لە ئابوریی جیهانییەوە بۆ ئابوریی میلشیایی

Wednesday, 17/06/2015, 17:33


میلیشیا بە هەڵوەشانەوەی بەهای نیشتیمانیی دەست پێ دەکات
کاریان ئەوەیە چۆن نیشتمان لەت لەت بكەن 
ئەمڕۆ نیشتیمان جانتایەکە بە کۆڵەوە
هەر لەگەڵ روخانی دیواری بەرلین لە نێوان دوو جیهانی جیاواز بە هەموو رِەهەندە فكریی، فەرهەنگیی، عقڵیی، سستمی سیاسیی و ئابورییەوەو كۆتایی هاتنی هەموو شەرەكانی ئەم دوو جیهانە (سوسیاالستی و سەرمایەداریی) بە شكستی جیهانی سوسیالزم، ئەم پرسانە لای هەر كەس و بەتایبەت ناوەندە فكرییەكان دروست بوو:
ئیتر دنیا چۆن ئەبێت؟ بە كۆتاییهاتنی كێشەو شەرِی ئایدۆلۆجیی ئیتر چ كیشەو شەرِیكی تر لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی ئەشێت سەرهەڵبدات، لەمەش گرنگتر دنیای سەرمایەداریی رۆژئاوا وەك پێشەنگی جیهانیی شارستانیی، فەرهەنگیی، تەكنەلۆژیی و سەرمایەداریی چۆن بەرپرسیاریەتیی دنیای تازە ئەكات وەك لایەنى سەركەوتوو؟ 
بۆ خۆئامادەكردن بەرەو جیهانی تازە بەمانا سیاسیی، ئابوریی، فكریی و شارستانییەكەى بوو بە باسی هەموو ناوەندەكانی سیاسیی، راگەیاندن و ئەكادیمییەكان.
1- لەسەر ئاستی سیاسیی، دەسەڵاتی سیاسیی، ئابوریی و میدیای بانگەشە بۆ نەزمی جیهانیی تازە كرا كە پایەیەكی ئازادیی، دیموكراسیی، بازارِی ئازاد كە هەموو تاكەكان و گەلانی جیهان بتوانن ئازادبن لە چالاكییە ئابورییەكانیاندا بە گوێرەی پێوەری بازارِ، واتە ئازادیی لە كێبرِكێ و هەلی یەكسان بۆ هەمووان كە بەشداربن لەم نەزمی جیهانی تازەیەدا كە رۆحەكەی و پایەكەی بازارِی ئازادە. 
2- لەسەر ئاستی فكریی، دنیای دوایی شەرِی بلۆكی رِۆژهەلآت و رِۆژئاوا وەكو كۆتایی میژوو (the end of history ) پێناسە ئەكرا لەلایەن فۆكۆمایەوە ، كە ئەمەش بۆ خۆی پاڵپشتیەكی فكریی بوو بۆ وتارە سیاسییەكەى دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا كە پێی ئەوترا و ئەڵێن نەزمی نوێی جیهانیی. 
3- لەسەر ئاستی ئابوریی، شارستانیی و فەرهەنگیی هەر دوای روخانی بلۆكی رۆژهەلآت، زۆر لە نوسەران، شیكەرەوان، بیرمەندان و ئاكادیمیستەكانى رۆژئاوا باس و شرۆڤەی ئەم هەرەشەو بەرەوڕوبوونەوە تازانە یان ئەكرد كە دوای كۆتایی هاتنی بلۆكی رۆژهەلآت روو بە رووى رۆژئاواو ئاشتىیی و ئاسایشى جیهان ئەبنەوە. دیارترینى ئەم كەسانە لە سەر ئاستى ئابوورىی و دیمۆگرافىی بریتى بوو لە پاول كەندی، كە لە كتیبی ئامادەبون بۆ چەرخی21 (preparing for the twenty first century) كە لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا نوسیبووی بە شیكارییەوە لە سەر رەهەندی ئابوریی، دیمگرافیی و رێژەی خویندەواریی لە ولآتانی جیهانی سێ لەگەڵ باسی ئەم هۆكارانە كە ئەبنە هەڕەشە بۆ جیهانی رۆژئاواو مرۆڤایەتیى، گرنگترینی ئەم هۆكارانە وەك ئاماژەی پێ درا هەژاریی بە هۆى وێرانیى ئابوریی، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونی رێژەی نەخویندەواریی لە جیهانی دەرەوەی ولآتانی رۆژئاوا.
لەسەر ئاستی شارستانیی و فەرهەنگیی، پێشەنگی ئەوانەی كە دژی ئەو رایانە بوون كە پێیان وابوو دوای نەمانی سۆسیالیزم وەك دەسەلآتی سیاسیی ئیتر كۆتایی ململانێی نێوان مرۆڤەكان و گەلانە ، ئیتر هەموو كەسێک ئەبیتە هاولآتییەكی جیهانیی لە ژێر چەترى بازارِی ئازاد و سستمی نوێی جیهانیی و ئابوریی جیهانی كە پایەكانى ئازادىی و دیمكراسىی و مافى مرۆڤن. "سەموئیل هینتگتۆن" بوو كە لە كتیبی بەیەكداچونی شارستانییەكاندا ( clash of civilizations ) و ئەمجار ئێمە كێین (who are we) نەك هەر هاولآتیبوونی جیهانیی و هاوكاری جیهانیی بە مەبەستی بەرژەوەندیی هاوبەشی خەڵكان و گەلان رەت دەكاتەوە بەڵكو لای وایە كە لە بنەرڕەتدا كەسەكان و گەلان دابەشبوون بە سەر شارستانیی، ئاینیی و فەرهەنگیی جیاوازو دژ بە یەكدا. بەتایبەت جەخت لەسەر جیاوازیی شارستانیی ئیسلامیی و رۆژئاوا ئەكاتەوە، هەر لە سەرەتای نەوەدەكانەوە لە وتارەكانیدا باسی هەڕەشەی ئیسلامیی یان شارستانیی ئیسلامیی و عەربیی بۆ سەر رۆژئاوا ئەكرد تا ئەو ئاستە لە یەكێک لە وتارەكانیدا باسی لە هێرشی ناوەكی ولآتانی ئیسلامیی و عەربی باكوری ئەفریقیای ئەكرد بۆ سەر فەرەنسا و ولآتانی تری ئەوروپی. 
لە خاڵیكدا سموئیل هینتگتۆن راست دەكات، كە بەراستی هەر واشە دوای رمانی سستمی سوسیالزم و نەمانی شەری سەرمایەداریی و سۆسیالزم كەسەكان خەڵكان و میللەتانیك كە وەفادارییان بۆ یەكێک لەم دوو سستەمە هەبوو، لە رِێگەی یەكێک لەم دوو سستەمەوە لە روانگەیەكی جیهانییەوە خۆی لە بەرەیەكی كێشەكاندا ئەدۆزیەوە، بەلآم پاش تەواوبوونی شەڕو كێشەی سۆسیالزم و لیبرالیزمی سەرمایەداریی، ئەمانە هەموو ئاوڕیان دایەوە بۆ پێشینەی ئاینی، تایفیی و نەتەوەیی و هەتا خیڵەكىی خۆیان. هەر دواى نەمانى بلۆكى رۆژهەلات بینیمان كێشەى مەزهەبیى و نەتەوەیى لە رۆژهەلاتى ئەوروپا و كۆمارەكانی یەكیتی سۆڤیەت (بۆ ماوەیەك) دروست بوو. ئەمجار سەرهەڵدانی مەیلی بنیادگەرایی ئاینی و مەیلی ناسیۆنالیستی لە زۆربەی ولآتانی دنیا بوو بە دیاردەیەكی هاوچەرخ كە ئیستا لە وەلاتانى ئیسلامیى و عەرەبییدا ئەو پەڕیەتى.
روخانی یەكیتی سۆڤیەت و ئازادبوونی گەلانی ژێر دەستی سستمی سۆسیالیزم بۆ ماوەیەك هیوایەك دروست بوو لای گەلانی جیهانی سێ هەم كە ئیتر دەورانی دیموكراسىی، ئازادیی، دادپەروەریی و مافی تاك و كۆمەڵ دەست پێ ئەكات هەر لەبەر ئەم هیوایەش بوو كە خەڵكانێك زۆر لە جیهان لایەنگری لابردنی رژێمی بەعسیان دەكرد وەك سمبولێكی سستمی تۆتالیتاریی سۆسیالستی بە مەیلی پان عەرەبیزم.
بێ گومان، نەمانى بلۆكى رۆژهەلات و هاتنە كایەى جیهانیكى نوێ (لەگەڵ چەندەها تێبینى) تاودانێكى گەورەى دا بە بزافى ئازادىی، دیمكراسیی، دروستبوونى دەوڵەتى یاسا بۆ هەمووان و چارەسەركردنى كێشەكان و تێگەیشتنەكان (concepts) بۆ تاك، كۆمەل، نەتەوە، ئازادیى، یاسا، دادپەروەریى و سستەمى ئابوریی و سیاسىی لە ئەوروپاى رۆژهەڵات، رۆژهەلاتى ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریكاى لاتینیى .ئەم شوێنانە كەم یا زۆر لە سەر ئاستى دەوڵەت توانیان لە سەر بنەماى نیشتیمانیى لە رووى سستەمى سیاسىی، ئابوریىەوە هەتا عەقڵ و فەرهەنگییەوە تەكامل لەگەڵ سستەمى ئابوریى جیهان و جیهانگیرى (Globalism)دا بكەن . لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەی لە واقیعدا ئە بینرێت تەنها لەسەر ئاستی ئابوریی، بەرژەوەندیی ئابوریی و سەرمایە جیهان لەیەك نزیك بۆتەوەو هاولآتیبوونی جیهانی تەنها لە سەر بنەماى ئابوریی و سەرمایە دروست بووە، ئەوەتا هەموو دەروازەكانی دنیا بۆ بازرگانی و سەرمایەداریی و سەرمایەدارانی گەورەی ولآتانی پیشەسازیی كراوەتەوە هەتا دەرگاكانى روسیاو دیوارى چین. بەلآم هاولآتیبوونی جیهانیی بۆ خەڵكانی دەرەوەی جیهانی سەرمایەداریی پێشكەوتوو نەك هەر فەراهەم نەبووە، لەكاتی ئیستادا بە تایبەت لە ولآتانی جیهانیی عەربی و ئیسلامی ئەمانە هەتا بێ بەشن لە ماف و مانای هاولآتیبوون لە نیشتمانەكەی خۆشیاندا.
وەكو رۆژانە ئەبینین، هەموو ولآتانی رۆژهەلآتی ناوەراست لە باكوری ئەفریقاوە تا نزیك ئاسیای ناوەراست هەڵبەتە بە خۆرهەلآتی ناوەراستیشەوە ئەوەی پێی ئەوترێت نیشتمان بۆتە ئاگرو رۆڵەكانی خۆى ئەسوتێنێت و ناچار بە كۆچ و هەلآتن دەكات بۆ هەر شوێنێک تەنها گیانی روتیان رزگار بكەن. ئەگەر ئەم گیانە روتەش شانسی هەبێت لە دەریاكان نەبێتە خۆراكی نەهەنگەكان وەكو هەمیشە لە هەواڵەكاندا تراجیدیای ژێرئاوكەوتنی دەیان و سەدان و هەزاران مرۆڤ ئەبیستین كە كەس خاوەنداریەتی گیانە روت و بێ كەسەكان ناكات جگە لە دەمی نەهەنگەكانی دەریا. ئەمرِۆ نیشتمان بۆ خەڵكی ئاسایی بۆتە جانتایەك یان راخەرێک كە بە كۆڵیەوەیەتى و هیچ پەیوەندییەك لە نێوان خەڵك و خاك نەماوە . لەم شوینانە نەك هەر هیچ شتێک نیە بە ناوى تكاملكردن لەگەڵ سستەمى ئابوریى جیهانى و رەهەندەكانى گلۆبالیزم بەڵكو ماناى نیشتیمان و نیشتیمانیبوونیش تەنها بە ناو هەیە. دەسەلاتى نیشتیمانىی بۆتە دەسەلاتى گروپە میلیشیاكان، كە كاریان تەنها ئەوەیە كە چۆن نیشتمان لەت لەت بكەن، ئابوریی هەراج بكەن، سامانی سروشتیی و فەرهەنگیی و مێژوییەكان تاڵان و بە قاچاخ ببەن، هەموو تێگەیشتن و مانایەكی ئابوریی بۆتە دەستكەوتی خیرای دارایی بۆ میلیشیاكان هەر لە ئەفغانستانەوە تا سوریا، یەمەن، عیراق و باكوری ئەفریقیا. ئەمرِۆهەموو بەهاكان لە حاڵی روخانى بەردەوام و هەڵوەشانەوەدان هەر لە ماناو بوونى نیشتیمان، هاولآتیبون، ئاسایش بە هەموو رەهەندەكانیەوە تا ئابوریی و ژیان و بەرژەوەندیى گشتىی و هاوبەش، لەبری ئەمە دوژمنی، رِق و تۆڵەى كوێرانە و یەكترسرِینەوەی وەحشیانە دیارترین دیاردەی رۆژانەی ژیانە بۆ ئەو گەل و كەسانەی كە رۆژێک لە رۆژان هیوای ژیانیكی ئازادو شادیان هەبوو.
ئەم روداوە پرِ تراجیدیانە هەموو ئەمە ئەسەلمینن، لە هەر كات و هەر شوێنێک میلیشیا دروست بوو، بوو بە خاوەن ئابوریی و دەستی بەسەر كایەكانی ئابورییدا گرت، ئەوا یەكەم هەنگاوی بە هەڵوەشانەوەى بەهاى نیشتمان و نیشتمانیبوون دەست پێ دەكات و ماناو بەهاى وەفاداریی، سۆزو خەم بۆ خە لك و خاك نامێنێت. دووبارە دروستكردنەوەو ژیانەوەى بەهاكان لەژێر دەسەلآتی ئابوریی میلیشیایی نەك هەر ئەستەمە بەڵكو مەحاڵە چونكە كاراكتەرو مەرجى میلیشیابوون بۆ خۆی تاوان و شێواندن و نە هیشتنى بەهاكانە، دابران و لەتكردن و بچوككردنەوەی بەها نیشتیمانییەكانى ئابورىی و ژیانە، و بێ ماناكردنى مانای نەتەوە و یەكیەتى نەتەوەییە. لەبەرئەوە، لەگەڵ میلیشیادا، ولآت، نەتەوە، ئابوریی و بەهاكان نیشتمانیبوونیان نا مێنن و هەموو شتەكان میلشیایی ئەبن. ئەنجامى ئەمەش، واتە ئابورتى میلشیایی، نەك هەر دابرانى نیشتیمان، گەل، ئابوریى و ژیانە بە هەموو رەهەندەكانییەوە لە ئابوریی و ژیانى تازەى جیهانىی بەلكو دابران و رێگریشە لە هەر هەولێک بۆ یەكێتى و تكاملى ئابوریى نیشتیمانیى و نەتەوەیی. لیرەدا، پێویستە سەرنج بدرێت كە ولاتانى رۆژئاوا بەرپرسیاریەتى زۆریان هەیە لە تراجیدیاى بە میلشیابوونى ولاتانى ئیسلامى و عەرەبیى بە پێدانى دەسەڵات و پشتگیریكردنى كەس و گروپى گەندەڵ، دیكتاتۆر، پاوانخوازو نەشیاو بۆ بەرپرسیاریەتى و دژ بە میللەت و وەلاتى خۆیان .وە هەروەها پێ دانەگیریى ولاتانى رۆژئاوا لە سەر ئازادیی، دیموكراسى و دەستاودەستكردنى دەسەڵات بە شێوەیەكى ئاشتییانە وەك مەرج بۆ هەر هاوكارییەك لەگەڵ بە ناو دەسەلاتدارانى ئەم شوێنانەى كە خەلك پەراو ێز خراوە، بە هەمان جۆر كە لەگەڵ بەشەكانى ترى جیهان پەیرەوى ئەكەن و كردویانە وەك ئەوروپاى رۆژ هەڵات. هەتا روسیاو چین، ئەفریقیا، ئاسیاو ئەمریكاى لاتینى. بەڵام وا دیارە دنیاى ئێمە تەنها وەك چەند بیرە نەوتێک ئە بینرىَت بە دەست هە ندێک جەردەى مورتەزقەوە نەك وەک بەردەوامبوونێکی مێژوویی، ئینسانىی، شارستانىی و فەرهەنگىی كە مرۆڤ لەم شوێنانە هەیەو ژیانى پێویستە.
تێبینی:
بۆ دەوڵەمەندكردنى بابەت ئەم لینكە سەیر بفەرموون، وتارێكى بەندە كە بەر 13 ساڵ لە رۆزنامەى دانیماركى INFORMATION بلاوكرابۆوە برادەرێک بە ناوى هەلۆ لە زمانى هۆلەندیەوە كردویەتە كوردى.

------------------------ خەڵک زۆر نائومێد بوون! ------------------------------
شەممە, 15 حوزەیران 2013 00:40
د. محەمەد ئەمین گەناوی...
وەرگێڕانی: هەڵۆ...

ئایا چەندەها ئوسامە بن لادن هەیە؟ بۆ ئەوەی چەندەها بن لادن پەیدا نەبن،ڕۆژئاوا ناچارە هانی چاکسازی"سیاسی- کۆمەلایەتی"لە جیهانی ئیسلامیدا بدات،بەهۆی هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم، لە کۆتایی ساڵەکانی " 80"ی سەدەی ڕابوردوو زۆربەی زۆری هەژارانی جیهانی ئیسلام کە ئومێدی

"ئایدۆلۆژی–ئابووری"یان بە سۆسیالیزم هەبوو،بۆ مسۆگەرکردنی مافە"ئابوریە- کۆمەڵایەتیەکانیان" دووچاری نائومێدیەکی زۆر بوون.

ئاڵتەرناتیڤی سۆسیالیزمی لە کیس چوو تەنها دوو"ڕێگا"

لە لایەک ئیسلام بە خۆی و توخم و ڕەگەزە پەڕگیرە تووند ڕەوەکەیەوە"ئیسلامی سەلەفی"کە چەندەها مزگێنی و پەیمانی مافپەروەرانەی لە خۆی ئاڵاندوە،*لە لایەکیترەوە دیموکراسی رۆژ ئاواو توخمە ناسراوەکانی "ئازادی،مافی مرۆڤ،عەدالەتی کۆمەڵایەتی"مافی کەمایەتیە ئاینی نەتەوەییەکان.

دوای هەرەسی کۆمۆنیزم،ستراتراتیژی نوێی ئەوروپا بڵاوکردنەوەی دیموکرەسی و مافی مرۆڤ بوو لە ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەمەریکای لاتین و ئافریکا،ئەی جیهانی ئیسلام؟؟ لە کاتێکدا لە ژێر رکێف و کۆنترۆڵی گەندەڵترین و خوێناویترین ڕژێمە سیاسیەکانی جیهاندا ئەیان ناڵاند،ئیتر خەڵکی ئەم وڵاتانە لەوە تێگەشتن ڕۆژئاوا پشتگوێی خستوون. زۆرینەی خەڵکی جیهانی ئیسلام ،ئەوەیان نەئەشاردەوەو ئومێدیان وابوو کە سیستەمە مرۆڤ دۆست و ماف پەروەرەکەی ئەوروپا جێگەی رژێمە تۆتالیتاری کۆمۆنیزم و ڕژیمە دیکتاتۆرە خۆماڵیەکان بگرێتەوە،بۆ ئەم ئامانجەش چاوەڕوانی ئەوە بوون ڕۆژئاوا ببێتە پاڵپشتی هێزە دیموکراتخوازە خۆماڵیەکان،هەروەها دەسەڵاتداران ناچاری ریفۆرمی سیاسی بکەن،بەڵام هیچ شتێک رووی نەدا و ڕۆژئاوا پشتی تێکردن.

زۆرینەی خەڵک بە تەواوی نائوومێد بوون،چونکە هیچ جوڵەیەکی بەرچاویان لەرۆژئاوا بەدی نەکرد؛نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەمەریکا و دۆستە رۆژئاوایەکانی سەرقاڵی بازرگانی کردن و پاڵپشتی بەردەوامی ڕژێمە زۆردارەکان بوون! ئەو ڕژێمە نا دیموکراتانەی کە دەسەڵاتی سیاسیان لە تورکیاوە تا مەغریب مۆنۆپۆڵ کردبوو،زۆری نەخایاند کە خەڵکانی جیهانی ئیسلام گەشتنە ئەوباوەڕەی،قسەو باسی ئەوروپا لە مەڕ"دیموکراسی- مافی مرۆڤ ،هتد"جگە لە پڕوپاگەندەی بەتاڵ ونیفاق و دوو ڕوویی هیچیتر نیە،ئەم پێوانە کردنەی رۆژئاوا بە دوو تەرازوی جیاواز وەک ئەوەی جیهانی ئیسلام جیاواز لە سەرجەم جیهان یاسا و رێسای تایبەتی دەربارەی( ئازادی تاکە کەس-دیمۆکراسی-مافەکانی کۆمەڵگای مەدەنی)بۆ دابتاشرێت خەڵکی ئەم ووڵاتانەی تووڕە کرد.

لە ڕووانگەی زۆربەی خەڵکی جیهانی ئیسلامەوە پڕوپاگەندە( مرۆڤدۆستی وئازادی خوازیەکەی" ڕۆژئاوا بۆ داگیرکردنی بازاڕ و بڵاوکردنەوەی کەلتوری مەسرەف کردنە،ئامڕازی دەستیان بۆ ئەم ئامانجە،دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەن کە ڕۆڵی بەکرێگیراوی بۆ ڕۆژئاوا ئەگێڕن.

بازاڕی جیهانی ئیسلام لێوان لێوە لە کاڵای پیشەسازی ڕۆژئاوا،بەڵام خەڵکی بەختی ئەوەشیان نیە ئازادانە بیرو بۆچونی خۆیان بڵێن یان قسەیان لەسەر ئایندە و چارەنوسی خۆیان هەبێت،زۆربەی زۆری دانیشتوانی جیهانی ئیسلام خۆیان بە نامۆ و غەریب ئەزانی لە وڵاتی خۆیاندا،وەک دەرئەنجامی ئەو دیاردە نائاشنایانەی خزێنراوەتە ژیانی رۆژانەیانەوە.

ژیانی"ئابووری- سیاسی"خەڵکی هەراسان کردبوو،تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو،ئەم فەزا "ئابووری- سیاسی- کەلتوریە"بۆشایەکی گەورەی خولقان،وەک ئەو بۆشاییەی ساڵی ١٩٣٠ لە ئەوروپادا وجودی هەبوو،مەینەتیەکانی ئەو ساڵانەی ئەوروپا زەمینەیەکی لە باری سازان بۆ سەر هەڵدانی"نازیزم و کۆمۆنیزم".

لەم بیست ساڵەی دوایدا ئیسلام وەک تاکە فاکتەری سیاسی لەو سەری تونێلەکەوە"نەفەق" دەرکەوت بەکۆمەڵێک مژدەی چارەسەری کێشە کەڵەکە بووەکان،ئەو گیرو گرفتە کەڵەکە بوانەی ڕژێمە سیاسیە تەقلیدیەکان خولقاندبویان. ئیسلام لە ئێران دەسەڵاتدارە،بەڵام لە"عێراق- جەزائیر- میسر- پاکستان"هێزی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی هەیە،لە تورکیا و پاکستان و ئوردن هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە. ئیسلام تەنها ئاین نییە،بەڵکوو باوەڕێکی ئایدۆلۆژی سیاسی و ئامڕازێکی بەرهەڵستیە دژی کاریگەری کولتووری ڕۆژئاوا،دەوڵەتێکی وەک تورکیا هەشتا"80 "ساڵ لەمەو بەر وەک دەوڵەتێکی عەلمانی خۆی ناساند ئێستا دوای سێ،چوار نەوە(جیل) پاشەکشە ئەکات بەرەو تووند ڕەوی و ڕادیکاڵی ئسوڵی ئایینی ئەگەڕێتەوە، توندڕەوی (فەندەمێنتالیزم)بۆتە ئامێرو وەسیلەی دەستی هەموو لایەک هەرکەس بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکاری ئەهێنێت. جەماوەری خەڵک ئومێدی ئەوەیان هەیە ئیسلام داخوازی ئابووری،سیاسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیان بۆ مەیسەر بکات،کەمینە نەتەوەییەکانیش بۆ نموونە هەندێک لە کوردەکان پێان وایە تەنها ئیسلامی ڕاستەقینە مافە نەتەوایەتیەکانیان مسۆگەر ئەکات،دەسەڵاتدارانی چەندەها وڵاتی وەک"میسر،لیبیا، تورکیا، سوریا، هتد" ئیسلامیان وەک بیانویەک بەکار ئەهێنا بۆ زیاتر قایم کردنی دەسەڵاتیان،لە کاتێکدا ئەمانە لە بنەڕەتا دەوڵەتی عەلمانین!ئەو ڕژێمە سیاسیانەی کە تواناو لێهاتویی ئەوەیان نەبوو تا ئاستێکی پێویست و مەعقول بە ئەرک و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی هەڵسن،ڕێگەیان خۆش کرد بۆ ئەوەی ئیسلامیە ئوسوڵیەکان بەو کارە هەڵسن، ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە دەوڵەت و دەسەڵاتداران بەجێیان هێشتبوو،بۆ نموونە کاتێک "بوومەلەرزە" لە تورکیا و میسر ڕوویدا دەسەڵاتداران دەستەوسان وەستان و هیچ شتێکی ئەوتۆیان لە دەست نەهات،لەجیاتی دەوڵەت، ئیسلامیە ئوسوڵیەکان تا ئاستێکی باش بە هانای خەڵکەوە چوون ،بەمەش ناوبانگێکی باشیان پەیدا کرد،ئەم هۆکارانە و چەندەهای تریش وای لە خەڵک کرد،پیاوانی دەوڵەت و دەسەڵاتداران وەک چەتە وڕێگر سەیر بکەن،دەستە و تاقمی مافیاین جگە لە بەرژەوەندی خۆیان هیچی دیکە نابینن.

بەم مانایە پێویستەپێش ئەوەی بە تەواوی درەنگ بێت،ئەبێت رۆژئاوا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە لە جیهانی ئیسلامیدا،کاتی ئەوە هاتووە ئاوڕ لە زۆرینەی خەڵک و کەمایەتیە "نەتەوەیی و ئاینیەکان"بداتەوە،ئەبێت ڕۆژئاوا واز لە دەست- تێکەڵی لەگەڵ کەمینەی دەسەڵاتدار بهێنێت،ئەرکی ڕۆژئاوایە بەتوندی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهانی ئیسلامی ئاگادار بکەنەوە لە پێداویستی چاکسازی و ریفۆرمی سیاسی،ئەمڕۆ ڕیفۆرم بکرێت باشترە لەوەی بخرێتە سبەی.

ئەگەر رۆژئاوا بە ئەرکی مێژوویی سەر شانی هەڵنەسێت،ئەوا ئەبێت چاوەڕێی گیروگرفتی زیاتری هاتنی کۆچبەران و هەڵهاتوانی جیهانی ئیسلامی بکات،چاوەڕێی چەندەها ئوسامە بن لادنی نوێ بێت،لەمانەش تاڵتر و مەترسیدارتر ئەگەری شەڕ و پێکدادانی شارستانییەکان زیاتر ئەبێت!.

لە ڕۆژنامەی"ئینفرۆماتیۆن"ی دانیمارکییەوە وەرگیراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە