کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زۆر حەیفە ئێوەى بەهێز و دەسەڵات داواى گفتوگۆ لەو بێهێز وبچوكانە دەكەن!

Tuesday, 03/05/2011, 12:00


لەبەرئەوەى چەند جارێك بینیومە رۆژنامەنووس و نووسەران لەسەر ئازادى رادەبڕین و نووسین سزادراون، بەڵام نەمبینیوە كەس لەسەر خەو گێڕانەوە سزادرا بێت، بۆیە منیش ووتار نانووسم بەڵام خەوێكم بینى و وا شوكر بە ئازادى دەیگێڕمەوە، لەخەوما دوو گروپ خەڵكم بینى و بەدەنگى بەرز پێم گوتن:
زۆر حەیفە بۆ ئێوەى دەسەڵات داواى دیالۆگ لە ئۆپۆزسیۆن دەكەن! ئێوەى دەسەڵات بەو بەهێزى و زەبەلاحییە كەچى تازە دەتانەوێت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دابنیشن و خۆتان بچوك بكەنەوە؟!
بەو دەسەڵاتە ناسراوەتان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ئیقلیمى تازە دەتانەوێت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێكى تازەبابەتدا دابنیشن كە لە دنیادا كەس نایانناسێت و كەس نازانێت كێن!
من بە ئێوەى دوو حیزبى دەسەڵاتدار دەڵێم، ئەرێ ئێوەى رەسەنى ئەم ووڵاتە بۆچى دەتانەوێ تازە بە تازە لەگەڵ خەڵكى نارەسەن و دەستەمۆى دەرەكیدا گفتوگۆ بكەن؟!
ئێوەى هەرە دڵسۆز و خەمخۆر و دەستپاكى ئەم ووڵاتە بۆچى ئەتانەوێ موعارەزەیەك تێكەڵ بەخۆتان بكەن كە هیچ خۆشییەكیان بۆ ئەم ووڵاتە ناوێت؟!
ئەو سێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنە كە تا دوێنێ پیاوى چاك بوون چونكە لەگەڵتاندا بوون بەڵام ئەمڕۆ لەبەرئەوەى لەگەڵتان شەریك نین و پیاو خراپن ئیتر بۆچى ئەتانەوێ گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە بكەن؟!
زۆر حەیفە ئێوە وا خۆتان بەكەم دەزانن، نازانم بۆچى؟! ئێوەى خاوەن پارە و نان بە جۆرێك دەتوانن نانى ئەوان ببڕن هەروەك بڕیتان ئیتر بۆچى دەتانەوێ لەگەڵ ئەو لات و لوت و موفلیسانەدا دابنیشن؟! ئایا ئێوە زۆر لە ئەوان گەورەتر و رەسەنتر نین؟!
ئێوەى خاوەن چەك و تفاق و دەبابە و ناقیلە و ئەوانى بێ چەك و بێ میلیشیا ئیتر چۆن دەبێت لەسەر یەك مێز وەكو یەكبن و گفتوگۆ بكەن؟!.
ئێوەى خاوەن شاخ و شارى ئەم سەر زەمینە و ئەوانى بێ دەستمایە كە كەس نازانێ لە كام ئەستێرەوە دابەزیون چۆن ئەبێت پێكەوە گفتوگۆ بكەن؟!
پێتان دەڵێم ئەرێ ئەى پیاوانى هەردوو حیزبى دەسەڵات، ووریابن با یەك یان دوو خۆپیشاندانى سەراى ئازادى (ببورن بەردەركى سەرا) واتان لێنەكات خۆتان لێبگۆڕدرێت بە دۆڕاو یان زەبوون!
ئێوە هەر نەبەرد و قارەمانەكەى جارانن، ئێوە هەر دڵسۆز و خەباتگێڕەكەى دوێنێن، ئاگادار بن ئێوە نەگۆڕاون و خەڵك هەر وەك جاران دەتانبینێًت، نەكەن وا تێبگەن كە گۆڕاون!
ئێوە زۆرینەى میللەتن و ئەو هەموو جەماوەرەتان لەگەڵدایە هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنێكى پاك و بێ عەیب و بێ تەزویر و شەفافدا بردتانەوە و بوون بە پاڵەوانى ساحەكە، زۆر سەیرە كەچى ئێوە ئێستە داوا لەو ئۆپۆزسیۆنە زۆر كەمینە و بێ جەماوەرە دەكەن كە گفتوگۆتان لەگەڵ بكەن!
بزانن خوا هەڵناگرێ و قبوڵ ناكات ئەگەر وا بكەن، چونكە ئێوە هەر ئەبێت خۆتان (هەردووكتان) پێكەوە دابنیشن و هەرئێوە بڕیار لەسەر چارەنووسى ئەم ووڵاتە بدەن نەوەك لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێكى كەمینە و بێ پرۆژە!
نازانم ئێوە بۆچى داواى گفتوگۆ لە سێ حیزبى زۆر بچوكى ئۆپۆزسیۆن دەكەن؟! ئەگەر دوێنێ خۆپیشاندان دەكرا خۆ شوكر ئەو خەڵكە هەركە بۆیان دەركەوت ئێوە راستگۆن و پیاوى چاكن یەكسەر بە ویستى خۆیان شەقامیان چۆڵ كرد! ئەوەتانێ ئەوە چەند رۆژە سلێمانى و كوردستان كپ و بێدەنگە و عەیبى نییە و هەموو خەڵك رازییە و بێ گلەییە ئیتر ئاخۆ پێم ناڵێن گفتوگۆ لەسەر چى بكەن؟1
شوكر دنیا ماستى مەییوە، هیچ كێشەیەك نییە، خەڵك هەمووى تێر و خاوەن كارن، ئیتر دانوستان لەسەر چى؟!
ئێوە زۆر سەیرن وا ماوەیەكە ئەوەندە گلەیی دەكەن لە ئۆپۆزسیۆن گوایە نایەن گفتوگۆتان لەگەڵ بكەن، ئێوە هەروا بەبێ مەرج بۆچى ئەتانەوێ ئەوان گفتوگۆتان لەگەڵ بكەن، لەكاتێكدا پێویستە هەر ئێوە مەرجیان بۆ دابنێن ئەویش ئەو مەرجە بێت كە هەرسێكیان دان بنێن بەو عەدالەت و یەكسانیەى لە هەرێمدا هاتووەتە كایەوە ئینجا دەبێت داواى دانیشتنیان لێبكەن!
حكومەتێكى مۆدێرن و بێ لەكە، ئیتر نازانم بۆچى دەتانەوێ لەگەڵیاندا باسى حكومەتى بنكە فراوان بكەن؟! هەڵبژاردنێكى پاك و بێگەردتان كرد ئیتر بۆچى دەتانەوێ باسى هەڵبژاردنى پێشوەختە بكەن؟! ووڵاتێكى پڕ عەدالەت و پر چاكسازى، ئیتر بۆچى دەتانەوێت ئۆپۆزسیۆن بەشدارى لە چاكسازى بكات!
ئێوە ماوەیەكە وا مامەڵە دەكەن هەر وەك ئەوەى خوانەخواستە میللەتتان لەگەڵ نەبێت و وەخت بێت كورسییەكەتان لەق بێت و خوانەخواستە مۆدێلتان نەمابێت، لەكاتێكدا ئێوە كورسیەكەتان پتەوە و پشتیوانى هەموو خەڵكتان لەگەڵدایە و مۆدێلیش مۆدێلى ئێوە و وێنەى ئێوەمانانە، نازانم ئێوە لە چى ترساون!
تكایە وەرنەوە سەرخۆتان ئێوە هەر پاڵەوانەكەى جارانن ئیتر ئۆپۆزسیۆن با هەر بۆخۆى قسە بكات!
ئۆپۆزسیۆن خەڵكى لەگەڵ نیە و ناتوانێت خۆپیشاندان ساز بدات ئیتر ئێوە لە كام خۆپیشاندان ترساون؟! خەڵكە بێلایەن و رۆشنبیرەكەش تەنها پشتیوانى ئێوە دەكەن ئیتر ئەوە بزانن ئەگەر ئەو خەڵكەى خۆپیشاندان بكات ئەوە دژى ئۆپۆزسیۆنە خۆپیشاندان دەكات نەك دژى ئێوە، ئیتر نازانم بۆ لە خۆپیشاندانى خەڵكى بێلایەن و رۆشنبیریش دەترسن؟!
ئێوە دەستان خۆشبێت كە نان و قوتى ئەوانتان بڕى ، دە ئیتر بانگیان مەكەن بۆ گفتوگۆ چونكە ماوەیەكى تر دەمرن لە برسانا و دەتوێنەوە ئیتر كەس نامێنێت پێتان بڵێت (نا)!
ئەگەر موعارەزە هەر پرۆژەیەكیان هەبوو ئەوا بە زۆرینەى دەنگ لەپەرلەماندا لەبارى بەرن، هەر بیرۆكەیەكیان هەبوو بەزۆرینە پوچەڵى بكەنەوە، ئێوە هەموو دنیا دەزانێت زۆرینەن، هەر بژى زۆرینە، هەر بۆپێشەوە زۆرینە!
هەر ئێوە براوەن و هەر ئێوە دەیبەنەوە و دوارۆژ هەر بۆ ئێوەیە چونكە ئێوە بەشێكى سەرەكى میللەتن و تێكەڵاو بەخەڵكن، چونكە بەرپرسانى ئێوە و خەڵك هیچ دیوارێكیان لەنێواندا نیە و عالەم وەك خۆتان دەتانناسێت!
بەسە ئیتر داواى گفتوگۆ لە موعارەزە مەكەن، با هەر ئەوان داوا بكەن و با هەر ئەوان بۆ خۆیان بڵێن، ئێوە هەر بە گیزەى مێشێكیشى مەزانن چونكە ئێوە زۆر لە ئەوان گەورەترن! ئێوە هیچ كێشەیەكتان نیە! ئێوە شازى دیموكراسین! ئێوە شازى مۆدێرنیزمن!
ئیتر بەسە، تا ئێستا چۆنتان هێناوە هەروا بیبەنە سەر، ووریابن زۆر لەوە زیاتر داواى گفتوگۆ لە موعارەزە مەكەن چونكە بەوە كێرڤى جەماوەریتان دێتە خوارەوە و ئەمجارە هەڵبژاردن بێتەوە ئەوان دەیبەنەوە، لەبەر ئەوە دڵنیابن هەر ریتمەكەى جارانتان شاز و بێ وێنەیە، ووریابن هیچ شتێك وێنەتان نەگۆڕێت. هەروەك خۆتان بن و دڵنیابن و ئیتر لەمەودوا تێر تێر بنون هەروەك نوستنەكانى پێش حەڤدەى شوبات!
لە كۆتایى خەوبینینەكەیشمدا هەر هوتافم دەكێشا و دەمگوت: هەر بژین ئێوە، هەر بۆ پێشەوە ئێوە، ئافەرین بۆ ئێوە! ئەگەر هەركەسێكیش باوەڕ ناكا با سەیرى دیمەنەكانى سەراى ئازادى (ببورن بەردەركى سەرا) بكات یاخود سەیرى دیمەنى دادگاییكردنى رۆژانەى تاوانباران بكات ئیتر ئەوسا چاك تێدەگات و بڕوا دەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە