە پاشا) كاروباریان بەڕێوە ببات و بەواقیعى پاشا بێت بەڵكو پاشگرى پاشا بۆ ناوى محەمەد بەگ تەنها ئەوەبووە كەئەم پیاوە ئینتیماى بۆ دەوڵەتى عوسمانى بووە، واتە بەگبووە لەچوارچێوەى خێڵدا نەك پاشاى راستەقینە بووبێت.
ئینجا ڕووداوى كوژرانى حەمە پاشا نەتوانراوە وەكو خۆى باسبكرێت هەرچەندە لەلایەن حاجى ئیبراهیمى شاتریەوە روونكردنەوەى لەسەر دراوە و هەندێك جاریش كەسایەتیەكانى بەگزادەكان دانیان بەراستیەكاندا ناوە ، بەڵام حەقیقەتى ڕووداوەكە هێشتا بەناڕوونى ماوەتەوە، بۆیە لێرەوە وەكو ئەندامێكى عەشیرەتى قڕكراوى كەرەمۆیسى دەمەوێت رووداوەكەتان وەكو خۆى بۆ بگێڕمەوە.
لەساڵى (1857-1858ز) عومەر پاشا والى سوڵتانى عوسمانى بووە ، ئەم پاشایە بڕیار دەدات جاف واز لە گەرمیان و كوێستان بهێنێت و جێگیرببن لەناوچەیەكدا كە ئەوكات كوردستان لە سنورى دەسەڵاتى عوسمانیدا بووە،دیارە بڕیارەكەى عومەر پاشا بۆ نیشتەجێكردنى جاف لەدڵسۆزیدا نەبووە بۆ خەڵكى ڕەش و ڕووتى جاف بەڵكو بۆ ئەوەبووە ساڵانە باج وخەراج بدەن بەدەوڵەت.
محەمەد بەگ(حەمەپاشا) بەم كارەى دەوڵەتى عوسمانى بۆ نیشتەجێكردنى جاف لەناوچەیەك و وەرگرتنى باج و خەرج ناڕازى دەبێت، وەكو كەریم بەگ لە كتێبى تەئریخى جافدا لە لاپەڕە 170دا دانى پێدا دەنێت ، دەڵێت محەمەد بەگ (حەمەپاشا) بەعومەر پاشاى والى بەغدا دەڵێت، من و بنەماڵەكەم بژێوى ژیانمان لەسەر ئەوباجانەیە كەلەجافى وەردەگرین ، ئەگەر نیشتەجێ بن ئیتر ئێمە بەچى ئیدارە بكەین، واتە محەمەد بەگ (حەمەپاشا) عومەر پاشا لەسەر باجى خەڵكى ڕەشوڕوتى جاف دەبێتە ناكۆكیان .
دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێین نابێت جاف شانازى بەحەمە پاشاوە بكات، چونكە حەمە پاشا بار بووە بەسەر خەڵكى رەش و رووتى جافەوە و بەزۆر باج و خەراجى لێسەندوون.
دواتر محەمەد بەگ (حەمە پاشا) بەهۆى دروستبوونى ناكۆكى لەگەڵ عومەر پاشاى عوسمانى لەسەر باج و خەراجى خەڵكى رەش و رووتى جاف كۆچ دەكات بۆ كوردستانى ئێران، محەمەد بەگ (حەمەپاشا) وایزانیووە گەر ئەو بروات بۆ ئێران خەڵكى جاف بەدوایدا كۆچ دەكەن و دەرۆن بەڵام كەس شوێنى نەكەوتووە.
پاش كۆچكردنى محەمەد بەگ (حەمەپاشا) بۆ ئێران ، كەسایەتیە دیارەكانى ئەوكاتەى جاف لە دەورى عەزیزى شاوەیس كۆدەبنەوە (عەزیزى شاوەیس ڕیش سپى كەرەم وەیسى و شاتریەكان بووە و كەسێكى دیارى ناو خێڵاتى جاف بوە). كەسایەتیەكان جاف عەزیزى شاوەیس دەنێرنە لاى والى سوڵتانى عوسمانى و پێڕادەگەیەنن وەكو جاف شوێنى حەمە پاشا ناكەون، بەڵكو دەیانەوێت لەناوچەیەكدا نیشتەجێ بن بەو مەرجەى ئەو شوێنانە لەسەر خێڵەكانى جاف تاپۆ بكرێن ، بەم كارەش عەزیزى شاوەیس لەیەك كاتدا توانى چەند نیشانێك بپێكێت : یەكەم گێچەڵى عوسمانى لەسەر جاف لابرد، دووەم: هەرخێڵێك لەجاف توانى ببێتە خاوەن ماڵ و موڵكى خۆى، سێیەم : جاف بەم هەنگاوە توانى دەربازى بێت لەزۆرێك لەو باج وخەراجانەى بەگزادە و محمد بەگ (حەمەپاشا) كە بوو بوونە بار بەسەر خەڵكى رەش و رووتى جافەوە.
بەم رێكەوتنەى لەگەڵ سوڵتانى عوسمانى عەزیزى شاوەیس ئاوى كردە ژێر محەمەد بەگ (حەمە پاشا) و لەساڵى (1857ز تا ساڵى 1881ز) كاروبارى جافى گرتە دەست ، لەو ماوەیەدا كە عەزیزى شاوەیس كاروبارى جافى گرتە دەست خەڵكى رەش و روون لە كۆچ و بارى زۆرە ملێ ڕزگارى بوو لەناوچەیەكى دیاریكراودا نیشتەجێ بوون.
محەمەد بەگ (حەمەپاشا) كاتێك لەئێرانەوە هەواڵى رێككەوتنى عەزیزى شاوەیسى لەگەڵ دەوڵەتى عوسمانى و پشتگیریكردنى تیرەكانى جافى پێگەیشتووە، مەحمود بەگى كوڕى لەساڵى (1880ز) ناردووەتە لاى عەبدولرەحمان پاشاى والى عوسمانى لەبەغداد ، بەڵێن بە بەرپرسانى عوسمانى دەدات ئەگەر ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە كوردستانى عێراق و بەپیاوى خۆیانى قەبوڵ بكەن، ئەوان دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵى عوسمانى دەبن و پشت دەكەنە سەفەویەكان، كەئەوكات سەفەوى و عوسمانى لەململانێدابوون، بەمەش عوسمانیەكان ڕازى دەبن و محەمەد بەگ(حەمەپاشا) دێتەوە بۆ كوردستانى عێراق و دەبێتە پیاوى دەوڵەتى عوسمانى ، ئەوانیش وەكو پیاوێكى موخلیسى خۆیان دەیكەن بە قائیمقامى هەڵەبجە.
دواتر حەمە پاشا كاتێك دەبێتە قایمقامى هەڵەبجە بەدواى تۆڵە سەندنەوەدا دەگەڕێت لەعەزیزى شاوەیسى سەرۆك عەشیرەتى كەرەمۆیسى ، بۆیە حەمەپاشا عەزیز تۆمەتبار دەكات بەوەى لەگەڵ جافەكان ڕێگە بەكاروبارى ڕەسمى حوكومى لەهەڵەبجە نادەن ، وەك كەریم بەگ دەڵێت (محمد بەگ (حەمەپاشا) عەزیزى شاوەیس دەگرێت و دەیخاتە زیندان) .هەرلەوبارەیەوە حاجى برایمى شاتریش دەڵێت (محەمەد بەگ دەستى لەگەڵ فەرماندەیەكى سوپاى عوسمانیدا تێكەڵكردووەو بەوهۆیەوە عەزیزى شاوەیس بەدیل دەگرێت ئەم ڕووداوەش لە ساڵى 1881ز).
دواى مانەوەى بۆ ماوەیەك كە هەندێك ماوەى مانەوەى لەزیندان بە سێ مانگ و هەندێكیش بەهەشت مانگ، عەزیزى شاوەیس لەزینداندا بە فیتى حەمەپاشا ژەهر خوارد دەكرێت و دەمرێت، دواتر بەگزادەكان تێدەگەن كوشتن هەر كوشتنە بۆیە هەوڵى هێور كردنەوەى بارودۆخەكە دەدەن و دەڵێن (عەزیزى شاوەیس) بەنەخۆشى مردووە.
پاش كوژرانى عەزیزى شاوەیس سەرۆك عەشیرەتى كەرەمۆیسى بە ژەهر ، جافەكان زۆر خەفەتبار دەبن و هەڵوێست وەردەگرن بەرامبەر محەمەد بەگ (حەمەپاشا) ، بەكەرەموەیسیەكان دەڵێن(عەزیز تەنها باوك و براگەورەى ئێوە نەبووە بەڵكو باوك و براگەورەى ئێمەش بووە ، بۆیە جاف پەیمان دەدەن و سوێند بۆیەكتر دەخۆن كەتۆڵەى عەزیز دەكەنەوە لە محەمەد بەگ (حەمەپاشا)، بەڵام دواتر خێڵەكانى جاف ناچنەسەر پەیمانى خۆیان و لەترسى بەگزادەو عوسمانیەكان پاشگەز دەبنەوە لە تۆڵەسەندنەوە ، بەڵام بەشێك لەعەشیرەتى جاف سوور دەبن لەسەر تۆڵەكردنەوە كەبریتى دەبن: (فارسى كوڕى عەزیز شاوەیس ، محمدى شاوەیس ، یاروەیسى شاوەیس ، زۆرابى شاوەیس و شاتریەكان بەتایبەت كەرەم وەیسى و میروەیسیەكان) ، بۆیە دەچنە سەر محەمەد بەگ لە چیمەنى برایم سەمین كەموڵكى كەرەم وەیسیەكان دەبێت و لەوێ تۆڵەى خۆیان دەسێننەوە و محەمەد بەگ دەكوژن .
دواى كوژرانى حەمەپاشا وەكو كەریم بەگ لە كتێبەكەیدا دان بە هەندێك راستیدا دەنێت و دەڵێت(بەگزادەكان پەنایان بردووەتە بەر فەرماندارى كەركوكى سوپاى عوسمانى و نزیكەى هەزار سەربازیان بۆ دەنێرێت تا تۆڵە لە كەرەمۆیسیەكان بكەنەوە، چونكە حەمەپاشا پیاوى خۆیان بووە، بۆیە لەنزیك رووبارى سیروان هێزى عوسمانیەكان هەڵدەكوتنە سەر كەرەمۆیسیەكان).
لەو هێرشەدا وەك خوسرەو بەگ دەڵێت ( كەرەمۆیسیەكان زۆریان لێدەكوژرێت و تەنانەت كۆمەڵكوژیەكە بەجۆرێك بووە نەیان هێشتووە منداڵیشیان دەربازى بێت)، واتە ئەو كارەى عوسمانیەكان لەدژى عەشیرەتە كوردەكە و بە فیتى بەگەكان جینۆساید و كۆمەڵكوژى بووە بە هەموو مانایەك.
دواى كوشت و بڕكردنیان كەرەم وەیسیەكان بەناچارى كوردستان جێدەهێڵن و ڕادەماڵرێن بەرەو ئێران ، ئەم كوشت و بڕكردنەى كەرەمۆیسیەكان تەنها هۆكارەكەى ئەوەبووە كە لەبەرانبەر كوشتنى عەزیزى شاوەیس دا تۆڵەیان لەحەمەپاشا كردووەتەوە و مافى خۆیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى حەمە پاشا پیاوى عوسمانیەكان بووە ئەو دەردەیان بەسەر هێنرا.
ئینجا بۆ مەسەلەى پەیوەندیداربوونى حەمە پاشا بەقەڵاى شێروانەوە هیچ بەڵگەیەك نیە ئەمە بسەلمینێت ، بەڵكو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن قەڵاكە لەلایەن عوسمانیەكانەوە بۆ حەمەپاشا نۆژەنكراوەتەوە تا وەكو ڕەبیە بۆ كورد كوژى لەدژى هەمەوەند و كەرەمۆیسیەكان سودى لێببینیت.
هەروەها وەكو كەریم بەگ لە كتێبەكەیدا باسیدەكات سەفەویەكانیش لەدژى ئەوكارەى عوسمانیەكان و لەبەرانبەر قەڵاى شێروانەدا، لەقەسرى شیرین قەڵایەكیان بۆ خوامێر هەمەوەند و كەرەمۆیسیەكان دروستكردووە ، ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە قەڵاكە زۆر لەوە كۆنترە بەگزادەكان باسیدەكەن.
لەكۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو قەڵایە بەرەنج و ئارەقەى هەژاران و باج و قوتى خەڵكى برسى دروستكراوە و تەنها محەمەد بەگ (حەمەپاشا) كەرەمى كردووە و لەسەر سنگى ئەو قەڵا دێرینە دانیشتووە ، بۆیە با بەس بێت زەوتكردنى ئەو قەڵایە كە موڵكى خەڵكى هەژارە، جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەوەى حەمە پاشا پیاوێكى نۆكەرى دەوڵەتى عوسمانى و كورد كوژ بووە و دانانى پەیكەر بۆى لەسەر قەڵاى شێروانە وەكو ئەوە وایە پەیكەر بۆ ئەو جاش و موستەشارانە دروست بكرێت كە كوردیان ئەنفال كردووە.
هەروەها دەبێت مەلا بەختیار و ئەو كەسانەش كە دەستیان هەبووە لەدانانى پەیكەرەكەى حەمەپاشاى جاف دا داواى لێبوردن لەكورد بكەن، چونكە پەیكەریان بۆ كەسێك داناوە كە لەسەر ئەو كەسە عەشیرەتى كەرەمۆیسى و كورد لەسەر دەستى دەوڵەتى عوسمانى جینۆساید و كۆمەڵكوژ كراون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست