کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستان و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

Wednesday, 19/01/2011, 12:00


کاتێك له‌ 25/12/1989 دیکتاتۆریی ڕۆمانیی چاوچیسکۆ و ئیلینای ژنی سزای کوشتنیان له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ر و چینه‌ جیاوازه‌کانی میلله‌ته‌وه‌ به‌سه‌ردا جێ به‌جێ کرا، نه‌ك که‌سێك نه‌بوو به‌رگرییان لێ بکات به‌ڵکو به‌وه‌ لاپه‌ره‌ی قۆناغێکی درێژ له‌ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌و دیکتاتۆرییه‌ت هه‌ڵدرایه‌وه‌ و له‌ مێژووی هاوچه‌رخدا به‌ قۆناغێکی گرنگی گۆڕانکارییه‌کان له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌درێت، ئه‌م مێژووه‌ گه‌شه‌ هاوئاهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ له‌ به‌رواری 25/12/1948دا، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ جه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا و له‌ 25/12/2010 دا ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی له‌ وڵاتی تونس ڕووی دا که‌ به‌پێی ڕێکخراوه‌ مرۆیی و ڕاگه‌یاندنه‌ جیهانییه‌کان "تونس" یه‌کێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی که‌ به‌درێژایی 23 ساڵی ڕابردوو ئازادی تێدا کپ کراوه‌ته‌وه‌ و به‌ جۆره‌ها شێوه‌ مافی مرۆڤی تیا پێشێل کراوه‌، ده‌سه‌ڵاتداران داهاتی ولاتیان بۆ خۆیان قۆرغ کردبوو. ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدا بوو که‌ لاوی تونسی ده‌رچووی زانکۆ{محمد بو عزیز}دوای ئه‌وه‌ی که‌ده‌سه‌لاتی تونسی قه‌ده‌غه‌ی ته‌ماته‌ فرۆشتنیان لێ کرد ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و لێره‌وه‌ بڵێسه‌ی شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی پێ کرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌و کاته‌دا هه‌واڵی خۆسوتاندنی ئه‌و لاوه‌یان به‌سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یاند به‌لام ئه‌و به‌ سوکایه‌تییه‌وه‌ گوتبووی{با بمرێت}.ئه‌م بڵێسه‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا و به‌ تایبه‌تی له‌ باکووری ئه‌فریقیا په‌ره‌ی سه‌ند و بووه‌ زه‌نگێکی به‌هێز بۆ هووشیارکردنه‌وه‌ی میلله‌تانی بێ ماف و سه‌رکوتکراو.

بارودۆخی هاوشێوه‌ی تونس زۆر نزیکه‌ له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌وه‌و هه‌مان ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌ پشت ئه‌و تووڕه‌ییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ بوون له‌ کوردستانی ئێمه‌شدا بوونی هه‌یه‌و لای هه‌موومان ڕوونه‌ که‌ له‌ 20 ساڵی ڕابردوودا نه‌ك بیر له‌ بن خانی ئابووریی کوردستان نه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو بن خانی ئابووری له‌ ئارابووی ئه‌و کاته‌ش دزراو ئاودیو کراو دیارده‌ی چه‌ته‌گه‌رایی به‌ ناوی سیاسه‌ت و کوردایه‌تییه‌وه‌ په‌ره‌ی سه‌ند و سووته‌مه‌نییه‌که‌شی بووه‌ هاوڵاتی کورد و گه‌نجانی سته‌م لێکراوی کورد، به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ پێشێلکاریی به‌رانبه‌ر مافه‌کان و سه‌روه‌ریی تاکی کورد کرا هه‌ر له‌ ڕه‌می کردنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دیل کوشتن وگۆڕی شاراوه‌ی به‌ کۆمه‌ڵ و ئه‌شکه‌نجه‌دان و سه‌روه‌ت و سامان تاڵان کردن و سه‌رانه‌ سه‌ندن و هه‌ره‌شه‌کردن و ئیهانه‌ کردنی که‌رامه‌تی مرۆڤ و شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کانی کوردکوژیی و مه‌له‌ف که‌شف بوونی سیخوڕیی و خیانه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدان. بۆ نموونه‌ کاتێك جه‌بار فه‌رمان 28 که‌سی له‌ خێڵی شه‌مێرانیه‌کان به‌ ته‌ور کوشت، کورو باوکێکی تێدا بوو که‌ باوکه‌که‌ تکای له‌ جه‌بار فه‌رمان کردبوو که‌ ئه‌و پێش کوره‌که‌ی بکوژێت تا هیچ نه‌بێت مه‌رگی کوڕه‌که‌ی نه‌بینێت، به‌ڵام ئه‌و گوتبووی مادام ئه‌مه‌ وه‌سییه‌تی سه‌ره‌ مه‌رگته‌ پێویسته‌ کوڕه‌که‌ت یه‌که‌مجار له‌به‌رچاوتا بکوژم و به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ هه‌موویانی به‌به‌رچاوی یه‌کتریه‌وه‌ کوشت! هه‌چ ده‌سه‌ڵاتێك تاوانکاری ئاوهای دروست کردبێت و له‌خۆ گرتبێت بێگومان ده‌که‌وێته‌ به‌ر نه‌فره‌تی مێژوو و مرۆڤایه‌تی و تۆڵه‌ی میلله‌ته‌وه‌.

کاتێك ده‌سه‌ڵاتێکی ئاوها هیچ به‌هایه‌ك بۆ ڕای هاوڵاتیان و کێشه‌کانیان و ئازادی و مافه‌کانیان دانه‌نێت و ڕێز له‌ هه‌ڵبژاردن و ئیراده‌یان نه‌گرێت "بێجگه‌ له‌ کۆمه‌ڵێکی که‌می سوودبین له‌و هه‌له‌"! ئه‌وا بێگومان هه‌ر ده‌بێت ئه‌و ڕۆژه‌ بێته ‌پێشه‌وه‌ که‌ میلله‌ت به‌ زه‌بری هێز وته‌و داواکاریه‌کانی خۆی بێنێته‌ دی. ته‌کنه‌لۆژیای نوێ زه‌مه‌نی په‌راوێزکردنی له‌گۆڕنا و جیهانی کرده‌ گوندێکی بچووك و هه‌موو کاردانه‌وه‌کان پێکه‌وه‌لکاون و مانه‌وه‌ بۆ دادپه‌روه‌ریی و یاساو مافه‌کان ده‌بێت و سه‌نگی ئیراده‌ی میلله‌ت ئه‌م ڕاستییه‌ ئه‌سه‌لمێنێت.

له‌ ئۆگستی 2007 دا و پێش ئه‌وه‌ی (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان) وزه‌ و ده‌نگی ناڕه‌زاکان له‌خۆبگرێت و به‌خه‌باتی سیاسی و دبلۆماسی بیه‌وێت ئامانجه‌کانی میلله‌ت بێنێته‌ دی و بنه‌بڕی گه‌نده‌ڵی بکات و "شه‌قامی ناڕه‌زاش کپ بکاته‌وه‌"!! ،سه‌دان لاوی بێکاری تووڕه ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی سلێمانی و هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌وپه‌ڕیی شێوازیی نامرۆڤانه‌ سه‌رکووتی خۆپیشانده‌ره‌کانیان کرد، هه‌ر له‌ هه‌مان کاتدا بوو که‌ به‌رپرسه‌کان کونه‌ مشکیان لێ بووبووه‌ قه‌یسه‌ری و به‌ نهێنی سامانه‌کانیان گواستبووه‌وه‌ و خۆیان له‌ به‌رچاوانی میلله‌ت ون کرد.

له‌ کۆتاییدا ئه‌مه‌وێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌م وتاره‌ی من که‌ف و کوڵێکی عاتیفی نییه‌ و بانگه‌واز نییه‌ بۆ هیچ بیرێکی حیزبایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی خوازیی، ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ی له‌ دووتووێی ئه‌م نووسینه‌دا خراوه‌ته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران چه‌ند ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گرن به‌ به‌ڵگه‌ی مێژوویی و لێکدانه‌وه‌ی لۆژیکیانه‌ سه‌لمێنراون، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ چاوه‌ڕوان کردنی مه‌ودای زه‌مه‌نه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ناره‌زاییه‌ گشتییه‌ی که‌ کۆلکه‌ هاوبه‌شه‌کان بریتی ده‌بن له‌ هاوخه‌میی و هاوگوتاریی میلله‌ت بۆ سه‌ندنی مافه‌کانیان و کۆتایی هێنان به‌ فه‌وزای گه‌نده‌ڵی و سته‌م و سه‌رکوت کردن‌.

19/1/2011سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە