کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە پەراوێزى سەردانەكەى (ئەدۆنیس) بۆ كوردستان

Wednesday, 29/04/2009, 12:00


رۆژانى (16تا20/4/2009) لەسەر بانگێشتى بنكەى ئەدەبیىو رووناكبیرى گەلاوێژ شاعیرى عەرەب (ئەدۆنیس) هاتە كوردستانو لە شارى سلێمانى چەند چالاكییەكى ئەدەبیىو كۆڕى شیعرى ئەنجامداو سەردانى چەند دامودەزگایەكو شارى هەڵەبجەى كرد.
هەڵبەت هاتنى شاعیرێك لە پێگەیەكى گەورەى ئەدەبیى وەك (ئەدۆنیس) كە زۆرێك بە كۆڵەكەیەكى پتەوى شیعرى عەرەبى ئەمڕۆى دادەنێ هەنگاوێكى باشەو مایەى دەستخۆشییە. بەڵام ئەوەى كە روونو ئاشكرا نییە هۆكارى بانگێشتكردنى ئەم شاعیرەیە لەلایەن بنكەى ئەدەبیىو رووناكبیرى گەلاوێژ بۆ كوردستان. كە دەبوو پێش هاتنى هۆكارەكانى لە راگەیاندنەكاندا روون بكرایەتەوە. تاوەكو ئەو پرسیارانە دروستنەبووایە كە هۆكارى بانگێشتكردنى (ئەدۆنیس)و بانگنەكردنى شاعیرانێكى تر بۆ چى بوو؟ ئەو تایبەتمەندییانە چییە كە واى كردووە (ئەدۆنیس) بانگێشت بكرێتو شاعیرو ئەدیبێكى تر بانگ نەكرێ؟ بە چ پێوەرو لەسەر چ بنەمایەك ئەم بانگێشتە كراوە؟و چەندین پرسیارى تر.
لە زۆربەى ئەو بانگێشتو فێستیڤاڵە ئەدەبیىو رووناكبیریانەى كە لە كوردستان دەكرا لە ساتى بانگێشتو میوانداریكردنى رۆشنبیرو ئەدیبى غەیرە كورد ئەوە لەبەرچاو دەگیرا كە ئەو میوانو بانگێشتكراوانە خاوەن روانینو هەڵوێستى سۆزدارى بن بۆ پرسو مەسەلەى كوردو هەر نەبێت ئاشناى بارى رۆشنبیریىو ئەدەبیى كوردى بن، بەڵام هەموومان باش ئەوە دەزانین كە (ئەدۆنیس) نەك هەڵوێستێكى روونو ئاشكراى نییە لەسەر دۆزى كورد بەڵكو حەرفێكیشى لەسەر كورد نییە، ئەى كەواتە هۆى چیى بوو كە ئەم شاعیرە بانگێشتكرا؟ ئەى باشە نەدەكرا شاعیرێكى وەك (سەلیم بەرەكات) بانگێشتو میواندارى بكرایە كە بەرەچەڵەك كوردە و ئەتمۆسفێرى نێو رۆمانو شیعرەكانى ئەتمۆسفێرێكى كوردانەیە، خاڵێكى گرنگى تریش ئەوەیە كە (بەرەكات) بە زمانى عەرەبى دەنوسێتو ئەمەش پنتێكى هەرە گرنگە بۆ ناساندنى كەلتوورو ئەدەبیى كوردى بە جیهانیى عەرەبیى كە بەداخەوە تەنانەت لەپاش ئازادكردنى كوردستانو راپەڕینى باشورى كوردستان ئەم ئیشكردنە هەژارییەكى گەورەى پێوە دیارەو لەجێى نەبووانە.
ئەگەر پاساوى هاتنەكەى (ئەدۆنیس) بۆ ئەوە بێت كە بە كەلتوورو دامودەزگا رۆشنبیرییەكانمان ئاشنا بێت، دیسانەوە ئەمەش جێگەى پرسیارە، بەتایبەت كە ئێمە دامودەزگایەكى رۆشنبیرى ئەكتیڤو چالاكیى وامان نییە كە نیشانى دەرەوەى خۆمانى بدەین، بە دەزگاى سەردەمیشەوە كە یەكێك لە وێستگەكانى سەردانەكەى (ئەدۆنیس) بۆ ئەوێ بوو، دەزگایەك كە لە مانگێكدا دوو كتێبى باش چاپ نەكات چۆن بوێرى ئەوە دەكات شاعیرێكى عەرەب بانگێشتى بارەگاكەى بكات؟ دەزگایەكى چاپو بڵاوكردنەوە كە نەیتوانى بێت بەلانى كەمەوە 10 بەرهەمى هەڵبژاردەى ئەدەبیو بەرهەمى رۆشنبیرى كوردى بكاتە عەرەبى بە چ جورئەتێكەوە میواندارى كەسێكى وەك ئەدۆنیس دەكات، خۆ دامەزراوەو دەزگاى رۆشنبیرى هەر باڵەخانەى قەبەو زەبەلاح نییە، ئەى بەرهەمى ئیبداعى ئەم دەزگایە كوا؟ لە هەمووشى پێكەنیناوى تر ئەوەیە كە لەسەردانى ئەم دەزگایەدا چەند كەرەستەیەكى فۆلكلۆرى كوردى پێشكەش بە (ئەدۆنیس) كرا.
خاڵێكى تر كە دەمەوێ هەڵوێستەى لەسەر بكەم ئەوەیە لەو ماوە زۆرەى ئازادى كوردستانو دامەزراندنى ئەو بنكەو دامەزراوە رۆشنبیرییانەو ئەو بوارە بەرفراوانەى چاپو بڵاوكردنەوە نەك سەرجەمى بەرهەمەكانى بەڵكو چارەكى چارەكى بەرهەمەكانى (ئەدۆنیس) وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانى كوردى تاوەكو ئێمە شانازى بەوەوە بكەین كە كەسێكى وەك (ئەدۆنیس) هاتە كوردستان بەرهەمەكانى خۆى بە كوردى پێشكەش بكەین.
دواشت ئەوەى زۆر جێى سەرنجى من بوو وەك باقى میواندارییەكانى ترى غەیرە كورد سەردانى شارى هەڵەبجە بوو كە بۆتە مۆزەخانەیەكو لەوێوە دەمانەوێ سواڵى بەزەیىو سۆزدارى میوانەكانمانى پێ بكەین، ئەوەى جێى پرسیار بوو لەو سەردانەى ئەدۆنیس بۆ سەر مەزارى شەهیدان، ئەم شاعیرە دێڕێكى لەنێو تۆمارى مەزارى شەهیدان بەجێنەهێشت، وەك راگەیاندنەكان بڵاویان كردووە گوایە (ئەدۆنیس) تووشى شۆكێكى گەورە بووە لە بینینى ئەو مەزارەى شەهیدانى هەڵەبجەو لەبەرئەوە نەیتوانیوە هیچ بنوسێت. بەڵام داخۆ هۆكارى بەجێنەهێشتنى دێڕێك لە تۆمارى مەزارى شەهیدان لەلایەن ئەدۆنیسەوە هۆكارەكەى ئەو شۆكە بوو كە راگەیاندنى كوردى باسى لێوە كرد یاخود هۆكارە راستەقینەكەى ئەوەیە كە (ئەدۆنیس) نەیویستووە بەو دێڕە پابەستبوونو ئیلتیزامێكى مێژوویى بەرامبەر پرسێكى گرنگى وەك كارەساتى هەڵەبجە بۆ خۆى درووست بكات؟ .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە