چەندین بەرپرسى حیزبى و حكومى لە ئاودیوكردنى نەوت دا تێوەگلابن
Monday, 17/09/2012, 12:00
گومان دەكرێت چەندین بەرپرسى حیزبى و حكومى لە ئاودیوكردنى نەوت دا تێوەگلابن
رایەڵ وردەكارى دزینى نەوت و ئاودیوكردنى بۆ ئێران بەسنورى گەرمیاندا ئاشكرادەكات
ئامادەكردنى : رایەڵ
لە پاڵاوگە و كێڵگە نەوتیەكانى عێراق نەوت دەدزرێت و دەبرێتە كفرى و لەوێ بەتاڵ دەكرێتە نێو كۆگاى سوتەمەنیەوە و دواتر ئەو نەوتە دزێنى یە بەناو كەلار و ناوچەكانى گەرمیاندا ئاودیوى ئێران دەكرێت.
گومان دەكرێت ژمارەیەك بەرپرسى باڵاى ئەمنى و حیزبى لە ئاودیوكردنى ئەو نەوتە دزێنیەدا تێوەگلابن،چونكە گەر بەرپرسان لەپشت بردنى ئەو نەوتەوە نەبن ناتوانرێت بەرۆژى نیوەرۆ ئاودیوى ئێران بكرێت.
هاوكات بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، براى بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى نوسراوى هێناوە و خۆى كردووەتە نوێنەرى كۆمپانیایەك تا رێگەى پێبدرێت چەندین ملیۆن لیتر نەوت لە حەسیرە ببات.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەرپرسى ناحیەى نەوجول، رایگەیاند كە لەسەر مەسەلەى نەوت لەلایەن بەرپرسێكى باڵاوە هەرەشەى لێكراوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، وردەكارى دزینى نەوت و ئاودیوكردنى بۆ ئێران بۆ گۆڤارى رایەڵ دركاند، وتى"ئەو نەوتە كە لەبێجى ناوچەكانى ترى عێراقەوە دەهێنرێت بۆ كفرى دەدزرێت".
بەوتەى سەرچاوەكە، ئەو نەوتە ڕەشە لە بێجى و ناوچەكانى تر بە بیانووى ئەوە دەردەكرێت گوایە لەناوچەكانى ترى عێراق بۆ كارگەى تابۆقە و كارگەى تر بەكار دەهێنرێت، بەڵام ئەو كارگانە لەكاركەوتوون و كارناكەن.
سەرچاوەكە، وتى"بریكارى ئەو كارگانە لەگەڵ كەسانى نزیك لەهەندێك لەبەرپرسەكان رێككەوتوون نەوتە ڕەشەكە دەنێرن بۆ كفرى و بە نرخى هەرزان پێیان دەفرۆشن".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، لەو نەوتەى لە ناوچەكانى عێراق دەدزرێت و دەفرۆشرێتە كەسانى نزیكى بەرپرسان بە نرخى هەرزان، تانكەر هەبووە یەك دەفتەر دۆلارى قازانجى بۆ كەسە نزیكەكان لەبەرپرسان تێدا بووە.
زۆرى قازانجى ئەو نەوتە دزراوە وایكردووە سەرەڕاى قەدەغەكردنى لەلایەن ئیدارەى گەرمیانەوە، كەچى ئاودیوكردنى نەوت بۆ ئێران بەردەوام بووە ئەمەش ئەو گومانەى تۆختر كردووەتەوە كە قازانجى نەوتە دزراوەكە دەچێتە گیرفانى بەرپرسانەوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لە ئاودیوكردنى نەوتەكە، بە رایەڵی راگەیاند"چەندین بەرپرس تێوەگلاون لە ئاودیوكردنى نەوت دا بەرێگەى نایاسایى بۆ ئێران و پارەیەكى خەیاڵیان دەستكەوتووە".
عەدنان قوربانى ئەندامى رێكخراوەكانى گەرمیان، وتى" ئەو نەوتە بەقاچاخ دەبرێتە ئێران و بەرپرسانیش لەپشتیەوەن".
ناوبراو وتیشى"گەر بەرپرسان لەپشت ئاودیوكردنى نەوتەكەوە نەبن چۆن بەرۆژى نیوەرۆ و بەنایاسایى دەبرێتە ئێران و كەسیش ناتوانێت رێگریان لێبكات".
عەبدوڵا مەلا نورى ئەندامى لیژنەى سامانە سروشتیەكانى پەرلەمان، وتى" ئەو تانكەرانەى نەوت دەهێنن نەوتەكە دەبەنە چەند كۆگایەكى گوماناوى و خاڵى دەكەن و دواتر بارى دەكەن".
هەروەها وتیشى"نازانین كێن ئەوانەى ئەو نەوتە بەنایاسایى دەهێنن و رێگەیان پێدەدرێت".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، براى بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى چەند مانگێك لەمەوبەر خۆى كردووەتە نوێنەرى كۆمپانیایەك و نوسراوێكى هێناوە تا رێگەى پێبدرێت چەندان ملیۆن لیتر سوتەمەنى ببات.
شۆفێرى تانكەرێك كە كار لەگواستنەوەى نەوت دەكات بۆ ئێران، ئاماژەبەوەدەكات ژمارەیەكى زۆر لەو تانكەرانەى كارى گواستنەوەى نەوت دەكەن تانكەرى بەرپرسەكانن.
شۆفێرى تانكەرەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاند وت"بەرپرس دەناسم 27 تانكەرى لەخەتى ئێراندا كاردەكات و هەشە سیانزە تانكەرى كاردەكات".
لاى خۆشیەوە حاكم نزار حەسەن سەرۆكى فەرمانگەى داواكارى گشتى لە گەرمیان، ڕایگەیاندووە"لەمەسەلەى نەوتدا گەورەترین كێشەمان ئەوەیە نازانین موفاتەحەى چى لایەك بكەین تازانیاریمان پێبدرێت، بۆیە نەمانتوانیووە بەدواداچوون بكەین".
هەرچەندە پێشتر ئیدارەى گەرمیان ڕایگەیاند كە رێگە نادەن ئەو تانكەرانە بەسنورەكەیاندا نەوت بەرەو ئێران ببەن، بەڵام لەئێستادا نەوتەكە بەناوچەى چەمچەماڵدا دەبرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست