لەگەرمیان ماوەى "10" ساڵە حكومەت بەڕێوەبەرێكى پێی لانابرێت
Thursday, 05/05/2011, 12:00
بە پێی راپۆرتێكى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارایی كە وێنەیەكى دەست لڤین كەوتووە، لەماوەى "10"ساڵدا حكومەت نەیتوانیەوە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى ئاوەدانكردنى گەرمیان لاببات كە ئەوكات (بەڕێوەبەرایەتى ئەشغاڵ و ئاوەدانكردنەوەى كەركوك)بووە،كە كۆمەڵێك كەموو كوڕی و سەرپێچی یاسایی و گەندەڵی دەستنیشانكراوە كە لەناو بەڕێوەبەرایەتى ئەشغاڵ و ئاوەدانكردنەوەى كەركوك هەیە،لە راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری داراییدا داواى دوورخستنەوەى بەڕێوەبەرى ئەو فەرمانگەیە دەكات.
بە پێی راپۆرتێكى چاودێریی دارایی ژمارە (27) لەرۆژى (25/2/2001) بە ئیمزاى (بایز سعید محمد) سەرۆكى دیوان،كە ئاراستەى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران كراوە،،ئاماژە بەوكراوە كە بەڕێوەبەرەكە تواناى بەڕێوەبەردنى ئیش و كارى بەڕێوەبەرایەتیەكەى نییە،بەهۆی دەوام نەكردنى بەشێوەیەكى ڕێكوپێك و هەروەها لەبەر ئەوەى پسپۆریەكەى میكانیكیە و ناكرێت لێپرسراوێتى سەرپەرشتى كارى مەدەنى بخرێتە ئەستۆ.
لە راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایدا هاتووە"هەموو مانگێك بڕێكى زۆر خەرجى دەكرێت بەمەبەستى ڕۆژانەى كارمەندان كە ژمارەیەكى زۆریان ئەم رۆژانەیە نایانگرێتەوە بەهۆی ئەوەى ناچنە سەر پرۆژەكان،وە بە پێی خشتەیەكى مانگانە رۆژانە فعلی كاركردنى كارمەندان دیارى نەكراوە كە بۆ نمونە/بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو مانگانە بڕی 1500 تا 1800 دینارى بۆ خەرج دەكرێت بە بێ ئەوەى كە ئەو هەموو ڕۆژانە بچێتە سەر پرۆژەكان،نمونەشمان بۆی لەكاتى كاركردنى دەستەكەماندا تەنها چەند ڕۆژێك كاتژمێر ...،11 سەردانى بەڕێوەبەرایەتى كردووە هەروەها شۆفێرەكەشی بەناوى (محمود احمد اسماعیل) مانگانە بڕی (900) دینارى بۆ خەرج دەكرێت،كە ئەو بڕە پارەیە وا ئەگەیەنێ كە ناوبراو وەك بەڕێوەبەر هیچ ڕۆژێك لەناو مەركەزى بەڕێوەبەرایەتى دەوامى نەكردووە،چونكە ئەو بڕە ماناى وایە مانگانە لە (25) ڕۆژ زیاتر ڕوژانەى دراوەتێ،ئەو بڕە پارانە كە ئاماژەى پێیدراوە كە پارەى سویسری ئەوكات بووە".
لەبەشێكى دیكەى راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری داراییدا ئاماژەبەوەكراوە كە بڕی (78222) دینار خەرج بووە بۆ بەكرێ گرتنى ئۆتۆمبیل بە مەستى هێنانى مەواد بۆ كارگە،بەڵام ئەو كرێ گرتنانە بەشێوەى كەمكردنەوەى نهێنى ئەنجام نەدراوە و بە ئارەزووى خۆیان گەڵابەیان بە كرێ گرتووە و هەستاون بەدیارى كردنى بڕی (7) حەفتا دینار بەرامبەر كاركردنى (1) كاتژمێر".
هاوكات لە درێژەى راپۆرتەكەى دیوانى چاودێری دارایدا هاتووە"لەكاتى سەردانماندا بۆ شوێنى كار بە ئامادە بوونى ژمێریارى بەڕێوەبەرایەتى ئەشغال و ئاوەدانكردنەوەى كەركوك تێبینى كرا كەوا بڕی فرۆشراو لەلایەن كرێكارەكانەوە وەردەگیرێت بەبێ بڕینى پسوڵەى پارە وەرگرتن بەهۆی ئامادە نەبوونى هەردوو ناوبراوى خاڵى (4) كە ئەمەش لادانە و نیشانەیە بۆ ئەوەى ئیدارەى كارگەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەوە وەك پێویست چاودێری كارەكانى نەكراوە.
لە راپۆرتەكەدا تیبَینى كراوە كەوا مانگانە بە پێی ئەو نوسراوانەى كە ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو كراوەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى دیوانى وەزارەتەوە پاداشت خەرج كراوە بۆ كارمەندانى دیوانى وەزارەت كە لە سەروو كارمەندەكانەوە بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوبراو ناوى هاتووە ئەو كارەش لەوەفری فعلی پرۆژەكان كەم دەكاتەوە،كە ئاماژەیش بەوەكراوە دەبێت ئەو پارانە خەرج نەكرێت لەبەر ئەوەى كە نایان گرێتەوە.
لە هەڵسەنگاندنى راپۆرتەكەدا هاتووە"كۆكردنەوەى بڕی فرۆشراوى چەو و لمى كارگەى غەسالە وە ئەنجامدانى خەرج لە بڕی كۆكراوە لەلایەن تەنها دوو فەرمانبەرى ناوبراوەوە بەكارێكى خراپی هەڵدەسەنگێنین،لەگەڵ بوونى كادرى ژمێریارى كە بەنوسراوى ژمارە (1081) لەكاتى ئەنجامدانى كارى چاودێری دەستەكەماندا داواى گواستنەوەى كراوە بەهۆی پێویست نەبوونى كادری ژمیریارى لەگەڵ ئەوەى كە بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو پێویستى یەكى زۆرى هەیە بە كادرى ژمێریارى.
هەروەها لە راپۆرتەكەدا باس لە بوونى خەرجییەكى زۆر كراوە لە كارگەى چەو و لمى میدان كە هیچ كام پسوڵە خەرجیەكانى ووردبینى نەكراون،تەنها فەرمانبەر كە كارى ووردبینى ئەنجامداوە بەناوى (علا الدین عبدالكریم)ەو لەكاتى چاوێریكردنیشدا دەستەكەیان دەوامیان وەك پێویست نەبووە.
دەربارەى ئەو كەموو كوڕی و سەرپێچییە یاساییانەى لە راپۆرتى چاودێری داریدا هاتووە،لەماوەى "10"ساڵە بەڕێوەبەرەكە دەستى لەكار نەكێشاوەتە لڤین،پەیوەندى كردە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى ئاوەدانكردنى گەرمیان،جلال موسا، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێكمان بۆ بدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست