کوردەستان بە رە و کوێ؟

Saturday, 19/08/2023, 22:55


ئە م بابە تە لە 2015-06-20    نووسراوە ، واتە بەر ۸ ساڵ، کە کەم زۆریا زۆر گوزارشته بۆ ئە مرۆ..

مێژوی تازەی جوڵانەوەی رزگاری خوازی کوردستان کەهەمومان کەم یان زۆر بەپێی نەوەو تەمەن بەدەر لەهەر تێبینی و شی کردنەوەیەک پێی ئاشناین ، زۆربەمان بە جۆرێ لە جۆرەکان یا شاهیدی روداوێک یان قۆناغێک لە قۆناغەکانی بوین یا راستەوخۆ ئەزمونی بەشداری روداوو قۆناغەکانمان هەیە . 
ئەوەی ئەمرۆ گرنگە ، هەم بۆ نەوەی نوێ هەم نەوەکانی داهاتوو ئەنجامی ئەوە ئەبینین کە ناومان ناوە ئەنجامی خەباتی لانی کەم ئەم 50 ساڵەی رابردوو کە لە ئیدارەی بەناو سەربەخۆی کوردی و حکومەتی هەرێم و پەرلەماندا خۆی ئەبینێتەوەو بەرجەستە ئەبێ ئەمجاریش لەگەڵ چەندەمین تێبینی .
ئەنجام لەهەر کارێکا پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی باشی یان خراپی جۆری کارکردن ، سەرکەوتن یا فاشل بوون ، تەکنیکی کارکردن و کەڵک وەرگرتن لە کات و شانس ، بۆ نمونە کاتێک خوێندکارێک ئەنجامی تاقی کردنەوە وەردەگرێ، ئەنجامەکە ئاماژەیە بۆ ئەوە کە ئەم خوێندکارە چۆن و بە چ جۆرێک بابەتی خوێندۆتەوە چ تەکنیکێکی بەکارهێناوە بۆ فێربون و تێگەیشتن وە چۆن کەڵکی لەکاتی پێدراو وەرگرتووە وەکو شانسێک کەبتوانێت هەم فریای خوێندن بکەوێ وە هەم باش بتوانێ لەبابەت بگات و زاڵ بێت بەسەریا . وە هەرکاتێک توانی زاڵ بێ بەسەر کێشەکاندا لە فێربون و تێگەیشتنا ئەوا ئەنجامی باشی ئەبێت ئەگەر نا بە پێچەوانەوە ئەبێت سەر لەنوێ ئەزمون دوبارە بکاتەوە بەجۆرو تەکنیک و ڕێگەی نوێ ئەگەرنا هەمان ئەنجامی یەکەم جاری دەبێت کە سەرنەکەوتنە .
بابەت کە پەیوەندە بە هەلسەنگاندنى حالى کوردستانی باشور لە ئیستادا بەبونی هەموو ئەم دەزگایانەوە کە بەناو هەیەتی خۆی لە حاڵەتێکی هەڵواسراودا دەبینێتەوە کە دیار نیە بەرەو کوێ دەڕوات وە سەرنەوشتی سبەى چۆن دەبێت .
ئەگەر واقع بینانە ، لەسەر بنەمای ئەزمون ، زانیاری ، شی کردنەوەی رەهەندە سیاسی ، ئابوری وە روداوەکان هەڵسەنگاندن بکەین ئەوا دەبێ ئەم خاڵانە دیاری بکەین کە خاڵی لاوازی ئەزمونی ئێمەن وە بە شێوەیەکی زانستی و واقیعیانە هەڵسەنگاندن ،خوێندنەوە وە شى کردنە وەمان بۆ ئەنجامی کارەکانمان هەبێ . ئەتوانین کۆى ئەزموون و کارو ئەنجاممان بۆ ئیستاى کوردوستان بە کورتى لەم 3 خالەى خوارەوەدا بەرجەستە بکەین .
1 – لە ساڵی 2003 وە ئێمە بەناو لەناو حکومەتی فیدراڵی عێراقاین وەک هەرێمێکی سەربەخۆ بەڵام لە رووى جوگرافیا ، سیاسی ، یاسا وە ئابوریەوە بەشێکن لە عێراق ، لەگەڵ ئەمەشا هەموو ئازادیەکی ئابوری و سیاسی ( لەسەر ئاستی ناوخۆۆ دەرەوە ) مان هەبووە ، وە ئیستا پرسیار ئەمەیە ، لەماوەی ئەم (12) ساڵەدا ئەنجامى کارى ئێمە جى بوە ؟ ئێمە چیمان کردوە کە ئیعتیمادمان بە عێراق نەمێنێت لانی کەم لەروی ئابوریەوە?. قەیرانی موچە و دارایی و افلاسی حکومەت و ئەمجاریش قەرزکردن(لەگەڵ زۆر تێبینی) ئەم ئەنجامانەن پێ ئەڵێن کە وە ئەم پرسیارە دروست ئەبئ کە واقعەن ئێمە چۆن حکومەتداریمان کردووەو چۆن کەڵکمان لە تەکنیکی کارو ئامرازو عاملی کات و شانس وەرگرتووە ؟ ، بۆ وەلامى ئەمە ، بۆ هیچ کەس و گروپێک شرۆڤە و بە ڵگەى ناوێ کە ئەنجامى کارى ئێمە چیە ، چونکە هەمومان ڕۆژانە هەست بە ئازارەکانى ئەکەین ، واتە ئەنجامی کارمان لەگەڵ مانەوە لە عێراق و شێوازى کارو حوکمڕانی خۆمان ئەمەى کە ئێستا هەموومان ئەی بینین .
2 – هەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ عێراق دروست بووە ئەنجامی کار ، عەقلیەت وە فکرو سلوکی خۆمانە ، وە بۆ خۆ دەرباز بون لەم کێشانەی کە هەیە باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئەکرێت چونکە لە هە موو روویەکەوە دەستەوەستان ماوین لە چارەسەرى کێشەکان .
هەڵبەتە وەکو بنەما و ماف ، دەوڵەتی کوردی مافی کوردە، بەڵام لەم حاڵەی ئێستادا کە باسی دەوڵەتی کورد دەکرێت تەنها وەکو کاردانەوەیەک باس دەکرێ بەرامبەر دەوڵەتى ناوەند ، چونکە دەوڵەتی عێراق پارە نانێرێت بە بەهانەى ئەوەى کوردستان بەشێکە لە عێراق وە بە بێ یا سایى نەوتَ ئەفرۆشێ و پارەکەی نادرێ بە دەوڵەتی ناوەند ،وە ئیتر باسى دەولەتى کوردى وەکو ئامانج کارى بۆ کرابئ و بکرئ ، پێویستیەکی مێژوویی ، نەتەویى ، مرۆڤایەتی وە شارستانی بە رەهەندە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگیەوە باس ناکرێ ، ئەگەر ئەمە مەبەست بایە ، ئەبوو وە ئەشیا پاش روخانى بەعس مەسەلەى دەولەتى کوردى یەک لاکرابایەوە کە هەم کات ، شانس وە بوار لە هەموو روویەکەوە هەم گوونجاو تر بوو هەم ئاسان تر بوو لە چاو ئیستا . ئەمە جگە لەلایەنە کاریگەرەکانی جیهانی و ناوچەیی کە تا چەند هەڵسەنگاندنی باشیان هەیە لەسەر ئێمە ، وە چۆن ئێمە ئەبینن بە پێوەرەکانى هاوچەرخ (دیمکراتى و ئازادى ) لە گەڵ بەرژەوەندیە کاتى ، درێژخایەن ، جێوسیاسى وە مێژووییەکانیان وە لەرووی تواناو فکرو ئامادەیی ئێمە بەهەموو لایەنە سیاسی ، ئابوری ، فەرهەنگى ، یەکیەتی نەتەوەیى ، ئاشتى ناوخۆ وە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمتدای کوردستانی بون .
لەمەش زیاتر ، هەتا ئەگەر لەسەر ئاستی ماملە ، لە یەک تێگەیشتن وە بەرژەوەندى بێ ، ئایا هیج وڵاتێکی ناوچەیی تر بۆ ئێمە لە عێراقى لاوازىی ئیستا ئاسانتر دەبێ بۆ مامەلە لەگەڵکردن لەبەر ڕۆشنایی ئەزمونى مێژوویى ?.
3- لەسەر ئاستی ئیدارەی ناوخۆیی و دامەزراوەیی ، ئەزمونى ساڵەها ، 24 سال وە بەتایبەت ئێستا نیشانی ئەدات کە وەزعى ژیان و ئابوری و فەرهەنگی و دۆخی سیاسی لە ئاستێکی ترسناکدایە لە نەبونی هیچ توانایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ، هاوڵاتیان لە دۆخێکی دۆزەخیدان هەر لە خراپی ، دارمان وە نەبونی هیچ ئاسایش و سەرچاوەیەکی ئابوری کە بتوانن ئیعتمادی لەسەر بکەن واتە ترس لە ژیان و بوونى برسیەتى تا ئەگاتە دیارنەبوونى ئایندەى سیاسى وە جیاوازى ئاستی کۆمەڵایەتی واتە فراوان بونی جیاوازی چینایەتی بەشێوەیەکی ترسناک ، وە بەرەو نەمانی چینی ناوەراست کە تاکە زامنی ئاشتی کۆمەڵایەتیە لە هەر کۆمەلگایەکا .
هەموو ئەمانە بەڵگەو ئاماژەن کە نەک هەر چارەی هیچ قەیرانێک نەکراوەو ناکرێت ، بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ قەیران و فشار لەسەر هاوڵاتی زۆرتر دەبێت ، دامودەزگاکانى بەناو حکومى و حیزبى ڕۆژ بە ڕۆژ بێ دەسەڵات و حاجز تر ئەبن لە چارەسەرکردنی کێشەکان تا ئەو ئاستە ، کە خەریکە هەموو شەرعیەت وە بەهایەکى حکومى ، حیزبى ، نەتەوەیی ، نیشتمانی ، مرۆڤایەتی ، بەرپرسیاریەتى سیاسیى وە هەتا بەهاکانى کۆمەلایەتى فەرهەنگى لەدەست ئەدرێ بەهۆی ناکارابون و بێ دەسەڵات بوون لە چارەسەری بچوکترین کێشەی ڕۆژانەی ولات و هاوڵاتیان جا چ بگا بە چارەسەرى کێشەی سیاسی و داهاتوی کوردستان و بە دەولەت بوون .
هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە کوردستان نەک هەر لە قەیرانایە بەلکو لە دۆخێکی چەق بەستوو ، رۆچوو وە بێ ئاراستەى ترسناکدایە لە رووى سیاسى ، کارى بە ناو پەرلەمانى ، ئابوورى ، فەرهەنگى ، دادپەروەرى ، وە پەروەردییەوە ، کە ئەستەمە وێنا بکرێت بە چ ئاراستەیەکی نەخوازراودا ئەڕوات ئەگەر چاکسازیى وە گۆرانکارى راستەقینە لە فکر ، عقلیەت ، بۆ چوونو تێگەیشتنەکان وە ئەمجار کۆى سستەمى سیاسى ئابوریى ، پەروەردە ، دادوەرى وە ئامرازەکانا نەکرێ .
هەڵبەتە بە درێژەدان بەم کارەی کە ، تا ئێستا کراوە لەرووی سیاسى ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، داد ، پەروەردە ، فیربوون ، فەرهەنَگ وە سستەمى ئیدارەو ئامرازەکانیەوە ناتوانرێ چاوەڕێی مژدەی خۆش بکرێ . کەواتە چى بکرێ بۆ ئەوەى کوردوستان و گەلى کوردوستان بەرەو ئاراستەى ئازادى ئاسایش وە داد هەنگاو بنێ ?.
پێویستە هەموان بەشدار بین لە وەلامى ئەم پرسیارە جا لەهەر چوارچێوەیەکا بێ پێش ئەوەى درەنگ بێ ئەگەر نا ئاراستەکردنى داهاتووى کوردوستان لە دەست خۆمانا نامێنێ ، وە هەر کەسێکیش لەبرى خۆمان سەرنەویشتمان دیارى بکا ، نابێ چاوەرێیى لەمە باشتر بکەین کە ، ئەمرۆ ئەى بینین . هەلبەتە مێژوى ئِێمە دەولەمەندە لە ئەزموونى تالى وەک ئەمرۆ ، بەلام دیارە مێژوو لاى ئِێمە داستان و ئەفسانەیە نەک ئەزموون و خوێنەوەو فێر بوون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە