نامەیەكى دۆستانە بۆ كاك (هادى كوڵكنى)
Monday, 04/04/2011, 12:00
نازانم باس لەكامە ڕوو سپێتیى (حزبى شیوعى) دەكەیت ؟!
لەو وەڵامەى كە كاك هادى كوڵكن ، ڕۆژى (30 / 3 / 2011) بۆ كاك سۆران عومەرى نووسیوە دەربارەى ئەو بابەتەكە كە تیایدا داواى ڕوو سپى كردنەوەى لەحزبى شیوعى كوردستانى و بزووتنەوەى ئیسلامى كردووە بەوەى ، كە لەپەرلەمان و حكومەت بكشێنەوە ، دیارە كاك هادى بەو داواكارییەى كاك سۆران تا ڕاددەیەك نیگەران و قەڵس بووەو ، بەڕێزیان هەر زوو وەڵامێكى پڕ لەپاساوى بێ بنەماو كزو لاوازى ئەو بەڕێزەى داوەتەوە ، كە بەلاى منەوە بۆچوونەكانى لەدەربڕیندا وەك هەڵویستى حزبەكەى لەڕو لاوازو بێ توانان ، من وەك كادیرێكى ساڵانى زووى حزبى شیوعیى عێراقى ، كە ڕەنگە ئەوسا نەكاك هادى كوڵكنى و ، نە زۆر لەهاوڕێكانى ئەم سەردەمەى ئەو و ، نە كاك دكتۆر كاوەكەى بەناو وەزیرى نارۆشنبیرییەكەى ئیستاى حكومەتى كوردستان كە لەسەر میلاكى حزبەكەى ئەون ، كورد گوتەنى هێشتا دەمیان لەسیاسەت گیر نەبووبوو . پێم باشە لەبەشێكى بۆچوونەكانى كاكى كوڵكنیى پەیوەنددار بەحزبەكەى ئەوە بێمە دەنگ و ، منیش هەر وەكو بەڕێزیان وەڵامەكانم تەنیا لەتەوەرى حزبى شیوعییەوە دەبن :
كاك هادى كوڵكنى لەلایەحەى بەرگرییەكەیدا دەفەرموێت : من وتەبیژى هیچ كام لەو دوو حزبە نیم _ واتە (حزبى شیوعى و بزووتنەوەى ئیسلامى _ كە ئەوەى دووەمیان بزووتنەوەیە نەك حزب) بەلام وەك شیوعییەك بەئەركى خۆمى دەزانم كە بە بەڕێزت بڵێم _ لێرەدا مەبەستى كاك (سۆران عومەر) ـە _ كە حزبى شیوعى ڕوو سپییە لەبەر ئەم هۆیان كە : نە لەئاودیوكردنى سەروەت و سامان و نەلەشەڕى ناوخۆ و نە لەچەواشەكردنى میللەتدا ڕۆڵى نەبووە ، بەلكو لەشەڕى ناوخۆدا ڕۆڵى جددى هەبووە بۆ كۆتایى هێنان بەهەر نەهامەتى و سیاسەتێكى نادرووست لەدژى بەرژەوەندییەكانى گەل و نیشتمان) .
من لەكاكى كوڵكنى دەپرسم : باشە حزبى شیوعى لەهەموو ئەوانەى كە لەپێشەوەدا باست كردوون ڕۆڵى نەبووە ، ئەى هەڵویستى چى بووە بۆ ڕوو نەدانى ئەمانە ؟ كاكى خۆم راستە بەڕێز عەزیز محەمەد لەگفتوگۆى نێوان پارتى و یەكێتى بۆ وەستاندنى شەرى ناوخۆ ڕۆڵێكى مەردانەو بەرچاوى گێڕا ، بەلام توخوا دواى ئەوەى پارتى و یەكێتى وەك عارەب گوتوویەتى بوونەوە بە دۆستیچكى گیانى بەگیانى ، تا چەند ناوى هاوڕێ عەزیز لەو بوارەدا دەهات ، من وەك چاودیرێك زۆرم مەبەست بوو رۆژێك لەڕۆژان گەر بۆ خوێى چیشتیش بێت گوێم لەڕاگەیاندنەكانى ئەو دوو حزبە باڵادەستەى كوردستان بێت ، ناوى هاوڕێ عەزیزو حزبەكەى بێنن لەو ڕۆڵەى بەڕێزیان لەوبوارەدا نواندى .
بۆ ئاودیوكردنى سەرەوەت و سامان و چەواشەكردنیش ئەگەر خۆتانى لى غافڵ نەكەن ئەوا دەبێ بڵێن هەردوو حزبە باڵا دەستەكە نە زووترو نە ئێستاش بایى یەك تاڵە موو حیسابیان بۆ حزبى شیوعى نەكردووەو نایشیكەن ، مەگەر تەنیا لەبیرەوەریى دامەزراندنەكەى بەبرووسكەیەكى كورتیلە دوو قسەى خۆشتان بۆ بكەن و ئێوەش پێى دڵخۆش دەبن ، لەپەناشەوە رەنگە بەرپرسانى ئەو حزبە بەخەزنەدارانى خۆیان بڵێن : بەم بۆنەیەوە كەرەم كەن چەند قروشێكیان پێبدەن بۆ ئەوەى لەئاست ڕووداوەكاندا بێدەنگ و دەم كوت بن .
بۆ چەواشەكردنى میللەتیش دیسان دەڵێیم ، برا چما ئێوە توانیوتانە لەكێشە ئاساییەكاندا ورتەیەك بكەن ، تا بچنە سەر باسى قسەكردن لەمەر چەواشەنەكردنى میللەت .
كاكى برا : جەنابت باس لەوە دەكەیت ، كە (وەزیرەكەتان دوورە لەتێوەگلانى گەندەڵى بەشاهیدیى گشت كەسانى خاوەن ویژدان و كارى جیدیشى كردووە) : منیش لەجەنابت دەپرسم كام وەزیرو كام دكتۆر كاوە ، ئەو وەزیرەى ئیستاشى لەگەڵدابێ تواناى ئەوەى نەبووەو نیە كەكێشەى دوو مودیر عامى دیوانى ناو وەزارەتەكەى خۆى ساغبكاتەوە چ جاى كێشەى گەندەڵى و بەجیددى كاركردن ، ئەو وەزیرەى بەدەر لەچەند هەفتەیەك پاش دەست بەكاربوونى و لەوە بەدوا ئەزیەتى ئەوەى نەداوەتە بەرخۆى تەنانەت ژوورەكانى ناو دیوانى وەزارەت و ، فەرمانگەكانى وەزارەتەكەى بەسەربكاتەوە بەهۆى ئەوەى كە بۆتە باش كاتبى دكتۆر بەرهەمى سەرۆك وەزیران بۆ كاروبارى ڕاگەیاندن ، كە ئەو كارەى دكتۆر كاوە بەكاتبێكى ئاسایى یان رۆژنامەنووسێكیش دەكرێت ، نەك وەزیرێكى رۆشنبیری و ئەندامى مەكتەبى سیاسیى حزبەكەى تۆ ، كە تەمەنى دامەزراندنى لەسەرووى حەفتا ساڵەوەیە ، كەچى ئەو ئامادەیە خۆى بكاتە باش كاتبى كەسێكى وەك دكتۆرێكى بێ بەرهەم ، من پێموایە ئەمەیان نەك هەر بۆ دكتۆر كاوە بەڵكو بۆ حزبەكەشى شەرمەزارییە نەك گەورەیى ، كام وەزیرى بە بۆچوونى جەنابتان ناگەندەڵ ، ئەوەى بەئاگاداریى كەسانى بەرپرس لەناو وەزارەتەكەیدا تەنیا خەرجیى بەنزینى سەیارەكانى خۆى مانگانە خۆى لەیەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دیناردەدات ، ئەو وەزیرەى كەسێكى كردۆتە بەرێوەبەرى نووسینگەكەى ، كە هەموو گیانى گەندەڵى و پارە خواردنە ، ئەو وەزیرەى تەنیا لەكۆڕو سمینارەكاندا دەنگى هەیەو لەهەموو كارەكانى دیكەى وەزارەت نە دەنگ و نەڕەنگى هەیەو، لەوە زیاتركەس حیسابى پوولێكى قەلپیشى بۆ ناكات ، ئەو وەزیرەى پارساڵ بۆى نەكرا هیچ فەرمانبەرێك بەدەسەڵاتى خۆى بۆ وەزارەتەكەى دەمەزرێنێت بەلكو خۆشى بێت ترشی بێت هەموو ئەوانەى دامەزران بەسەریدا سەپێندران ، وەزیرێك كە قسەى مودیر عامەكەى لەهى ئەو زیاتر بخوات و لەزۆر شتدا تەجاوزى بكرێت .
كاكى برا ئەمانەو زۆر شتى تریش ، كە ڕەنگە ئەگەر باسیان بكەین هەر كۆتاییان نەیەت ، ؟؟؟
ئینجا لەشوێنێكى تردا باس لەوە دەكەیت كە (حزبى شیوعى هەردەم هەڵوێستى روون و لەكاتى خۆیدا هەبووە ، پڕۆژەى چاكسازیشى پێشكەش كردووەو دەنگیشى دلێر بووە لەڕووبەڕوبوونەوەى گەندەڵى و سیاسەتى دوو فاقى و دوو ئیدارەیى) دا ، براى بەڕێز كاكە كوڵكنى ، من نازانم جەنابتان باس لەكامە هەڵوێست روونى دەكەن ، ئەو هەڵوێستانەى بەرانبەر بەدانەمەزراندنى دەیان سەدان دەرچووى كۆلیژو پەیمانگەكان كە ئەمڕۆ بەبێ كارو كاسبى لەشارو شارۆچكەكانى كوردستان بەشەقامەكاندا دەخولێنەوە ، یان ئەو هەڵوێستانەى كە نەتان بووە تەنیا بۆ كەسوكارى شەهیدەكانى حزبەكەتان ، كەنزیكەى دوومانگێك پێش ئەمڕۆ لەشارى هەولێر بەڕێز ئەحمەد شێروانى ناوێك كەئەندامى سەركردایەتیى حزبەكەتانە پێشیان كەوتبوو بۆ بەردەم پەرلەمان و كەسیش ئامادەنەبوو دوو قسەى خێریان بۆ بكات ، ئەى بۆ لەغەدر كردن هەر لەو هاوڕێیەتان كە نەكرا بەئەندام پەرلەمان ئێوە وەك هەڵوێست نواند نەڕژانە سەر شەقامەكان ، كاكە باس لەهەڵویست دەكەیت ، ئەو هەڵوێستانەى تەنیا بۆ بەرژەوەندیى چەند كەسێك لەسەرانى حزبەكەت بۆ وەرگرتنى زەوى و زارى پان پۆڕو بووتانە ، یان ئەوانەى بۆ بەرگریكردن لەچینى كریكارو چەوساوەكان نەتان بووە ؟؟؟
ئەى ئەو پڕۆژە چاكسازییەى كە باسى دەكەیت ، توخوا بۆم باس ناكەیت كێ لەسەرانى هەردوو حزبى دەسەڵات و بەرپرسانى حكومەت گوێى لێ گرتوون ؟ ئایا چەند لەو خاڵانەى پڕۆژەكەتان لەبەرچاو گیراون ؟ كام دەنگى دلێر ؟ ئەو دەنگە دلێرەى خوشكە پەرلەمانتێرەكەى ئێستاتان كە لەوەدەچێ حزبى شیوعى ئەم سەردەمە لەو بەڕێزە بەتواناترى نەبووبێت بیخاتە ئەم پۆستەوە ؟ كە بەداخەوە لەگەڵ ڕێزمدا شیاوى هەر پۆستێكى دیكە بێت بەلام هەرگیز شیاوى ئەوە نییە بەناوى حزبى شیوعییەوە ئەندام پەرلەمان بێت ، یان ئەو خاتوونە پەرلەمانتێرەى خولى پێشوو ، كە لەبەر بوغرایى و لووت بەرزیى خۆییەوە نەیدەزانى چۆن هەڵس و كەوت تەنانەت لەگەڵ هاوڕێ و ئەندامانى حزبەكەى خۆیشى بكات ؟ باس لەكام هەڵویست دەكەیت ؟ ئەوەى تەنیا بەیەك بەیاننامەیش نەتان بووە بەرانبەر قەدەغەكردنى هاووڵاتیانى شارى هەولێر لەپەیڕەوكردنى مافى خۆپیشاندان ؟ یان پشتگیرى نەكردنتان لەخۆپیشاندەرانى سەراى ئازادى ؟ دڵنیابە حزبى شیوعى هەر لەدواى شەستەكانەوە هەڵوێستێكى بوێرانەى ئەوتۆى نەبووە ، كە مایەى باسكردن بێت ، هەر بۆیەشە بەهەزار دوعاو نزاو پاڕانەوە ئەو تاكە كورسییەى لەپڕۆسەى هەڵبژاردندا بەدەستى هێناوە مەگەر بەخاترانە نەبێت ، ئەویش بۆ ئەوەى هەمیشە ماستاوى كوڵكن بۆ دەسەڵات بكات ، ئەگینا ئەمەشى پێ ڕەوا نەدەبینرا .
براى بەڕێز كاكە كوڵكن : لەشــوێنێكى دیكەى نووســینەكەتدا دەفەرمووى : (ئێمە وەك شیوعییەكان بەڕێگا یاسایى و مەدەنیەكان مەبدەئیەن لەگەڵ شەقام و ناڕەزایەتیەكان و خۆپیشاندەرانداین و بڕواى تەواومان بەداخوازیەكانیان هەیەو دەشبێت حكومەت مل بۆ داواكانیان بدات ، وە زۆریش گرنگە گشت لایەك كاربكەین بۆ بەسیاسى نەكردنى داواكانى جەماوەر) ..
هاوڕێ كوڵكن ، نازانم باس لە كام رێگاى یاسایى و مەدەنی دەكەیت ، ئەو یاسایەى كە لەكاتى دەركردنیدا هیچ حیسابێك بۆ راى گشتى نەكرا ، كە خەڵكانێكى زۆر پێى ڕازى نەبوون و بۆ ئیمزا نەكردنیشى هاتنە سەر شەقام و ئیستا هەر بەو یاسا سەقەتە هاووڵاتیانى سڤیل و بێ گوناه، دەستگیر دەكرێن و شوێن بزر دەكرێن و دەكوژرێن ؟
ئەى پێم ناڵێى ئێوە چۆن لەگەڵ شەقام و ناڕەزایەتیەكان و خۆپیشاندەراندان و بڕواى تەواوتان بەداخوازیەكانیان هەیە ؟ كە جورئەتى ئەوەتان نەبێت تەنیا بەبەیاننامەیەكى سەر لاپەڕەى ڕۆژنامەكەنتان بەلانى كەم هەڵوێست و نیگەرانیى حزبەكەى فەهدى لەمەرگ نەترساو دەرببڕن ، لەو ڕۆژنامە پەڕپووتەى كە دڵنیام نەخەڵكى ئاسایى و نە بەرپرسانى دەسەڵاتیش نایخوێننەوە ، باشە ئەگەر هات و حكومەت ملى بۆ داواكانى خۆپیشاندەران نەدا ، وەك بەڕێزتان دەفەرموون دەبێ حكومەت مل بۆ داواكانیان بدات ، تۆ بڵێى ئێوە ئەوسا پێ بەجەرگى خۆتاندا بنێن و بتوانن وەزیرە كڵۆڵەكەتان لەو حكومەتە گەندەڵەى كوردستان بكێشنەوەو ؟ یان ئەو خوشكە ئەندام پەرلەمانتێرە بەستەزمانەتان لەپەرلەمان سەحب بكەنەوە ؟ بۆ ئەوەى هەر هیچ نەبێ خەڵكى كوردستان پێتان بڵێن هەى ئافەرین بۆ حزبى شیوعیى كوردستان ، بەڕاستى دیارە خاوەنى قسەى خۆیانن و هەڵویستى مەردانەیان هەیە ، یان ئەوەتا خۆتانى لێ بێدەنگ دەكەن نەوەكا برادەرانتان لێتان برەنجێن و دواتریش ئەو بەخشینە چەورەى مانگانە وەرى دەگرن خوانەخواستە لێتانى ببڕن .
كاكى كوڵكن ، من لەوە زێتر درێژە بەبۆچوونەكانم نادەم ؛ چونكە دەزانم ئێوە لەوەزێترتان لەدەست نایەت و ، دڵنیام جەنابیشتان وەكو من و پێشان دەروێشێكى حزبى شیوعى كوردستانین ، كە من شانازى بەو دەروێشییەى جارانى خۆم لەگەڵ حزبى شیوعى عێراقدا دەكەم ؛ چونكە حزبە شیوعییەكى ئەم سەردەمە هیچ خاسییەت و خەسڵەتێكى لەوەى ساڵانى زۆر زوو ناچێت ، بۆیە لەجەنابتان دەپرسم : ئەى ئەگەر سیاسەت و سیاسەتكاران بەرنامەى كاركردنى دوورو نزیكى ڕۆژانەى حزبەكانیان لەخزمەتى داواكارییەكانى خەڵك و هاووڵاتیان نەبێت ، دەبێ هاووڵاتیان چاوەڕوانى چى لەو سیاسەتكارو حزبە سیاسییانە بكەن ، كە لەپاى ماندووبوون و چەوسانەوەو خەباتى بێ پسانەوەى ئەو خەڵك و هاووڵاتیانەوە بوونەتە خاوەن كۆشك و تەلارو پارەو سامانى باش و لەبڕان نەهاتوو ، براى بەڕێز كاكە كوڵكن ، دڵنیابە بەبێ بوونى خەبات و تێكۆشانى سیاسى یەك تاكە داخوازى هیچ هاووڵاتییەك بەئاكام ناگات ، بۆیە هیوادارم بە بۆچوونەكانم سەخڵەت نەبى و ، بەهاوڕێكانیشت بڵێى كە پاشەڕۆژى حزبى شیوعى و ئەوان و مانەوەیشیان بەسەربڵندى و ئازایەتى و بوێرى ئەندامانیشى بەندە بەبوونى هەڵویستى نەگۆڕو مەردانەو بەرگریكردن لەبەرژەوەندیى ڕەش و ڕووتى ئەم كوردستانەو ، ئەو خەڵكە خێر لەخۆنەدیووەى خۆمان .
هەولێر / فەرهەنگ گەردى
1 / 4 / 2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست