نەوشیروان مستەفا سەردانى نەخۆشخانەى شۆڕش ئەكا ، بەڵام لەفڕاكسیۆنەكە ناپرسێ چیتان كردوە بۆ كەرتى تەندروستى !!
Thursday, 11/08/2011, 12:00
ئامارە كارەساتبارەكانى تەندروستى و زۆربوون و بڵاوبوونەوەى نەخۆشیەكان هەموویان ئاماژەن بۆ سەرلەبەرى خراپى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان ئەوەتا تەنیا لەماوەى مانگێكدا (118) حاڵەتى تووشبوو بەنەخۆشى هەوكردنى جگەر (كەبەدى ڤایرۆسى) تۆماركراوە كەهیچ جیاوازیەكى نیە لەگەڵ نەخۆشى ئایدز ، یان ڕێًژەى نەخۆشیەكى مەترسیدارى وەك شێرپەنجە بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە تەنها ڕۆژێك سەردانى نەخۆشخانەى هیوا بكەى بەسەو ئەزانى كۆى سیستەمى تەندروستى ئەم وڵاتە چۆنە ؟ كەبەداخەوە تائێستا هیچ لایەك وەك پێویست بایەخى پێ نادات .
ئێمە گلەیى لەدەسەڵات ناكەین ، چونكە ئەو دەسەڵاتە دەمێكە ڕووى ڕەشى خۆى دەرخستووە بۆ هەموو لایەك كەهیچ ناكات بۆ باشتركردنى سیستەمەكە ئەوەى هەیە تەنها ڕاگەیاندنەو بەس !! ئێمەش هیچ ئومدێكمان پێیان نیە كەگۆڕانكارى ڕیشەیى لەسیستەمەكە لەسەر دەستى ئەم مافیایانەوە بكرێ ، بەڵام خۆ ئەكرێ لەئۆپۆزسیۆن بپرسین لەماوەى دووساڵى كاركردنى ڕابردوویان چیان كردوە بۆ باشكردن یان باسكردنى كارەساتەكانى ئەم سیستەمە ؟ هەر هیچ نەبێت لەژێر فشارى ئەواندا هێندێك گۆڕانكارى سەرەتایى بكرێ لەكۆى گشتى سیستەمەكە ، كواچەند ئامار و داتایان بڵاوكردەوە ؟ سەردانى چەند دێهات و شارۆچكەیان كرد كەكۆڵێك كێشەو گرفت و كەموكوڕى تەندروستیان هەیە ؟ سەردانى چەند نەخۆشخانە و بەشى فریاگوزاریان كرد ؟ چەند ناحیەیان بەسەركردەوە كەتائێستا دكتۆرێكیان نیە ؟ قەزا هەیە پسپۆرى تایبەتى هەر نیە ؟ زێدى جەنابى وەزیرى تەندروستى ناحیەیەكى زل و زەبەلاح دكتۆرى ژنى نیە ؟ قەزا هەیە دكتۆرى بەنجى نیە ؟ حاشا لەدێهات و گوندەكان كەدێیى واهەیە لەكوردستان زیاتر لە 200 ماڵە دكتۆرێكى نیە ؟ كوا چیان كردووە بۆ ئەو مەبەستە ؟ هیچ نەبێت خەڵك و ڕاگەیاندنەكانیان لێ ئاگادار كردبایەوە یان لەناو هۆڵى پەرلەمان ئەو بابەتانەیان ورووژاندایە و ووتبایان فەرموون ئەوەتا ئەمانەن كارەساتەكانى سیستەمى تەندروستی لەكوردستان كەدەسەڵات لێیى بێ دەنگە ؟ چەند ئاماریان لایە لەسەر نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان لەسەر چۆنیەتى كەمى دەرمان و ئامێرى پزیشكى و نەبوونى ئیسعاف و .... هتد . تەنانەت بەرپرسە باڵاكانى ئۆپۆزسیۆنیش باوەڕیان بەو سیستەمە و دامەزراوەكانى ئەم وەزارەتە نیە كەچى ئەوانیش هەر بێ دەنگن ، ئەوەتا سەرۆكى بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى شەش مانگى ڕابردوودا دووجار سەردانى نەخۆشخانەى شۆڕشى كردوە بۆ وەرگرتنى هێندێك چارەسەرى سەرەتایى بۆخۆى لەكاتێكدا لەماوەى ڕابردوودا ڕاگەیاندنەكانیان چەندین جار باسیان لەوە كردوە كەئەم دەزگایە بەقەد بودجەى وەزارەتى تەندروستى پارەى بۆ تەرخان كراوەو ڕووى سیستەمى تەندروستیشى لەكوردستان ناشیرین كردوە و نازانم چى و چى و ... هتد ؟ كەچى ئەوەتا سەركردە و بەرپرسەكانیان قاچێكیان لەگردەكەیە قاچێكیش لەنەخۆشخانەكانى شۆڕش ((وەك ئەوەى ئێستا چەند ڕۆژێكە لەنەخۆشخانەى شۆڕش و لەناو خەڵك و دكتۆرو كارمەندانى تەندروستى باس ئەكرێ كەسەركردەیەكى باڵاو دیارى بزوتنەوەى گۆڕان لەڕێگەى شەبەكە و كەرەستەى بەسەرچوو (بەپیلان و مەبەستى لەناو بردنى) قەستەڕەى دڵى بۆ كراوە كەدەركەوتووە هەر پێویست نەبووە بۆى بكرێ ئێستا بارى تەندروستى جێگیرنیە و پێش بینى ئەكرێ لەئایندەیەكى نزیكدا كۆتایى بەژیانى بێت)) لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئێستاش ئەوان هەر دامەزراوە تەندروستیە حزبیەكەیان پێ باشترە لەدامەزراوە حكومیەكانى وەزارەتى تەندروستى !!
دیارە جەنابى نەوشیروان مستەفا حەقى خۆیەتى وەك هەر هاوڵاتیەكى ئەم كوردستانە چارەسەر وەربگرێت حەقى خۆشیەتى ئەچێتە لاى هەر دكتۆر و نەخۆشخانەیەك كەسمان لاریمان لەوە نیە بەڵام سەردانى بەڕێزیان بۆ نەخۆشخانەیەكى حزبى وەك شۆڕش هەزار و یەك پرسیار هەڵئەگرێ ؟ چونكە ئەم نەخۆشخانانە حزبین لەمانگى شەشى ئەمساڵ شێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگەى پارتى و یەكێتى بەفەرمانى وەزارى ژمارە (3057) لە (5 / 6 / 2011) پەیوەندى ئیدارى و دارایى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەو نەخۆشخانەكانى شۆڕشى بەستۆتەوە بەئیدارەى فەرماندەى هێزەكانى (70) ى وەزارتى بەناو پێشمەرگەوە فەرمانەكەش لە (20 / 6 / 2011) گشتێنراوە و جێبەجێ كراوە واتا تا ئەم دوایانەش ئەمانە هەر سەربەفەرماندەیى گشتى و دەزگاى زانیارى بوون .
بۆیە ئێمە لێرەوە بەجەنابی نەوشیروان مستەفا ئەڵێین كەئەزانن سیستەمە حكومیە گشتیەكە هێندە خراپە ئەى بۆ لەفڕاكسیۆنەكە ناپرسى و بڵێیى ها چیتان كردوە یان چ هەوڵێكتان داوە بۆ باشتركردنى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان ؟ بۆ خزمەتگوزرایەكانى نەخۆشخانەى شۆڕش لەئى وەزارەتى تەندروستى باشترە لەكاتێكدا بودجە و دەرمان و تەنانەت سەرۆكى دەزگاكەش لەهەمان كاتدا بەڕێوبەرى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیە ؟ چەند ڕاپۆرت و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونتان ئەنجامداوە لەسەر خراپیەكانى سیستەمەكە ؟ چەند جار داواتان كردوە وەزیرى تەندروستى بانگهێشتى پەرلەمان بكرێ لەسەر ئەو هەموو پڕۆژە بەجێماو و سەقەتانەى وەزارەتى تەندروستى ؟ لەسەر ئەو هەموو دەرمانە بەسەرچووەى شێرپەنجە كەدراوەتە نەخۆشخانەكانى هەولێر ؟ لەسەر تێكەڵكردنى كەرتى تایبەت و سەربازى و گشتى ؟ لەسەر ئەو شەش ملیۆن دۆلارەى لەسلێمانیەوە براوە بۆ پڕۆژەیەكى تەندروستى ئەهلى لەهەولێر ؟ چەند ئیشتان كردوە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەى چاودێرى دارایى كەپەیوەندیدارن بەدزى و گەندەڵیەكانى وەزارەتى تەندروستى و دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و نەخۆشخانەكانى شۆڕش ؟ یان لەسەر بەهەدەردانى زیاتر لەچوار ملیۆن دۆلارى خەڵكى كوردستان بەناوى بەستنى كۆنگرەى تەندروستى بەحساب بۆ بەرەوە پێش بردنى سیستەمى تەندروستى و جیاكردنەوەى كەرتى تایبەت و كەرتى گشتى بووە ؟ كەچى ئەبینین لەدوایى ئەو كۆنگرەیە لەجیاتى ئەوەى سیستەمەكە بەرەو پێش بچێت ڕۆژبەڕۆژ بەرەوە دواوە هەنگاو ئەنێ ؟ بۆ ناپرسن و بڵێن كوا بەرهەم و ئەنجامەكانى ئەو كۆنگرەیە ؟ كوا ئۆپۆزسیۆن و فراكسیۆنى گۆڕان چیان كردوە لەم بارەوە ؟ ئەوەتا هەرێمى كوردستان بۆتە گەورەترین بازاڕى ساغكردنەوەى دەرمانى ئێكسپایەرو ماوە بەسەرچووى بەرپرسە باڵاكانى پارتى و یەكێتی ؟ كوا فراكسیۆنى گۆڕان و دوو ئەندام پەرلەمانەكەى لەلیژنەى تەندروستى پەرلەمان چیان كردوە بۆ ئەو مەسەلانە ؟ كوا هەڵوێست و بەیانامەیان لەسەر ئەو هەموو نەخۆشخانانەى سلێمانى داخران كەنەخۆشخانەى تایبەتى وەزیرى پێشووى تەندروستى ئیدارەى سلێمانیشى تیابوو ؟ جەنابی ئەندام پەرلەمانى فراكسیۆن گۆڕان لەلیژنەى تەندروستى لەگەڵ دوو هاوڕێیى ئەندام پەرلەمانى ترى لەگۆڕان ئامادەبوون و بەپەلە بوون ((جیا لەتێكرایى ئەندام پەرلەمانانى ترى فراكسیۆنەكەیان)) پارەى سەیارەیان وەرگرت و چوونە ڕیزى ئەو ئەندام پەرلەمانانەوە كەبۆ پارە سەریان شۆڕكرد ، ئەى بۆ هەڵوێستێكى نەبوو لەسەر ئەو هەموو بابەت و كارەساتانە ؟ بەپێچەوانەوە ئەو كاتەى كەشێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگە دوایى ڕووداوەكانى 17 ى شوبات و ڕۆژانى دوایى بانگهێشتى پەرلەمان كرا كوێستان محەمەد لێیى پرسى جەنابى وەزیر تاچەند ئاگادارى ئەو بریندارانەى كەناڵى نالیایان سوتاندوە بەئیسعافى وەزارەتى پێشمەرگە براون بۆ هەولێر ؟ جەنابى شێخ ووتى ئیسعافمان هەرنیە !! ئەو دوو ئەندام پەرلەمانەى گۆڕان لەلیژنەى تەندروستى نەزانیاریان هەبوو نەغیرەت و جورئەتى ئەوەشیان هەبوو بڵێن ئەى جەنابى شێخ جەعفەرى شەق وەشێن ئەى ئەوەنیە ئەو هەموو ئیسعافانەى نەخۆشخانەى شۆڕش ڕەقەمى سەوزى وەزارەتى پێشمەرگەیان پێوە خراوە ؟ ئەمە باشترین بەڵگەبوو بۆ ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەى كەئەمانە هیچ زانیاریەكیان نیە لەسەر كەرتى تەندروستى لەكوردستان ؟ فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى پارەى سەیارەكەیان تەرخان كرد بۆ بریندارانى كیمیابارانى هەڵەبجە بەداخەوە فراكسیۆنى گۆڕان نەهات سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و ئەوانیش بیخەنە پرۆژەیەكى لەم چەشنەى تەندروستیەوە ، بەداخەوە ئەندامەكەى لیژنەى تەندروستى لەجیاتى ئەوەى پێشنیار بكات بۆ فڕاكسیۆنەكە بەپەلەبوو تاپارەكەى وەرگرت و حەپەلووش كرد .
ئێمە لێرەوە ڕێزو خۆشەویستى و دەستخۆشیمان هەیە بۆ هەموو ئەو دكتۆر و كارمەندە دڵسۆزانەى بەئەمانەتەوە خزمەت ئەكەن و ملكەچ و ملشۆڕى بڕیارەكانى حزب نین و پیشە پیرۆزەكەى تەندروستیان تێكەڵ نەكردوە بەكارى حزبى و لاوەكیەوە بەنەخۆشخانەكانى شۆڕشیشەوە ، وە ئێمە كەباسى نەخۆشخانەكانى شۆڕش ئەكەین ئەوەنیە نەخواستە ڕقمان لەو دامەزراوە حزبیە بێت ؟ ئێمە كەباسى ئەوان ئەكەین لەسەر ئەساسى ڕق نیە مەبەستمان لەكۆى ناعەدالەتیەكەیە لەتێكەڵكردنى سیستەمەكە ، چونكە پێمان وایە ئەو دامەزراوەیە هەر لەسەرەتاوە وەك بەدیلى وەزارەتى تەندروستى دروست كرا بۆ تێكەڵكردن و تێكدانى سەرلەبەرى سیستەمەكە نەوەك نەخواستە چاككردنى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست