کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قەیرانى بەڕێوەبەرایەتییەكانى شانۆ

Monday, 13/04/2009, 12:00


رۆژى جیهانیى شانۆ كە لە 27/3ى هەموو ساڵێك یادى دەكرێتەوە، وەك ساڵانى رابردوو ئەو دەرفەتەى رەخساندەوە كە گروپو ناوەندە شانۆییەكە بە چالاكیى شانۆیىو كۆڕو كۆبوونەوەو دیدارى رۆژنامەوانى ئەو یادە بكەنەوە.
ئەو بۆنەیەى كە بەتەنها لەو رۆژەدا زۆرترین تیشك دەخرێتە سەر بوارى هونەرى شانۆو زۆرترین قسەو لێدوان دەربارەى ئەم هونەرە دەكرێت. كە ئەمە خۆى لە خۆیدا كارەساتەو ئەگەر هونەرى شانۆ لە كوردستاندا پێگەیەكى باشو بەهێزى هەبێت دەبێت لەكاتو تافى تریشدا قسەو باس لەسەر ئەم هونەرە بكرێتو كێشەو گرفتەكانى ئەم هونەرە بخرێتە روو. هەڵبەت مەبەستى نووسینەكەى من لەم دەرفەتەدا لەسەر ئەو باسە نییەو ئەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم ئەوەى هانیدام ئەم وتارە بنووسم بەرنامەى ئەو چالاكییە شانۆییانەیە كە بەڕێوبەرێتى هونەرى شانۆ لە رۆژى جیهانیى شانۆ ئەنجامیداو هاوكات قسەكردنە لەسەر ئەو لێدوانانەى كە پەیوەستن بە رایەڵەكانى پەیوەندى نێوان شانۆكارو دەسەڵاتو ئەو ئاهەنگانەى كە لەرێگەیەوە خەڵات دەبەخشرێتە شانۆكارانو لەئەمساڵداو لە دوو ئاهەنگى جیاوازدا بەتەنها لە شارى سلێمانىو هەولێر (جگە لە شارو شارۆچكەكانى تر) نزیكەى 56شانۆكار خەڵاتكران كە لە فێستیڤاڵێكى گەورەى وەكو ئۆسكاریش ئەو رێژە خەڵاتە زۆرەى تێدا دابەش ناكرێت، كە ئەمەش بێجگە لە بێحورمەتى بەرامبەر بەم هونەرە هیچى تر ناگەیەنێ.
بۆ ئەوەى لە وتارەكەمدا پەرشوبڵاو نەبم نووسینەكەم بەسەر چەند تەوەرێكى سەرەكى دابەشدەكەمو بۆ هەر بەشێكیان روانینى كەسێتى خۆم بخەمە روو، هەر لەسەرەتاشەوە هیوا خوازم ئەم نووسینە بتوانێت گفتوگۆیەكى جددى لە نێوەندە شانۆییەكەدا بخوڵقێنێت.

تەنها لەبۆنەكاندا شانۆ هەیە:
یەكێك لەو دامەزراوە حكومییانەى كە ئەركى فەراهەمكردنى پێداویستییەكانى هونەرى شانۆى لە كوردستان پێ بەخشراوە، بەڕێوبەرێتى هونەرى شانۆیە كە سەر بە وەزارەتى رۆشنبیرى حكومەتى هەرێمى كوردستانە. لە ئێستادا دوو بەرێوبەرێتى لەو جۆرە لە هەردوو شارەكانى (سلێمانىو هەولێر) بونیان هەیەو ئەوانن كە دەتوانن كارى هونەریى گروپو دەستە شانۆییەكان بگرنە خۆیانو كارئاسانییان بۆ بكەن تاوەكو بەرهەمە شانۆییەكانیان پێشكەش بكەن. هەڵبەت بە چاوخشاندن بە كارى ئەو بەڕێوبەرێتیانەو بەتایبەت كە من خۆم لە شارى سلێمانیمو زۆرتر ئاگادارى چالاكییەكانى بەڕێوبەرێتى هونەرى شانۆى سلێمانیم هەستم بەوە كردووە كە ئەم بەڕێوبەرێتییە پلانو بەرنامەیەكى تۆكمەى لە هەگبەدا نییە بۆ برەودان بە هونەرى شانۆ لە ناوچەكە، بە بەڵگەى ئەوەى كە بەرهەمى شانۆیى ئەم بەڕێوبەرێتییە بەتەنها لە بۆنەكانداو بەتایبەت لە رۆژى جیهانیى شانۆدا دەبینرێتو بەدەر لەو بۆنانە تاكو تەرا نمایشى شانۆیى ئەنجام دەدرێت.
ئەمە لەكاتێكدا كە جگە لە گروپو دەستە شانۆییەكان خودى ئەو بەڕێوبەرێتییە خاوەن لەشكرێك لە شانۆكارە!!. هەروەها ئەوەى جێى نیگەرانیشە ئەوەیە كە بەداخەوە تاكو تەرا نەبێت تەنانەت لەو بۆنە شانۆییانەشدا شانۆى جددى نابینیتو بەركەوتنت لەگەڵ شانۆیەكدا نابێت كەچویتە دەرەوەى هۆڵى نمایش پرسیارت لەلا بەجێبهێڵێت.
هەڵبەت من پێم وایە كە دەبێتو پێویستە ئەم بەڕێوبەرایەتییە تایبەتمەندانە خاوەن پرۆگرامو رێپۆرتوارى وەرزانەى خۆیان بنو بتوانن كارێكى وا بكەن كە بەردەوام شانۆ ئامادەبوونى هەبێت. بۆیە لەو سۆنگەیەوە من بڕوام وایەو گومان دەكەم كە ئەم بەڕێوبەرێتیە خاوەن رێپۆرتوارى وەرزانەى خۆى بێتو بەتەنها لە بۆنەكانو بەتایبەت لە رۆژى جیهانیى شانۆدا بە پەلە پروزكێ چەند شانۆگەرییەك بەرهەم دێننو نمایشى دەكەن.
كارێكى ترى ئەو بەڕێوبەرێتییە دەبێت كارئاسانى كردن بێت بۆ بەرهەمى شانۆكارانو پێداویستیەكانیان بۆ فەراهەم بكات، بەڵام من لە زۆر دەرهێنەرم بیستووە كە ئەو كاتەى پرۆپۆزەڵێك بۆ بەرهەمێكى شانۆیى پێشكەش بەم بەڕێوبەرێتییە دەكەن، لەبرى ئەوەى داكۆكى لە تێچوونو خەرجى بەرهەمە شانۆییەكە بكەن خۆیان دەكەونە وێزەى كەمكردنەوەى بڕى تێچووى بەرهەمە شانۆییەكە، ئەمە جگە لەوەى كە وەك پێویست هاوكارى هونەرمەندو ستافە شانۆییەكان ناكرێت لە بەخشینى هۆڵى شانۆیى ئەو بەڕێوبەرێتییەو جیاوازى لەنێوان كەسێك بۆ كەسێكى تر دەكرێت.
خاڵێكى تر كە دەمەوێت هێماى بۆ بكەم چڕكردنەوەى چالاكییە شانۆییە (كەمەكانە) لەنێو سەنتەرى شارداو پشتگوێخستنى كەنارەكانى شارە، وەك ئەوەى ئەم بەڕێوبەرێتییە بەتەنها بەرپرسیارى نێو سەنتەرى شارى سلێمانى بێت.

لێدوانى نا بەرپرسانە:
بەتایبەت لە چالاكییەكانى رۆژى جیهانیى شانۆداو بەهۆى ئەوەى كە میدیاى كوردى گرنگییەكى باش دەدات بەو بۆنەیە، بە وریاییەوە موتابەعەى چەندین لێدوانى بەڕێوبەرەكانى هەردوو بەڕێوبەرێتى هونەرى شانۆى (سلێمانىو هەولێر)م كرد، كە سەبارەت بە بارى هونەرى شانۆى كوردى لە ئەمڕۆدا دەیانخستە روو، ئەوەى لە زۆربەى ئەو لێدوانانەدا جێگەى تێڕامانو هەڵوێستەى من بوو ئەوە بوو كە زۆربەى ئەو لێدوانانە (جگە لەوەى كە هەژارى مەعریفەو ئەكادیمیستى شانۆكارى پێوە دیاربوو) ئەو نابەرپرسیارێتییو وەهمە بوو كە ئەو بەڕێوبەرانەو بەتایبەت بەڕێوبەرى هونەرى شانۆى سلێمانى لە سەر دۆخى هەنووكەیى شانۆى كوردى دەیخستە روو، بۆ رونكردنەوەى ئەم تێبینیەى من سەبارەت بەو لێدوانە پێمخۆشە خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ ئەرشیفى سایتى (پەیامنێر) كە دیدارێكى لەگەڵ بەڕێز (هیوا رەووف) بەڕێوبەرى هونەرى شانۆى سلێمانى ئەنجامداوەو ئەو بەڕێزە شانۆى كوردى وا وەسفدەكات كە لە ئاستێكى جیهانیدایەو لەنێوەندى شانۆى جیهانیدا پێگەى هەیە. هەڵبەت ئەگەر شانۆى كوردى لە كوردستاندا هێند برەوى سەندبێتو كێشەو گرفت لەبەردەم شانۆكاراندا نەبێتو سەرجەم پێداویستیەكانى شانۆكار بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمێكى شانۆیى فەراهەم كرابێتو هۆڵە شانۆییەكانمان (كە نیمانە) بەردەوام شانۆى تێدا پێشكەش بكرێتو...هتد، ئەوا ئەم لێدوانە دەچێتە خانەیەكى لۆژیكىو جێى متمانە، بەڵام هەر كەس بە وردى سەرنج لە نێوەندى شانۆى كوردى بدات زۆر بە سانایى درك بەوە دەكات كە ئەم شانۆیەو بەتایبەت كە زۆرێك بە بزاڤى شانۆ ناوى دەبات نەك لەنێو مەحافلە نێو نەتەوەییەكانى شانۆى جیهانیدا پێگەیەكى نییەو بزرە، بەڵكو تەنانەت لەنێو خودى كوردستانیشدا ئەم رەوتە نەیتوانیوە جێگەى خۆى بكاتەوە لەلاى بینەرانو هاوسەردەمى خەمەكانى خەڵكو كۆمەڵگەى كوردى بێت. وەك چۆن شانۆ لە كوردستاندا نەبۆتە پێداویستیى خەڵكو كۆمەڵگەى كوردى، بەو واتایەش هەر شتێك جێگەى گرنگیىو سەرنجو پێداویستى كۆمەڵگە نەبێت ناتوانێت پێگەیەكى بەهێز بۆ خۆى مسۆگەر بكات.
ئەمە جگە لەوەى كە تاكو تەرا نەبێت پرۆسەى نمایشى شانۆى كوردى لە كوردستاندا خاوەن سیماو شوناسێكى میللیىو نەتەوەییانە نەبووە تاوەكو ئەو شانۆیە بتوانێت ئامادەبوونى هەبێت لەنێوەندى شانۆى جیهانیدا، بەو مانایەى كە ئەم شانۆیەو بەتایبەت زۆرێك لە بەرهەمەكانى بەڕێوبەرێتى ناوبراو هەڵگرى ئەو شوناسو تایبەتمەندییەى شانۆى كوردى نین تاوەكو پێگەیان لە فێستیڤاڵو بۆنە شانۆییە نێونەتەوەییەكان هەبێت. چونكە من بڕوام وایە كە شانۆیەك دەتوانێت خاوەن پێگەى بەهێز بێت لە نێوەندە جیهانییەكاندا كە هەڵگرى سیماو خەسڵەتى كوردانە بێتو لە هەناوى كۆمەڵگەى كوردییەوە هەڵقوڵا بێت، هەر بەمەش دەتوانرێت شانۆى هەر میللەتێك بناسرێتەوە.
پەیوەست بەم تەوەرەیە ئاماژە بە لێدوانى بەڕێز (هیوا سوعاد) بەڕێوبەرى هونەرى شانۆى هەولێر دەدەم كە لە دیدارێكى لە بەرنامەى (دیڤجین) ى كوردستان تیڤى وتى:"دەرهێنەرەكانى شانۆ لە شارى هەولێر نەیانتوانیوە سەرنجى بینەران بۆ شانۆ كەمەندكێش بكەن....". هەڵبەت ئەم لێدوانە بەهێندەى كارەساتبارە بە هێندەى ئەوەش مایەى پێكەنینە، واتاى چییە كە دەرهێنەرەكانى شارى هەولێر نەیانتوانیوە كەمەندكێشى سەرنجى بینەران بكەن بۆ شانۆ، ئەى داخۆ ئەوانەى كە كارى دەرهێنانى شانۆیى دەكەن لە (پایتەختى كوردستان)دا تۆ بڵێى لە ئەلفو بێى شانۆ نەزاننو شەڕ بەم هونەرە بفڕۆشن، ئەى كارى گروپو تیپە شانۆییەكان لەو شارە چۆن بەڕێوە دەچێت؟، ئەى وەزیفەى بەشى شانۆى پەیمانگاى هونەرەجوانەكانى ئەو شارە چییە؟ ئەى بۆچى لەشارى هەولێردا بەڕێوبەرێتى هونەرى شانۆ دانراوەو بودجەو پارەى بۆ خەرجدەكرێت؟و چەندین پرسیارى تر.
لە هەمووى نیگەرانتر ئەوەیە كە براى بەڕێزى بەڕێوبەر وەك ئەوەى بیەوێت بە پێشنیار ئەم گرفتە چارەسەر بكات، بە كارەساتێكى تر دەیەوێت ئەوەندەى تر دۆخى شانۆ لەو شارە شلۆق بكاتو لەو دیدارو گفتوگۆ تەلەفزیۆنیەدا دەڵێ "..وەك بەڕێوبەرێتى هونەرى شانۆى هەولێر لە بەرنامەماندایە كە بۆ لەمەولا بە كارى كۆمیدیا سەرنجى خەڵك بۆ شانۆ رابكێشین..." ..هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن كە ئەم بەڕێوبەرێتییە كەسى پسپۆڕو تایبەتمەندو خوێنەوارى بوارى شانۆ بەڕێوەى ناباتو دۆخەكە كەوتۆتە بەردەستى چەند كەسانێك كە خەریكى تاقیكردنەوەن لەسەر جەستەى شانۆى كوردىو ئەگەر فریا نەكەوین ئەبێت فاتیحا بۆ هونەرى شانۆ بخوێنینو بڵێین كاتى خۆى شانۆمان هەبوو، چونكە هیچ جێى لۆژیك نییە بەڕێوبەرێتییەكى هونەرى شانۆیى هەبێت لە شارێكداو جگە لەوەش چەندین پسپۆڕو شارەزا هەبێت لە وەزارەتى رۆشنبیرى كە چەند هەنگاوێك لەو بەڕێوبەرێتییە دوورەو بەو لەشكرە بەناو پسپۆڕە نەتوانن دۆخى شانۆ لە شارێكى وەك هەولێر چارەسەر بكەن.

رایەڵەكانى نێوان دەسەڵاتو شانۆ:
هەر لەو بۆنەیەدا باسێكى زۆر سەبارەت بە پشتیوانىو هاوكاریى حكومەتى هەرێمى كوردستانو دەسەڵاتى كوردى بە هونەرى شانۆ لە كوردستاندا كرا، زۆربەى لێدوانەكان بەو ئاراستەیە بوون كە دەسەڵاتى كوردى نەیتوانیوە وەك پێویست پشتیوانیىو هاوكارى دۆخى شانۆى كوردى بێت، بە بڕواى من ئەم باسە دوو لایەن دەگرێتە خۆىو من هەوڵدەدەم لێدوانو بۆچوونى خۆم دەربارەى بڵێم. لایەنى یەكەم ئەوەیە كە شانۆیەك هێشتا نەیتوانیبێت پێگەو ئامادەبوونێكى هەمیشەیى لەنێو كۆمەڵگەى كوردى هەبێت، ئەبێ گوناهى دەسەڵات لە كوێدا بێت؟ دەبێت دان بەوەشدا بنێم كە من لەگەڵ بەشێكى ئەو لێدوانەى بەڕێوبەرى هونەرى شانۆى هەولێرم كە لەو دیدارەى تەلەفزیۆنى ناوبراودا وتى:"...پارەى زۆرى حكومەتو دەسەڵاتى كوردى ناتوانێت داهێنەر دروست بكات.." هەڵبەت منیش هاوڕام لەگەڵ ئەو قسەیەو كێشەكە لە ئەداى شانۆكارانو نێوەندە شانۆییەكە خۆیدایە كە ناتوانێت كەمەندكێشى سەرنجى بینەران بكاتو دووبارە بینەران لەگەڵ شانۆدا ئاشت بكاتەوە، ئەوە شانۆكارانن بەتەنها دەتوانن برەو بە رەوتى شانۆى كوردى بدەنو پێگەیەكى بەهێز لەنێو كۆمەڵگەى كوردى دروست بكەن. لایەنى دووەم، زۆرێك لەو بەڕێزانە گلەیى نەبوونى هۆڵى شانۆیان دەكرد لە كوردستانو دەسەڵاتو حكومەتیان بە بەرپرسیار دادەنا بەرامبەر دروستنەكردنى هۆڵى شانۆیى، باشە ئازیزانم كە شانۆ نەبێت لەم كۆمەڵگەیە هۆڵمان بۆ چییە؟و چى لێ بكەین؟ كە بۆنەو ئاهەنگو سیمینارو كۆنفڕانسى حیزبىو حكومیىو رێكخراوەیى زۆرتر بێت لە پرۆسەى نمایشى شانۆیى دەسەڵات بڵێ چى؟

خەڵاتبەخشین بە بێ هۆ!!
ماوەى چەند ساڵێكە سەرنجى ئەوە دەدەم كە بەڕێوبەرایەتییەكانى هونەرى شانۆ لە رۆژى جیهانیى شانۆدا خەڵات دەبەخشن بە چەند شانۆكارێك، هەڵبەت ئەم كارە گرنگەو هاندەرى مەعنەویە بۆ ئەوەى شانۆكاران برەو بە كارى شانۆیى خۆیان بدەن. بەڵام ئەوەى جێى سەرسوڕمانە ئەوەیە كە كەس نازانێت ئەم خەڵاتە لەسەر چ بنەمایەك دەدرێتو زۆرێكیش پێى وایە كە دابەشكردنى خەڵاتەكان بە میزاجى شەخسى بەڕێوبەرەكانى هونەرى شانۆ دەبەخشرێتو هەندێكیش پێى وایە كەبەخشینى خەڵاتەكان بەتەنها قەتیسكراوە لە فەرمانبەرانى ئەو بەڕێوبەرێتیانە.
هەڵبەت بۆ بەخشینى خەڵات لە هەر ژانرێكدا دەبێت كۆمەڵێك بنەماو پرەنسیپ لەئارادا بێت، كە من پێم وایە ئەو پرەنسیپە لە بەخشینى ئەو خەڵاتانەدا پەیڕەو نەكراوە، بەبەڵگەى ئەوەى كە كەس نازانێت چ لیژنەیەك بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كە خەڵاتى شانۆ بدرێتە ئەو شانۆكارانە، كێن ئەوانەى كە پسپۆڕن لەو بوارەداو هەڵدەستن بە كاندیدكردنى خەڵاتكراوەكان؟ دواجار ئایا بەڕاست ئێمە شانۆكارى داهێنەرمان هەیە تا خەڵاتى بكەین؟ بەدەر لەوانە بەخشینى خەڵاتەكان لەسەر بنەماى كۆنىو نوێیە؟ یاخود لەسەر بنەماى زۆرترین كارى هونەرى ئەو شانۆكارانەیە لەو ساڵەدا؟ هەر كەس بە وردى سەرنج بداتە ئەو ئاهەنگى خەڵاتانە ناتوانێت پرەنسیپو بنەماكانى بەخشینى ئەو خەڵاتانە لێكبداتەوەو وەك مەتەڵو لوغزێك لێى دەڕوانێ؟ دواجار ئایا چ لۆژیكێك ئەوە بەهەند وەردەگرێ كە شانۆكار هەیە لە بەشداریكردنى وەرزێكى شانۆیى یان فێستیڤاڵێكى شانۆیى ئەو بەڕێوبەرێتییە خەڵاتەكانى بایكۆت كراوەو دواتر لەشەوى رۆژى جیهانیى شانۆدا خەڵات بكرێت؟ ئەى ئەگەر ئەو شانۆكارە هێندە داهێنەرە بۆ لە وەرزە شانۆییەكانى هەمان بەڕێوبەرێتیدا خەڵاتەكەى پێ نابەخشرێو هۆى چییە خەڵاتەكەى حەجبدەكرێت؟ پاشان لە لۆژیكى چ شوێنێكدا هەبووە كە ئەمساڵ شانۆكارێك خەڵاتى باشترین ئەكتەرى پێ ببەخشرێتو بۆ ساڵێك یان دووانى تر خەڵاتى مژدەبەخشى ئەكتەرى پێ بدرێ؟

دوا سەرنج:
هەڵبەت وەك لەسەرەتاى نووسینەكەمدا ئاماژەم بۆ كرد بە هیوام ئەم وتارە بتوانێت قسەى جددى لەسەر رەوشى هەنوكەیى شانۆ لە كوردستان دروست بكاتو سەرجەمى ئەم تێڕوانینانەش بەتەنها بە ئامانجى چالاككردنو برەودانە بە كارى ئەو شوێنو دامەزراوانەى كە لە وتارەكەدا ناویان هاتووەو هیچ مەبەستێكى تر لە ئارادا نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە