عومەر فەتاح و وەزیرەكەى دەیان ملیۆن دۆلارى تیمى ئاوەدان كردنەوەى ئەمریكاشیان بردوە
Thursday, 07/10/2010, 12:00
بەڕێزێك لەم سایتە حەقبێژ و پیرۆزە بابەتێكى دابەزاندووە و ئەڵێ كۆنە وەزیرێك لەشارۆچكەى ڕانیە بایى چل و هەشت دەفتەر دۆلار زەوى فرۆشتووە ئێمەش بەپێویستمانزانى ئەم زانیاریانەى خوارەوە بخەینە سەر نووسینەكەى جەنابیان و لێرەوە بەبەڕێزیان بڵێین نەك زەوى فرۆشتن ئەوانە هەموو كوردستانیان كڕى و دادۆشى ، ئەو كۆنە وەزیرەى جەنابت باسى ئەكەى ئەمە شەریكى یەكەبەیەكەیان بووە ئەوان ئەوەتا پارەى تیمى ئاوەدان كردنەوەى ئەمریكاشیان بردوە نەوەك هەر زەوى فرۆشتنى كوردستان و ئەو میللەتە .
ماوەیەك بەرلەئێستا تیمى ئاوەدانكردنەوەى هەرێمى لەباڵیۆزخانەى ئەمریكا بەیاننامەیەكى بڵاوكردەوە كەكۆپى بەیاننامەكەى بۆ زۆربەى زۆرى سایت و ئیمێڵ و ڕۆژنامەكوردیەكانیش نێردرابوو لەبەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە ئەدات كەلەساڵى 2003 ەوە تائەم چەند ساڵەى دوایى تیمى ئاوەدانكردنەوەى هەرێمى لەباڵیۆزخانەى ئەمریكا نزیكەى 50 ملیۆن دۆلاری لەكەرتى تەندروستى بۆ سێ پارێزگاكەى هەرێمى كوردستان خەرجكردوە هەروەها لەبەیاننامەكەیاندا ئەوەش خرابووەڕوو كەلەساڵى 2003 ەوە ئەمریكا زیاتر لە یەك ملیار دۆلارى لەپەرەپێدانى هەرسێ پارێزگاكەى هەرێمى كوردستاندا خەرجكردوە لەوبڕەش نزیكەى 50 ملیۆن دۆلارى لەكەرتى تەندروستیدا بووە ... هتد .
ئێستا ئێمە و ئێوە و هەموو لایەك حەقى خۆمانە بپرسین كوا ئەو بەشە بوجەیەیى سنوورى پارێزگاى سلێمانى ؟ كوا لەچیدا سەرفكراوە ؟ ئەگەر لەدروستكردنى بیناى نەخۆشخانە و بنكەى تەندروستیدا سەرفكراوە ئەى ئەوكات ئێوە نەتان ئەوت ئەمە ئى بڕیارى 986 ە ؟ ئەى تا ساڵى 2004 یش هەر لەسەر بڕیارى نەوت بەرامبەر بەخۆراك نەخۆشخانە و بنكەى تەندروستى نەئەكران ؟ ئەى لەو نێوانەدا كوا بوجەى ئیدارەى سلێمانى كە بۆ وەزارەتى بەناو تەندروستى سلێمانى تەرخانكرابوو ؟ ئەى كوا زیادەى ئەو هەموو پارەیەیى بڕیاڕى 986 كەدرایەوە بەئیدارەى سلێمانى و وەزارەتى بەناو تەندروستى ئەو ساى ئیدارەى سلێمانى ؟ واتا لەو ماوەیەدا جگە لەپارەى بڕیارى 986 و زیادەى فەیسەكان و بوجەى ئیدارەى سلێمانى بۆ وەزارەتى تەندروستى نزیكەى 20 ملیۆن دۆلاریشیان لەكۆى 50 ملیۆن دۆلارەكەى ئەمریكیەكان بۆ هەر سێ پاڕێزگاكەى هەرێمى كوردستان وەرگرتووە بۆ سێكتەرى تەندروستى ؟ ئەى كوا ئەو پارەیە لەچیدا سەرفكراوە ؟ ئەى ئەو هەموو پارە و بوجەیەیى لەداهێنانە سەیر و سەمەرەكەى تنفیز مباشر دابردتان ؟ (كەدوایى دێنە سەر ئەمەش) ئێستا چى ئەڵێن ؟ خۆ نەخواستە نامەعقولى واناكەن و بڵێن هەموو ئەو پارە و بوجانەمان لەپڕۆژەى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكەدا سەرف كردوە ؟ .
واتا لێرەوە دووبارە و جارێكى تر دەگەینەوە ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە ، كەوا بەدرێژایى ئەو ماوەیەیى كە عومەر فەتاح سەرۆكى ئیدارەى سلێمانى بووە و دكتۆر محەمەد خۆشناو وەزیرى تەندروستى بووە وەك دوو كەسى بەناو حزبى تەنیا كاریان بۆ گیرفانى خۆیان و حزبەكەى تاڵەبانى كردووە ، لەو نێوەندەدا چەندین داهێنانى سەیر و سەمەرەی تریشیان كردوە كەبەڕاستى هەموویان جێگەى سەر سوڕمانن ئەوان لەداهێنانەكانیاندا تەنیا و تەنیا مەبەستیان ئەوە بووە كەچۆن زیاتر خۆیان دەوڵەمەند بكەن و چۆن بەهەموو شێًوەیەك بتوانن دڵۆپێكى تر لەمانگاكەى یەكێتى بۆ خۆیان بدۆشن كەهەر لەڕێگەى ئەم داهێنانەشەوە توانیان بەئاسانى دەیان و سەدان كڵاوى سەیر و سەمەرە بكەنە سەر لێپسراوە باڵاكانى یەكێتى بەخوێندەوار و نەخوێندەوارەوە تەنانەت خودى تاڵەبانى زۆرترین ڕێژەى ئەم كڵاوانەى بەر كەوت .
یەكێك لەداهێنانە هەرە سەیر و سەمەرەكانى ئەم گەندە پیاوانە داهێنانى زاراوەى (تنفیز مباشر) بوو لەوەزارەتى تەندروستى ئەوساى ئیدارەى سلێمانى (ببورن لەبەرفۆنتە كوردیەكە بە ز نووسراوە تەنفیزەكە) .
هەر دواى ئەوەى لەلایەن جەلال و هێرۆ و باقى جەلالیەكانەوە عومەر فەتاح كرا بەسەرۆكى ئیدارەى گەندەڵى سلێمانى و حەمەخۆشناو بەوەزیرى تەندروستى بەناوى (تنفیز مباشر) توانیان سەرمایەیەكى خەیاڵى لەڕێگەى ئەم دزیە نوێ یەوە كۆبكەنەوە بەشێوەیەك هەزوو چوونە ڕیزى ملیاردێرەكانى تاڵەبانى لەسلێمانى ، بۆ جێ بەجێ كردنى ئەم داهێنانە جەهەنەمیەش هەر زوو هەستان بەدروستكردنى تۆڕێكى بەرفراوان لەخزم و كەس و ناسیاوەكانى خۆیان لەژێر چاودێرى عەلى فەتاحى براى عومەر فەتاح و هیواى برا بچووكى حەمەخۆشناو ، كەدواتر عەلى فەتاح لەبەر سەرقاڵى بەدزى و گەندەڵیەكانى ترى پڕۆژەكانى نۆكانەوە هیوایان كرد بەسەرپەرشتیارى هەردوولا ، كەئەویش لێرە بەگەورە دزى نەخۆشخانەى شۆڕش و دەزگاى تەندروستى ناسراوە لەسلێمانى ، شایەنى باسە ئەم زاتە (هیوا) دواى ئەوەى ملیۆنان دۆلارى دزى لەدروستكردنى نەخۆشخانەكانى شۆڕش و هەر خۆیشى بەڕێوبەر بوو ناچار كرا واز لەبەڕێوبەرى نەخۆشخانەى شۆڕش بهێنێ بۆیە بەناچارى چوو بۆ وەزارەتى كارەبا بەڵام هەركە حەمە خۆشناوى گەورە دزى براى بوو بەوەزیرى تەندروستى یەكسەر هاتەوە بۆ وەزارەتى تەندروستى و ئەمجارەیان بوو بەسەرپەرشتیارى پڕۆژە (تنفیز مباشرەكانى) وەزارەتى تەندروستى ئیدارەى سلێمانى ، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان كەس لەخزم و كەس و ناسیاو و چڵكاوخۆرەكانى باندێكى گەورەى سەرپەرشتى كردنى ئەم سیستەمە نوێیەیى گەندەڵى (تنفیز مباشریان) دروست كرد كەزاواو ئامۆزا و كەسە نزیكەكانى حەمەخۆشناوى تیابوو دوایش دابەشكران بەسەر ناوچەكانى ئیدارەى پێشووى سلێمانى كەهیواى براى ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى ئەكردن . جگەلەسەرپەرشتى كردنى ڕاستەوخۆى سلێمانى و دوكان و كۆیە و ڕانیە و گەرمیان و ... هتد .
لەڕێگاى ئەم تنفیز مباشرەوە دەیان نەخۆشخانە و بنكەى تەندروستى لەجۆرى (A , B , C ) بەسەقەتى دروستكران لەگەڵ دەیان خانووى بەناو كارمەند بێ ئەوەى ڕەچاوى پێویست بوون و نەبوون بۆ ئەم نەخۆشخانانە لەشوێنەكان بكرێ هەروەكو باقى ئەو نەخۆشخانە و بنكانەى لەسنوورى ناوچەكانى خۆیان دروستیان كرد و ئێستاش هەندێكیان هەر داخراون ، ئەمانە تەنها مەبەستیان ئەوەبوو بتوانن زۆرترین نەخۆشخانە دروست بكەن بۆ ئەوەى بتوانن زۆرترین بوجە و پارە بدزن ئەمە جگە لەدەیان كۆمپانیاى وەهمى تر كەهەر هەمووى هى خۆى و براكانى بوون كەدواى ئەوەى تەندەرەكانیان بۆ دەرئەچواندن هەر یەكسەر بەپارەیەكى باش ئەیانفرۆشتەوە بەكۆمپانیایەكى تر ، جگەلەمە خێرێكى ترى ئەم تنفیز مباشرە یاخوود باشتر بڵێین داهێنانى گەندەپیاوەكان لەوەیابوو ، كاتێك نەخۆشخانە و خانووى كارمەندەكان تەواو ئەبوون هەر خۆیان تجهیزاتیان بۆ ئەكرد بەهەموو ئامێر و كەلوپەلێكەوە ئەمەش ماناى پارەى زیاتر و دزى زیاتر كەئێستا بەجۆرێكە نەك هەر كاكە هۆمەر و خۆشناوى تاڵەبانى بەڵكو هەموو پیاو و ماستاوچى و دەست و پێوەندەكانیان لەخزم و كەس و برا و ئامۆزا و زاواكانیشى بوون بەملیۆنێر .
ئێستاش دەرئەنجامەكانى ئەم تنفیز مباشرەى عومەر فەتاح و حەمەخۆشناو دەیان نەخۆشخانە و خانووى كارمەندى سەقەت و دەیان بنكەى تەندروستى داخراوى لێ كەوتەوە لەكاتێكدا دەیان شوێن و گوند و ناوچەى پێویستیش هەن پێویستیان بەبنكەى تەندروستى و نەخۆشخانە هەیە بەڵام بۆیان نەكراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست