کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا لە كوردستانیش راپه‌ڕیین و شۆڕش ڕوودەدات؟ دەربارەى مۆدێرنە و شۆڕشى جیهانى عەرەبى

Saturday, 03/09/2011, 12:00


پێش ئەوەى باس لە مۆدێرنە و شۆرشى جیهانى عەرەبى و دەستكەوتەكانى بكەین پێویستە ئەو دوو ووشە ڕاست بكەینەوە.(شۆرشى جیهانى عەرەبى_ئیسلامى،یان شۆرشەكانى جیهانى عەرەبى) زۆربەى رۆشبیران و رۆژنامەوان و سیاسیەكان بەو شۆڕشەى كە لە جیهانى عەرەبى ڕوودەدات ناودەبەن بە شۆرشەكانى جهانى عەرەبى. ئەوانە پێیانوایە شۆڕشى تونس و لیبیا جیاوازە، جیاوازیەكەش دەبەستنەوە بە ئاشتى و جەنگ لە شۆرشەكەدا. ئەوان دەڵێن دۆخى شۆڕش لە تونس و میسر جیاوازە لەدۆخى شۆرش لە لیبیا،یەمەن و سوریا، چونكە لەوێ دەستكەوتەكان بە ئاشتى بەدەستهاتون و لە لیبیا و یەمەن و سوریاش بە جەنگ . ئەم راستكردنەوە بۆ ئەوەیە كە لە جەوهەردا شۆرشى عەرەبی وەك یەك ببینین، چونكە شۆرشەكە لە ئاسەوارەكانیەوە سەیرناكرێت، بەڵكو لە جەوهەرەكەی و كاریگەرى مۆدێرنە بەسەر عەقڵى عەرەبیەوە دەردەكەوێت. لەبەر ئەوە پێویستە ئەو دۆخەى بۆ جیهانى عەرەبى دروست بووە بەتەنها لەدەركەوتەكانی شۆڕشەكەوە نەبینین، بەڵكو پێویستە ئەو كاریگەریەش ببینین كە دەركەوتەكان مۆدێرنە، دەستكەوتەكانى زانست و پێشكەوتنى تەكنەلۆژیا بەسەر ئینسان لە جیهان لەنێویشیاندا (جیهانى عەرەبى_ئیسلامیەوە) ببینین هەر ئەم حاڵەتەشە شۆرشى عەرەبى لەجەوهەردا بەیەكەوە گرێدەداتەوە.
كاریگەریەكانى مۆدێرنە بەسەر جیهانى عەرەبیەوە تازە نیە،بەڵكو ئەو كاریگەیە لەناوو مێژووى بیركردنەوەى عەرەبیدا دەبینین. لەماوەى پەنجا ساڵى رابردوودا شەپۆلێكى ئامادە هەیە بە ڕووى جیهانى عەرەبى_ ئیسلامیەوە. ئەو شەپۆلە خۆى لە سەرمایەدارى و بەگەرخستنى سەرمایە و كردنەوەى دەرگاى جۆراوجۆرى میدیا لە ناوچەكەدا خستۆتەڕوو. هەبوونى سەدان دەمودەزگاى چاپ و بڵاوكردنەوە. بڵاوبوونەوەى دەستكەوتەكانى زانست و دروستكردنى بیناى جۆراوجۆرى بازرگانى ئەمانە دەركەوتەى نوێى مۆدێرنەن بەسەر جیهانى عەرەبیەوە. شارە دروستكراوەكان ئەوشارانەى كە ناوچەكەى پێ سەرسام دەكرێت. ئەو شارانەى بە بینا و باڵەخانە و بەگەرخستنى سەرمایە وەك رەمزى مۆدێرنە لەناوچەكەدا خۆیان دەخەنەڕوو كاریگەرى گەورەیان بەسەر بیركردنەوەى ئینسان لە ناوچەكەدا هەبووە(شارى دوبەى بازرگانى نمونەى ئەوشارە نوێیەیە) ئێستا ووڵاتانى ناوچەكە و خەڵكەكەى پێیانخۆشە و تەنانەت شانازى دەكەن بەوەى ئەوانیش شارێكیان هەبێت وەك ئەو شارە.وەك گوتمان دەركەوتەكان و دەستكەوتەكانى مۆدێرنە(كە خۆى لە گەشەى تەكنەلۆژیاو پێشكەوتنى زانست دەخاتەڕوو)كاریگەرى بەرچاو و گرنگى بەسەر شۆرشەكانەوە هەیە.ئەمە جگەلەوەى مەسەلەكانى پەیوەست بە ئازادى ڕادەربرین و مافى مرۆڤ هیچى لەو كاریگەریانە كەمتر نیە. چونكە گەشەى تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنى زانست بەجۆرێك لەجۆرەكان وابەستە كراوە بە مەسلەكانى پەیوەست بە ئازادى و مافى مرۆڤ و یموكراسیەتەوە. ئەو وابەستەبوونە بە جۆرێكە كە مرۆڤ وایلێهاتووە ناتوانێت باس لە ئازادى بكات بەبێ ئەنتەرنێت، باس لە دیموكراسى بكات بەبێ بوونى سەرمایە. ئێستا پێویستە ئەوە بزانین كە كەوتنى ئەو دەسەڵاتانە كردنەوەى دەرگاى تازەیە بە رووى دەركەتەكانى مۆدێرنەوە، بەڵام مۆدێرنە وەك حاڵەتێكى بەرجەستە و بینراو،مۆدێرنە وەك هەستپێكراو سەلمێنراو،نەك وەك دۆخێكى تیۆرى كە جاران دەبینرا.
خەسڵەتێك كە ئەم شۆرشە بەیەكەوە گرێدەداتەوە هەوەسى ئازادیە، ئەوەى ئێستا هاتۆتە ئاراوە گۆڕینەوەى مێژوو شارستانیەتە بە ئازادى. ئازادى لە كەشوهەواى دۆخێكى تەواو كۆت و بەند بە خەسڵەت و دەركەوتەى مۆدێرنەوە، ئێستا خەڵكى جیهانى عەرەبى لە دۆخێكدایە كە ئازادى دەبەستنەوە بە رزگاربوون لەستەمى سیاسیەوە، تەنانەت پێشیانوایە كە مێژوویان لەم شۆرشەوە دەست پێدەكات.ئەو فشارانەى كە لەگەڵیدا دەژین وایلێكردوون تواناكانى سەدان ساڵى رابروویان وونە و لاى ئەوان بەهایەكیان نیە، هەروەها شارستانیەتى كۆن بوەتەمێژوویەكى بێ كەڵك. یەكێك لە ئامانجە هەرەگەورەكان لەناو مۆدێرنەداكۆتایى مێژووە و دەستپێكردنەوەى مێژویەكى تازەیە بەناوى ئەوەوە. واتە مۆدێرنەى خۆرئاواى دەیەوێت مێژووى دنیا و دەستكەوتەكانى لە خۆیا قەتس بكات، ئیتر دنیا لەو ئازادیەوە دەست پێبكات ئەو ناوى دەبات،دنیاى بێ دیموكراسیەتى خۆرئاواى دنیا نیە، ئەگەر خۆرئاوا نەبێت مرۆڤ مرۆڤ دەخوات و جیهانە دەبێتە جەنگەڵ. هەرچەندە مۆدێرنە و كاریگەریەكانى پەیوەندى بە كۆى مرۆڤایەتى وتێروانینیەوە هەیە بۆ خودا،مرۆڤ و دەوروبەرو دنیا. بەڵام ناكرێت مۆدێرنە نەبەستینەوە بە دۆخى میللەتانەوە. ئەگەر سەیرى مۆدێرنە و پەیوەست بە نەتەوەكانى رۆژهەلاتى ناوەراست و باكورى ئەفریقاوە بكەین ئەوا كاریگەریەكانى مۆدێرنە واى كردووە كێشەى گەورەى نەتەوەكانى ئەم ناوچەیە دەبێتە هەوەسى بەدەستهێنانى ئازادى، نەك ئەو ئازادیە بە "بڕوا" وەك حەقیقەتێكى پەیوەست بە بوون و مانەوەیان مرۆڤ و نەتەوەكان ناوچەكە مامەڵەى بكەن و پێیبگەن، كاتێكیش دۆخەكە بەو شێوەیە بێت ئەوا گۆرانكارى لە تێگەیشتنى عەقڵى زۆر سەخت دەبێت.


دۆخى مۆدێرنە پەیوەست بە كوردستانەوە
كوردستانیش ناتوانێت خۆى لەدۆخى وڵاتانى ناوچەكە و كاریگەریەكانى مۆدێرنە دەرباز بكات. لەساڵانى ڕابردوودا لێرەو لەوێ باس لە مۆدێرنە و كاریگەریەكانى لەسەر مرۆڤى كورد كراوە،بەڵام ئەو باس و خواست و گفتوگۆیانە خۆیان لە ئاستى تیۆرى قەتس كردبوو،ئەوەندەى ئێمە ئاگاداربین نەتوانرا بە ووردى كاریگەریەكانى مۆدێرنە لەسەر عەقڵى كوردى شیبكرێتەوە.ئێستا خەڵكى كوردستانیش ناتوانن خۆیان لەو دۆخە دەربازبكەین كە مرۆڤى جیهانى عەرەبى_ئیسلامى تێیدا دەژى. نا بێت ئەوەشمان بیر بچێت (خەڵكى ساڵانێكە دەیانەوێت لە زوڵم و ستەم و زۆردارى دەسەڵاتدارانیان رزگاریان ببێت) تەنانەت وایانلێهاتبوو غەمى گەورەیان بووبوە گوزەراندنى ژیان و دابینردنى كەرەستەى سادەى رۆژانە. هەر ئەم حاڵەتەش (پەیمانێكى كۆمەڵایەتى) لەنێو سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكان و دید و بیرورا جیاوازەكان خوڵقاند. كوردیش بەهەمان شێوەیە جگەلەوەى بەدەست بێدادى كۆمەڵایەتى و ژیانێكى سەختەوە دەناڵێنێت، ناتوانین دایببڕین لە كاریگەرى مۆدێرنە و دەركەوتەكانى، هەر بۆیە ئەو دۆخەى كەبەسەر جیهانى عەرەبى ئیسلامیدا هاتووە ئەشێ بەشێوازى جیاواز خۆى دەبخات،بەڵام مەرج نیە كتومت كاریگەریەكانى مۆدێرنە و غەمى رزگاربوون لە ستەمى سیاسى بەهەمان دەنگ و ڕەنگى جیهانى عەرەبى_ ئیسلامى كاریگەرى دابنێت، بەڵام بێگومان ڕەنگە لە شێوازى جیاوازدا لە كوردستانیش دۆخى هاوشێوە ڕووبدا.ئەگەر سەیرى ساڵانى ڕابردوو بكەین ئەوا دەبینین كورد لەسەر ئاستى كۆمەڵایەتى بەشێوازى جۆراوجۆر بەرەنگارى دەركەوتەكانى مۆدێرنە بوەوە، بەڵام نەك نەیتوانى لەبەرامبەرى بوەستێت، بەڵكو زۆر ئارام و لەسەر خۆ كاریگەریەكانى لەسەر كۆى جەستەى كۆمەڵگا دانا. لە چەند ساڵى ڕابردوودا شاهیدى زۆرشتى سەیروسەمەربووین و فەزیحەى گەورە ڕوویاندا. هێشتا ئەو كاریگەریانە لەسەر جەستەى كۆمەڵگە لەسەر ئاستى كۆمەڵایەتى دەیبنین.بەڵام ئەم شەپۆلە بەتەنها هەڵگرى كاریگەرى كۆمەڵایەتى نیە،بەڵكو هەڵگرى خەونى سیاسیشە. هەرلەبە ئەوە پێویستە باس لەو راستیە بكەین كە مۆدێرنە بەتەنها كاریگەرى بەسەر بیركردنەوەى تاك،یان دۆخى كۆمەڵایەتى گروپێك یان نەتەوەیەك نیە،بەڵكو كاریگەرى گەورەش لەسەر رەوتى سیاسى دادەنێت،چونكە وەك گوتمان ئەو دەركەوتانە جاران خۆى لە(پەیوەندىمرۆڤ و خودا) _(مرۆڤ و مرۆڤ) _(مرۆڤ و كۆمەڵگە)- (مرۆڤ و دەسەڵات) دەبینرا، ئێستا قۆناغێكى تازەى بە خۆیەوە دیوە ئەویش چربوونەوەى كاریگەریەكانیەتى بۆ پەیوەندى نێوان مرۆڤ و سیاسەت. وەك گوتمان باسكردن لە مافى مرۆڤ و ئازادى بیرورادەربڕین و بانگى دیموكراسى نمونەى ئەو هێزەن كە بەكاردەهێنرێن بۆ كۆنترۆڵ كردن،ئەو هێزەن كەخاڵى چركردنەوەى پەیوەندى مۆدێرنە بەسیاسەتەوەیە(هەندێك ناوى دەبەن بە مۆدێرنەى سیاسیى).
لەبەر ئەوە مرۆڤ بەهۆى ئەو هێزەسیاسیەوە لەپەراوێزى ژیانى رۆژانەیدا تەماشاى پەیوەندیەكانى خۆى و خودا و خۆى و كۆمەڵگا دەكات.ئەو شەپۆلە یەكەمجار كۆمەڵگەكە بە بەهاى تازە و هەستى تازە هەروەها وێنەى تازە موتربە دەكات و دەیكاتە یەك جەستە و پاشا ئەوەى كردیە یەك جەستە رۆحێكى دەكرێت بەبەردا بەناوى ئازادى و دیموكارسى و مافى مرۆڤەوە. ئەو كاتەش بە ئاسانى دەستكەوتەكانى مۆدێرنەى سیاسى دێنە دى وەك گوتمان كوردستانیش دوور نیە لەو شەپۆلە و ئەگەرى شۆڕشى لێدەكرێت، ڕەنگە ڕوودانەكەى بە ڕێگا و شێوازى جیاوازبێت.بەڵام لەجەوهەردا یەك شتە. ئەویش كاریگەرى مۆدێرنە و دەركەوتەكانیەتى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە