یەكێتى لە چاوەڕوانى شكستە گەورەكە
Wednesday, 12/09/2012, 12:00
یەكێتى لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پاریزگاكانى هەرێم رووبەڕووى گەورەترین شكست دەبێتەوە
رایەڵ : راپۆرتى سەرونوسەر
لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستانى چاوەڕوانكرودا كە بڕیارە لە ئایندەیەكى نزیكدا ئەنجامبدرێت ، چاوەڕێدەكرێت یەكێتى نیشتمانى كوردستان گەورەترین شكست بهێنێت و پارتى دیمكراتى كوردستانیش تەنیا لە پارێزگاى دهۆك لەم هەڵبژاردنە براوەى یەكەم دەبێت ، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش پۆستى سەرۆكى ئەنجومەن و پارێزگاری سلێمانى یان بۆ یەكلا دەبێتەوە.
پارێزگاى سلێمانى:
لە پارێزگاى سلێمانى كە ژمارەى كورسییەكانى 32 كورسییە بەپێى هەڵبژاردنى (7/3) ، ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ گۆڕان (298621) 12 نوێنەرە، یەكێتى (237379) 10 نوێنەرە، یەكگرتوو (103188) 4 نوێنەرە ، پارتى (82121) 3 نوێنەرە ، كۆمەڵ (79149) 3 نوێنەرە .
بەپێی یاساى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێم سلێمانى (32) ئەندامى ئەنجومەنى دەبێت، لەو رێژەیەدا بزوتنەوەى گۆڕان 12 و یەكێتى 10 و یەكگرتو 4 و پارتى 3 و كۆمەڵ 3 لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوە 19 ئەندامى ئەنجومەنیان دەبێت ، بەو پێیەش لایەنى دەسەڵات 13 ئەندامى ئەنجومەنیان دەبێت كە پۆستى سەرۆكى ئەنجومەن و پارێزگاری سلێمانى بۆ بەرەى ئۆپۆزسیۆن یەكلا دەبێتەوە ، چونكە بە پێی یاساكە هەڵبژاردنى سەرۆكى ئەنجومەن و پارێزگار بە زۆرینەى ڕەها یەكلایدەبێتەوە ، بەڵام هەرچەندە كێشە و ململانێكان ناتوانرێت یەكلا بكرێتەوە كە بەرەى دەسەڵات رێژەى 3/1 نوێنەریان دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەى كە بتوانن ببێتە لەمپەر لە بەردەم بڕیارەكانى ئەنجومەن و پارێزگار لە هەڵبژاردنى ئەمجارەدا ، چونكە بە پێی یاساكە زۆربەى كارە گرنگەكان و بڕیار و رێنمایەكان و ئاڵوگۆڕە ئیداری و كارگێڕیەكان بە دەنگدان و رێژەى 3/2 یەكلادەبێتەوە.
پارێزگاى هەولێر:
ژمارەى كورسییەكانى پارێزگاى هەولێر(30) كورسییە بەپێى هەڵبژاردنى (7/3) ، ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ پارتى (306775) 14 نوێنەر، یەكێتى (124959) 6 نوێنەر ، گۆڕان (103397) 3 نوێنەر، كۆمەڵ (62706) 3 نوێنەر ، یەكگرتو (51065) 2 نوێنەر . بە پێی یاساى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێم پارێزگاى هەولێر 30 ئەندامى ئەنجومەنى دەبێت كە پارتى 14 نوێنەر یەكێتى 6 نوێنەر گۆڕان 5 نوێنەر كۆمەڵ 3 نوێنەر یەكگرتوو 2 نوێنەر, لایەن ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوە 10 ئەندامى ئەنجومەنیان دەبێت ، لەبەرانبەر لایەنەكانى دەسەڵات یەكلا بوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانى رایەڵ پارتى بۆ ئەوەى پارێزگاى هەولێرى لەدەستدا بمێنێتەوە ، سەرقاڵى كاركردنە لە ئێستاوە، بەڵام بە پێی دەنگەكان ناتوانێت زورینەى رەها بەدەست بهێنێتەوە بۆیە پێویستى بە دەنگەكانى یەكێتى هەیە تا ئەو پۆستانە مسۆگەر بكات ، هەروەها كێشەو ململانێكان ناتوانرێت یەكلابكرێتەوە لەبەر ئەوەى بەرەى ئۆپۆزسیۆن رێژەى 3/1 نوێنەریان دەبێت ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەى لەمپەر لەبەردەم بڕیارەكانى ئەنجومەن و پارێزگار دروست بكەن، چونكە بە پێی یاساكە زۆربەى كارە گرنگەكان بە 3/2 یەكلا دەبێتەوە.
پارێزگاى دهۆك:
لە پارێزگاى دهۆك كە ژمارەى كورسییەكانى (29) كورسییەو بەپێى هەڵبژاردنى (7/3) 29 ، كە ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ پارتى (283069) 20 نوێنەر، یەكگرتوو (59969) 4 نوێنەر ، یەكێتى (35591) 3 نوێنەر، گۆڕان (23775) 2 نوێنەر كۆمەڵ (3141). بە پێی یاساى ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێم پارێزگاى دهۆك 29 ئەندامى ئەنجومەنى دەبێت كە پارتى 20 نوێنەر و یەكێتى 3 نوێنەر و بزوتنەوەى گۆڕان 2 نوێنەر و كۆمەڵ و یەكگرتوو 4 نوێنەرى دەبێت،لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوە 6 ئەندامى ئەنجومەنیان دەبێت لەبەرنبەردا لایەنى دەسەڵات 23 ئەندامى ئەنجومەنیان دەبێت ، بەو پێیەش پۆستى سەرۆكى ئەنجومەن و پارێزگارى دهۆك بۆ بەرەى دەسەڵات یەكلابوەتەوە ، بەڵام ئەوەى جێگەى مشتومڕە پارتى پارێزگاى دهۆك لەدەستى خۆیدایەو نایخاتە ناو هیچ مامەڵەیەكەوە ئەوە دەست مایەى خۆیەتى لە دهۆك هەموو شتێكەو زۆر بێباكانە دەتوانێت چۆنى بوێت بەو شێوەیە ئاراستەى بكات،چونكە خۆی بەتەنیا 3/2ى لەوشارەدا مسۆگەرى كردووە وەك هەولێر نییە پێویستى بەدەنگى یەكێتى بێت؟.
بە پێی ئەنجامى راپرسییەك كە لەسەروبەندى ئامادەكارى لایەنە سیاسیەكاندا بۆ بەشدارى كردن لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان لە هەرێمى كوردستاندا بۆ دروستكردنى ڕایەكى گشتى لەسەر ئەنجامدانى ئەو هەڵبژارنە و كاریگەرێتى دەنگى دەنگدەرەوە ، كە لەلایەن ڕێكخراوەكانى (NGO) لەناو چین و توێژەكانى ئیدارەى گەرمیان ئەنجامدراوە ، دەركەوتووە لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئەنجومەنى پاریزگاكانى هەرێمى كوردستان لیستى یەكێتى نیشتمانى كوردستان (29%) لیستى پارتى دیموكراتى كوردستان (5%) لیستى بزوتنەوەى گۆڕان (32%) لیستى كۆمەڵی ئیسلامى كوردستان (2%) لیستى یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان (5%) لیستى حیزبی شیوعی كوردستان (2%) لیستى حزبی سۆسیالیستى دیموكراتى كوردستان (003%) لیستى حزبی زەحمەتكێشانى كوردستان (003%) لیستى حزبی زەحمەتكێشانى سەربەخۆیی كوردستان (000%) لیستى بزووتنەوەى ئیسلامى (005%) لیستەكانى تر (2%) دەهێنن.
لەو راپرسییەدا (3080) فۆرم دابەشكراوەو هەر هەمووى گەڕاوەتەوە كە (1920) بەشداربوانیی ئەو راپرسییە لە رەگەزى نێرن و (1160) یشی لە ڕەگەزى مێیەن ، لە راپرسییەكەدا (11) پرسیاری سەرەكى ئاراستەى بەشداربوان كراوە.
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان ، خەسرەو گۆران بە ڕایەڵی وت " جارێك كەس نازانێت لە هەڵبژاردنى ئایندە چییە و بە تەلەفۆنیش چارەسەر ناكرێت ".
دەربارەى ئەوەى چاوەڕێدەكرێت یەكێتى نیشتمانى كوردستان رووبەڕووى گەورەترین شكست بێتەوە، ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى مەكتەبی رێكخستنى یەكێتى نیشتمانى كوردستان ، سلێمان عەبدولڵا رونیكردەوە، كە دەنگدان كارێكى مات ماتیكى گرنگە هەیە و پەیوەندى بەجۆری كەمپینى هێزە سیاسیەكانەوە هەیە ، ئەو وتى " دەیان هێزى سیاسی و هاوپەیمانیەتی لە جیهاندا هەبوون كاندید بوون دەنگى زۆرینە بەدەست بهێنن، بەڵام بە شێوازى رووبەڕووبوونەوەى جەماوەر و شێوازى مامەڵەى میدیاى و وتارى سیاسیان وای لێكردن توشی شكست ببن.
ناوبراو ئاماژەى بەوەكرد كە ئەوان وەكو یەكێتى نیشتمانى كوردستان نایانەوێت فاڵ بۆخۆیان بگرنەوەو ئومێدیان بە كاركردنیانە وتیشی" ئومێدمان بەو چین و گروپە جیاوازانەمانە كە لەناو ئۆرگانەكانى خۆمان و كۆمەڵگادا دابەشبوون، بە سیاسەتى راست ودروستمان لە دووساڵی رابردوو بۆ خزمەتگوزارى و حكومڕانیی و بە سیاسەتى ریفۆرم هەیە كە بەڕووى كۆمەڵگاو میدیا و خەڵكدایە".
هەوروەها روونیشیكردەوە تا رادەیەكى زۆر هەوڵیانداوە دەستى نەرمیان لەگەڵ ئەو رەخنانە بێت كە لێیان گیراوە ، بەشێك لەو رەخنانەیشیان وەڵامیان بۆى هەبووە وتی " ئێمە بەپێچەوانەوە پێیمان وایە كاندیدین بۆ ئەوەى وەكو هێزێكى سەركەوتوو براوە لەو هەڵبژاردنانەدا كۆمەڵێك پۆستى گرنگ بەدەست بهێنین ، بەڵام دەكەوێتە سەر شیوازى كاركردنى ئێمە ، تا دەقەى كۆتاى تەنفیز لەسەر ئەوە دەكەین بەبەردەوامى ئاگام لەو كارە دەبێت ، ئێمە بڕوامان بە ئازادی و دیموكراتى و ئیرادەى خەڵك هەیە ، شانازى دەكەین كە پێشهەنگی ئەو هێزانەین كە ئەم مەسەلایەنەمان داهێناوە لێی پەشیمان نین و كارى لەسەر دەكەین .
ئەندامەكەى ئەنجومەنى باڵاى مەكتەبی رێكخستن ، ئاماژەیشى بەوەكرد كە هیچ هەڵبژاردنێك دۆڕان و بردنەوە كۆتاى بە مێژوو ناهێنێت بە هیچ هێزێكى سیاسی ، بۆ ئەمەش دەڵێت" ئێمە پیشتر لە 25/7 لە هەندێك شوێن شكستمان هێنابوو ، بەڵام دواتر لە 7/3 بەرەو سەركەوتون رۆشتین ".
هاوكات جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەوان هێشتا بەرەو هەڵكشانە دەڕۆن ، وتی" سیاسەتى ئێمە لە ئێراق و كوردستان ، بەشدارى لە دەوڵەتدارى ئێراقداو و نوێكردنەوەى دیموكراتیەت لە ئیراق و رۆڵى (مام جەلال و د.بەرهەم و كاك عیماد) رۆڵی كاركتەرە گرنگەكانمان بۆ ناودنیاى دەوڵەتدارى كەسە نەتەوایەتیەكان لەسەر پرسە چارسەر سازەكان و بەرفراوان بوونى ئازادى و پەیوەندیمان لە گەڵ میدیاى ئەهلى ، هەموو ئەوانە وادەكات كە ئێمە هێزێك بین لەناو كۆمەڵگادا.
سلێمان عەبدولڵا هیواى ئەوەى خواست كە میدیاى ئەهلی كاریگەری هەبێت لەسەر هەڵكشان و داكشانى جەماوەر بە مەسافەیەك بێ لە بەینى هێزكانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بۆستنەوە كە پیشوتریش وەستاون.
رایەڵ چەند جارێك پەیوەندى بە بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان، شۆرش ئیسماعیلەوە كرد، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست