كۆمەڵناسانی هەولێر هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن
Thursday, 18/08/2011, 12:00
بەهۆی دانەمەزراندنیان، توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی شاری هەولێر هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن، سەرچاوەیەكیش لە پەروەردەی هەولێر دەڵێت: هەوڵی چارەسەر كردنی كێشەكە دەدەین.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی هەولێر بەڵێنیان دابوو كە سەرجەم توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی شاری هەولێر لەسەر میلاكی پەروەردە دابمەزرێن كە ژمارەیان (186) توێژەرە. بەڵام هیچ كەسێكیان دانەمەزراون.
كاروان خدر توێژەری كۆمەڵایەتی لەم بارەیەوە وتی "وەزیری پەروەردە بەڵێنی پێداین كە سەرجەم توێژەران دادەمەزرێن، بەڵام هیچ كەسێكمان دانەمەزراوین". ئەوەشی روونكردەوە كە "80 كەسمان بە دانەمەزراو ناوی هاتۆتەوە، بەڵام ناوی 106 كەسەكەی ترمان بزر بووە، گوایە خەزف كراون و لەكێبركێكە دەركراون".
جەخت لەوەش دەكاتەوە "ئەگەر بەزووترین كات كێشەكەكەمان چارسەر نەكرێت و دانەمەزرێن ئەوا خۆپیشاندن دەكەین و لە مافی خۆمان خۆش نابین".
توێژەرێكی تر بەناوی هاوژین مستەفا وتی "لە بودجەی 2011 بەناوی توێژەرەوە (1800) پلەی وەزیفی بۆ میلاكی پەروەردە زیاد كرا، كەچی وەزارەت كەسمانی دانەمەزراندووە". جەختی لەوەش كردەوە "ماوەی 2 رۆژە سەردانی پەروەردەی گشتی هەولێر دەكەین، بەداخەوە تائێستا پاكیزە تەلعەت ئامادە نەبووە بمانبینێ". ئەوەشی وت "سەرجەم نوێژەران كۆكن لەسەر ئەوەی ئەگەر تا رۆژی یەكەشممەی داهاتوو وەڵاممان نەدرێتەوە، ئەوا رۆرژی دوو شەممە خۆپیشاندان دەكەین".
سەرچاوەیەك لە لیژنەی دامەزراندنی پەروەردەی گشتی هەولێر راگەیاند "ئێستا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی و لیژنەی باڵای دامەزراندنی پارێزگای هەولێر لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە". ئەو كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەوەشی وت "پەروەردەی هەولێر داوای زیادكردنی پلەی وەزیفی كردووە بۆ ئەوەی سەرجەم توێژەران دابمەزرێن".
لیژنەی توێژەران كە لە 10 پێكهاتووە تا رۆژی یەكشەممە (21\8) دەرفەتیان داوەتە پەروەردەی هەولێر، دەنا خۆپیشاندانی گشتی دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست