رۆژنامەنووسانى گەرمیان، سودیان لە دیاریەكەى تاڵەبانى وەرنەگرت "ویستمان پۆلیس لە دزینى چاپخانەكە ئاگادر بكەینەوە،بەڵام دواتر لە كفری بینی�
Wednesday, 19/01/2011, 12:00
نزیكى پێنج ساڵێك لەمەوبەر، كۆمەڵێك لە رۆشنبیرو رۆژنامەنونسانى گەرمیان سەردانى سەرۆككۆمار، جەلال تاڵەبانیان كردوە، لەسەر داواكارى ئەو كەسانە، سەرۆككۆمار بڕیاریدەدا خەرجى چاپخانەیەك كە 15 هەزار دۆلارە بۆ گەرمیان دابینبكات، بەڵام بە وتەى رۆژنامەنوسێكى گەرمیان "چاپخانەكە، بە كۆنى كڕدراوەو لەئێستاشدا كارناكاتو هیچ كەسیش سودى لێنەبینیوە".
بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانى گەرمیان، نیگەرانن لە نەبوونى دەزگایەكى چاپ، لەناوچەكەیانداو پێیان وایە گەرمیان ناوچەیەكى پڕ جموجۆڵى چالاكیى رۆشنبیرییە، لەبەر ئەوە "پێویستى بە چاپخانەیەك هەیە"، ئەوان نایشارنەوە كە چەند ساڵێك لەمەوبەر، لەلایەن سەرۆك ككۆمارى عێراق جەلال تاڵەبانیەوە، بەدیارى چاپخانەیەك بۆ ناوچەكەیان كڕاوە، بەڵام وەك باسى دەكەن، چاپخانەكە بە كۆنى كڕدراوە، بۆ پشتگیرى قسەكانیشیان ئەوە دەخنە ڕوو كە "هیچ كەسێك سودى لە چاپخانەكە نەبینیوە، ئێستاش لە بیناى بنكەى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى كفرى فڕێدراوە".
لە كۆتایى ساڵى 2004دا، دروست لە رۆژى (25/12/2004) وفدێكى رۆشنبیرانى گەرمیان، سەردانى تاڵەبانى دەكەنو داواى چاپخانەكى لێدەكەن،ئەویش بڕى (15) هەزار دۆلاریان بۆ دابیندەكات، لە پاش ماوەیەك لەلایەن لیژنەیەكەوە چاپخانەكە دەكڕدرێت، لەئێستادا بەشێك لە رۆژنامەنوسانى گەرمیان واى بۆ دەچن كە نیوەى ئەو پارەیە درابێتە چاپخانەكە، وەك رۆژنامەنوسێك دەڵێت "ئەوندەى بەدوادچونمان بۆ كردوە، چاپخانەكە لەو كاتەدا كە كڕدراوە، بایى 6 تا 7 هەزار دۆلار بووە،نەك 15 هەزار، بۆیە دەپرسین ئەى پارەكەى ترى چى لێهاتووە؟"
سەرپەرەشتیارى بڵاوكراوەى (توێژینەوە) لە گەرمیان، عەباس مەحمود، نەبوونى چاپخانەى لەناوچەكەیاندا بەگرفتێكى گەورە ناودەباتو لەبارەى دیاریەكەى تاڵەبانیشەوە دەڵێت"ئەوندەى من ئاگاداربووم ئەو چاپخانەیە هەر ئیشى پێنەكراوە، جگەلەوە تائێستا هەر ناشزانم بردویانە بۆ كوێ".
سەرونوسەرى رۆژنامەى (گەرمیانى ئەمڕۆ) لاوان ئەحمەد، بە سەسوڕمانەوە پرسیار لە بارەى دیارنەمانى چاپخانەكە دەكاتو دەڵێت "كاتێك تاڵەبانى چاپخانەیەكى بەدیارى بەخشییە گەرمیانیەكان زۆر خۆشحاڵ بووین، بەڵام بەداخەوە كەس سودى لەو چاپخانەیە نەبینى، ئێستاش نازانین چی بەسەرهات؟"
لەلای خۆیەوە رێبین تەها كە لە كاتى هێنانى چاپخانەكە یۆ كەلار وەك سەرپەرەشتیارى چاپخانەكە ناسێندرا، ئەوە ناشارێتەوە، كە هەر ئەو كاتەى چاپخانەكەیان بۆ كڕاوە خراپ بووە، ئەو وتى "كاركردن بەو جۆرە چاپخانەیە لە دنیادا نەماوە، چونكە ئەو جۆرە بۆ چاپكردنى رۆژنامە ناشێت، زیاتر بۆ كتێبو نامیلكە بە كاردێت، بەڵام ئەو برادەرانەى، پارەكەیان وەرگرتوە هەر لە خۆیانەوە ئەو جۆرەیان كڕیوە، لەكاتى خۆیشیدا پرسیارمان كرد، ئەو جۆرە چاپخانەیە نرخەكەى (6 تا7) هەزار دۆلار بوو".
رێبین تەها باسى لەوەش كرد، هەركاتى خۆى جگە لە پارەى چاپخانەكە، سەرۆككۆمار، بڕى 10 هەزار دۆلاریشى پێشكەشى بڵاوكراوەكانى ناوچەكەیان كردو بەبڕواى ئەو، ئەو پارەیەش بە دادپەروەرانە دابەشنەكراوە، بۆیە وتى "تەنانەت ئەو پارەیەش بە دادپەروەرانە دابەشنەكرا، كاتى خۆى سالار محمود كە ئێستا پەرلەمانتارە، سەرپەرەشتى كڕینى چاپخانەكەى كردوە، بۆیە پێویستە هەر ئەوەیش بەدواى ئەم باسەدا بچێت، ئەگەر ئەوە نەكات لەگەڵ كۆمەڵێك رۆژنامەنوسى تر بەنیازین كێشەى ئەو چاپخانەیە بەرینە دادگاو داواى یاسایی لەسەر ئەو كەسە تۆماربكەین كە سەرپەشتى ئەو بڕە پارەیە و كڕینى چاپخانەكەى كردووە ".
بۆ بەدوادچونى ئەم باسە، ئاوێنە پەیوەندى بە ئەندامى پەرلەمانى كوردستان سالار مەحمود وە كرد،چونكە پارەى یارمەتیەكەو كڕینى چاپخانەكە لەلاى ئەو بووە ، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێك بدات.
دوو ساڵێك لەمەوبەر ئەو چاپخانەیە، لەلایەن خاوەنى ئیمتیازى رۆژنامەى خۆرنەوازانەوە، سەلاح عەبودلحمید دراوەتە سەرسنورى رۆژنامەى زەنگ سامان كەریم لە كفرى، سامان باس لەوە دەكات كە لەئێستادا بێ هیوابوون لە چاكبونەوەى چاپخانەكە، چونكە هەر وەك ئەو باسی كرد، ماوەیەك لەمەوبەر كەسێكى شارەزا سەیرى چاپخانەكەى كردوەو پێى وتون كە بەهیچ جۆرێك چاك ناكرێتەوە "بۆیە ئێستا لەبیناى بنكەى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى كفرى چاپخانەكە كەوتووە"
سەبارەت بە بردنى چاپخانەكە بۆ كفرى سەرپەشتیارى چاپخانەكە رێبین تەها وتیشی"شوێنمان بۆ چاپخانەكە لە سەنتەرى كەلارى ئازادى لاوان چاككردبوو،ڕۆژێك هاتین بۆ شوێنەكە و بینیمان چاپخانەكە نەماوە،ویستمان پۆلیس لە دزینى چاپخانەكە ئاگادر بكەینەوە ،بەڵام دواتر لە كفری بینیمانەوە"
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست