سەردەشت گیان ئارام بنوو ، لەجیاتى ئێوەش لەسەراى ئازادی بووین !! بەدبەختى ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە باكى بەمردنى نەوەكانى خۆى نیە !!
Tuesday, 03/05/2011, 12:00
لەساڵیادى شەهیدى قەڵەم سەردەشت عوسمان دروود بۆ گیانى پاكى دەنێرین و بەڵێن دووپات دەكەینەوە كەدرێژەپێدەرى ڕێبازەكەى بین و كوڵنەدەین لەئاست ئەم دەسەڵاتە گەندەڵًە مافیایەدا .
بەڕێزان ، ساڵێك لەمەوبەر دەسەڵاتى كوردكوژى بنەماڵە بەڕۆژى ڕووناك گەنجێكى ڕۆژنامەنووس ، قەڵەمێكى ئازاو بوێر ، خوێندكارێكى زیرەك و بەهرەمەندى لەناو پایتەختى هەرێم و لەبەردەم حەرەمى پیرۆزى كۆلیژەكەى خۆى ترسنۆكانە فڕاندو كوشت ، لەكاتێكدا سەردەشت هەرخۆیى و قەڵەم و كتێبەكانى نەبوو ، ئەو خەمى هەموو گەنجانى كوردستان و خوێندكارانى زانكۆى لەكۆڵ نابوو .
شەهیدكردنى سەردەشت جارێكى تر ئەوەى سەلماندەوە كە دیموكراتى و یاسا و مافى مرۆڤ لاى ئەم دەسەڵاتە حزبیە تەنها ڕووكەشە و بۆ فڕیودانى خەڵك و جەماوەرە ، ئەوەتا دوایى ساڵێك لەشەهیدكردنى كاكە سەردەشت گرتن و ڕفاندن و كوشتن و زیندانى ڕۆژنامەنووسان و نەیارانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە و بۆتە كارێكى ئاسایى ئەم حكومەت و دەسەڵاتە حزبیەیە و ڕۆژانە ئەنجامى دەدەن ، بەتایبەت ئەوانەى لەقوتابخانەكەى پارتى و یەكێتى و بەعسەوە پەروەردەبوون ڕۆژانە بەبیانووى جۆراو جۆرو بەردەوام هێرشى زۆر تووند و هەمەلایەنە دەكەنە سەر نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و مامۆستایانى ئایینى و زانكۆ و خوێندكاران و بیروڕاى ئازاد بەشێوەیەك ترساندنیان كردۆتە كارێكى زۆر ئاسایى بەئارەزووى خۆیان هەموو ئەو دەنگ و قەڵەمە ئازایانەى وەك سۆران و سەردەشتن دەكوژن و ڕۆشنبیرانى وەك فارووق ڕەفیق و فایەق گوڵپى و ڕێبین هەردى زیندانى دەكەن و بەحوكمى قەرەقۆش حوكمیان دەكەن لەولاشەوە جەلادەكانى بەعس و سیخوڕەكانى ئیتلاعات و میتى توركیش داڵدە دەدەن و دیاریان پێ دەبەخشن . بەداخەوە نازانن هەموو ئەو دەسەڵات و ڕژێمانەى هێڵى سوور بۆ ئازادى ڕادەربڕین دادەنێن چارەنووسیان لەچارەنووسى ڕژێمە دیكتاتۆرەكانى تر باشتر نابێت ئەمڕۆ بێت یاسبەى زوو بێ یا درەنگ هەمان چارەنووسیى ئەوانیان دەبێ .
ئەوەتا دوایى ساڵێك لەشەهیدكردنى سەردەشت دەبینین ئەم دەسەڵاتە زیاتر ڕیسوا بووە و خۆپیشاندانە بەردەوامە جەماوەریەكان و بەتایبەتیش سەراى پیرۆزى ئازادى باشترین گەواهى ئەم ڕاستیەبوون بەو هیوایەیى ساڵێكى تر لەیادى سەردەشت ئەمانە لەقەفەزى زینداندا ببینین و تف بارانیان بكەین .
لەكۆتایدا ئەڵێین ئارام بنوو سەردەشت گیان ، ئارام بنوو لەتەك سۆرانى مامە حەمە و دكتۆر عبدالستار ، ئارام بنوو سەردەشت گیان لەتەك شەهیدانى 17 ى شوبات و ڕۆژانى دوایى ...
سەردەشت گیان بەسۆران و هاوڕێكانى تریش بڵێ چەسپاندنى دیموكراسى و ئازادى بیروڕاو ڕاماڵینى دەسەڵاتى مافیا و میلیشیا و بنەماڵە و حزب قوربانى دەوێت ، ئێوە قوربانى ئەم ڕێگایە بوون دڵنیابن ئێمەش دوایى ئێوە بێ دەنگ نەبووین و دانەنیشتووین و بەردەوامین ئێمە لەجیاتى ئێوەش لەسەراى پیرۆزى ئازادى بووین و پێمان دەوتن باش بزانن ئێمە هەموومان سەردەشتین !!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست