شێخ جەعفەر لەناو پەرلەمان تاڵەبانى بەدرۆخستەوە
Monday, 11/04/2011, 12:00
ڕۆژى یەك شەمە بەروارى 10 / 4 شێخ جەعفەرى بەناو وەزیرى پێشمەرگە بانگهێشتى پەرلەمانى پارتى و یەكێتى كرا بۆ ڕوونكردنەوەى ئەو بارۆدخە ترسناكەى لەدوایى كارەساتەكانى 17 ى شوباتەوە هێزە میلیشیا دەمامكدارەكانى حزب و پاراستن و زانیارى دروستیان كردوە ، هەرلەسەرەتاوە شێخ پەشۆكاو تەنانەت نەى دەتوانى بەئاسایى لەسەر كورسیەكەش دابنیشێت، ئەوەى لەشاشەى تیڤیەكانیەوە بینی بێتى دەزانێ حاڵى چەندە شپرزەو ناتەواو بوو تەنانەت نیگەرانى ئەرسەلان بایزیشى گرتبووەوە دەترسا لەوەى شێخ هەڵەى گەورە بكا و ئەوكەمە ئابڕووەى حزبەكەى ماویەتى ئەویش دیلێت بكات ، كەدواجاریش كردى كاتێك بەهەڵڕشتنى درۆ و پاساو هێنانەوە بۆ تاوان و تەقەكردنەكانى هێزە میلیشیاكان و جوڵاندنى هێز و هێنانى دەبابە و چەكى قوڕس ، كەوتە سوكایەتى كردن بەخوێنى شەهیدان و كوردستان و یاسا و سەدان درۆى شاخدارى بەدواى یەكدا ڕیزكرد و بەتێكەڵ و پێكەڵى دەستى كرد بەوەڵامدانەوەى پرسیارەكان و لەو نێوەندەدا چەندین ڕاستى مێژووى ئاشكرا كرد و دەزگاكانى ڕاگەیاندنى خۆیان و تەنانەت خوودى تاڵەبانیشى بەدرۆخستەوە ، سەلماندیشى ئاگادارى هیچ نیە تەنانەت نازانێ هەیكەلى وەزارەتەكەى خۆشى چۆنە ؟.
ئەوەى ئێمە مەبەستمانە باسى بكەین دەزگاى بەناو تەندروستى پێشمەرگەیە كەبەحسابى یەكێتى و تاڵەبانى خراوەتە سەر وەزارەتى كاروبارى پێشمەرگە بەڵام جەنابى وەزیرى پێشمەرگە لەناو پەرلەمان ڕەتى كردەوە كەسەر بەئەوان بێ ، ووتى وەزارەتى پێشمەرگە لەهیچ شوێنێك ئیسعافى نیە تا بریندارە سوتاوەكانى دژە تیرۆر كەكەناڵى نالیایان سووتاندوە گواستبێتەوە ، لەكاتێكدا دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى یەكێتى بەسەدان بیناو نەخۆشخانە و ئۆتۆمبێل و ئیسعاف و سەیارەوە خراوەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگەى شێخ .
خوێنەرانى بەڕێز ...
ڕۆژى 22 / 3 ڕێپۆرتاژێكمان بەناوى (كێیى تر بەرپرسیارە لەسوتانى نالیا ؟ دوو كارئەكتەرى وون بەڵام ئاگادار لەیەكەم دەقەوە) بڵاوكردەوە لەوێدا ئێمە بۆ هەموو لایەكمان ڕوونكردەوە ئەو بریندارانەى دژەتیرۆر كەنالیایان سووتاندبوو بەئیسعافى نەخۆشخانەى شۆڕش لەسلێمانیەوە بەرەو هەولێر گوازراونەتەوە،لەبەشێكی ڕیپۆرتاژەكەدا بەم شێوەیە نووسی بوومان ...
((حەوت بریندارەكە شەشیان بەئیسعافەكانى نەخۆشخانەى شۆڕش و یەكێكیشیان بەئیسعافى نەخۆشخانەى فێركارى براون بۆ هەولێر ، واتا ئیسعافەكانى نەخۆشخانەى شۆڕشى شارى پزیشكى قڕگەى كەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگە ئەو شەوە خراونەتە خزمەتى تاوانباران و چەتەكانى میلیشیایى بەناو دژە تیرۆرەوە ، ئەو نەخۆشخانەیەیى ئێمە لەنووسینەكانى ڕابردوومان چەندین جار بەدڕێژى و بەووردى باسمان كردوە سەربەكوێیە و چۆن حزب بەناوى خزمەتكردن بەكەسوكارى شەهیدان و پێشمەرگەوە بوجە و پارەی ئەو میللەتەى بۆ ئەبا و لەولاشەوە بەدیارى حزب و سەرۆك مام جەلال بەو میللەتە ماڵوێرانە و كەسوكارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفال و پێشمەرگەى ئەفرۆشێتەوە ((كەسمان لاریمان نیە نەخۆشخانە و دامەزراوە هەبێ بۆ خزمەتكردنى كەسوكارى شەهیدان و پێًشمەرگە بێ جیاوازى)) بەڵام ئێمە مەبەستمان چەواشەكاریەكانى یەكێتى و بەرپرسە داوێن پیسەكانیەتى كەلەبوجە و داهاتى ئەم مییللەتە پارەكە ئەبن و چارەسەر و سەفەرى خێزان و خانەوادەكانى خۆیان و سەرۆك جاش و ئاغا و پیاوانى كوتلەكانى خۆیان لەحزب و مەڵبەند و كۆمیتەكانى پێ ئەكەن لەسەر حسابى نەخۆشخانەى شۆڕش و كەسوكارى شەهیدان لەولاشەوە ئەڵێ نەخۆشخانەكانى شۆڕش دیارى حزبن بۆ ئێوە ، *** وەك ئەوەى مەلابەختیار ڕۆژى 6 / 3 / 2011 لەكۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەك لەكەسوكارى شەهیدان ، بەمنەت و ناڕەزایى و گلەیى زۆرەوە ووتبووى ئێمە وەك یەكێتى مانگانە یەك ملیۆن دۆلار دابین ئەكەین بۆ ئێوە لەنەخۆشخانەكانى شۆڕش بۆ پێیى نازانن ؟ .....)) .
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ..
دوێنێ پەرلەمانتارى فراكسیۆنى گۆڕان خاتوو ڤیان عبدالرحیم لەناو پەرلەمان هەمان بابەتى باسكردو ڕووى كردە شێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگە و پێیى ووت بەشەش ئیسعافى سەوزى وەزارەتەكەى ئێوە بریندارە سووتاوەكانى نالیا گوازراونەتەوە و ... هتد . لەوەڵامدا شێخ جەعفەر ووتى ((وەڵاهى ئێمە ئیسعافمان هەر نیە تەنانەت لیواكانیشمان نیانە بریاروابوو ئەمریكیەكان بۆمان بێنن ئەویش نەبوو)) .
ئێمە لێرەوە ڕوو ئەكەینە فراكسیۆنەكانى ئۆپۆزوسیۆن و پێیان ئەڵێین ئێمە وەك گروپەكەمان دەمێكە ووتوومانە دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە دەزگایەكى حزبیە و بۆ خزمەتى بەرپرسەكان و بنەماڵەى تاڵەبانیە سەرجەم بیناو و ئامێر و ئیسعاف و دەرمان و پێداویستى و كەلوپەلەكانى ئى وەزارەتى تەندروستین و كراون بەموڵكى ئیدارەى گشتى و بۆ پەردەپۆشكردن سەوز كراون و ڕەقەمى سەوزى پێشمەرگەیان پێوە خراوە .
بۆیە داواكارین بەپەلە داوا بكەن ئەو بیناو و ئیسعاف و سەیارانە بگەڕێًندرێنەوە بۆ وەزارەتى تەندروستى ، چونكە موڵكى وەزارەتى تەندروستین و بەپارە و بوجەى ئەم میللەتە كڕٍاون و كراون بەموڵكى حزب و بەناویش كراون بەناوى وەزارەتى پێشمەرگە ، ئەوەتا وەزیرى پێشمەرگە كەلەهەمان كاتدا ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێتیە ئاگادارنیە كەئەو هەموو ئیسعاف و سەیارە كراون بەناوى وەزارەتەكەى ئەوەوە ، وەلەهەمان كاتدا ئەمە ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەشى سەلماند كەكاربەدەستان و وەزیران و گزیرانى ئەم هەرێمە گەندەڵستانە ئاگادارى هەیكەلى خودى دەزگاكانى خۆشیان نین ، وەجەنابى شێخ جەعفەریش هەموو ئەو نووسینانەى ئێمەى پشت ڕاست كردەوە كەبەڵێ ئەو بینا و ئیسعاف و ئۆتۆمبێلانە ئى میللەتن و بەناوى حزب كراون و بۆ پەردەپۆشكردنیان ڕەمزەكانى حكومەتیان پێوە هەڵواسراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست