کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەشت مانگە لەچاوەڕێی وەڵامى وەزارەتى داد دەكەن لەسەر گەندەڵی،هەشت رێكخراوى گەرمیان،ستافی پێشووى شارەوانى كفری دەدەنە دادگا

Sunday, 25/07/2010, 12:00


لڤین:
لەماوەى پێشوودا هەشت رێكخراو كۆمەڵەو گروپی گەرمیان،بۆ بەدادگایی گەیاندنى ستافی پێشووى سەرۆكایەتى شارەوانى كفری كە تێوەگلاون بە گەندەڵی،(1080) هەزار و هەشتا واژۆی خەڵكى كفریان كۆكردەوەو ئاراستەى داواكارى گشتى وەزارەتى دادى هەولێریان كردووە،بەرپرسانى شارەوانى بەفیڕۆدانى زەوى و سەروەت و سامانى گشتى خەڵك و ئیستیغلالكردنى دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان بەكار هێناوە، وەك لە راپۆرتەكەى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێر دارایی سلێمانى باسكراوەو داواكراوە كە لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونى زیاتر بكرێت لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە كار بۆ وەرگرتنەوەى موڵكى گشتى خەڵك بكرێت، لەو فەرمانبەرانەى پێشووى شارەوانى كفری كە زەوى و خانوویان بەهەدەر داوە.
شوان جەلال رۆژنامەنووسێكى دانیشتووى شارى كفرییەو ئەندامێكى رێكخراوەكانى گەرمیانە لەو بارەیەوە دەڵێت"كۆمەڵێك سەرپێچى و گەندەڵی گەورەو مەترسیدار كە لە راپۆتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی لەبارەى گەرمیانەوە هاتووە،بۆیە پێوویستە دادگا بۆ بەرجەستەكردنى عەدالەت، ئەو كەیسانە بجوڵێنینەوە،دیارە بۆ گەنجێكى وەك من كە لەساڵی 2004ەوە كارى تاقەتپڕكێن و سەرئێشە ئامێزم كردووە بۆ كاركردن لەسەر گەندەڵی لە گەرمیان،بەراستى مایەى نیگەرانییە دادگا تاوەكو ئێستا هیچى لەبارەى ئەو كەیسانەوە نەكردووە،ئەگەر دادگا خەمى عەدالەتییەتى دەبێ كارو ئەركی دادپەروەرانەى بەرامبەر ئەو كەیسانە بجوڵێنێت."
"بەئاسانى ئێمە وازیان لێ ناهێنین،ئەوان مافی گشتى خەڵكییان بەهەدەرداوە"
سەرچاوەیەك لە رێكخراوەكانى گەرمیان بە لڤینى راگەیاند"نزیكەى هەشت مانگە سەردانى دەستەى تۆماركردنى داواكارى گشتییان لە وەزارەتى دادى هەولێری كردووە،بەڵام تا ئێستا بێدەنگن و بەدواداچون بۆ ئەو راپۆرتە نەكراوە. ئەو سەرچاوەیە وتى"ئەو ئیمزایەى خەڵكى كفریمان پێدان لەگەڵ وێنەیەك لە راپۆرتەكەى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێری دارایی سلێمانى كە داوامان لێكردون ئەو دەستەیە راپۆرتەكە ئاراستەى دادگا بكات و گەندەڵكاران دادگایی بكەن، وەك ئەوەى ئەوان نوێنەرایەتى خەڵك دەكەن لە دادگاكان بە سیفەتى ئەوەى كە (داواكارى گشتین)،ئەوان دوا وەرگرتنى ئیمزاكان و راپۆرتەكان بەڵێنیان پێداین كەكاربۆ ئەو مەسەلەیە دەكەن ناهێڵن مافی گشتى بخورێت.
بە پێی راپۆرتى چاودێریی دارایی ژمارە 272 لە 17/8/2004 كە كۆپییەكى دەست لڤین كەوتووە،تایبەت بەسەرۆكایەتى شارەوانى كفری ناوى هەریەك لە سەرۆكى پێشووى شارەوانیی كفری و لێپرسراوى بەشی زەوى و زار هاتووە،كە سەرپێچییانكردووە لە بڕیارى ژمارە 131 لە 12/12/1998 سەبارەت بەخانووى تەملیككراوو بڕیارى سەرۆكایەتى هەرێم ژمارە 115 لە 7/7/2001،سەبارەت بەقەدەغەكردنى تەرخانكردنى زەوى یان تەملیككردنى خانوو بۆ زیاتر لەیەك كەس،سەرۆكى پێشووى شارەوانى بەفەرمانى وەزارى 21456 لە 24/11/2004 پارچە زەویی ژمارە 168/22ى وەرگرتووەو خێزانەكەشی لە 12/1/2004 پارچە زەویی ژمارە 128/168ى بۆ تەرخانكراوە،لێپرسراوى بەشی زەوى و زاریش لە 2/8/2000دا زەویی ژمارە 3/261ى لەكەلار وەرگرتووەو هاوكات خانووى ژمارە 41/1555ى بۆ تەملیككراوەو خێزانەكەشی زەوى ژمارە 167/39ى كفری بۆ تەرخانكراوە جگە لەوەش سەمین سابیر قادر زەوى ژمارە 1356/41ى لە 24/4/2004 دا وەرگرتووە،لە كاتێكدا پێشتر لە خانووى كارگێڕی خۆجێیەتى ژمارە 11/21ى لە 1/12/1998 سوودمەندبووە،بەهەمان شێوە خێزانەكەشی زەویی ژمارە 14/254ى بە پێی فەرمانى وەزاریی لە 5/4/2004 دا وەرگرتووە،هەمان راپۆرت بە پاڵپشتیی یاساى (انڤباگ موڤى الدولە) بریارى داوە،هەریەك لە دڵشاد فازڵ ئەمین،سەرۆكى پێشووى شارەوانى و شكور محەمەد،لێپرسراوى بەشی زەوى و زارو ئەیهان نەجمەدین یوسف (سحب الید)بكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
سەرچاوەكە لەدرێژەى قسەكانیدا بەنیگەرانییەوە وتى" هەشت مانگە بەسەر ئەو بەڵێنەى دەستەى تۆماركردنى داواكارى گشتیدا تێدە پەڕێت تاوەكوو ئێستا هیچیان نەكردووە و كاریان بۆ بە جێ گەیاندنى داواكەى خەڵكى كفری نەكردووە.سەرچاوەكە جەختى لەسەر ئەوەكردەوە ئەگەر لەماوەیەكى نزیكدا دەستنەكەن بە كاركردن لەو قەزیەیەدا هەڵوێستی مەدەنیانەى خۆیان بەرامبەر حكومەت دەگرنە بەر،وتیشی:" دەبێت سەرۆكى شارەوانی پێشوى كفری لەسەرئەو گەندەڵی و كەموكوڕییانە دادگایی بكرێت،ئەنجامدەرانیشی دەستنیشان بكرێت و بەئاسانى ئێمە وازیان لێ ناهێنین،ئەوان مافی گشتى خەڵكییان بەهەدەر داوە.
هیواى تارق حەسەن،ئەندامى دەستەى مافی گشتى لە وەزارەتى دادى هەولێری لە لێدوانێكیدا بە لڤینى راگەیاند" لەسەر ئەو راپۆرتەى چاودێری دارای بەدواداچونمان كردووە ئێستا لێكۆڵینەوە بەردەوامە، ئێمە رۆژانەیش چاودێرى و بەدواداچون دەكەین لەسەر سەرپێچی یاسا و گەندەڵی كە لەكوردستان.
شوكور حەمەى هەیەر سەرۆكى پێشووى شارەوانى كفری لە لێدوانكیدا سەبارەت بەو تۆماتانەى دەدرێنە پاڵی لە لێدوانێكیدا بۆ لڤین وتى"زانیارییەكان دوورن لە راستییەوەو بەشێك لە راپۆرتى چاودێری دارایی هەڵەى تێدابووە"
سەبارەت بەوەى كە لە خێزانەكەیدا چەند جارێك سودمەند بوون لە وەرگرتنى زەوى ناوبراو وتى"من لە بەشی یەكێتى نیشتیمانى كوردستان زەویم بۆ ژنەكەم وەرگرتووەو ئێستاش ئەگەر پێنج پارچە زەوى دیكەیشم پێ بدەن هەر وەریدەگرم".
سەبارەت بە داواكارى رێكخراوەكانى گەرمیان بۆ دادگایی كردنى ناوبراو،شوكور حەمەى هەیەر وتى"داوادەكەم رووبەڕوى دادگا بكرێم و هەركەس گەندەڵی هەیە بدرێتە دادگا".




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە