راوكردن بۆ بەرپرسان حەڵاڵە و بۆ هاوڵاتیان حەرام
Thursday, 20/09/2012, 12:00
رایەڵ ناوى ئەو بەرپرسانە بڵاو دەكاتەوە لەگەرمیان ڕاو دەكەن
گەرمیان: رایەڵ
هەفتەى رابردوو لەلایەن دلێرى سەید قادر بەرپرسى پۆلیسى فریاكەوتنى خانەقینەوە هێرشكرایە سەر موقەدەم محەمەد سلێمان بەرپرسى پۆلیسى دارستانى خانەقین و لەگەڵ حەوت پۆلیسى تردا فەلاقە كران.
ئەوەش لەكاتێكدا روویدا كە دلێرى سەید قادر و مەفەرەزەیەك پۆلیس ڕاوى ئاژەڵیان كردبوو، بەرپرسەكەى پۆلیسیش ویستبووى رێگەیان لێبگرێت ، بەڵام ئەوان بەناوى "مەلا بەختیارەوە "قسەیانكردووە و دواتر پۆلیسەكانى دارستانیان فەڵاقە كردووە.
فەلاقەكردنى ئەو پۆلیسانە لەلایەن پۆلیسى فریاكەوتنى خانەقینەوە، لەكاتێكدایە ڕاو كردن لەگەرمیاندا بۆ خەڵكى بەرپرس حەڵاڵ كراوە و بۆ خەڵكى ئاسایش حەرام.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"كورى ئەندامێكى مەكتەبى سیاسى یەكێتى بە ناوى (ك) لەگەڵ كورى پێشمەرگەیەكى كۆچكردووى یەكێتیدا بەناوى مولازم (ه) زۆربەى جار لەسلێمانیەوە دێن و لەگەرمیان راو دەكەن".
بەوتەى سەرچاوەكە، جگە لە كورى ئەو دوو بەرپرسە، پێشتر برایەكى ئەندامێكى سەركردایەتى یەكێتى لە سنورى قەزاى كفرى لەكاتى ڕاوكردن دا لەلایەن پۆلیسى دارستانەوە گیراوە و تەقەى لەپۆلیسەكان كردووە.
سەرچاوەكە وتى"دواتر پۆلیسەكان دەستگیریان كردووە و كەلەبچەیان كردووە، بەڵام لێپێچینەوەى یاسایى وەكو پێویست بەرانبەر نەگیراوەتە بەر".
لەلایەكى ترەوە پێشتریش پێشمەرگەیەكى دێرینى یەكێتى كە خەڵكى دەربەندیخانە بەناوى (ێ) و پلەى سەربازى هەیە، لەسەر راوكردن هێرشیكردبووە سەر پۆلیسى دارستان و سوكایەتى پێكردوون.
ئەوەش لەكاتێكدایە ژمارەیەك پێشمەرگەى دێرینى یەكێتى كەماڵیان لەدەربەندیخانە زۆربەى جار لەسنورى بەمۆ راوى ئاژەڵى كێوى دەكەن.
سەرچاوەكە وتى"حەقە حكومەت گۆشت بۆ ئەو بەرپرسانە بكرێت وا راو دەكەن بۆ ئەوەى شەرم بیانگرێت و واز لە راوكردن بهێنن".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست