بڕۆن بارکەن
Tuesday, 11/08/2020, 22:43
بڕۆن بارکەن بۆ دەرەوە
هەتا میللەت چاو بەخەوە
ڕووناکیتان لە ژیان نەهێشت
هەمووی ڕووی لە مانگە شەوە
بڕۆن بارکەن هەتا زووە
میللەت لێتان بێزار بووە
وڵات چۆڵکەن گەل زیندووە
چاو لە بینینتان ماندووە
ڕق و کینەی وەکو ئاگر
پەی بە ناخی دڵ بردووە
بڕۆن بارکەن هەتا زووە
میللەت لێتان بێزار بووە
نیشتیمان وەك مەڕ ئەدۆشن
بۆ دوژمنیش هەر لە کۆشن
هەر جاش بوون و هەر جاش ئەبن
کوردایەتی پێ ئەفرۆشن
بڕۆن بارکەن هەتا زووە
میللەت لێتان بێزار بووە
نیشتیمان وەك دایکی هەتیوو
دایکی ڕەش پۆش گوڵ هەڵوەریوو
چارەنووسی درا بە ئێوە
بە شووتان دا لە هەردوو دیوو
بڕۆن بارکەن هەتا زووە
میللەت لێتان بێزار بووە
ڕاپەڕێنێك بەڕێوەیە
شۆڕشی برسی لە هەگبەیە
زەبری تۆڵەی بۆ ستەمکار
هەروەك دەردی کوشندەیە
بڕۆن بارکەن هەتا زووە
میللەت لێتان بێزار بووە
بەڵێن ڕواندزی
2020-8-7
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست