بەیانامەى گروپى رێكخستنەكانى راپەرینى جەماوەر بۆ جەماوەرى شارى هەولێر
Monday, 07/03/2011, 12:00
ئەى جەماوەرى شارى هەولێرى هۆلاكۆ بەزێن.
ئەى لاوان و گەنجانى خوێن گەرمى خەبات و خۆپیشاندان
ئەى خوشك و برایانى فەرمانبەران و قوتابیان و مامۆستایان و كاسبكاران
رۆژى 11 ى ئادار یادى راپەرینى ئازادكردنى ئەم شارە ئازادیخوازەیە كەوا دووبارە كەوتەوە ژێر زولمى زەوت كردنى مافە ئازادیەكانى هەموو تاكێكى دانیشتوانى ئەم شارە هۆلاكۆ بەزێنە.
جەماوەرى سەربەرزى شارى هەولێر....وەكو هەموو لایەكتان ئاگادارن كە گەردەلولى خۆپیشاندانى جەماوەرى كوردستان بەشەى زۆرى شارەكانى گرتۆتەوە بۆ دەربرینى هەست و سۆزى ئەم گەلە تێكۆشەرە كە لەژێر فشارى دەستەلات هەموو مافێكى ئازادى لێ زەوت كراوە و هەروەها لەبەر بێ دەنگ بوونى جەماوەرى كوردستان ماوەیەكى زۆرە كە گەندەلى وا گەیشتە نێو هەموو خێزانێكى ئەم ولاتە...
ئەى كورانى (سێتاقان و سەیداوە و تەیراوە و ئیسكانو حەسارۆك و كورانو رزگارى و تەعجیل و گولان وخانەقاو بیرێژیان و هەڤالان و شۆرش و كوێستان و نەورۆز و كوردستان و مامزاوە و شادى و مەهابادو باداوە و هەولێرى نوێ و راستى و مەنتكاوەو 92 و 99 و زانكۆ و شارەوانى و مامۆستایان و زراعە و پۆلیسان و بەختیارى وئازادى و زانیارى) هەر ئێوە بوون بەدانە رۆژێك دیكتاتۆرى بەعستان كردە خۆلەمێشى نێو ئاگردان و ئەم شارەتان كردە بوكى بەهارى راپەرین تاكو ئێستاش سەداى هاوارى ئێوە لە گوێى قەلاو منارەوە دەزرینگێتەوە .
ئەى كورانى چاونەترسى دارەتو و بەنسلاوە و كەسنەزان و شاوێس و پیرزین و بەحركە و كەورگۆسك و سێبیران و خەبات و پیرداود و قوشتەپە ئێوەن چیاو پارێزەرى هەولێر ...ئێوەن دڵسۆزى شارەكەى شەهیدان شارى قەلاو منارە...بەلێ هەر ئێوەن كورانى بە ئەمەك و گیان فیدا بۆ هەولێر و هەولێریەكان لە خەبات و لە سەرهەڵدان و لە شۆرش و لە گیان فیدایى بە درێژایى مێژوو ئیسپاتان كردوە كە ئێوە بەبێ هەولێر ژیان و مردنتان هەلّبژادوە .
ئەى ئازادیخوازان داواتان لێ دەكەین كە رۆژى 11 ى ئادار كاتژمێر 2.30 ى دواى نیوەرۆ لە بەردەم بازارى نیشتیمان ئامادەى خۆپیشاندان بن لە ژێر ناونیشانى (هەولێر و ئادار و راپەرین...دەستى گەندەڵكاران دەبرین) .. لەم خۆپیشاندانە هەرچى مافێكى زەوت كراوى ئازادیتان هەیە داواى بكەن و بە دەستەلات بلێن (نا بۆ ژێر دەستى... نا بۆ گەندەلى ... نا بۆ ترس و تۆقاندن ... نا بۆ دزینى سەرمایەى سامانى ئەم گەلە ... بەلێ بۆ پیشتیوانى لە خۆپیشاندانى جەماوەرى سلێمانى و شارەكانى دیكەى كوردستان برژێنە سەر شەقام و هیچ مەترسێن لە چاو سور كردنەوەى هێزەكانى دەستەلات چونكە ئەم دەستەلاتە باویان نەماوە و هەموو جیهان پشتیوانى لە ئێوە دەكات ... بوانن بۆ پیشتیوانى جەماوەرى راپەریو لە هەر شوێنێك لەم جیهانە سەرۆكى گەورەترین ولاتانى زل هێزى وەك سەرۆك ئۆباما رۆژانە فشار دەخاتە سەر دەستەلاتە دیكتاتۆریەكان بە دەستەلاتى كوردیشەوە لە هەرێم كە رێگا لە خۆپیشاندنى هاولااتیان نەگرن و ئەوانەى بە گولە وەلامى خۆپیشاندەران دەدەنەوە بەزوترین كات بەرنگارى دادگاو سزاى خۆیان دەبنەوە.
بۆیە دووبارە بۆ وەفاداریتان بۆ خوێنى بەناهەق رژاوى شەهیدانى خۆپیشاندەرانى سلێمانى و كەلار و هەلبجەو شوێنەكانى دیكە وەرن دەست و بازوى خۆتان هەڵبكەن و برژێنە سەرشەقام چونكە ئێوەى گەل مافى خۆتانە كە داواى مافى خۆتان بكەن.
هەروەها داوا لە هێزى پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانى دەكەین كە خۆیان نەكەن بە دوژمندارى هاولاتیان چونكە هەر كردارێكى نەخوازیار ئەنجام بدەن زۆر بە ئاسانى وەێنەیان دەگیرێت وەك ئەوەوى لە شارى سلێمانى كە تاكو ئێستا لەترسى جەماوەر خۆیان حەشارداوە چونكە خوێنى هیچ كەسێك ئاوى روبار نیە كە بەرامبەرتان بێ دەنگ بن بۆیە دووبارە داواتان لێ دەكەین كە بۆ دەستەلات ژیانى خۆتان مەخەنە مەترسى چونكە دەستەلات بەرگریتان لێ ناكات و تەنها دەتانكەنە زرێپۆشى مانەوەى خۆیان.
لێرەوە بە ئەرك دەزانین كە بەدەستەلاتى هولێر رابگەینین كە هەر پشێویەك روبدات بەرپرسیاریەتەكەى لە ئەستۆى پارێزگا و بەرێوەبەرى پۆلیس و بەرێوەبەرى ئاسایش و بەرپرسى لقى دووە.
بژى یادى راپەرینى 11 ى ئادارى 1991
بژى جەماوەرى هەولێرى سەرفیراز و سەركەوتو
بژى مافى ئازادى و خەبات
بژى ئازادیخوازان
نەمرى بۆ شەهیدانى راپەرین
مردن و سەرشۆرى بۆ زەوت كردنى مافەكانى ئازادى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست