نه‌ورۆز، مانیفێستێک بۆ تێکۆشان
Wednesday, 18/03/2009, 12:00
که‌نگێ و له کوێ گوێمان له وشه‌ی (نه‌ورۆز) بێت، کت و پڕ چیرۆکی کاوه‌ی ئاسنگه‌رمان وه‌بیردێته‌وه. ئه‌و کاته‌ی زه‌بر و زه‌نگ و خوێنمژی ئه‌ژده‌هاک، که‌وشه‌نی سه‌بر و دانبه‌خۆداگری خه‌ڵک ده‌به‌زێنێ و ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، ئاسنگه‌رێکی کۆست که‌وتووی رۆڵهکوژراو به نێوی کاوه، ئاڵای سه‌رهه‌ڵدان و یاخیبوون هه‌ڵده‌گرێ و ئه‌وجار نۆره‌ی خونکاری ماربهشانه که مێشکی ده‌پژێ و ته‌خت و به‌ختی تێکده‌شکێ.
هه‌ر له کۆنه‌وه فێربووگین به‌ره‌به‌ری نه‌ورۆزان گوێمان بۆ چیرۆکی سه‌ره‌وه شل که‌ینه‌وه و ئافه‌رین و هه‌ربژی بۆ کاوه‌ی ئاسنگه‌ر بنێرین که به پێی هه‌ندێ ده‌قی مێژوویی و ئوستووره‌یی، تۆره‌مه‌ی کورد له‌و و ده‌سته‌براکانی که‌وتوونه‌ته‌وه. ئیتر نه‌ورۆز له یاده‌وه‌ری ئێمه دا هه‌ر ئه‌م واتا ئه‌فسانه‌یی و حیماسیهی هه‌بووه. شاعیره‌کان له قالبی شێعر دا هۆنیویانه‌ته‌وه، مێژوونووسان شه‌ن و که‌ویان کردووه، ناسیۆنالیسته‌کان به شان و باهۆی مێژوو و فه‌رهه‌نگی که‌وناری ئارییهکانیان هه‌ڵگوتووه و ئێره‌ییان به‌و سه‌رده‌مه زێڕینه بردووه. رۆژنامه، گۆڤار، رادیۆ، ته‌له‌فزیۆن و... هه‌ر کام به جۆرێ، له سه‌روبه‌ندی نه‌ورۆز دا لێفه‌یان له سه‌ر ئه‌م رووداوه مێژووییه هه‌ڵداوه‌ته‌وه. هه‌ندێ به سه‌دان رووپهڕیان له سه‌ر ره‌شکردۆته‌وه، هه‌ندێکی دیکه‌ش دیوه‌خانیان پێ گه‌رم کردۆته‌وه. هه‌رگا کهویهبهفری گرد و پاڵان چۆڕه‌چۆڕی که‌وتۆته بن و ئاڵه‌کۆک و گوڵهگهزیزهی ناسک و رازاوه دهندووکهیان داوه و خۆیان راناوه، هه‌رگا پیرهزستانی سه‌ر به سۆدره‌ی سارد و سڕ، به کۆمه‌کۆم و هانکه‌هانک بارگه و بنه‌ی تێکهوهپێچاوه و له به‌رامبه‌ر سوپای به‌هار و شه‌ماڵی بهفرتاوێن، جاڕی ئاشبه‌تاڵی داوه، ئه‌مڕا نه‌ورۆزیش بۆته بنێشته‌خۆشکه‌ی سه‌ر زاران و هه‌ر که‌س به جۆرێ ویستوویه‌تی ئاوڕی لێبداته‌وه و به سه‌ری کاته‌وه. زانا و بلیمه‌ته‌کانی له مه‌ڕ خۆشمان نه‌یانویستووه له‌م قافڵه‌یه بهجێبمێنن و به وشه و پێنووس یان به گۆرانی و قسه و باسی جۆراوجۆر زێڕ و زهمبهریان پێوه هه‌ڵواسیوه و چیان له ده‌ر و دراوسێیان که‌متر نه‌بووه. ئه‌گه‌ر لای ئه‌وان کاکڵی مه‌به‌ست شتێکی دڵخوازی ئه‌وان بووه، لای خۆشمان کوردییه‌که‌ی بووه. به کوردی و به کورتی ئه‌وان له‌و به‌ر و ئێمه له‌م به‌ر هه‌مان شتمان به‌ڵام به دوو زمانی جودا له ڕێژهک داوه. ئه‌گینا نه‌ورۆز هه‌مان نه‌ورۆز بووه و ده‌قی چیرۆک هیچ گۆڕانێکی ئه‌وتۆی به سه‌ر دا نه‌هاتگه. ئه‌وه نه‌بێ ره‌گه‌زی که‌سه‌کان گۆڕاون و ناوه‌کان شێواون.
نه‌ورۆز جگه له‌و واتا و نێوه‌رۆکه مێژوویی و ئه‌فسانه‌یی و ته‌نانه‌ت سرووشتییه‌ی که هه‌یه‌تی، بۆ مرۆڤی کورد واتایه‌کی سیاسی و په‌روه‌رده‌ییشی هه‌یه. بۆ ئێمه که ئێستایش له ژێر قامچی و تاژانی نه‌وه‌کانی ئه‌وان خونکاران پشتمان دهتهزێتهوه و ئهژدههاکهکان به ده‌مامک و رواڵه‌ت و شێوازی جیاوازتر دێنه‌وه سه‌رمان و کۆمه‌ڵگاکه‌مان وه‌ک مێگه‌ل لێده‌خوڕن، خوێندنه‌وه و روانینێکی نوێتر و مۆدێڕنتر بۆ نه‌ورۆز و کردنی به سه‌رمه‌شقێک بۆ رزگاربوون له زوڵم و بێدادی، ئه‌رکێکی زۆر گرینگه. ئه‌و خشڵه‌ی که به نه‌ورۆزه‌وه نه‌کراوه و ئه‌و واتایه‌ش که پێی نه‌دراوه هه‌ر ئه‌مه‌یه. لێره‌دا به رێکه‌وت بێ یان ئێمه بمانه‌وێ پێکیانه‌وه بلکێنین، نه‌ورۆز و به‌هار دوو وشه‌ن که له یاده‌وه‌ری مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و له مێتۆلۆژی گه‌لی ئێمه دا وه‌ها تێکچڕژاون، که به‌هارێکی بێ نه‌ورۆز و نه‌ورۆزێکی بێ به‌هار لای ئێمه له گیایه‌کی بێ پنج و کانیاوێکی بێ چاوگه ده‌چێ. هه‌روه‌ها نه‌ورۆز و به‌هار به شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکێش هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی هاوشێوه‌ی یه‌کترن و ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو وشه‌یه وێڕای ئه‌وه‌ی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یه‌کترن، واتایه‌کی به پێز و پڕتر به یه‌ک ده‌به‌خشن. به‌هار ده‌بێته نه‌ورۆز، رۆژێکی نوێ و سه‌ره‌تای ساڵی نوێی سرووشتی و نه‌ورۆزیش ده‌بێته به‌هار و بووژانه‌وه و رزگاربوون له کۆت و به‌ندی سه‌رما و سه‌قه‌م. له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌شێ نه‌ورۆز به ماکه‌ی گۆڕان، نوێبوونه‌وه، یاخیبوون، ئازادی و پێشکه‌وتن بژمێرین. به تایبه‌ت بۆ تاک، کۆمه‌ڵ یان بزاڤێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی پێشه‌نگ که ته‌مایه‌ر بێ گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێکی بنه‌ڕه‌تی له کۆمه‌ڵگا دا وه‌دیبێنێ چه‌مک، په‌یام و فه‌لسه‌فه‌ی راسته‌قینه‌ی نه‌ورۆز ده‌توانێ ببێ به مانیفێستی تێکۆشان. چونکه نه‌ورۆز، گه‌ڕان به دوای شێوه ژیانێکی ئازاد و نوێ و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و به‌ها راسته‌قینه و ئینسانیه‌کانی ژیانێکی سرووشتی و یه‌کسانه. نه‌ورۆز توانه‌وه‌ی ئه‌و به‌فر و به‌سته‌ڵه‌که‌یه که له ململانیێ نێوان کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و کۆمه‌ڵگای مۆدێڕن دا، ئه‌ندێشه و رۆح و که‌سێتی مرۆڤی که‌سیره کردووه. شکاندنی قالبهند و کهڵیشهی وشک و ره‌قی مۆدێڕنیته‌یه‌کی بۆرژوایی لاساکهر و نامۆ له خۆیه. هاوته‌ریبی ئه‌مه‌ش، رسکانهوه، هه‌ستانه‌وه، بووژانه‌وه و بهخۆداهاتنهوهیهکی راسته‌قینه‌یه. ره‌سه‌نترین و سرووشتیترین رێنوێنی و ره‌خنه‌یه. ئه‌رێ! نه‌ورۆز خودی ره‌خنه‌یه. ره‌خنه‌یه‌ک که رچه‌ی زستان ده‌شکێنێ و کفنی سپی به‌سته‌ڵه‌ک ده‌دڕێنێ و مزگێنی رزگاری له زریان و زه‌مهه‌ریر و باپووسکه و سه‌رکه‌وتنی سروهبای ژینبهخش و بلاوێنی به‌هاری به گوێی گه‌ردوون دا ده‌چرپێنێ. رێنوین و ره‌خنه‌گرێکی تێکده‌ر و وێرانکه‌ر نییه، به‌ڵکوو سازکه‌ر و داڕێژه‌ره و هه‌وێنی هه‌ستانه‌وه، تێههڵبوونهوه و ئاوابوونهوهیه.
مامۆستای نه‌مر ''هه‌ژار موکریانی'' له‌و قهڵهمژهنه ده‌ست ره‌نگین و ده‌گمه‌نانه‌ی کوردستانه که خوێندنه‌وه‌یه‌کی به پێز و جوانی بۆ چه‌مک و واتای نه‌ورۆز هه‌بووه و شتێکی لێ هه‌ڵکڕاندووه که ئه‌وانه‌ی ته‌نیا به رواڵه‌تی ره‌نگین و بژوێنی به‌هار و نه‌ورۆز دا هه‌ڵده‌ڵێن، یان ته‌نیا وێنه‌یه‌ک له کوتکی کاوه و پێشبه‌نده چهرمینهکهی و ماره مێشکخۆرهکانی ئه‌ژده‌هاک ده‌کێشنه‌وه، بۆی نه‌چوونه و وایان لێک نه‌داوه‌ته‌وه.
مزگێنی دا به سروه بای به‌هاری
وا هاته‌وه نه‌ورۆزی کورده‌واری
به تیشک تێک شکا سوپای کڕێوه
هه‌واری رۆژ گه‌یشته خاکه‌لێوه
فه‌رمان درا به سه‌وزه سه‌ر هه‌ڵێنێ
چیدی له به‌ندی خاکی ره‌ش نه‌مێنێ
با ده‌رکه‌ون، کوڵ و که‌سه‌ر بنێژن
با رۆژی رزگاری بکه‌ن به جێژن
وشه‌کانی مزگێنی، سروه، تیشک، سوپای کڕێوه، رۆژ، به‌ند، خاکی ره‌ش، کوڵ و که‌سه‌ر، رۆژی رزگاری و جێژن که زۆر شاره‌زایانه به‌کارهاتوون، هه‌رکام هێمایه‌کن بۆ مه‌به‌ستێکی شۆڕشگێڕانه و ئینسانی. پیره‌مێردی شاعیر زۆر له‌مه بانتر چووه و قووڵتر و وردتری لێ روانیوه. ئه‌و جێژنی نه‌ورۆز ئاوێته‌ی ناوی شه‌هیدان ده‌کا و ئه‌م سه‌رکه‌وتنه و رۆژی هاتی کورد به ده‌سکه‌وتی خوێن و خه‌باتی رۆڵه راپه‌ڕیو و ئازادیخوازه‌کانی نیشتمان ده‌زانێ و ته‌نانه‌ت ره‌نگدانه‌وه و ترووسکانه‌وه‌ی سوورایی شهبهقیش ده‌باته‌وه سه‌ر خوێنی شه‌هیدانی رێی ئازادی. هه‌روه‌ها به شکاندنی هه‌موو چه‌مکه پیاوسالاری و نێرینه‌کانی خه‌بات و به‌ره‌نگاری، کچی ئه‌مڕۆی کورد به نموونه‌یه‌کی ده‌گمه‌ن و بێ وێنه‌ی مێژووی گه‌له‌که‌مان له قه‌ڵه‌م ده‌دا که له به‌رامبه‌ر تیری ناحه‌زان و نه‌یارانی گه‌له‌که‌ی، سینگی ده‌کا به قه‌ڵخان و له هیچ شتێک ناپرینگێته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له سۆنگه‌ی ئاگری نه‌ورۆز و په‌یامی نه‌ورۆزه‌وه ده‌بینێ. ئه‌و ئاگره‌ی ئیتر شه‌وچرای گیانی لاوانی ئازا و وهئاگاهاتووی کوردی داگیرساندووه و ئاسۆیه‌کی روون و گه‌شی له به‌رچاویان کێشاوه‌ته‌وه. ئاسۆیه‌ک که مزگێنی گه‌یشتن به ترۆپکی رزگاری و سه‌رکه‌وتن راده‌گه‌یه‌نێ.
نه‌ورۆز بوو ئاگرێکی وه‌های خسته جه‌رگه‌وه
لاوان به پۆل ده‌چوون به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه
تا ئێسته رووی نه‌داوه له ته‌ئریخی میلله‌تا
قه‌ڵخانی گولله سینگی کچان بێ له هه‌ڵمه‌تا
خۆشبه‌ختانه هۆنه‌ر و هونه‌رمه‌ندانمان توانیویانه نه‌ریتی باو و ڕچه‌ی رابردوو بشکێنن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و سه‌رده‌میان بۆ نه‌ورۆز هه‌بێ و به بۆنه‌ی رۆژ و جێژنی نه‌ورۆز، وانه‌ی خه‌بات، به‌رخۆدان و نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن داده‌ن. به‌ڵام مه‌خابن سیاسیه‌کانمان و بزاڤی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد له پارچه‌کانی کوردستان به گشتی نه‌یانتوانیوه ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه تێکه‌ڵ به به‌رنامه و فه‌لسه‌فه‌ی تێکۆشانیان بکه‌ن و جارێکی‌تر گوڕ و گۆژمه به‌م رۆژه بده‌نه‌وه و بیکه‌نه رۆژی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئامانج و داوا ره‌واکانی گه‌لی کوردستان. ئه‌و ئامانجانه‌ی که چه‌ند هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش ئامانج و ئاواتی ئه‌وانه بوون که حیماسه‌ی نه‌ورۆزیان خوڵقاند و وه‌ک که‌له‌پوور و فه‌رهه‌نگ و هێمایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له پاش خۆیان هێشته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی لێ فێر بین و له په‌یامه‌که‌ی تێبگه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر ئه‌ژده‌هاک و ماره مێشکخۆرهکانی سه‌رده‌م، ملکه‌چ و ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بین، به‌ڵکوو ببینه کاوه‌ی سه‌رده‌م و ئێمه‌یش نه‌ورۆز وه‌ک فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پوورێکی ئازادیخوازانه و زوڵمنهویستانه ئه‌سپارده‌ی وه‌چه‌کانی پاش خۆمان بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی لرفه و نێڵه‌ی ئاگری نه‌ورۆز تا هه‌تایه بزاوت و هه‌ڵکشان و رووناکیمان بیر بخاته‌وه و دڵ و ده‌روونمان به ئازادی و ژیانێکی ئازاد گه‌رم بکاته‌وه.
ته‌نیا PKK و بزاڤی ئاپۆچیه‌کان بوو که توانی له باکووری کوردستان کێشه‌ی کورد، که له هه‌مان کات دا کێشه‌ی نه‌بوونی ئازادی، دیموکراسی و یه‌کسانییه، له گه‌ڵ نه‌ورۆز تێکه‌ڵاو بکا و به‌رگی خه‌باتێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ری نۆژه‌ن له به‌ر نه‌ورۆز بکا و به‌رگی نه‌ورۆزیش له به‌ر بزاڤی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کوردستان بکا. PKK له باکووری کوردستان نه‌ورۆز و سه‌رهه‌ڵدانی تێکه‌ڵی یه‌ک کرد و ئه‌مه‌شی کرد به فه‌رهه‌نگێکی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی جوان. ئاواش نه‌ورۆز ده‌گاته‌وه به واتای راسته‌قینه‌ی خۆی و ده‌شبێته هێما و رۆژێکی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا له ده‌وری یه‌ک کۆوهدهکات. دیاره ئه‌مه‌ش هه‌روا به سانایی وه دی نه‌هاتووه، به‌ڵکوو به به‌های پتر له سی ساڵ خه‌بات و به‌رخۆدان و قوربانیدانی PKK و گه‌لی کورد له باکوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان وه‌دی هاتووه. چالاکی و هه‌ڵویستی مێژوویی شه‌هیده قاره‌مانه‌کانی وه‌ک مه‌زڵووم دۆغان، زه‌کیه ئاڵکان، رووناهی، بێریڤان و ره‌هشان، که به جه‌سته‌ی خۆیان ئاگری نه‌ورۆزیان کرده‌وه، پیرۆزی و واتایه‌کی وای به نه‌ورۆز به‌خشیوه که زمان و پێنووس توانای ده‌ربڕینیان نیه. ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌وانه‌ش ده‌کارن له مانا و په‌یامی ئاگری نه‌ورۆز بگه‌ن که خۆیان کردبێته په‌پووله‌ی چواره‌م و باڵه‌کانیان له‌م ئاگره سووتێنه‌ره دا شۆردبێته‌وه. یانی له ژێر ئاڵای کاوه‌کانی سه‌رده‌م کۆ ببنه‌وه، مێشک و رۆحیان له به‌رماوه‌کانی رژیمه سه‌ره‌ڕۆ و زۆرداره‌کان پاک بکه‌نه‌وه و له "خود"ی ونبووی خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان بگه‌ڕێن و خودی راسته‌قینه‌یان بدۆزنه‌وه. کارێک که ده‌بێ له باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش هه‌وڵی بۆ بده‌ین و گرینگی پێ بده‌ین هه‌ر ئه‌مه‌یه. یانی نه‌ورۆز وه‌ک فه‌رهه‌نگێکی نه‌ته‌وه‌یی و رۆژی سه‌رهه‌ڵدان و یه‌کێتی و یه‌کدڵی گه‌ل پیرۆز بکه‌ین، نه‌ک ته‌نیا وه‌ک یاده‌وه‌رییه‌کی مێژوویی و هه‌ڵکردنی ئاگرۆچكهیهک و گه‌شت و گه‌ڕان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست