کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میرنشینى باجەڵان لە زەهاو و خانەقین (سنجاغ باجەڵان)

Saturday, 29/08/2009, 12:00


ناوچەى خانەقین تا هەزارەى سێیەمى پێش زایین بەشێك بووە لە نیشتمانى گوتیەكان (گوتو و لۆلۆ) كە لە بنەچەكانى گەلى كوردن . لە سەرەتای مێژویدا ناوچەى خانەقین پێكهاتبوو لە دەشتەكانى كرمانشاهى خۆرئاوا ، لەوانە زەهاو (الوان ــ حلوان ــ درتنگ) تا دەگەیشتە زێى بچوك ، بۆ زانیارى شارى كەركوك (أرابخا) پایتەختى دەوڵەتى گوتى بوو كە بۆ ماوەى سەدەیەك (2210 ــ 2116 پ . ز) لە دواى ئەوەى گوتیەكان دەستیان بە سەر دەوڵەتى ئەكەدیدا گرت فەرمانڕەوایەتى عێراقیان كرد . هەروەها ناوچەى خانەقین بەشێك بوو لە كەرتى
(باراهشى) كە لە ڕووبارى سیروانەوە دەستى پێئەكرد تا پشكۆو دەشتى (كرمانشاه)یش كە لە ناوچەى (نامار) نزیك بوو دەگرتەوە و پێكهاتبوو لە دەشتەكانى قرەتپە و كفرى كە پاشایەكى گوتى ژن بە ناوى (ناوارتیوم) لە سەدەى هەشتى پێش زاییندا فەرمانڕەوایەتى دەكرد .
شارى خانەقین لە سەردەمى دەوڵەتى سلوقى ئەغریقى (331 ــ 127) پێش زایین گەشەى كرد كە ئەوكاتە ناوى (ارتمیتا) بوو واتا سلوقیەكان جێنشینانى ئەسكەندەرى مەقدونى بە ناوى خوداوەندى ئەغریقى (ارتمیت ــ ارتمیتا) ناویان نابوو كە كۆمەڵى تایبەتمەندى (اناهیتا) خوداوەندى ئارى هەبوو كە لە كوردستان ئەپەرسترا . لە سەردەمى ساسانیەكاندا ناوى (بلشفر) سەرى هەڵدا بۆ ناوچەیەك كە بریتى بوون لە حەلوان و قێر شیرین و خانەقین كە دواتر ئاینى مەسیحى تیایاندا بڵاوبووە لەو سەردەمە .
خانەقین لە سەردەمى عوسمانیەكان بەشێك بوو لە لیواى (سنجاغ باجەڵان) ، سنجاغ بە واتاى (متێرفیە) یان (پارێزگا) بە زمانە توركیەكەى دێت . دواتر بوو بە سنجاغ درنە و باجەڵان كە ناوەندەكەى شارى زەهاو (درتنگ) بوو لە سەدەى هەژدە و ناوەندى زستانەشى خانەقین بوو .
سەردارانى باجەڵان ئەركى بەڕێوەبردنى ئەم ناوچەیە كە سەر بە ولایەتى شارەزور بوو گرتبووە ئەستۆ و ناوەندەكەشى شارى كەركوك بوو كە سلێمان قانونى كوڕى سلگان سلیم دایمەزراندبوو لە كاتى دەست بەسەرداگرتنى بە سەر عێراق و كوردستانى باشور لە ساڵى (1534) ز لە ناوچەى سنجاغ (چنگولە)ەوە كە دەكەوێتە پشتەوەى خانەقین واتا ناوچەى كرمانشاهى ئێستا دەست پێدەكرد تا دەگەیشتە پشكۆ و ناوچەى مریوان (مهربان) كە ئێستا سەر بە پارێزگاى سنەیە و هەروەها ناوچەى كوردستان و (شنۆ ــ اشنە) لە پارێزگاى ئورمیە لە ئێران و لەوێشەوە بۆ پشتەوەى (شیروانە مەزن) لە ناوچەى بارزان واتە بۆ بەشێك لە ناوچەى هەكارى ، كەواتە سلگان سلیمان كوردستانى باشورى لە یەكەیەكى ئیدارى فراوان كۆكردبووە و كەركوكى كردبووە ناوەندی هەرێمایەتى ئەم بەشەى كوردستان ، بەڵام ناوى باجەڵان كە ئەم لیوایە بەم ناوە نراوە ، ناوى قەبیلەی باجەڵانى كوردیە كە لە سەرچاوەكانى دەوڵەتى عوسمانیدا بە باجور و (باجەوان) هاتووە و لە شارى خانەقین جێنشین بوونە .
بۆیە ئەم شارە لە لاى كوردەكان بە ناوەندى باجەڵان دەژمێردرێت كە لەم ناوچەیە سەقامگیر بوونە تا دەگەیشتە زەهاو كە ئێستا لە نێوان عێراق و ئێران دابەشكراوە و (مس بیل) لەو بارەیەوە لە (فێول من تأریخ العراق القریب) وتویەتى باجەڵان فاكتەرێكى سیاسی گرنگ بووە لە ناوچەكە . هەروەها وتویەتى ئەو بەشەى ئەكەوێتە ژێر قەڵەمڕەوى دەوڵەتى عوسمانیەوە لە ژێر دەسەڵاتى مێگفى بەگ بووە و لە شارى خانەقین دائەنیشت .
لە عەشائرى كوردیدا (ئی . بی . سون) زانیارى وردى دەربارەى باجەڵان و دەسەڵاتیان نوسیوە و دەڵێت عبداللە بەگ دامەزرێنەرى میرنشینى باجەڵان بووە . ئەم قەبیلەیە میرنشینى باجەڵانیان دروستكردووە كە لە چیاكانى حمرین دەست پێدەكات تا ئەگەیشتە چیاكانى زەهاو و لە ڕووبارى سیروانەوە لە دیالە تا سنورى پشتكو و كرمانشاە درێژ ئەبووە . بەرپرسى ئەم میرنشینەش لە زەهاو دادەنیشت كە ناوەندى ئەم میرنشینە بووە و شارەكانى زەهاو و درنە و قێرشیرین و خانەقین و كرندى دەگرتەوە . لە بەر بایەخى ئیستراتیجى كە ئەم ناوچەیە هەیبووە بۆتە دەروازەى سەرەكى ڕۆژهەڵاتى بەغدا . دەوڵەتى عوسمانى بۆ رێزلێنان نازناوى (پاشاى) ئەبەخشیە هەر كەسێك كە بەرپرسیارێتى ئەم هەرێمەى ئەگرتە ئەستۆ.
دواى كۆتایی هاتنى جەنگ لە بەرەى زەهاو و ئەرز روم ئاشتەواییەك لە نێوان هەر دوو دەوڵەتى عوسمانى و ئێرانى ئیمزا كرا بەڵام كێشەكان هەر بە هەڵواسراوى مانەوە . لە دواى داگیركردنى شارى زەهاو ناوەندى لیواكە لە لایەن ئێرانەوە لە ساڵى (1823)ەوە 0 دەوڵەتى عوسمانى وازى لەو شارەى هێنا بۆ ئێران . پەیمانامەى ئەرز روم كە لە ساڵى (1847) لە نێوان دەوڵەتى عوسمانى و دەوڵەتى ئێران بە ناوبژیوانى بریتانیا و روسیا ئیمزا كرا لیواى درنە و باجەڵانى لە نێوان ئێران و دەوڵەتى عوسمانیدا دابەشكرد و بەشى ڕۆژهەڵاتى درا بە ئێران و بەشى ڕۆژئاواى كە خانەقینى لە گەڵدا بوو درا بە دەوڵەتى عوسمانى . نوسەر (ابراهیم باجەڵان) ئاماژە بە كۆمەڵى زانیارى دەدات لە كتێبى (الێراع العراقی الفارسی ێ264) ى دكتور عماد عبدالسلام كە تیایدا دەڵێت لە دواى پەیمانامەى ئەرز روم (واتا دواى دابەشكردنى ناوچەكە) لەو بەشەى ئەكەوتە ژێر فەرمانڕەوایى دەوڵەتى عوسمانیەوە لیوایەك دروست بوو بە ناوى (لیواى باجەڵان) كە لە لایەن سەردارانى قەبیلەى باجەڵانەوە بەڕێوەدەبران و پێكهاتبوو لە قەزاكانى خانەقین و كفرى و دوزخورماتوو مەندەلى و قەزانیە و بەدرە .
عەزاوى لە كتێبى (تأریخ العراق بین الاحتلالین ێ143) ئاماژە بە بوونى (لیواى خانەقین) دەكات و دەڵێت مامۆستا سلێمان فائق قائمقامى لیواى خانەقین بووە لە ساڵى 1863 كە لەو ساڵە هێڵى تەلەگراف گەیەنراوە بە خانەقین و دواتر بەستراوە بە هێڵى ئێرانەوە . لە دوو سەنەدى عوسمانیدا كە لە ساڵى (1892)ەوە دەرچووە و لە لاى مامۆستا ابراهیم محمد أمین باجەڵان پارێزراوە شارى خانەقین لە دواى نەمانى میرنشینى باجەڵان بووە بە لیوایەك بە ناوى لیواى خانەقین .
  نوسینى : یوسف حمید .
 
وەرگێڕانى بۆ كوردى:
سەرچاوە : حدود كوردستان الجنوبیە تأریخیا وجغرافیا خلال خمسە الاف عام ، للاستاژ عبدالرقیب یوسف .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە