کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جه‌ماوه‌ری تووڕه‌ ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان

Saturday, 29/01/2011, 12:00



سه‌رده‌می نوێی خه‌باتی میلله‌تان لاپه‌ڕه‌یه‌کی تری هه‌ڵدایه‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌ بۆر و به‌ خوێن سوور بووه‌کانی ڕژێم و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆرییه‌کانی له‌ زبڵدانی مێژوودا تووڕدا و که‌وتنه‌ بن پێ له‌قه‌ی میلله‌تانی هوشیار و خاوه‌ن وشه‌ و هه‌ڵوێست.. دوێنێ تونس و ئه‌مڕۆ میسر و سبه‌ینێ کوردستان. له‌ کاتێکدا به‌راوردی بارودۆخی حوکم و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاتانه‌ بکه‌ین زۆر له‌ کوردستان له‌ پێشتریش بوون، چونکه‌ ئه‌وان خاوه‌نی قه‌واره‌ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆژئاوا پشتی تێ کردن که‌ پێشتر تاکه‌ هێزێك بوون که‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تۆتالیتاریزمانه‌ حسابییان بۆ ئه‌کردن به‌ڵام کوردستان نه‌ك هیچ بنه‌مایه‌کی ئه‌کادیمی و زانستی تیا نییه‌ به‌ڵکو بووه‌ته‌ مۆڵگه‌ی دوو باندی مافیای تاوانکار و بێ مۆڕاڵ و به‌ درێژایی 20 ساڵی ڕابردوو ڕووی ڕه‌شی به‌عسیان به‌ تاوانه‌ جۆراوجۆره‌کانییان سپی کرده‌وه‌. کاتێك باس دێته‌ سه‌ر وته‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌وا هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێت ببێته‌ به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ر له‌ ڕێگایدا، ڕۆژئاواش تا سه‌ر دۆستی هیچ که‌س نییه‌ و له‌ کوێدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانییان یه‌ك بگرێته‌وه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ن. بۆ نموونه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا کۆسۆڤۆی 2 ملیۆن که‌سیی که‌ به‌ یه‌ك وته و هه‌ڵوێست‌ جاڕی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان دا هیچ باکییان ته‌نانه‌ت به ناڕه‌زایی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌کانی وه‌ك سرب و ڕوسیا و یۆنانیش نه‌دا و دواییش هه‌ر ئیراده‌ی میلله‌ت سه‌رکه‌وت.

ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دیکتاتۆرییانه‌ی وه‌ك تونس و میسر و دوای ئه‌وانیش حوکمی قه‌ره‌قۆشیی وه‌ك جه‌لال و مه‌سعودی هێشتبووه‌وه‌ و ‌‌تا ئێستا هێشتووه‌ته‌وه‌ بریتی بوو له‌ سته‌م و خۆڵ له‌چاو کردن و سوکایه‌تی کردن به‌ هاوڵاتییان که‌ هیچ به‌هایه‌کی مرۆڤانه‌یان بۆ دانه‌نرابوو، ته‌نانه‌ت ئابڕووی سیاسی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ش به‌ جۆرێك تکا بوو، له‌ کاتێکدا که‌ به‌ هۆی شۆڕشی نوێی ته‌کنه‌لۆژیاوه‌ هه‌ندێك له‌و پێشێلکاریانه‌یان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان و تۆڕه‌کانی ئینته‌رنێتدا بڵاو ببووایه‌ته‌وه ئه‌وه‌ هه‌ر خۆشیان تێك نه‌ده‌داو باسیان نه‌ده‌کرد وه‌ك نه‌ بایان بینیبێت نه‌ بۆران.

تاکه‌ چاره‌سه‌ریش که‌ ته‌نانه‌ت وڵاته‌ زلهێزه‌کانیش شادمان ده‌کات بریتیه‌ له‌ دادپه‌روه‌ریی و یاسا و یه‌کسانی له‌ مافه‌کاندا و دیموکراتی ڕاسته‌قینه‌ و ئازادییه‌کان، چونکه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ئه‌و جۆره‌ حوکمانه‌دا مرۆڤی هوشیار و خاوه‌ن ماف و ته‌با و ئاسایی به‌رهه‌م دێت، نه‌ك گیرۆده‌ بوو به‌ جۆره‌ها ده‌ردی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و ڕامیاریی و هتد.. بۆیه‌ ده‌توانین ئه‌م گۆرانکارییه‌ خێرایانه‌ی جیهان و ئه‌م زه‌مه‌نه‌ به‌ زه‌مه‌نی نوێی ده‌سه‌ڵاتی میلله‌تان ناو بنێین به‌ تایبه‌تی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌ ده‌ستی دواکه‌وتوویی و سته‌مه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، چونکه‌ ڕۆژئاوا که‌م تا زۆر له‌ مێژه‌ به‌و قۆناغانه‌دا تێپه‌ڕ بوون و ئه‌زموون و ژیریی و زانست گه‌یاندوونیه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ شه‌فافییه‌ت هه‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌کان دا و په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسه‌قینه‌ هه‌بێت له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌تدا که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی پاکیزه‌ و متمانه‌ی دوو لایه‌نه‌ دروست بووبێت.

کێشه‌ی ئه‌و هێزو ده‌سه‌ڵات و حهوکمه‌ دیکتاتۆریانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ چونکه‌ به‌ ساخته‌ و درۆ و سهته‌م و خوێن ڕشتن خۆیان سه‌پاندووه‌ ئه‌وا هیچ ڕێگایه‌کی مه‌ده‌نی و دبلۆماسی پێیان پێ له‌ق ناکات و گوێ له‌ زمانی ژیربێژیی ناگرن و ته‌نیا به‌ زه‌بری هێزی میلله‌ت ده‌پوکێنه‌وه‌و هه‌ڵدێن و ئه‌وجا خیانه‌ت و تاوانکاریه‌کانییان بێ په‌رده‌ بۆ هه‌مووان ئاشکرا ده‌بێت و ده‌بنه‌ په‌ند بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وان بیانه‌وێت ڕێچکه‌ی خوارو خێچی ئه‌وانه‌ بگرن و بکوژن و ببڕن و واش بزانن ئاوها به‌ ئاسانی تا مردن بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر.

کاتێك میلله‌تی کوردی ڕق خواردوو به‌م زووانه‌ که‌وته‌ سه‌ر شه‌قام و ‌جامی تووڕه‌یی خۆی به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ قه‌زه‌م و نه‌زۆکه‌ ڕشت ئه‌وا هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێت دایبمرکێنێته‌وه‌ و به‌ناوی خه‌باتی سیاسی و دیبلۆماسییه‌وه‌ ساردی بکاته‌وه‌ و زیاتر ڕێ بۆ دیکتاتۆره‌کان خۆش بکات خه‌ڵکی هه‌ژار بچه‌وسێننه‌وه‌و مافه‌کانیان پێشێل بکه‌ن، ئه‌و کاته‌ش هه‌ر میلله‌ت خۆی بڕیاری یه‌کلاکه‌روه‌ی خۆی ده‌دات و که‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ران و ڕه‌مزه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بواری هه‌ڵهاتنیشیان نه‌مێنێت کاتێك میلله‌ت بڕیاری دادپه‌روه‌رانه‌یان به‌سه‌ردا ده‌دات.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە