یادگاریه‌ك له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی دێرین کامه‌ران ئیسماعیل عارف
Friday, 17/09/2010, 12:00
له‌م ڕۆژانه‌ی ڕابردودا چه‌ند بابه‌تێك له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ی دێرینی شارباژێڕ و پیره‌مه‌گرون کامه‌ران ئیسماعیل عارف له ناو پێشمه‌رگه‌دا ناسراو به هوشیاره چاو شین له کوردستان نێت و کوردستان پۆستا بڵاو کرایه‌وه، ئه‌و بابه‌تانه له دڵسۆزی بوبن یان ئه‌گه‌ر که‌سانێك گومانی ئه‌وه بکه‌ن به مه‌به‌ستێك نوسرابن هێشتا هه‌ر نوسراوی به‌سودن بۆ یادکردنه‌وه‌ی ڕابردوی تێکۆشه‌رانه‌ی پێشمه‌رگه دڵسۆز و قاره‌مانه‌کان و ڕسوا کردنی به‌رپرسانی ئه‌مڕۆ که جگه له خۆیان که‌سی تریان له یاد نه‌ماوه. بۆیه ده‌سخۆشی له کاك شه‌هاب که‌ریم ده‌که‌م و هیوادارم به‌رده‌وام بێت له یادی ئه‌و جۆره پێشمه‌رگه له خۆبوردوانه‌دا و نمونه یان زۆر بێت.
ئه‌و نوسینانه نه‌ك هه‌ر برینی ئه‌و بنه‌ماڵه و دۆست و که‌سوکاری کامه‌رانیان کولانده‌وه به‌ڵکو ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هاوسه‌نگه‌ری به هه‌مان شێوه دوباره زامه‌کانمان تازه بۆوه و ئه‌و ڕۆژانه‌ی به یادا هێناینه‌وه که گیان له‌سه‌ر ده‌ست خه‌باتمان ده‌کرد بۆ ئازادی گه‌له‌که‌مان نه‌ك بۆ دروستکردنی چینێکی زۆردار و دکتاتۆر و مشه‌خۆر به‌سه‌ر خۆمان و گه‌له‌که‌مانه‌وه. بۆیه سه‌رباری یادخستنه‌وه‌ی ڕوداوه تاڵه‌کان پێویسته ڕوداو و کاره‌ساتی که‌سانی وه‌کو کامه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕ ئازارن باس بکرێت و مێژووی ئه‌و تاکانه‌یه که تیشك ده‌خاته سه‌ر مێژووی کۆی گه‌له‌که‌مان و پێشمه‌رگه و بنه‌ماڵه له خۆبرد و شۆڕشگێره‌کان.
ئه‌و بابه‌تانه چه‌ندین نه‌به‌ردی و دڵسۆزی کامه‌رانیان به یاد هێنامه‌وه که نامه‌وێت فه‌رامۆش بکرێت و به ئه‌رکی سه‌رشانمی ده‌زانم باسی بکه‌م و به یادی پێشمه‌رگه هاوسه‌نگه‌ره‌کانی خۆی بهێنمه‌وه و ناوی وون نه‌بێت.
ئه‌و بنه‌ماڵه شۆڕشگێڕه جگه له‌وه‌ی باوکیان نزیکه‌ی په‌نجا ساڵ له ته‌منی له زیندان و شاخ و خه‌بات دا بوو کوڕ و هاوسه‌ر وکچه‌کانیشی هیچ کاتێك درێغیان له خه‌بات و تێکۆشان نه‌کردووه کامه‌ران و ئه‌رده‌ڵان پێشمه‌رگه‌ی ئازای یه‌کێتی نیشتیانی بون و له هه‌مان کاتدا برا گه‌وره‌که‌یان له ناو شاردا کادرێکی به‌توانای کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران بوو پاشان چووه ڕیزی ئاڵای شۆڕشه‌وه، دایك و خوشکه‌کانیشی هه‌میشه یارمه‌تی ده‌ر و پشتگیریان بون له خه‌باتی ناوشار و شاخ دا و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ ده‌گوێزانه‌وه و ژیانی خۆیان بۆ شۆڕش ده‌خسته مه‌ترسیه‌وه.
کامه‌ران یه‌کێك بوو له پێشمه‌رگه‌کانی ساڵانی هه‌شتا که له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی که‌رت شه‌هید بابه تایه رو ئاراسی حه‌مه لاودا بوو له شارباژێڕ. پاش گرتنی له لایه‌ن حسك و پاشان ئازاد کردنی. برا ناوه‌نجیه‌که‌ی ئه‌رده‌ڵان که له تیپی 47 پیره‌مه‌گرون بوو بردیه لای خۆی.
له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان دا مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی بڕیارێکی ده‌رکرد که دوو برا ڕێگا نادرێن به‌یه‌که‌وه بچنه پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌کانه‌وه، ئه‌مه‌ش زۆرجارگیروگرفتی دروست ده‌کرد که هیچ یه‌کێك له براکان ئاماده‌ییان ده‌رنه‌ده‌بڕی له دواوه‌ی شه‌ڕه‌کان دا بمێننه‌وه ئه‌و گیروگرفته له که‌رته‌که‌ی ئێمه‌شدا به هۆی کامه‌ران و ئه‌رده‌لانی برایه‌وه به‌رده‌وام له ئارادا بوو. جارێکیان چوین بۆ چالاکیه‌ك ڕه‌حمان سیته‌کی و عومه‌ر عه‌ره‌ب ووتیان ئه‌بێت یه‌کێکتان بێنه شه‌ڕه‌که‌وه و ئه‌ویترتان که‌مین بێت. کامه‌ران و ئه‌رده‌لان بو به مناقه‌شه و ده‌نگه ده‌گیان و هه‌ریه‌که‌یان به حجه‌یه‌ك ده‌یویست خۆی له که‌مینه‌که بدزێته‌وه و بچێته شه‌ڕه‌که‌وه . دواجار فه‌رمانده‌ی که‌رته‌که و مه‌فره‌زه‌که به باشیان زانی ئه‌رده‌لان به‌رن بۆ شه‌ڕه‌که و کامه‌ران له که‌مینا دابنێن له سه‌ر جاده‌ی شه‌ستیه‌که‌ی سلێمانی نزیك گوندی که‌ڵه‌کن. پاش شه‌ڕو پێكدادان له سلیمانی گه‌ڕاینه‌وه، به‌ڵام هه‌ر گوێمان له ته‌قه‌ی خه‌ست بوو به‌لامانه‌وه سه‌یر بوو کاتێ پێشمه‌رگه‌کان بژێردران کامه‌ران دیار نه‌بو. مه‌فره‌زه‌یه‌ك گه‌ڕاینه‌وه که مه‌فره‌زه‌یه‌کی شه‌هید دلێری شێخ ڕه‌زامان له‌گه‌ڵ دا بوو بینیمان کامه‌ران به ته‌نها و به ژێرسێیه‌کی ئه‌ڵمانیه‌وه شه‌ڕی ده‌کرد ئێمه‌ش دیسانه‌وه شه‌ڕه‌که‌مان ده‌سپێکرده‌وه و خه‌ریکی ئه‌وه‌ش بوین کامه‌ران هه‌ڵسێنین و بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام کامه‌ران که‌وتبووه حاڵه‌تێکی خۆ له بیرچونه‌وه وه ته‌قه‌ی ده‌کر دو جنێوی به جاشه‌کان ده‌دا. ناچار ئه‌رده‌ڵانی برایمان هێنا قه‌ناعه‌تی پێ‌بکات .پاش ئه‌وه‌ی ئه‌رده‌لان زۆری لێکرد وه هه‌مومان به سه‌لامه‌تی گه‌ڕاینه‌وه له‌سه‌ر کانی و ئاوه‌که‌ی که‌ڵه‌کن بۆ ئیسراحه‌ت دانیشتین . عومه‌ر عه‌ره‌ب ووتی بزانم کامه‌ران چه‌ند فیشه‌کت پێماوه ، کامه‌ران ته‌نها ده فیشه‌کی له مه‌خزه‌نی سه‌ر تفه‌نگه‌که‌یا مابۆوه. ووتیان ئه‌ی باشه ئه‌گه‌ر فیشه‌کت پێنه‌مایه چیت ئه‌کرد ووتی له‌و ده‌قه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌م ڕق له جاش و خۆ فرۆشانه هه‌ستابوو ئه‌گه‌ر فیشه‌کیشم پێنه‌مایه به قۆناغه تفه‌نگ سه‌رم پان ئه‌کردنه‌وه . هه‌ر هه‌مومان که‌وتینه پێکه‌نین و سزایه‌کی ڕه‌مزیان دا له‌سه‌ر به جێهێشتنی که‌مینه‌که ، به‌ڵام هه‌موان به چاوی ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه سه‌یرمان ئه‌کرد . ڕه‌نگه زۆر له پێشمه‌رگه دێرینه‌کان ئه‌مڕۆ خۆزگه به‌و حاڵه بخوازن که ئێستا کامه‌رانی تێدایه و ئاگای له‌و ڕه‌نج به زایه چونه‌ی خۆی نییه ، نازانێت له بری ئه‌و و هاوسه‌نگه‌ره‌کانی ئه‌و ئه‌مڕۆ ئه‌و جاشه خائین و خۆفرۆشانه‌ی ئه‌و ده‌یویست به قۆناغه تفه‌نگ سه‌ریان پان بکاته‌وه پاره‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن و خاوه‌نی ئیمتیازاتن و ده‌ستیان له زۆر پێشمه‌رگه‌ی دێرین زیاتر ده‌ڕوات و وایان لێهاتووه که هه‌ندێ جار پێشمه‌رگه کاری پێیان ئه‌بێت و زۆریان بونه‌ته ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌تا وه‌زیریش. هه‌زار جار یادی به خێر پێشمه‌رگه‌ی دێرینی گه‌له‌که‌مان کامه‌ران ئیسماعیل عارف و ڕوڕه‌شی بۆ جاش و به‌رپه‌رسه هه‌ڵپه‌رست و مشه‌خۆره‌کان .
سوپاسی کاك کاروان ڕه‌شید ده‌که‌م بۆ چاپ کردن و داڕشتنی ئه‌م نوسینه و ناردنی بۆ کوردستان پۆستی به‌ڕێز
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست