کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ گۆڕین و دروستکردنی ژیانێکی باشترهیچکات درەنگ نیە، گەر بڕوامان بە خۆمان بێت

Monday, 11/02/2013, 12:00






لەوەتەی سیستیمی چینایەتی و پڕستەم و چەوساندەوە لە دنیادا بوونی هەیە، لەوکاتەوە جیاوازی نەتەوایەتی و ڕەگەزایەتی و نەبوونی ئازادی و یەکسانی یاسایی و کۆمەڵایەتی خوڵقاوە و درێژەی هەیە. ستەمکارانیش هەمیشە بە زەبری هەڕەشە و تیرۆر و تۆقاندن هەوڵیانداوە درێژە بە دەسەلاتی ناشەرعی و پڕستەم و چەوساندنەوەیان بدەن....!
هەرکاتێک ئەو ستەم و جیاوازی و هەڵاواردنانە زۆرتر بووبێت ئەوا ڕق ئەستووری چەوساوەکان گەورەتربووە و خوازیاری نەهێشتینی نایەکسانی و نەبوونی ئازادی بوون ....!
بەلام هیچکات ئەو خواست و ئارەزووانە بۆ ئازادی و یەکسانی بەخەون و خەیاڵ نەهاتوونەتە دی، بەڵکو وا پێویستی کردووە کە مرۆڤەکان هۆشیارانە لە پێناو بەدیهاتنی ئازادی و یەکسانیدا قوربانی بدەن، چونکە ستەمکاران و دیکتاتۆرەکان هێچکات بە خۆشی خۆیان واز لە دەسەڵاتی پڕ ستەم و چەوساندنەوەیان ناهێنن....!
بە درێژایی میژووش خەڵکی چەوساوەی کوردستان لە پێناو ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆییدا قوربانیداوە و لە دژی داگیرکەران و چەوسێنەرانی عەرەب و تورک و فارس و کورد خەباتیان کردووە و بەردەوام خەبات دەکەن بۆ ڕزگاربوون. هەرچەندە چەوسێنەرانی هەردووبنەماڵە هەرجارەی بە سینارێۆیەک یان تاوانێکی نوێ دەخوازن داخوازی و ئامانج و هیواکانمان بۆ گۆڕانی ڕاستەقینە لە بیربەرنەوە، بەڵام خەیاڵیان خاوە، جۆن دەتوانن برسێتی و نەبوونی ئازادی لە بیربرسیەکان ببەنەوە...!!
سینارێۆ نوێکەی کەناڵی نالیاش هەوڵێکی تری نەزۆکی دەسەڵاتی ستەمکاری بارزانیە بۆئەوەی خەڵکی ناڕازی یادی دووەم ساڵی 17ی شوباتی خویناوی لە یادبکەن....!
17 ی شوباتی ساڵی 2011 هەوڵیکی تری خەڵکی ناڕازی و چەوساوەی سلێمانی و زۆر ناوچەی تری کوردستان بوو لە دژی ستەمکارانی کوردی و بارزانی و تاڵەبانی، بەڵام ئەو ستەمکارانە دلڕەقانە ناڕەزەیاتیەکان و خۆپیشاندەرانیان خەڵتانی خوێنیان کردوو، جەند منداڵ و گەنجێکیان تیرۆرکرد پێش هاتنی بەهاری ئەو ساڵە هیواکانیان هەڵوەراندن. لە 19ی نیسانی ئەوساڵەشەوە خۆپیشاندانی ڕاستەقینە بۆ ئازادی و یەکسانی قەدەغەکرا...!!
ستەم و چەوساننەوە و تاوان و گەندەڵیش بەردەوامە و نەک باشترنەبووە بەڵکو نەنیازن ڕەوشی ئازادییەکان بە خەیاڵی خۆیان بەرتەسکتربکەنەوە...!!
هەرچی بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیشن جگەلە خۆهەڵخەڵەتاندن بە دانیشتنی نەزۆکەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی لە خۆبایی و خۆپەرست تا ئێستا هیچ بەرنامەیەکی مەیدانی و جەماوەرییانەیان نیە بۆ ئەوەی فشاری جەماوەری لەسەر دەسەڵاتی هەردووبنەماڵە گەوەرەتر بکەن بۆ گۆڕینی ڕاستەقینەی سیستمی سیاسی کوردستان...!!
بەڵام چ بەناو دەسەڵات و بەناوئۆپۆزسیۆنەکان خەیاڵیان خاوە و خەڵکی ناڕازی کوردستان ئەزمۆنی بەهاری ساڵی 1991 هەیە، کە لەوپەڕی بێ هیوایی و نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕووندا ولە هەلومەرجیکی گونجاودا توانیان ڕاپەڕن بە ڕووی ڕژێمی بەعسی فاشی سەدامیدا و لەماوەیەکی کەمدا هەموو دام ودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و حکومەتیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام بە داخەوە ستەمکارانی شاخ هاتنەوە سەر حازری لە شارەکان و لەگەڵ دەسەڵاتی بەعسی سەدامی کەوتنەوە دڵداری سیاسی و لەباربردنی ڕاپەڕین و سەرکوتی شوراکان و بەلاڕێدابردنی ئامانجە سەرەکی و گەورەکانی خەڵکی چەوساوە و تینوی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان کە دەمێک سالە خوازیاری نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی و چینایەتی و گەیشتن بە هەموو مافە مرۆییەکانیەتی، تا چیتر نەکریتەوە بە هاوڵاتی پلە دوو لە ژیرسایەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا....!
لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە ساڵی 1991 لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان شوراکان دروستکران و بەهەمووکەموکورییەکانیانەوە هەوڵیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنی گەڕەک و شوێنی کار و شاروشارۆچکەکان و بە نیازبوون لە ڕیگای دروستکردنی شورای سەرەکی شارەەوە کاروباری شاروشارۆچکەکان ببەن بە ڕێوە....!
ئەو شێوازە شارستانیەی دەسەلاتی شورایی لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپی و دیموکراتیدا پیادەدەکرێت و پایەیەکی گرنگی دەسەڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆیە کە لەلایەن خەڵکەوە بۆ خەڵک هەڵدەبژێردرێت و دروست دەکرێت، پاشان بەڕێوە دەبرێت بەپێی یاسا و ڕێسایەکی مرۆڤانە و شارستانیانەی مۆدێرن....!
یادی 17 شوبات دەکرێت بکرێتە سەرەتای هەوڵدانێکی نوێی هەموو دەنگ و رەنگە جیاواز و ناڕازییەکانی کوردستان بۆ دروستکردنی شورای کار و گەڕەک و شارو شارۆچکەکان و پاشان هەوڵدان بۆ سادانی ناڕەزایەتی جەماوەری و گۆڕینی سیستمی بنەماڵەیی پرستەم و چەوساندنەوە ی سەپێنراو، هەروەها لە جیگای دروستکردنی سیستمێکی شارستانی و مۆدێرن کە بروای بە ئازادی و یەکسانی مرۆڤی کورد هەبێت لە کوردستان و هیچ کەسێک لە سەرویاساوە نەبێت بە سەرکردەکانیشەوە...!
سیستمێک بێت کە بڕوای تەواوی بە ئازادی تاک و یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبێت و دین لە دەسەڵات جیابکاتەوە، تا هیچ دینێک نەکریتە کەرەستە و کاسپی سیاسی ئەو لایەن و هێزانەی کە دینەکان بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە دەسەلاتی سیاسی و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و درێژەدان بە چەوساندنەوەی مرۆڤەکان ...!
وەک دەسەڵاتەکانی کەنداوی عەرەبی و ئێران و هەوڵدانی هێزە ئیسلامیە سیاسیەکان لە تونس و میسر و سوریا وزۆر وولاتی تر تا دەسەڵاتێکی ئیسلامی دروستبکەن...!
هێزە ئیسلامیەکانی کوردستانیش بە هاوکاری هاوبیرەکانیان لە ناوچەکە بە نیازن هەمان کۆپی جولانەوە ئیسلامیە سیاسیەکانی میسر و تونس لە کوردستان بە ناوی بەهاری کوردییەوە کۆنترۆڵی شەقامی ناڕازی بکەن و بە کاریان بهێنن وەک پردێک بۆپەڕینەوە و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان....!!!
خەڵکی ناڕازی کوردستان دەبێت زۆر هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هیزانەدا بکەن و هیزی و ناڕەزایەتیەکانی خۆیان جیابکەنەوە لەو هێزانەی کە بەکاریان دەهێنن بە ناوی دین و ئیسلامەوە، گەر ئێمە خوازیاری ژیانێکی باشترین وەک لەم ژیانەی ئێستای ژێر دەسەلاتی هەردووبنەماڵە کە ماف و ئازادییەکانمان زەوت دەکەن، دەبیت
خوازیاری ئەوە بین کە دینەکان بە یاسا ڕێک بخرێن وەک کاری شەخسی مرۆڤەکان و هەموو کەس دەبێت ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی دین و بڕوای خۆیدا بێ فشاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و خێزانی. واتا دەبێت خوازیاری نەمانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پیاوسالاری بین لە کۆمەڵگادا....!!
هەرکاتیک توانیمان سیستمێکی وا شارستانی و مۆدێرن دروستبکەین، ئەوا ئەوکاتە دەتوانین باس لە گۆڕڕانی ڕاستەقینە بکەین لە سیستمی سیاسی و ژیاندا...!
بۆ ئەوگۆڕڕانە و دروستکردنی دنیایەکی باشترهیچکات درەنگ نیە گەر بڕوامان بە هێزی لەبن نەهاتووی خۆمان هەبێت وهەرکەس بەپێی توانای خۆی بەشداردەبێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە