پارتی دادگایی جەلال تاڵەبانی كرد ؟
Wednesday, 18/08/2010, 12:00
لە كونگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا جلال تاڵەبانی بۆ ڕازی كردنی دڵی بنەماڵەی بارزانی هاتە شان و باڵی مەلا موستەفای بارزاندا. ئەو بنەماڵەی بارزانی بە موقەدساتی میللەتی كورد وەسف دەكردو هەر ناوزڕاندنێكی ئەو بنەماڵەیەیی بە هێرشكردن بۆ سەر پیرۆزیەكانی كوردو میژووی خەباتی كوردایەتی دەدایە قەڵەم. تاڵەبانی لە میانەی قسەكانیدا میژوونووس و نووسەران و نەیارانی دەسەلاتی بنەماڵەیی بە نەفام و دەستی دەرەكی و هەندیكێشیانی بە قین لەدڵ باس كرد. هەروەها خەیانەتی نیشتمانی دەدایە پاڵ ئەو نوسەرانەی كە راستیە مێژوویەكانیان وەكو خۆیان تۆمار كردووە یان ئەیانەوێ میژوو ڕووداوەكان وەك خۆی بگێڕنەوە. لە راستیدا ئاغای تاڵەبانی دوو ڕووی خۆی نیشان دا چوونكە ئەوەی ئیستا نووسەران و ڕۆژنامەنووسەكان باسی لێوە دەكەن تالەبانی زۆر لە مێژەوە باسی كردووە. لە میدیاكانی یەكێتی و لە نووسینەكانی تاڵەبانی زۆر لە خوێنەران ئەوەیان بیستووە یان خوێندۆتەوە كە دەربارەی مەلا موستەفای بارزان گوتیوە یان نوسیوە. یەكەم كەس باسی خەیانەتی بارزانی و نوكەرایەتی ئەو بنەماڵەیەی كرد جەنابی تاڵەبانی بوو ، یەكەم كەس بە كردار دژایەتی خەیانەتەكانی بارزانی كرد تالەبانی بوو ،یەكەم كەس بۆدژایەتی كردنی خەیانەتی بارزانی بو بە خائن ئاغای تاڵەبانی بوو ،بەلام ئێستا دێت بە پێچەوانەوە وەسفی بارزانی دەكات وبارزانی بە جنڕاڵی ئەفسانەیی و سەرۆكی موقەدەس و رزگاركەری كوردستان ناو زەد دەكات و ئەوانەیش كە راستیەكان دەربارەی بارزانی پیشان دەدەن بە خەیانەتكارو بەشێواندنی راستیەمیژوویەكان ناویان دەبات و هەرەشەی ئەوەیان لێ دەكات كە سزایی یاساییان بدەن. نازانم ئەو قانون ویاسایە تاڵەبانی باسی لیوە دەكات لە قوتی چ چەرچیەكدایە .ئەگەر یاسا لەم ولاتە سەروەربێت ئەبێت ئیستا مسعودو جەلال و بنەماڵەكەیان لە گۆشەی بەندیخانەكاندا پاوەند بكرانایە،لە سایەی ئەو كەشە ئازادیە كە جەلال باسی لێ وەدەكاتو دەڵێ بە خەلات لە شاخەكانەوە هیناوەمانەتە خوارەوە هەزاران خانەوادە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەناڵێنن،چەندین ڕۆژنامەنووس و نوسەرلە سێبەری ئەو ئەو ئازادیەدا خویان و قەڵەمەكانیان خەڵتانی خوین كران، هەزاران پۆلیس و ئاسایش و فەرمانبەر لە بەر ئەوەی گوتیان نا بۆ گەندەڵی نان بڕاوركران.لە سایەی ئەو قانونەدا كە جەلال شانازی پێوە دەكات جەندەرمەو پاسداران تەراتێن دەكەن و زەوی ئەم ولاتە خراوەتە خزمەتی كومپانیای تورك وعەجەم و كالای سەقەت و خۆراكی گەنیویان لێرەدا ساقدەكەنەوە و نەوت و سامانی ولاتمانیش دەدزن، بەلام كوردەكانی باكورو باشوور كونە مشكیان لێ كراوە بە قەیسری وراو دەكرین و سوكایەتیان پێ دەكرێت و دەكرین بە قوربانی پیوەندیە جاسوسیەكانی هەردوو بنەماڵە.با بێینە باسی خەیانەت و بنەماڵەی بارزانی بابزانین چ پێوەندیەكی تان وپۆئاسایان پیكەوە هەیە،ئەگەر تاڵەبانی دووڕوویی نیشان نەدایە ئەبوایە لە جیاتی بە ئەفسانەكردنی مەلا موستەفا باسی خەیانەتەكانی بارزانی نەوەكانی بكردایە بەلام چوونكەخۆی كابرایەكی دوو رووەو رووی خۆی لە ئاست راستیەكان وەرچەرخان وخەیانەتی گەورەی بارزانی كرد بە ئەفسانەوپاڵەوانیەتی.تاڵەبانی بۆ خۆی هەموو ئەو راستیانە دەزانێت كە میژووی میللەتەكەمان بە خاسی و خراوی لە لایەن زۆرداران و بیگانەكانەوە نووسراوە .هەندێ لەو نووسەرانە زولمی دەرهەق بە كورد كردووە وەكو ئەوەی مسعودی چۆن كوردی بە وەچەی جنوكە لە قەڵەم دەدا، بەڵام ئەمەی كە ئیستا بووەتە باس و خواسی نووسەران خەیانەتی بنەماڵەی مەلا موستەفایە ئەمە رووداوێكی زۆر كۆن نییە بەڵكو زۆر لە نووسەران وتەنانەت خودی تالەبانی لەو تەمەنە بووە كە ئاگای لە رووداوەكان بێت.هەر مام جەلال بوو دەیگگوت كورەكانی مەلا موستەفای خائن بوون فتواكەی خومەینیان لە كونە مشكێو ئەڵوەتاند جیبەجێ كردو دەیان گوندوو ئاواییان سوتاند،هەر مام جەلال بوو دیقیراند و هاواری دەكردلە 31ی ئابدا"مسعودی خائن زادە ڕەنجی كوردی بە بادا"هەر ئەو بوو دەیگگوت بنەماڵەی مەلا موستەفای خائن بوون بە كەواسووری بەر لەشكری تورانی و لەشكری توركیان هینایە هیران و نازەنین. هەر تاڵەبانی بوو دەیگگوت شەری نێوان پارتی ویەكیتی شەری نێوان دوو ئیرادەیە .ئیرادەی میللەت و ئیرادەی خەیانەت كە بنەماڵەی بارزانی نوینەرایەتی دەكات. هەر تالەبانی بوو 8ساڵ شەری خویناوی كرد لە گەل پارتی بە زمانی خۆی دەیگوت"ئیتر قەبووڵ ناكەم مسعود خەیانەت بكات ،ناوچەی كوڵەجۆی فروشت بە چەك و بە پارەو ژیر بە ژێر لە گەڵ بەعسدا رێكەوتوون كوردستان داگیربكەنەوە" ئەگەر جەلال تاڵەبانی بیەوێ دادگایی نوسەران بكات لە بەر ئەوەی میژووی نەگریس و خەیانەتكارانەی بارزانیان هەڵداوەتەوە ئەبێت لە خۆیەوە دەست پێ بكات چوونكە ئەوخۆ ی یەكەمین كەس بوو كە میژووی خەیانەتی بنەماڵەی مەلای ئاشكرا كرد، هەرچەندە ئەم گونگرە رۆژنامە نووسیە خۆی لە خۆیدا دادگایی كردنێكی تاڵەبانی بوو لە سەر ئەوەی راستیەكی میژووی دەربارەی خەیانەتی بارزانی دركاندبوو .زۆر بە داخەوە تاڵەبانی زۆر ترسنۆكانە پەشیمانی خۆی راگەیاندو مەلا موستەفای خائینی كرد بە فس فس پاڵەوان وحوكمی ناوچەگەری دا بە سەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حوكمی شورشی چەواشەی دا بە سەر یەكێتیدا و پەشیمان بوەوە لە خەبات و تیكوشانی لە ناو ریزەكانی یەكێتی. ئەگەر جەلال دڵی خۆشە بەو پشیمان بوونەوە بەرعەفووی بنەماڵەی بارزانی دەكەوێت ئەبێت ئەوە بزانێت كە كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكانی یەكێتی ومیللەت عەفووی ناكەن لە سەر ئەو سووكایەتی كردنە بە خوێنی شەهیدانی یەكێتی و ئارەقەی پیشمەرگەكانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست