کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد لە نێوان بێ هەڵوێستی سەرانی باشوری کوردستان وهەڵوێستی ئازایانەی کلاودیا ڕۆتدا

Sunday, 05/10/2014, 12:00





هەرشتێک بە هێز بە دەستی بهێنێن، دەبێت هەر بە هێزیش بەرگری لێبکەین
" غاندی"

مرۆڤی کوردیش بە خەبات و بەرگری و هیز نەبێت ناتوانێت مافەکانی بە دەست بهێنێت، بەڵام مەرج نیە ئەو هێزە بەس تەنها بە چەک بێت، بەڵکو ئازایەتی سەرکردەکان یان سیاسەتی دروست و دڵسۆزانەیان...!؟

لەسەر داعش زۆر نووسراوە بەڵام لە دژی زۆر کەم کراوە، لەبەرئەوەی تا ئێستا سەرانی کورد و خەڵک لە مانای ترسناکی پەیام و بیروبۆچوونەکانی ئیسلامی سیاسی نەگەیشتوون..؟

سەرانی کورد بە گشتی بەرپرسن لە شکستەکانی کورد لە بەغداد، بەڵام بارزانی وەک سەرۆکی ماوە بەسەرچووی هەرێم بەرپرسی یەکەمە لە شکستەکانی شەنگال وهەروەها ئێستاش لەو بارودۆخەی کە بەسەر کۆبانیدا هاتووە، لەبەرئەوەی گەر ئەوان شەنگالیان ڕادەستی تیرۆرستانی داعش نەکردایە، ئەوا ئاوا بە ئاسانی نەیان دەتوانی هێز و چەکەکانی کە لە موسڵ و شەنگال پێان بەخشین، بیبەن بۆ شەڕی کوردانی ڕۆژئاوا و کۆبانێ و سەدەهاهەزار کورد ئاوارەی سەرسنورەکانی تورکیا بن و تورکیاش وەک دوژمن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات بە دڕندەترین شێواز ڕایان بگرێت لەسەر سنور...؟

بارزانی پاش شکستەکەی شەنگال و نزیکبوونەوەی داعش خۆیان ئامادەکردبوو بۆ هەڵهاتن، هەرچەند بەشێکی زۆری بارزانیەکان هەلهاتبوون بۆ تورکیا...؟

بەڵام ئەمریکا ئەوکارتەشی گرتەوە دەست خۆیی و هەولێرو دەسەڵاتی بارزانی پاراست ...؟ بەڵام دیارە بێ مەرج نەبوو...؟

مەرجی ئەمریکا ئاشکرا دەرکەوت کە بۆ فشاری سیاسی بووە لەسەر بارزانی تا وەزیرە بێ دەسەڵاتەکانی کورد بگەڕێنەوە بۆ بەغداد و بەشداری حکومەتەکەی عەبادی بکەن..؟

ملهوڕەکانی کورد لە بەغداد دیسانەوە ملکەچی سیاسەتی ئێران و شیعە کرانەوە و دیسان کوردیان خستەوە باوەشی حکومەتی شیعەی ڕەگەز پەرست و فاشیستی دینی و ئێرانی...؟

ئۆباماش لەو فشارەیدا یەک ئامانجی هەبوو تا لە ووتەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە دروستبوونی حکومەتی عێراق بکات و کێشە سەرەکیەکانی ناو عێراق دووبارە پەردەپۆش بکاتەوە لە پێناو ئەو ئامانجەی خۆیاندا کە لە ڕێگای داعشی تیرۆرست و سەربە سعودیە و قەتەر و تورکیا کاری بۆ دەکەن، واتا داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست...؟

سەرانی کورد گەر یەکگرتووبوونایە و سیاسەتێکی ستراتیجی و دووربینیان هەبووایا ئەو دەیانتوانی دەستکەوتی زۆر گەورە تا ئاستی سەربەخۆیی بۆ کورد ستان بە دەستبهێنن...؟

بەڵام سەرانی کورد لە باشور نەک ئازاو بوێر نەبوون بەرامبەر بە دوژمنان لە بەغداد و ئەنقەرە و تاران وداعشیەکان بەڵکو چوونەوە باوەشیان و دووبارە پشتیان کردەوە خەڵکی کوردستان و داخوازییەکانیان بۆ ئازادیو یەکسانی و سەربەخۆیی...؟

ئەو سەرکردە و بەناو پەرلەمانتار و مشەخۆرانە نەک سەردانی ئاوارەکانی شەنگال و کۆبانیان نەکرد، بەڵکو وەک پێویستیش هاوکارو هاوخەمیان نەبوون...؟

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و کلاودیا ڕۆت جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا و سیاسەتمەداری پارتی سەوز سەردانی ئاوارەکانی شەنگالیان کرد و ئێستا ئەڵمانیا هاوکاری پێشمەرگە دەکات بە چەک و مەشق پێکردنیان، بەڵام هێشتا ئەو هاوکارییە وەک پێویست نیە و دەبێت بۆ کۆبانی و ڕۆژئاواش بە هەمان شێوە بێت، لەبەرئەوەی شەڕی چارەنووس ساز ئەوان دەیکەن لە دژی داعش...؟

کلاودیا ڕۆت سیاسەتمەداری بەناوبانگی پارتی سەوزی ئەڵمانی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا هەمیشە خەمخۆری کێشەی کورد بووە و هەوڵیداوە بۆ هاوکاری کورد و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە کوردستان تا کورد بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بگات وەک نەتەوەیەک ڕزگاری بێت لەو کێشانەی کە تێیکەوتووە و بۆی دروستکراوە...؟

ڕۆژی 04.10.2014 لە بەشی هەواڵەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنی دووی ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ لەسەر سنوری تورکیا و سوریا چاوپێکەوتنێکی کرد لەگەڵ بەڕێز کلاودیا ڕۆت.

بەڕێزی زۆر بە توڕە وبیتاقەت بوو لەو بارودۆخەی کە ئێستا کورد تێی کەوتووە و ئاوا تووشی هەڕەشە و ئاوارەبوون بوونەتەوە دیسان...!
ئەو پێی وایە تراجیدیاکانی کورد زۆرن و نابێت لە یاد بکرێن...! بە خەمبارەییەوە ووتی " لەبیرکردن کوشندەیە، بۆیە من قەت ئەو تراجیدیا و نەهامەتیانە لە یاد ناکەم کە بەسەر کورددا هاتوون...".
ئەمڕۆ کلاودیا ڕۆت لەسەر سنوری تورکیا و سوریا لە نزیک کۆبانی سەردانی 160000 ئاوارەی کوردی کرد و زۆر توڕە بوو لە سیاسەتی دەبڵ مۆڕاڵی ئەردۆغان و ڕەخنەی توندی لە ‌هەڵوێستی تورکیا گرت کە لە ڕابوردوودا ڕێگای نەگرتووە لە چوونی چەک بۆ داعش لە تورکیاوە و هەروەها ڕێگای نەگرتووە لە فرۆشتنی نەوتی داعش ...؟

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە بەرپرسە دیارەکانی داعش لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر کراون...؟
ئاماژەی بە ڕاستیەکی شاراوە کرد، ئەویش ئەوە بوو کە لە هاویندا داعش لە ئەستەمبوڵ کەمپێکیان کردۆتەوە بۆ ڕا‌هێنان بە چەکدارەکانیان.؟

ئەمانە و کۆمەڵێک ڕەخنەی تری ئاڕاستەی سیاسەتی دووفاقی ئەردۆغان گرت بەرامبەر بە کورد لە ناوچەکەدا...؟
لە لایەکی ترەوە ووتی دەبێت ئەڵمانیا بیر لەوە بکاتەوە چۆن فشاری سیاسی بخاتە سەر تورکیا، تا سیاسەتێکی ڕۆشن و بڕوا پێکراو پیادەبکات...؟
کلاودیا ڕۆت ووتی ئەڵمانیا یان کورد چۆن بڕوا بە ئەردۆغان بکەن کە گەمەی سیاسی دەکات...؟ بە تایبەت کورد کە ئێستا پرۆسەی ئاشتی هەیە لەگەڵ تورکیادا...؟
ووتی ئەرکمانە نەک تەنها بە چەک هاوکاری کورد بکەین بەڵکو دەبێت بە تەنگ ئە هەزارەها ئاوارانەوە بین و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەین تا دەگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان...؟
هەروەها بەڕێزی ووتی" دەبێت بە هەموو شێوازیک هاوکاری کورد بکەین نەک وازیان لێبهێنین کە بە تەنها لە جیاتی ئێمەش شەڕی تیرۆرستانی داعش بکەن..."!
بە تووڕەییەوە ووتی ووڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە دەبێت واز لەو سیاسەتە چەوتە بهێنن کە شەڕی خۆیان بە وەکالەت خستۆتە ناوعێراق و سوریا و کوردستانەوە...!؟

ئەو قسە و ڕەخنانەی کە بەڕێز کلاودیا ڕۆت گرتی لە سیاسەتی ئەردۆغان لە دژی کورد، نەک لە دەمی هیچ بەرپرسێکی باشورەوە نەهاتە دەر، بەڵکوبەپێچەوانەوە نێچیرەڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت درۆی دەکرد بۆ تورکیا و هاوڕێ بازرگانەکەی ئەردۆغان، ووتی تورکیا دۆستی کوردە و بە هیچ شێوەیەک هاوکاری داعش ناکات و پاکانەی بۆ تاوانەکانیان دەکرد. کەناڵی ڕووداو ناسراو بە کەناڵی نەوتەکە هەر خەریکی درستکردنی سیناریۆی درۆیە بۆ تورکیا و سیاسەتەکانی...؟

بە تایبەت پاش ئازادکردنی 49 میوانی تورکی لای داعش، سینارێۆیەکی درۆی ئازادکردنیانی باسکرد، لە پاشدا تورکیا بە درۆشی خستنەوە...؟

گەر سەرانی کورد واز لەو سیاسەتە خراپ و دووفاقیە نەهێنن ئەوا چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکاندا دەکەوێتە مەترسیەوە و دیسانەوە کورد مایە بووچ دەردەچێت..؟

گەر سەرانی کورد فریای کۆبانی نەکەون ئەوا تورکیا خۆی کۆبانی داگیر دەکات، کاتیک لە داعش بی هیوا دەبیت بچێتە ناو کۆبانیەوە، لەبەرئەوەی ئامانجی شکستهێنانە بە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا..؟

ئەوکاتە تورکیا بە بەهانەی پارێزگاری لە کۆبانی لە دژی داعش، لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئەوروپادا وەک فریاد ڕەس خۆی نیشان دەدات...؟


دەتوانیت دەقی چاوپێکەتنەکەی خاتوو کلاودیا ڕۆت بە ئەڵمانی لەم لینکەدا ببینیت


http://www.heute.de/zdfheute-nachrichten-startseite-3998.html



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە