Saturday, 17/03/2018, 21:51
لەم ڕۆژانەدا چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێگای کاک نزاری گوڵی شەقام دیمانەیان لەگەڵ کاک جەلالی سام ئاغا سازدا ، پر بە دڵ حەزم لەم دیمانەیە بوو چونکە مرۆڤ تا مەزرۆی بینینی شتی دانسقە دەکات ، حەزی لەوەیە بابەتی نوێ یان جیاواز ببینێ ، بۆ خۆم زۆرم حەز لەوەیە سەردانی مۆزەخانە بکەم تا شتە بەسەر چوەکان ببینم ، لای ئەم کەسەی کە پێی دەڵێن پیاوە سپیەکە زۆر شت دەبینی سەردەمی ئالتونیت بیر دەخاتەوە ، گەرچی لە ئێستادا دەژی کە چی وا دەزانی ئەفسانە دەخوینیتەوە ، کە لەزەمەنێکدا دەژین پڕبێ لە مرۆڤی کارتۆنی و مقەبا و پاڵەوانی بەزیو و شڕە خۆر لەپر نموونەیەک لە بەهای بەرز بەرجەستە دەبێ .. با بچینە وردەکاری لە کاتێکا مایە پوچی باڵی کێشاوە بەسەرماندا کەچی هەمیشە پۆست سحری خۆی هەیە و ئێستاش خەلک ملی خۆی بۆ دەشکێنێ ، ناوی کەس نابەم خەلکی واهەیە ئەمڕۆ سەلاحیەتی سەلکە تورێکی نیە کەچی کورسیەکەی خۆی بە هەموو دنیا نادات ، لەم ماوەیەدا کاک جەلالی سام ئاغا پۆستێکی بەغدای ڕەت کردەوە کە لە لایەن حەیدەر عەبادی پێشنیار کرابوو ، کاتێک حوکمەتی عێراقی بۆ وردبینی موچەی فەرمانبەران دەستبەکاربوو لە رێگای پەرلمانتارێکی بەغدا لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیاری ئەوە کرا کە پیاوە سپیەکە سەرپەرشتی گشت پڕۆسەی ووردبینیەکە بکات ، بەڵام کاک جەلالی سام ئاغا رەتیدەکاتەوە سەیر لەوەدایە لە کاتێکا ئەم پۆستە رەتدەکرێتەوەکە بەیتا بەیتا خەڵکی کوردستان بەرەو بەغدا دەرۆن تا مەزرۆی بینینی عەبادین ، مامۆستایان ، فەرمانبەران ، زیندانی سیاسی ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی / خانەنشین و..هتد . بەداخەوە بەلارە ملی دەیانەوێ بگەنە فریاد ڕەسی بەغدا ؟! کەچی ئەم بەغدایە ئەم عەبادیە ئەم فریاد رەسە بۆخۆی لە دەرگای ماڵی پیاوە سپیەکە دەدات بۆ ئەوەی وەک باس ئەکرێ پۆستێکی بەغدای بداتێ بە موچەی بەغدا لەلایەن گەورەترین دەسەلاتی بەغدا کەچی ڕەتیدەکاتەوە . سلاو لە کەسەی ئێستا ڕووی ئێمە لای عەبادی سپی کردوە ، ئاخر ماوەیەکە عەبادی هەر دەسەڵاتی خۆفرۆش و خاکفرۆش و نەوت دزو وەفدی بچوکی لە ئێمە دیوە لەپر کەسێک بێی دەڵێت (نا) ئیتر دەزانێ کە خەڵکی ئێمە نمونەی پیاوی درەوشاوەی تیایە ، حەزدەکەم لێرەشەوە چەند پۆستێکی ترتان پێ بڵێم کە کاک جەلالی سام اغا ڕەتیکردونەتەوە
ــ پۆستی سەرۆکی نەزاهەی کوردستان کە بۆی پێشنیار کرا بوو لە لایەن بەرزترین دەسەلاتی هەرێم
ــ پۆستی وەزیری دارای لەلایەن گۆڕان
ــ پاڵاوتنی بۆ سەرۆکی هەریم لەلایەن خوالیخۆشبوو نەوشیروان موستەفا
مشتێ هەڵویست لە خەزنەی پیاوە سپیەکە
ــ کە وەکیلی وەزارەتی دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارای بوو دوو جار بە فەرمی داوای کرد موچەکەی کەم بکرێتەوە
ــ خانووەکەی لە گردی سەرچنار کە بە ۷٠٠ هەزار دۆلار مەزەندە کرابوو دایناوە بکرێت بە بنکەی تەندروستی
ــ زەوییەکەی کە بە ۷٠ ملوێن دینار فرۆشتی دانرا لە بانکدا قازانجەکەی (فائیدەی بانکی) ساڵانە دابەش دەکرێت بەسەر کارمەندانی چاودێری دارای و خانمی سەلاری ناو دیوان
ــ ئێستا سەرقاڵە بە درووست کردنی قوتابخانەیەکی ۱۲ پۆلی بە تێچووی ۲٥٠ هەزار دۆلار
ــ ماڵەکەی کراوەیە بۆ رەنگە جیاوازەکان گۆران و هاوپەیمانی دیموکراتی و کۆمەڵی ئیسلامی لە ماڵی ئەم زاتە کۆبونەوە بۆ درووستکردنی بەرەیەکی دژ بە گەندەڵی
سڵاو لەو پیاوەی کە نەدیومە ونە به خزمەتى گەیشتوم کە وەڵامی ئەو عەبادیەی نەیایەوە کە وەفدی کوردی لەبەر دەرگاکەی وەستاوەو بە ئاشکرا ئەپارینەوە بۆ مەرحەبایەکی عەبادی و دەڵێن (( بەداخەوە عەبادی دەرگای دەیالۆگی داخستووە ))
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست