شیرین قوربانی كلتوری دوای راپەرینی حیزبی كوردیە
Tuesday, 12/10/2010, 12:00
لە ڕاستیدا چیرۆكی ژیانی شیرین بۆمن وەك گەنجێكی دانشتووی ئەو هەرێمە تووشی شۆكێكی گەورەی كردم وەك ئەوەی كتێبەكەی خاتوو "خەندان حەمە جەزا" تووشی هاتم، تۆ كاتێك ئەو ڕووداوە دەخوێنێتەوە و باسی هەرێمێكت بۆ دەكات كە تۆی تێدا دەژی لەسەراپای دەكەویتە گومانەوە، چونكە لەو كاتە تۆ هەست دەكەیت لەنێو مەملەكەتێكی گورگانی دەژیت، كە هیچ بەهایەكی ئەخلاقی وجودی نیە تێیدا، هەمووان بەدوای حەزە جەستەییەكانن و ئەوەی چەمكی یارمەتیدان و هاوكاری و ویژدان هەیە بەدی ناكەیت، ئەو كاتە چەند دۆش دادەمینێیت كە هەندێ لە بەرپرس و مەسئولینی هەرێمەكەت بەشێكیان تا دوێنێ بانگەشەی كوردایەتیان دەكرد ئەمرۆ بەربوونەتە جەستەی مێینەی وڵاتەكەیان ئەوەندە نزم دەبنەوە هیچ بەهایەك بۆخۆیان ناهێڵن، ئەو كاتە تێدەگەین كە بەشێك لە سەنتەرەكان و خانەی ژنان و بەندیخانەی چاكسازی بوونەتە شوێنی بازرگانی بە ژنان لەجێی چاكسازی، لەو كاتە تێدەگیت مەسئولە گورگ ئاساكان و داوێن پیسەكان هەمیشە چاوێكیان لەسەر ئەو شوێنانەیە و لەوێ بەدوای خاڵی كردنەوەی ئارەزووە گلاوەكانیانن، ئەوان وەك چۆن پاسەوانیان بۆ پارێزگاری گیانیان دانەوە خەڵكیشیان داناوە كە ژنی لەشفرۆشیان بۆ بهێنن، كە دەسەلاتی ئەوانەی ژن بۆ مەسئولەكان دەهێنن زۆر زیاترە لەخەڵكی شەریفی ئەو ولاتە لە حكومەت و دەزگاكان، لەو كاتە تێدەگەیت بەشێك لەو ژنانەی خۆیان بە خەمخۆری كێشەی ژن دەزانن جگە تێكدانی ئافرەت و دۆزینەوەی موشتەری بۆیان هیچی تریان لە هەگبە نیە و خۆشیان دەچنەوە باوەشی گەورەكانیان بۆ ئەوەی پلەیەك بەرزتر بكرێنەوە، تۆ چۆن دەتوانیت چاوەرێی ئەوە بكەیت كە ئەوانە دۆزی ژنی ئەو ولاتە كە ڕۆژ دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت بەرەو چارەسەر كردن بچێت، ئینجا بەخۆتدا دەچیتەوە چیتر سەركۆنەی لەشفرۆشەكان ناكەیت بەڵكو سەركۆنەی ئەو حكومەتە دەكەیت كە ژنەكانی نێو بەندیخان و سەنتەرەكان بەو ئاراستەیە دەبات، چی چاوەڕوانیەكت لەو وەسئولە داوێن پیسانە هەیە كە هەر خەریكی شەرواڵ پیسین، چی چاوەرێت لە حیزب و حكومەتێك هەیە كە ئەو جۆرە كەسانە بكاتە بەرپرس و شوێنی حەساسیان پێ بسپێرێت، ئەمرۆ هەم لە حزب و هەم حكومەت تۆڕی گەورەی بەد ڕەوشتی و گەندەڵی بڵاوبۆتەوە، كە من دڵنیام رۆژێك سەرجەمیان ئلشكرا دەبن و ریسوایی مێژوویان بۆ دەمێنیتەوە.
كورد كە لە بەر رەوشت بەرزی و چاكی خۆیەوە لە مێژوو بە (قورەیشی عەجەم) ناسراوە، لەنێو كورداندا سەرەڕای هەندێ دیاردەی نەخوازراو تا راپەرینی 1991 خەڵكی كورد خاوەن رەوشت و قیەمێكی بەرزی ئەخلاقی بووە، یارمەتیدان و ویژدان و ڕێزگرتن و بەهاناچوونی لێ قەوماوان لە سیما دیارەكانی كوردان بوو، خەڵك ئەو كات بەسەر و ماڵ و گیانی خۆی شۆرش و پێشمەرگاتی دەكرد، ڕێكخستنە نهێنیەكانی شار و پێشمەرگەكانی شاخ بەو پەڕی بڕوا و قیەمی ئەخلاقی(ئەمە جگە لەوەی كە بەشێك لەوانەی خۆیان بە پێشمەرگە دەزانی بەبەشێك سەركردەكانیشەوە كە ئێستا دەركەوت درۆیان لەگەڵ خەڵك كرد)، خەڵك ئەو كاتانە خاوەن مەبدەئی كوردایەتی و رەوشت بەرزی بوو، لەهەر شارێكی كوردستان ئازارێك هەبووایە هەموو كوردستان لەگەڵی دەگریا، كەس بیری نەچووە كاتێك لە 1987 بەشێك لەخەڵكی هەڵەبجەی شەهید گواسترانەوە ئۆردوگاكانی دەوروبەری هەولێر سەرەڕای ئەو هەموو هەرەشانەی بەعس دەیكرد لەووەی ئەوەی یارمەتیان بدات، خەڵكی هەولێر گوێیان پێ نەدان و بە لێشاو یارمەتیان بۆ هاوزمانە هەڵەبجەكانیان دەبرد، ئەمانە و دەیان نمونەی تر كە بەڵگەی بوونی قیەمێكی بەرز و ڕەوشتی دەسەلماند لەو سەردەمە.
بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوەی كە حیزبە كوردیەكان دەسەلاتیان كەوتە بەردەست ئیتر قەلای رەوشت و مەبدەئو كوردایەتی تووشی هەرەس هات، ئەوان كلتوری ناوچەگەریان لەجێی كوردایەتی هێنا، هەست كردن بەبەبرپرسیاریەتی و كوردایەتی و گیانی هاوكاریان ڕوخاند و چلێسی و بەرژەوەند خوازیان خولقاند، قیەم و شەرەف و ئەخلاقی ڕاستەقینەیان نەهێشت و خەڵكیان تێگەیاند تەنها ناوگڵ شەرەفە، خەڵكیان فێر كرد درۆ و فێڵبازی و خیانەت لە نیشتیمان عەیبە نیە بەڵكو كلتوری ئەوەی "ئازابە و بخۆ"یان فێری خەڵك كرد.
كۆمەلێك كەناڵی تەرفیهی بێتامیان دروست كردووە بۆ بێهۆش كردنی گەنجی ئەو وڵاتە، بەداخەوە كورد راستە خاوەنی دەوڵەت نەبووە بەڵام هەمیشە خاوەنی مەبدەئو ئەخلاق و گیانی هاوكاری بووە، سەدام بەو هەموو توانایەی هەیبوو نەیتوانی كوردایەتی و ڕەوشت لەبیر خەڵك بباتەوە بەڵام دەسەڵاتی كوردی ئەمەی بەزیادەوە كرد، ڕووداوی شیرینیش بەشێك لە دەرهاویشتەی ئەو كلتورە قێزەونەی دوای ڕاپەڕین كە حیزبە كوردیەكان دروستیان كرد.
(..لێرە حەز دەكەم ئەوەش بلێم كە سەرەڕای ئەو ڕووداوە بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت تا ئێستا رەوشت و گیانی هاوكاری هەر ماوە ئەگەر ڕێژەكەشی كەم بۆتەوە، بە نمونە ڕۆژانە ئەو هەموو كۆمەكیەی كە بۆ خەڵكی هەژار و نەخۆش لە ڕێَگای تەلەفزیۆنەكانەوە دەكرێ.)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست