دیسان مێژوو دوو پات دەبیتەوە
Monday, 05/08/2013, 12:00
خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای وڵات بەرەو پێش دەچیت و بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک کۆمەڵگاکەی بە ڕێکخستن دەکات. لەو هەل و مەرجەدا کە گەلەکەمان لە ڕۆئاوا پێویستی بە یارمەتی لە هەمو بوارەکانی سیاسی، ئابوری و مورال هەیە و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و شۆڕشگیری بۆ هەمو کوردێک بە بێ جیاوازی بیر و ئیدئۆلۆژی پێویستە بۆ یارمەتیدانی خەباتی ڕەوا و ئازادیخوازانەی گەلەکەمان هەنگاو بهاوێژرێت.
ئەو سەردەمە کە ژیانی دەوڵەت نەتەوە بەرەو کۆتایی دەچێت و فۆرمۆلاسێۆنێکی نوێ بۆ ژێانێکی ئازاد لە ئارادایە و کورد بەرەو دواڕۆژێکی چارەنوسساز بەڕێوەیە، سیاسەتێکی پاراوی ئازادیخوازانە لە هەرێمەکە هەرچەند دژبەری لە لایەن دەستەڵاداران و شۆڤینستەکان و کۆیلەکانی دەستەمۆ بەڕێوە دەچیت، دژبەری کردنی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بە هەر زێهنیەتێکەوە بێت پاساو نادرێت و دەکەوێتە چواچێوەی خیانەتی نەتەوەیی و ئاکامێکی وێرانکەری دەبێت بۆ دواڕۆژی ناوچەکە.
ئێستاکە کورد پێویستی بە یەکگرتویی و تەبایی ناو ڕێزەکانی هەیە بۆ بەربەرەکانی لە گەل شۆڤینیزم و گەلەکۆمەی ناودەوڵەتی، بە هەر دەمامکێکی و لە ژیر هەر ناوێک هێرشەکان بۆ سەر کوردستان نارەوان و گەلی کورد پێویستی بە بەرخۆدان هەیە بۆ گەییشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک.
لەم ڕۆژەدا بەستنی سنورەکان بەسەر گەلەکەماندا لە ڕۆژئاوا، بێ ئەخلاقیەکی سیاسی و مرۆڤیە و هیچ شتێک ناتوانێت پاساوی ئەم کردەوە قیزەونە بداتەوە کە لە لایەن پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستان و بارزانی بەڕێوە دەچیت و ئەم کردەوە مێژوی ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠ و ٨٠کانمان وەبیر دێنێتەوە کە سیاسەتی ئەم عەشیرەیە و ڕێکخراوەیە هەر دەم بۆ تەسفیەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلەکەمان لە جبهەی هەرە پێش بۆ بەرژەوەندی خۆیان شان بە شانی داگیرکەرانی کوردستان بە دژی خەباتی ڕزگاریخوازی و ئازادی شەڕیان کردوە و بە هەزاران ڕۆلەی گەلەکەمان بۆتە قوربانی ئەو سیاسەتە چەپەڵە.
کاتی ئەوە هاتوە کە لە مەرحەلەی ئیستادا کە پرسی کۆنگرەی نەتەوەیی لە ئارادایە و گەلەکەمان چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی لێدەکەن، هەمو لایەک ئەرکی مێژویی خۆی بە جێ بگەیەنی و ئەنجامێکی پۆزیتیڤ لەم قۆناخە ئاستەمەدا بۆ دواڕۆژی کوردستان بەدی بکات. دەروازەکانی سنوری دەستکرد بکرێنەوە و بارزانی پێشگیر نەبێت بۆ ناردنی خۆراک و دەرمان، و پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە بگاتە دەست گەلەکەمان. دیسان وەک چۆن لە ساڵانی ئاخری حەفتا و دەستپیکی هەشتاکان بون بە پێشقەڕاوڵی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران و بە دژی خەباتی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕیان کرد، ئەمڕٶکەش نەبنە پێشقەڕاوڵی سپای تورک و لە پەناوە بە دەمامکی ئیسلامی بە دژی خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا هیرش بکەنە سەر دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمان. بەستنی سنور لەم سەردەمەدا وەک خەیانەتێکی نەتەوەیی دێتە ئەژمار .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست