ئایا پاش هەڵبژاردنەکان شەڕى ناوخۆی شیعە ڕوو ئەدات؟

Thursday, 17/05/2018, 22:02


بۆ یەكەم جار دواى 2003 لەم هەڵبژاردنەدا شیعەکان دابەش ئەبن بە سەر دوو جەمسەردا؟ (جەمسەری ئێرانی و جەمسەری عەرەبی – سعودی بە پاڵپشتی ئەمەریکی).
دامەزرانی حکومەتی تازە لە لایەن هەر جەمسەرێکەوە بێت، واتا نەهێشتنی نفوزی جەمسەرەکەی دیکە لە عێراق، کە بە دڵنیایی هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بێ کاردانەوە بن لە كاتى نەمانی نفوزیان، چونکە:
1. بۆ ئێران گرنگی مانەوەی خۆی هەیە، دەیەوێت لەعیراق بڕیاردەر بێت، بە تایبەت ئیستا كە ئێران لە پاشەکشەدایە بەهۆی قەیرانی ئەتومی و گەماڕۆی زیاتری ئابووری لە سەری، هەروەها پاشەکشەی حووسیەکان لە یەمەن، لە بەرەکانی شەڕ بەرامبەر بە سعودیە، دیسان بریاری ئەمریکا و سعودیە دژی (حزب اللەی لوبنانی) و لاوازكرنی، بۆیە بۆ ئێران، عیراق هێڵى بەرگرییە بەرامبەر بەو هەموو هەڕەشە و شەرە سیاسی و ئابووری، هەتا سەربازیی، کە گەمارۆی ئێرانیان داوە، لەبەر ئەوە ئێرانییەكان بە هەر باهایەك بێت، بە تایبەت ئەگەر لە سەرعیراقییەكان بكەوێ، نەك لەسەر خۆیان، بەرگری لە نفوزى خۆیان ئەكەن لە رێگەى بەشداریكرنی ئەم گروپە شیعە عیراقییانەى نزیكن لە خۆی، وەك مالیكى و عامرى.ئەگەر لەمەدا سەركەوتوو نەبوو بەرامبەر بە جەمسەرى عەربی /سعودی ئەوا بە دڵنیایی ئێران بێ كاردانەوە نابێ، هەروەكو باسمان كرد كە لەقۆناغی یەكەما بەهاى كاردانەوەكانی ئێران، لانى كەم لەسەر خۆی ناكەوێ.
2. بۆ گروپی یا جەمسەرى عربی شیعى و بەرهەڵست كارى نفوزی ئێرانی لەهەمان كاتدا وەك براوەى هەڵبژاردنەکان كە سەدر وعبادى نوینەرایەتى ئەكەن بە یارمەتى سعوىیە و ئەمەریکا بێ نفوزكردنى ئێران و سزادانى گەندەلكاران و تاڵانكەران كە بە ووتەى سەدریەكان سەر بە جەمسەرى ئێران/ مالكین، ئامانجی هەرە سەرەكیە، هەر لە بەر ئەمەشە هەموو ئەم دەنگانەى هینا لە ناو هەمووعارەبەکانی عێراقدا بە سوننەکانیشەوە، كە دژی نفوزی ئێرانن و هەستی نیشتیمانی عیراقیان هەیە.
هەروەک ئەبینین بەرژەوەندی، گووتار و ئامانجی هاوبەش لە نیوان ئەم دوو گروپە نییه، لەمەش گرنک تر پالپشتی هاوبەشی کاریگەری دەرەکیشیان نیە وەک جاران، کە هەردوو ولات ئێران ئەمریکا و بەیەكەوە هاوکاربوون بۆ دروستکردی کابینەی حکومەتەکانی پیشوو، بەڵام بەهاتنی ترامپ ودروست بوونی کیشەکانی ئەمریکا و ئێران ئەم پالپشتیە هاوبەشە دەرەکییە نەما، ئیتر وەک دیارە، جەمسەربەندی شیعەکان بەسەر لایەنە دەرەکییەکاندا تەواو دیارە و رۆژ بە رۆژ تۆختر ئەبێت و دروشمەكان بووە بە (بەغداد ئازادە ئێران بۆ دەرەوه)، لە ناو بەغداد بەڵگەی ئەمەی سەرەوەیە، کە باس کرا.
ئیستا تارمایی شەریكى ناوخۆى شیعەكان باڵى كیشاوە بەسەرعیراقدا كە لە هەركاتیكا ئەگەرێکی بەهیزهەیە عیراق ببیتە گۆڕەپانی شەری یەک لاکەرەی لایەنە دەرەکییەکان، وەک لە سوریا و لوبنان و یەمەن بە بەشەداریکردنی هەموو پێکهاتە عێراقیەکان بە کوردیشەوە، كە مەگەر تەنها موعجیزەیەک رێگری بکات لە روونەدانی ئەمە، ئەمیش بەلێتێگەیشتنی شیعە لەگەل یەك و رێككەوتنی لە نیوان هەرىوو جەمسەرە شیعەكاندا بەرەزامەندى لایەنە دەرەكیە دژ بە یەكەكان.لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتودا دەرئەکەوێ کە تارمایی شەر ئەبیتە شەڕی راستی ناوخۆ یا موعجیزەی رەمەزان لەبەرخاتری خەڵکی هەژار و بێ تاوان ئەبیتە ریگر لەم شەره؟
ئەمەى كە پەیوەندی بە کوردوە هەیه، لە ژێر روشنایی خوێندنەوەیەکی زانستیانە و واقیعیانە بۆ دۆخی ئیستاى کوردستان، بەداخەوە لە ژیر روشنایی ئەزموونی زۆری کۆن و تازە نابێ چاوەڕوان بکرێ كە بڕیاری راست بدرێ کە خیر بێ بۆ خەلک و بۆ نیشتیمان، دیسان مەگەر موعجیزەیەک لە بەختی کورد ئەمە پێچەوانەوە بکاتەوه، چونکە هەرکاتێک دیار كردنى چارەنووس بە ئیرادە و بڕیاری کەس و گەلان نەبوو، دەبێ چاوەڕێی موعجیزە بكرێ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە