گومان لەخەرجكردنى 125 ملیۆن كۆلێژى ئادابی خانەقین دەكرێت
Monday, 18/04/2011, 12:00
پەرلەمانتارێكى پێشو:100 ملیۆن دینار لە پارەكە سەرپێچی و خستنەلاى تێدا كراوە
كاتێك د.بەرهەم ساڵح جێگرى سەرۆكى حكومەتى عێراق بوو،بڕی 125 ملیۆن دینارى بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانى كۆلێژى ئادابی خانەقین تەرخانكرد،بەڵام ئێستا گومان و دەنگۆی زۆر لەسەر چۆنییەتى خەرجكردنى ئەو بڕە پارەیە سەریهەڵداوەو باس لەوەدەكرێت هەندێك لەو بڕە پارەیە دیار نەبێت.
سەرچاوەیەك لە چالاكیە خوێندكارییەكانى كۆلێژى ئادابی خانەقین كە نەیویست ناوى خۆی ئاشكرابكات،بە ئاوێنە راگەیاند كە ئەوان لەسەر دیار نەمانى ئەو پارەیە هەڵوێستیان هەیەو داوایان لە ڕاگرى كۆلێژەكە كردووە چۆنییەتى خەرجكردنى ئەو پارەیە ئاشكرابكرێت و جەختیكردەوە "دەبێت ئەو پارەیەى كە لەلایەن د.بەرهەمەوە بۆ پرۆژەى خزمەتگوزارى دابینكراوە ئاشكرابكرێت و لەسەر ئەمە خۆپیشاندانێكمان سازكردووەو داوامانكردوە ئاشكرابكرێت".
ئەم سەرچاوەیە بانگەشەى ئەوەشیكرد ئاشكراكرد"كافتریاى كۆلێژەكە لەماوەى شەش ساڵدا نەخراوەتە موزایدەوەو چەند فەرمانبەرێكى كۆلێژەكە تا 25/1/2011 بەڕێوەیان بردوە لەكاتێكدا كۆلێژەكە كێشەى كەمیی كارمەندى هەیە و جەختیكردەوە"كافتریاى كۆلێژەكە بەناوى خوازراوەوە ساڵانەدراوە بە بەرپرسێكى پێشوو لە كۆلێژەكە".
كۆلێژى ئادابی خانەقین،لە ساڵی 2004 كراوەتەوەو سەر بە زانكۆی سلێمانییە.ئەم كۆلێژە لە شەش بەشی سەرەكى پێكدێت،كە بڕیتین لە:كوردى،جوگرافیا،ئینگلیزى،عەربی،دەرونناسی،مێژو.زیاتر لە 1800 قوتابی و خوێندكارو 38 مامۆستاى هەیە.
؛دیارنەمانى ئەو بڕە پارەیە راگرایەتى كۆلێژى ئادابی خانەقین دەخاتە ژێر پرسیارێكى زۆرەوەو پێوستە لێچینەوەى یاسایی تێدا بكرێت
سەعدون كەریم ناوى خوازراوى خوێندكارێكیترى كۆلێژەكەیە كە نەیوست ناوى خۆی ئاشكرابكات،ئەوەى ئاشكراكرد تا ئێستا حكومەتى هەرێم هەوڵێكى ئەوتۆی نەداوە بۆ چارەسەركركردنى كەموكوڕییەكانى ئەو كۆلێژەو وتیشی"تا ئێستا ئەو دوو بەشە ناوخۆییە نەكراونەتەوە،كە پێنچ ساڵە لەلایەن كۆمپانیایەكى توركییەوە دروستكراون و ئەمەش گرفتێكى زۆر گەورەى بۆ قوتابیان دروستكردوەو،ئێستا لەناو گەڕەكەكاندان".
سەرچاوەكەى ئاوێنەش باسی لەوەكرد،ئەگەر ئەو پارەیە بە شەفافی دابینبكرایە،بەشێك لەو كەموكوڕییانە كە هەیە چارەسەر دەكراو وتیشی"دیارنەمانى ئەو بڕە پارەیە راگرایەتى كۆلێژى ئادابی خانەقین دەخاتە ژێر پرسیارێكى زۆرەوەو پێوستە لێچینەوەى یاسایی تێدا بكرێت".
لەمبارەیەشەوە ئەندامى خولی پێشوى پەرلەمانى عێراق،پشتیوان ئەحمەد، بە ئاوێنەى راگەیاند" 100 ملیۆن دینار لەو بڕە پارەیەى كە لەلایەن د.بەرهەمەوە بۆ كەموكورتى كۆلێژى ئادابی خانەقین تەرخانكراوە،شەفافانە خەرج نەكراوەو پارەى لێ خراوەتەلاوە".ناوبراو وتیشی" 25 ملیۆن دینار لەو پارەیە خۆم سەرپەرشتیم كردوەو وەكو خۆی خەرجكراوە".
پشتیوان ئەحمەد،رونیشیكردەوە سەرەتاو یەكەمجار 100 ملیۆن دینار تەرخانكراوە،دواتر لەگەڵ خوێندكارانى بەشی ناوخۆیی كۆلێژەكە ناڕەزاییان دەریڕیوەو لەبارەگاى رێكخراوە دیمكوراتییەكانى یەكێتى كۆبونەوەیەكیان كردوە لەبارەى پێداویستییەكانى بەشی ناوخۆییەكان و دواتر 25 ملیۆن دیناریتریان بۆ تەرخانكراوە.
لەلاى خۆشییەوە راگرى ئێستاى كۆلێژى ئادابی خانەقین د.فۆئاد حسێن بە ئاوێنەى راگەیاند"هیچ ئاگادارى ئەو پارانە نیم كە لەكاتى خۆیدا راگری پێشوى كۆلێژ وەریگرتووە".د. فوئاد وتیشی"ئەگەر لەكاتى مندا بووە، ئامادەم بۆ هەموو لێپرسینەوەیەك لەسەر خەرجكردنى،بەڵام لەكاتى دەستبەكاربونى مندا نەبوە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست