گەلەکۆم دژی کورد و بەرپرسیارێتی پارتی لە ئێستادا

Wednesday, 11/01/2023, 3:37


گەلەکۆمەی رووس، سوریا، تورکیا وە ئێران دژی ڕۆژئاوا بەئامانجی هەڵوەشانەوەی بەریوەبەرایەتی خۆ جێی بەئاشکرا و بەپەلەکاری بۆ ئەکرێ و هەمویان بۆ ئال وگۆری بەرژەوەندی خۆیان سەودا لەسەر سەری کورد و خاکی کورد ئەکەن. بەگوێرەی هەواڵەکان و شیمانەکان بەهەموان کارئەکەن و بەرنامەیان هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەریمیش بەهاوکاری دەولەتی عێراق.
هەوڵی کۆنترۆل کردنی سنورەکانی کوردستان لەلایەن سوپای عێراقەوە لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ هەر بۆ ئەم مەبەستەیە، کە هەردوو قەوارەی ڕۆژئاوا و باشوور هەڵبوەشێنن بەهاوکاری رووس و لەبەرامبەردا تا ئێستا ئەمریکا هەڵوێستی نیە، و هەموو وڵاتانی دراوسێش رەزامەندی رووسیان لا گرنگە نەک ئەمریکا .
ڕەوشی ناکۆکی هەریم و گوێنەدان بە ئامۆژگاریەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکا لەمەر دروستکردنی دامەزراوەی نیشتیمانی لەسەرئاستی سەربازی، ئاسایش و ئابوری و سیاسیەوە هاندەر ئەبێ کە ئەمریکا هەڵوێستیکی جددی نەبێ بەرامبەر ئەم وڵاتانە بەتایبەت رووسیا.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، نارەزایی خەلکی کوردستان بەرامبەرحکومەتی هەرێم بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزەرایەکان وە ک دەرمان ونەخۆشخانە و کۆنترۆل نەکردنی بازار، نەبوونی سوتەمەنی و کارەبا، نەبوونی دامەزراندن و نەبوونی پرۆژەی ئابووری ... هتد، هەموو ئەمانە هاندەرێکی ترە، کە لایەنەکان ترسیان نەبێ لەوەی رووبەرووی هێزی جەماوەری گەلی کوردستان ببنەوە.
لە سەر ئاستی کوردستانی باشوور، ئەو لایەنەی کە بەرپرسیاریەتی سەرەکی ئەکەوێتە ئەستۆ بۆ روو بەڕوو بوونەوەی ڕە وش و چارەسەر، ئەویش بەدڵنیایی پارتییە، چونکە پارتی دەسەڵاتی یەکەمە و هەموو پۆستە بڕیاردەرەکانی سیاسی، ئابووری، پەڕلەمان و پەیوەندییەکانی لەبەردەستە، لە بەغداش وەک گەورەترین فراکسێونی کوردی زیاتر ئەتوانێ بڕیاربدات، دەرکردنی بەرهەم سالح لەپۆستی سەرۆک کۆماری لەلایەن پارتیەوە بەڵگەیە بۆ ئەمە.
بێ هێزکردنی هەرلایەن و پارچەیەکی کوردستان بێ هێزکردنی هەموو لایەنە کوردییەکانی ترو پارچەکانی ترە و هیچ لایەن و پارچەیەک پارێزراو نابێ. هەر پاچەیەک بەگویرەی هەلومە رجی خۆی ئەتوانی میکانیزمێکی بەرگری دیاریکراوی خۆی هەبێ و لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان هاوکاری هەبێ بۆ ئەوەی ریگری لە تراژیدیەکان بگیرێ، یان کەم بکریتەوە .
لەسەر ئاستی هەریم بۆ رێگری لە سەرکەوتنی ئەم گەلەکۆمەیە، کەمترین کارکە ئەبێ بکرێ پێویستە لانی کەمی چاکسازی ریشەیی ئەنجام بدرێ وەک بۆ نموونە، تا هەڵبژاردن ئەکرێ حکومەتیکی تەکنۆکرات یا نیوە ناحیزبی دابمەزرێ، و وەزارەتی پەروەردە، خویندنی باڵا، تەندروستی، دارایی و وەزە بدرێتە خەڵکی ناحیزبی، هەروەها حکومەت کۆنترۆلی بازاڕو کەرتە گەورەکانی ئابوری بکات، بۆ ئەوەی هاوڵاتی کەمترینی ئەم هەستەی هەبێ، کە خاوەنی ئەم وڵاتەیە و ئامادە بیت بەرگری لێ بکات و خۆی بەنامۆ نەزانێ وەک ئێستا.
 لە سەرئاستی پەیوەندی دەرەوە، ئەبێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق تا ئەوپەڕی گرنگی پێ بدرێ، چونکە تا ئێستاش عێراق تەنها وڵاتە کە لانی کەمی مافەکانی کوردی تیا فەراهەم کراوە و دەرگایەکە بۆ کورد کە دەنگی بگاتە شوینەکانی تر.
ئیتر پرسیار ئەمەیە ئایا تا چەند بەرپرسان ئەم بابەتە بەهەند وەرئەگرن پێش ئەوەی کە رووداوێکی نەخوازراو رووبدات؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە