سەدان فایەق گوڵپى و ڕێبین هەردى بگرن ناتوانن ڕاپەڕینى خەڵكى كوردستان خامۆش بكەن
Friday, 22/04/2011, 12:00
وێڕایى پشتیوانیمان لەسەركەوتن و ئیرادەى بەهێز و ماندوونەناسانەى خۆپیشاندەران لەبەرامبەر هاتنە مەیدانى خەباتى مەدەنیانە و تێكۆشان لەپێناو ئازادى و ماف و داخوازیەكان زۆر بەتووندیش ئیدانەى دەستگیركردنى دكتۆر فایەق گوڵپى كەسایەتى سیاسى گەورەى ئەمرۆى گەلەكەمان و دكتۆرە پێشمەرگە ماندوونەناسەكەى ڕۆژانى سەختى خەباتى پیرۆزى دوێنێى شاخ ئەكەین ، دەستگیركردنى بەڕێز گوڵپى و ڕێبین هەردى و ئەوانى تر لەكاتێكدایە كەتێكرایى گەنجان و هاوڵاتیانى ناڕازى كوردستان لەدەست خراپى سیستەمى حوكمڕانى و وەڵامە نەرێنى و ساردو سڕەكانى دەسەڵات و دەزگا داپڵۆسێنەرو بكوژ و تۆقێنەرەكانى پارتى و یەكێتى هاتوونەتە سەر شەقامەكان و لەناو ئاپۆرەى دەیان هەزار كەسدا داواى چاكسازى و عەدالەت و گۆڕینى سیستەم و دەسەڵاتى حوكمڕان ئەكەن كەچى ئەوان بەهێنانى هێزى چەكدارى عەرەب و دەستگیركردنى ئەو ڕۆشنبیر و كەسایەتى و مامۆستایانى ئایینى ئەیانەوێت دەنگى شەقام و میللەت كپ بكەن ، با هەموو لایەكمان بەیەكەوە بۆ پاراستنى كەڕامەت و ماف و ئازادیەكان و دژى گرتن و ئازاردان و كوشتن و سوكایەتى كردن بەشەقام و جەماوەر دەست لەناو دەست نەفرەت لەخوێن ڕشتن و تووند و تیژى و دەسەڵاتى ستەمكارى حزبى بنەماڵەیان بكەین و سووربین لەسەر هەرچى زوو پێكهێنانى حكومەتى خەڵك كەلێوان لێو بێت لەئازادى سیاسى و كۆمەڵایەتى و عەدالەت لەسەرجەم بوارەكاناندا .
دیارە گەنجان و لاوانى توڕەى كوردستان ساڵانێكە دەست لەناو دەستى كەسانى ماندوونەناس و ئازادیخوازى وەك گوڵپى و ڕێبین هەردى بەنووسین و چالاكى مەدەنى جۆراو جۆر لەشێوەى كەمپین و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بزوتنەوەیەكى كۆمەڵایەتى ئازادیخوازیان لەپێناو بەرگرى كردن لەماف و ئازادیەكانى خەڵكى كوردستان دروستكردوە بەبێ جیاوازى ، لەم پێناوەشدا چەندین جار ڕووبەڕووى گرفت و هەڕشەى جۆراوجۆر بوونەتەوە بەڵام خۆشبەختانە هیچكام لەم هەوڵە قێزەون و سیناریۆ دۆڕاو فاشیلانەیان نەیتوانیوە بەر بەتێكۆشانى مەدەنیانە بگرێ بەوەى ئێستاشەوە .
ئێمە لێرەوە هۆشدارى ئەدەینە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش كەبەرهەم و ڕەنجى دەیان ساڵەى خەڵكى كوردستان كەبۆ گۆڕینى دەسەڵاتى گەندەڵى پارتى و یەكێتى ناویانە بەفیرۆى نەدەن لەپێناو بەرژەوەندى تایبەتى سیاسى خۆیاندا و خۆپیشاندان و سەراكانى ئازادى لەسەرانسەرى كوردستان بەلاڕێ و لەبارنەبن و نەكەونە تەڵە و پیلان و بەڵێنە پڕلەدرۆكانى دەسەڵاتەوە ، چونكە خەڵكى ناڕازى كوردستان و شەقامەكان چیتر موزایەدە و گەمەى سیاسى لەهیچ حزب و سیاسیەك قبوڵ ناكات، وە پێمان وایە ئەوەى ئێستا لەكوردستان هەیە سەرەتاى ڕاپەرینى خەڵكى كوردستانە بۆیە سەدان فایەق گوڵپى و ڕێبین هەردى و فارووق ڕەفیق و مامۆستاى ئایینى و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانى مەدەنى بگرن ناتوانن خامۆشى بكەن .
ئەو خەڵكە ناڕازیەى سەراكانى ئازادى توانیویانە خەونى دەسەڵاتى بنەماڵەیى بەمانەوەیان لەسەر كورسى دەسەڵات بۆ هەتاهەتایەو تاقیكردنەوەى چەك و هێنانى هێزى میلیشیایى و كوشتنى خۆپیشاندەران و سوتانى كەناڵەكان و سەراكان و ترساندنى خەڵك بەهێزى نایاسایى دەمامكدارو تێكرایى سیناریۆ فاشیلەكانى تریان تێك بشكێنن ، بۆیە گرتنى ئەم تێكۆشەرانە و دەیان و سەدانى تریش هیچ لەدۆخەكە ناگۆڕێت بۆیە دووبارە و بۆ جارێكى تر دەنگى خۆمان ئەخەینە پاڵ دەنگى ئەو هەزارن كەسەى لەشار و شارۆچكەكانى كوردستان خۆپیشاندان ئەكەن و هاتوونەتە سەر شەقامەكان .
ئەوەتا لەجیاتى دەستگیركردن و دادگایى كردنى تەقەكەران و تاوانبارن و هەڵوەشاندنەوەى سیستەمى میلیشیایى تازە بەتازە یەكێتى پارتى ئاسا ئابلۆقەى سەربازى ئەخاتە سەر سلێمانى و شارۆچكەكانى تر ، نازانن ئێستا هەموو كوچە و گەڕەك و زانكۆ و شەقام و ماڵ و فەرمانگە و سوچێكى ئەم كوردستانە بۆ خۆى مەیدانێكى ئازادیە و ناتوانن تاسەر ئەو هەموو دەنگ و ناخە كپ بكەن .
سەركەوتن بۆ مەیدانە ئازادەكانى كوردستان ، بۆ پێًشەوە بەرە و ڕاپەڕین و ڕاماڵینى دەسەڵاتى گەندەڵ و بنەماڵە ، سەرشۆڕیش بۆ ئەو دەسەڵاتەى كەبڕواى بەزیندان و دەستگیركردنى ئەم ڕۆشنبیر و كەسایەتیە مەزنانە هەیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست