مەسرور بارزانی وەڵامی سكاڵاكەی شنیار ئەنوەری دایەوە
Saturday, 11/02/2023, 10:36
31ی ئازار لە دادگای فیدراڵی ئەمریكا رووبەرووی یەكتر دەبنەوە
پارێزەرانی: مەسرور بارزانی لە بەیاننامەكە بەرپرسی نیە، بەرپرسی راگەیاندنی نوسینگەكەی بەرپرسە
"وشەی پەیوەندی بەواتای پەیوەندی سێكسی نەهاتووە"
"دوێنێ ۱٠ ی شوباتی ۲٠۲۳،پارێزەرانی مەسرور بارزانی، بەناوەكانی (بنجامین چیو و دەیڤ)د بەرگر لە كۆمپانیای گرینبێرگ وەڵامی شكاتەكەی شنیار ئەنوەریان دایەوە كە ساڵی رابردوو دژی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تۆماری كردبوو بە تۆمەتی ناوزراندن و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی.
لە داواكەدا پارێزەرەكانی مەسرور بارزانی داوادەكەن دادگای ناوچەی ئەلێكزاندریا كە داواكەی تێدا تۆمار كراوە پارێزبەندی بدات بە مەسرور بارزانی وەك هاوڵاتییەكی عێراقی و سەرۆكی حكومەتێكی خۆجێی كە بەشێكە لە عێراق.
هەروەها پارێزەرەكانی بارزانی باس لەوە دەكەن ئەو بەیاننامەیە مەسرور بارزانی لێی بەرپرس نییە بەڵكو بەرپرسی راگەیاندنی نوسینگەكەی لێی بەرپرسە، هەروەها راشیدەگەیەنن كە مەبەستی ئەوان لە وشەی "پەیوەندی" لە بەیاننامەكەدا بە مانای پەیوەندی سێكسی نایەت بەڵكو بەمانای ئەوەی كە شنیار ئەنوەر گفتوگۆی هەبووە لەگەڵ رۆژنامەنوسە ئەمریكییەكە دەربارەی موڵكەكانی بارزانی.
هەروەها لە داواكەدا بۆ دادگا تیمی پارێزەرانی مەسرور بارزانی نكوڵی لە بونی موڵكەكانی میامی ناكەن و دان بەوەش دا دەنێن كە مەسرور بارزانی لە ڤێرجینیا موڵكی هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ كەسانی تر دا، بەڵام رەتیدەكەنەوە كە دانیشتوی ڤێرجینیا بێت كە داواكەی لێ تۆمار كراوە.
هەروەها لە بەشێكی تری داواكەدا پارێزەرانی مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بارزانی خاوەنی پارێزبەندییە وەك بەرپرسێكی عێراقی و كە بەپێی یاساكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی بیانی پارێزبەندییان هەیە و ناتوانرێت دادگایی بكرێن.
هەروەها پارێزەرەكانی بارزانی باس لەوە دەكەن كە مەسرور بارزانی ئەو بەیاننامەی بەناوی حكومەتەی هەرێمەوە دەركردووە نەك خۆی بە شەخسی، حكومەتی هەرێمیش بەشێكە لە عێراق و پارێزبەندی دەیگرێتەوە.
هەروەها پارێزەرانی بارزانی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە شنیار ئەنوەر كەسایەتییەكی سیاسی و گشتییە وەك كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە مەسرو بارزانی و حیزبەكەی و بنەماڵەكەی دەگرێت، بەو هۆیەوە كێشەكە بە ململانێی سیاسی دوو هاوڵاتی عێراقی ناودەبات، كە پەیوەندی بەدادگاكانی ئەمریكاوە نییە، بەڵكو دەتونارێت لە كوردستان كێشەكە یەكلایی بكرێتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەكان كە رادەستی داگا كراوە، بریارە رۆژی ۳۱ ی ئازاری ۲٠۲۳ هەریەك لە مەسرور بارزانی و شنیار ئەنوەر رووبەروی یەكتر ببنەوە لە بەردەم دادوەر.
لە ۷ ی دیسەمبەری ۲٠۲۱، رۆژنامەی ئەمێریكان پرۆسپێكت راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و چەند بەڵگەیەكی هاوپێچكردبوو كە ناو واژووی مەسرور بارزانی و موكسی بارزانی لەسەر بەڵگەكانی خاوەندارێتی موڵكێك بوو بە بەهای ۱۸ ملیۆن دۆلار، دوو رۆژ دواتر نووسینگەی سەرۆكی حكومەت لە بەیانێكیدا راپۆرتەكەی بە بێ بنەما لە قەڵەم دا و رایگەیاند كە بەڵگەكان ساختەن، هەروەها باسی لەوە كردبوو، كە ئەو رۆژنامەنووسەی ئەو راپۆرتەی ئامادەكردووە "پەیوەندی" لەگەڵ هاوسەری پەرلەمانتارێكی كوردی پێشوی عێراقدا هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست